شەنگال و ئێزیدیەکانی دەڤەری شەنگال، لەوەتەی هەن کراونەتە ئامانجی پەلامار و داگیرکاری هێزە بالادەستەکانی ناوچەکە، ئێزیدیەکان وەک کوردی رەسەن و ئاینەکەیان کە بەشێکە لە مێژووی کۆنی نەتەوەیی کورد وێڕای هەموو ئەو فشارانەی کە کراوەتە سەریان بەڵام هەرگیز ئامادەنەبوونە دەستبەرداری ناوچەکەیان و تەنانەت ئاینەکەشیان بن، و هەمیشە داب و نەریتی تایبەت بە خۆیان پاراستووە.
مێژووی ئەو فەرمانانەی کە کراونەتە سەر ئێزیدیەکان و ئێزیدیخانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمبڕاتۆڕیەتەکانی پێش ئیسلام، پاشان هەریەک ئیمبڕاتۆریرتەکانی دوای هاتنی ئیسلام درێژەیان بە فەرمانەکان بۆسەر ئێزیدیەکان داوە، ئیمبراتۆریای فارسی و عوسمانی لە ژێر ناوی جەنگی ئیسلام لە دژی ئێزیدیەکان ئەو مییلەتەیان کۆمەڵکوژکردووە.
بەڵام ئەوەی بۆ مێژووی میللەتی کورد جێگای نیگەرانیە، ئێزیدیەکان لەسەر دەستی میرنیشینە کوردیەکانیش کراونەتە ئامانج، و لە کۆی ئەو ٧٤ فەرمانەی بەسەر ئێزیدیەکاندا ئەنجامدراوە، بەشێکی فەرمانەکان بەدەستی کورد بووە.
ساڵی ٢٠١٤ دوایین فەرمان کە جارێکی دیکە بەرۆکی ئێزیدیخانە و ئێزیدیەکانی گرتەوە فەرمانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش بوو، کە ئەمەیان لە مێژووی مرۆڤایەتی دەبێت بە گەورەترین کارەساتی جینۆساید هەژمار بکرێت. چونکە رووداوەکە هەموو رەگەزەکانی جینۆسایدی تێدایە لە (داگیرکاری خاک، کۆمەڵکووژی، ئیختساب، بە کۆیلەکردنی ژن و کچانی ئێزیدی، و تێکدانی سەرچاوەکانی ژیا).
فەرمانی داعشە تیرۆرستەکان بۆسەر ئێزیدەکان کارەساتێکی هێندە گەورەبوو بەوەی تا ئێستاش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خەریکی دۆزینەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان، و گەڕانە بەدوای ئەو کچ و ژنانەی کە بە کەنیزەک کراون لە لایەن داعشەوە ، بۆیە دەبوو دوای ئەو کارەساتە هیچ هێز و دەوڵەتێک جورئەت نەکات باس لە ئەنجامدانی کارەساتی دیکە بکاتەوە کە تیایدا شەنگال و ئێزیدیەکان بە ئەنجام بگیرێن.
ئەردۆغان، کە ئەوساش پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستە دەکرا بەوەی پشتیوانی لە تیرۆرستانی داعش دەکات، ئێستاشی لەگەڵ دابێت ئەو کارەساتەی بەسەر ئێزیدیەکان داهاتووە لەبەرچاو ناگرێت، و دێت هەڕشەی پەلاماری سەر شەنگال دەکات.
هەفتەی رابردوو دوای گەڕانەوەی شاندە سەربازیەکەی لە بەغدا و هەولێر، ئەردۆغان لە دوای نوێژی هەینی بە رۆژنامەنووسان دەڵێت "شەوێک لەناکاو دەچینە شەنگال"
شەنگال کە لە رووی جوگرافیەوە ٢٥٠ کیلۆمیتەر لە سەر سنوری تورکیا دوورە دەبێت تورکیا چۆنی بگاتێ؟ و لەگەڵ کێ ئەو گەشتە داگیرکاریە ئەنجام بدات؟ ئەوەیان تا ئێستا روون نیە، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە کە لە هێرش و پەلامار بۆسەر شەنگال هەر هێز و لایەنێک هاوکاری و پشتیوانی سوپای تورکیا بکات، دەبێتە بەشێک لە فەرمانی ٧٥مین بۆسەر ئێزیدیەکان.
راستە تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال هێزەکانی پەکەکە دەکاتە بیانوو ، بەڵام ئەوەیان بیانووێکی بێ بنەمایە، ئەگەرنا تورکیا زیاتر مەبەستی لە داگیرکردنی شەنگال چەند ئامانجێکی دیکەیە، لە گەمارۆدانی رۆژئاوای کوردستان، و دابڕاندنی باشوور و رۆژئاوا لە یەکتری، و نزیکبوونەوەی لە خەونی مێژووی بۆ داگیرکردنی ویلایەتی موسڵ، کە دەمێکە لە چوارچێوەی ئیتفاقی میللی بانگەشەی بۆ دەکات.
دواجار دەڵێین ئەو شەوەی تورکیا پەلاماری شەنگال دەدات، وەک ئەو شەوە دەبێت کە لە ساڵی ٢٠١٨ لە چوارچێوەی پرۆسەی بەناو جلە زەیتون، پەلاماری عەفرین و دەوروبەری دا، و لە ساڵی ٢٠١٩ بە ناوی کانی ئاشتی پەلاماری ناوچەکانی سەرێ کانیێ و گرێ سپی دا.
با هەموو لایەک ببینین تورکیا لەو دوو پرۆسەی لە دوو ساڵی ڕابردوو بۆ داگیرکردنی بەشێکی رۆژئاوا ئەنجامی دا، چ جینۆسایدێک لە عەفرین و سەرێ کانیی ئەنجام دەدات، دەبێت دڵنیابین لە شەنگال خرابتری دەکات، ئەویش بەهۆی ئەو تایبەتمەندیەی لە سەرتا لەسەر شەنگال باسمانکرد.
بۆیە دەبێت مەترسیەکانی ئەو شەوە بە جدی وەرگرین، چونکە تورکیا هەر هەڕەشەیەکی کرد بێت جیبەجێی کردووە.