لە بەرامبەر داواکردنی نان و ئازادی، ئەمڕۆ دادگای هەولێر ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوانی سڤیلی دەڤەری بادینانی بە شەش ساڵ زیندانی سزادا. بڕیاری دادگا دوای دوو مانگ راگراتنیان و شاردنەوەیان لە کەس وکاریان، بێبەشکردنیان لە دیداری پارێزەرەکانیان دێت.
وێڕای هەموو ئەوانە کە بە پێی یاسا مافی هەر کەسێکە کاتێک دەستگیر دەکرێت پارێزەری بۆ دابین بکرێت و ئەو تۆمەتەی کە لەسەری دەگیرێت بۆ کەسوکاری بخرێتەو ڕوو.
بەڵام ئەوەی جێگای رەخنەیە بریتیە لە بریاری پێشەوختەی لایەنەکانی دەسەڵات، لە تۆمەتبارکردنی ئەو دەستگیرکراوانە پێش ئەوەی دادگا تۆمەتەکەیان لەسەر ساخ بکاتەوە، بە تایبەت ئەو تۆمەتانەی کە لە لایەن سەرۆکی حکومەت هەرێم ئاڕاستەیان کرا، کاتێک لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک ووتی: (ئەوانە رۆژنامەنووس و چالاکوان نین بگرە جاسوس و تێکدەرن).
بریاری سزادانی ئەوان پەیامێکە بۆ هەموو ئەوانەی بە ئازادی بیردەکەنەوە و لە خەمی نان و ئازدی دان لە کۆمەڵگای کوردستان، سزادانی ئەوان سزادانی دەنگە ئازادەکانە.
ئەو زانیاریانەی ئەمڕۆ لە زاری پارێزەرەکان بڵاوکرانەوە، تۆمەتبارکردنی کەسانێکی دەستەبژێری کۆمەڵگا لەسەر ئەوەی لە گروپێکی مەسەنجەر دەردە دڵیان کردووە بۆ چاکسازی و بەدەستهێنانی مافەکانیان، لە نان و ئازدی، ئەمە جۆرە سزایە مایەی مەترسیەکی یەکجار جدیە، چونکە لەسایەی ئەو جۆرە حوکمدانە کۆمەڵگا لە ئازادی دابماڵدرێت.
دواجار دەڵێین ئەوەی ئەمڕۆ حوکمی دادگای وەرگرت تەنیا (شێروان شیروانی) و هاوڕێکانی نەبوون ، بگرە زیندانیکردنی ئازادی و خەباتی مەدەنی بوو.
بۆیە دەبێت ئازادیخوازانی کوردستان، نووسەر و رۆژنامەنووسان لە ئێستاوە لە خەمی خۆیان و ئازادیەکان دەنگ هەڵبڕن و لە دژی ئەو جۆرە سزایانە بوەستنەوە.
لە هەرێمی کوردستان بەرتەسک کردنەوەی ئازادیەکان کە ئێستا وەک مانگی چوارد دیارە، دیاردەیەکی مەترسیدارە، بۆیە ئەرکی سەرجەم لایەنە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیە لە بەرامبەر ئەو دیاردەیە بڵێن نەخێر.
ئەگەر نا دەبێت لە ئایندەیەکی نزیکدا هەموومان هاوار بکەین هەی ڕۆ ئازادیم ڕۆ.