چاکسازیەکەی لیستی شەهیدان سەرۆک جاشەکانی نەگرتەوە

هیوا سه‌ید سه‌لیم

دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی لیستی یەکەمی چاکسازی لە مووچەی فەرمانبەران لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  کە لیستە ناوی زیاتر لە ١٦ هەزار کەسی تێدایە،  کە لە سیستەمی بایۆمەتری دەرکەوتووە مووچەخۆری بندیوار و دووبارە و سێ بارەن، وحکومەت مووچەکەی بڕیون یان ڕایگرتوون. رۆژی ٦ کانوونی دووەم وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە راگەیەندروێک دەڵێت (مینحەی زیاتر لە ١٣ هەزر کەسیان بڕیوە کە بە نایاسایی مووچەیان وەرگرتووە). 

 

شایانی باسە وەک چۆن لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا ناوەڕۆکی لیستی یەکەمیان بڵاونەکردۆتەوە،  تا رای گشتی بزانێت ئەو کەسانە کێن کە دوای بایۆمەتریش بە بندیوار مووچەیان پێدراوە؟ یان لە دوو شوێن و زیاتر مووچەیان وەرگرتووە، بە هەمان شێوەش لیستی شەهیدانیش هاتووە  تەنیا ژمارەکەی بڵاوکردەوە کە گوایە یاسایی چاکسازی گرتونیەتەوە.

 

وەک دەزانرێت پرۆسەی بایۆمەتری لە ساڵی ٢٠١٦ دەستی پێکردووە، واتا لەو کاتەوە حکومەتی هەرێم بۆی روون بۆتەوە کە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم چەندە بێسەروبەرە و پڕاو پرە لە خەلکی ناشایستە،  بەڵام لە ماوەی ئەو چەند ساڵە کە ساڵی سەخت بوونە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم  لە (پاشەکەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن) لە مووچەکانیان، کەچی دەسەڵات نەهاتووە هەنگاوی کرداری بۆ چاکسازی بنێت.

 

ئیستاش کە گوایە چاکسازی لە لیستی مووچە و دەرماڵە یاسایی بۆ دەرچووە،  ئەو پرسە تا ئێستا پرسێکی ناشەفافە،و هەموو لایەک دەزانین کە بڵاونەکردنەوەی ناوەکان پەیوەندی بەوەوە هەیە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان نایەوێت ناشیرینیەکانی دەرکەوێت.

 

چونکە رێگادان و چاوپۆشی لە دیاردەی بندیواری و فرە مووچەیی پێشلکاریەکی یاسایی زەقە،  بە پلەی یەکەم لایەنەکانی دەسەڵات لێی بەرپرسن،  پاشان ئەو کەسانەی کە بەو کارانە هەڵساون.  بە تایبەت دوای ئەوەی ساڵانێکە داوا دەکرێت لیستی مووچەخۆران لە خەڵکی ناشایستە پاکبکرێتەوە بە تایبەت لیستی شەهیدان و ئەنفالکراوان.
لە لایەکی دیکەوە بەپێی ئەو زانیاریەی کە دزەی پێکراوە چاکسازی لیستی شەهیدان،  کە خواستی خەڵکی کوردستان بە گشتی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بووە،  لەو قۆناغەدا نەک هەر نەچۆتە سەر پاککردنەوەی لیستی شەهیدان و ئەنفالکراوان کە پڕاوپڕن لە ناوی سەرۆک جاش و خەڵکی ناشایستە بگرە بڕینەکە کەسوکاری شەهیدانی گرتۆتەوە،  کە تا ئێستا مینحەی بەخێوکەریان وەرگرتووە.

 

ئەگەر چاکسازیەکەی بەرپرسانی هەرێم بەو شیوەیە بێت و دەست نەبردرێت بۆ شتە جدیەکان،  لە چاکسازی لە داهات و سەرفیات، و مامەڵەیەکی ناشەفافانە بێت لەگەڵ یاسایی چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە،  ئەوا خەڵکی هیچ متمانەیەکی بۆ ئەو چاکسازیە لا درووست نابێت.

 

لەوش مەترسیدارتر ئەوەیە کە دەسەڵات لە رێگەی پەیجە سێبەرەکانی ئەو پرسە وەک لێدان لە هەندێک کەس بەکار بێنێت کە بە دڵی دەسەڵات هەڵسوکەوت ناکەن،  و لە شوێنی بندیوارەکان ناوی ئەوان بڵاوبکاتەوە کە نەک ئەو یاسایەی چاکسازی نایانگرێتەوە،  بگرە هەمیشە پشتیوانی پڕۆسەی چاکسازی بوونە و قەلەمەکانیان و ڕاو بۆچوونیان لە خزمەتی چاکسازی ڕاستەقینە بەکارهێناوە.

 

لە ئێستادا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێر باری ئابووری قورس دایە، مووچە بە شەست رۆژ و بە لێبڕینەوە بەسەر مووچەخۆران دابەش دەکرێت.

 

پاککردنەوەی لیستی مووچەخۆران بە تایبەت کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە پرۆسەیەکی عادیلانە و شەفافانەدا دەبێت کاری لە پێشینەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بێت، وا نابێت ئەو پرسە بکرێتە مەکڕەمە و بە خەڵکی بفرۆشیتەوە، چونکە سەرنجام ئەوەی کە بەرپرسە لەو گەندەڵی و بەهەدەردانی مووچە لایەن دەسەڵادارەکانی هەرێمی کوردستانن، کە لە ماوەی زیاتر لە چارەگە سەدەیەکی دەسەڵاتداری خۆیان بۆ کڕینی ئیرادەی خەلک، بە هەزاران کەسیان خزاندۆتە ناو لیستی مووچەخۆران و شەهیدان،  و بەسەدان کەسی سەر بە خۆیان بە پلەی باڵا خانەنیشین کردووە.

 

بۆیە کاتی ئەو هاتووە چاکسازی راستەقینە بکرێتە کردار، و خەڵکی کوردستان بە گشتی و چین و توێژی مووجەخۆران بە تایبەتی  لەوە زیاتر باجی گەندەڵی و ناشەفافی ئەو دەسەڵاتە نەدەن،  و با ئیتر لایەنی کەمی مافی مووچەخۆران کە مووچەیە نەکرێتە قوربانی سیاسەتی خرابی دەسەڵات.


07/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر