یادی ٣٠ی ساڵەی راپەرین لە نێوان دەرفەت و شکستدا

هیوا سه‌ید سه‌لیم
بۆ ئەزموونی سیاسی و حوکمڕانیەک کە  ٣٠ ساڵ تەمەنی بێت، تەمەنێکی کەم نیە بگرە ئەو تەمەنە دوور ودرێژە. دەکرا لەو ماوەیەدا ھەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەیەک ببردرێت لە بواری ئازادی و دیموکراسی و تەنانەت خزمەتگوزاریش نموونە بێت، چونکە ئێمەی کورد قوربانی زۆرمان بۆ ئازادی داوە، ھەر خودی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ راپەڕین بوو بۆ ئازادی کوردستانلە ژیر چەپۆکی دڕندەترین رژێمی سەرکوتکەر، کە رژێمی بەعسی فاشی بوو.

ئێستا کە یادی ٣٠ی ساڵەی ئەو راپەڕینە پڕشکۆیەی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە، جێگای خۆیەتی ھەڵوەستەیەکی جدی لەسەر دەرفەت و شکستەکانی ئەو ماوە زۆرە بکەین، کە ئەزموونی سیاسی و حوکمڕانی  لە ھەرێمی کوردستانی  پێیداتێپەڕیوە.

با نەگەڕێینەوە بۆ ئەوە مشتومڕەی کە راپەرین چۆن کرا و کێ کردیە؟ چونکە زۆر لەسەر ئەو بابەتە ووتراوە و نووسراوە، ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە بپرسین بۆچی نەتوانرا وەک پێویست سوود لە دەرفەتەکان وەربگیرێت، ئایا بۆچی زۆربەی جار دەرفەتەکان گۆڕدران بە شکەست؟
بۆ قسەکردن لەسەر ئەو ھەل و دەرفەتانەی کە راپەرین بۆ خەڵکی کوردستانیان رەخساند،  پێویست دەکات ئاماژەیەک بە ھەڵوێستی خەلک بکرێت، چونکە رابردوو سەلماندی ئەوە خودی خەڵکە دەبێتە ھەوێنی سەرکەوتنی راپەرین.

لە مانگی یەکەمی راپەرین دوو وێستگەی گرنگ ھەیە کە گەواھی لەسەر ھەڵوێستی جوامێرانەی خەڵکی کوردستان دەدات، یەکەمیان ھەڵوێستی چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان لە بەشداری و سەرخستنی راپەرین، دووەمیش ھەڵویستی خەڵکی کوردستان لە کۆڕەو.

ئەم دوو وێستگەیە دەتوانرێت بۆ خەلکی کوردستان وەک  دوو راپرسی گرنگی جەماوەری ھەژماربکرێن،  کە دەرفەتی گرنگیان بۆ باشووری کوردستان رەخساند.

بەرھەمی یەکەمیان ئازادی و راماڵینی حوکمی داگیرکەرانی لێەوتەوە، و دووەمیشیان رەتکردنەوەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی داگیرکەر بوو، دووەمیان کە کۆڕەوە شکستی پاراستنی دەستکەوتەکانی راپەڕینی گۆڕیەوە بە دەرفەت.

ئەویش بەوەی لە رووداوی کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان، کە پڕۆسەیەکی خۆڕسک بوو، توانرا بۆ یەکەمین جار رای گشتی جیھان بە قازانجی خەڵکی کوردستان بھێندرێتە سەر خەت. ئەوەبوو بە دەستپێشخەری وڵاتی فەرەنسا، و بە ھەڵوێستە جوانەکەی خانم (دانیال میتران) توانرا بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ٦٨٨ ناوچەی دژە فڕین لە کوردستان رابگەیەندرێت، و دواتریش بە فشاری جەماوەری و درێژەدان بە راپەڕین بە تایبەت لە سارە گەورەکان، دەسەڵاتی بەعس ناچارکرا ئیدارەی خۆی لە بەشی زۆری شارەکانی کوردستان بکێشێتەوە، بە تایبەت لەو شوێنانەی ناوجەی دژەفڕین دەیگرتنەوە.

ئەگەر بریاری نێودەوڵەتی ٦٨٨ و فشاری جەماوەر و خەڵک بۆ سەر دامو دەزگاکانی بەعس درێژەیان نەبایە، نزیک بوو جارێکی دیکە گفتوگۆی بەرەی کوردستانی و بەعس،  دەرفەت بگۆڕێتەوە بە شکەست.

ناچارکردنی بەعس بەوەی ئیدارە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان بکێشێتەوە، دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی ناچار کرد بیر لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیداریە بکاتەوە. بۆیە وێڕای ناکۆکیەکان لە نێو لایەنەکانی بەرەی کوردستان بەڵام سەرەنجام بڕیاری ھەڵبژاردن و دواتریش دامەزراندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان درا، واتا شکستی بەعس بەوەی بتوانێت باڵادەستی خۆی بەسەر کوردستان بسەپێنێت کرایە دەرفەت بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

لە ١٩/٥/ ١٩٩٢ یەکەمین ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردسان ئەنجامدرا، ناکۆکی لایەن سیاسیەکان و تێبینی زۆربەی لایەنەکان لەسەر پاکی ھەڵبژاردنەکە خەریک بوو گەورەترین ھەلی دیموکراسی  لەدەست خەڵکی کوردستان بدات، ئەوە بوو ئەو ناکۆکیانە سڕکران تا لە ساڵی ١٩٩٤ لە نێوانی پارتی و یەکێتی زۆر بە خراپی تەقیەوە، و شەڕی ناوخۆیی لە نێوانیان ھەڵگیرسا، شەڕی ناوخۆ دەرفەتی زۆری لەدەست کورددا، بەڵام دواتر بە فشاری دەرەکی ئەو شەڕە وەستێنرا.

لە ماوەی ئەو ٣٠ی ساڵەی حوکمڕانی کوردیدا دەرفەتی زۆر بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان ھاتەپێش، بەڵام خرابی حوکمڕانی ئەوان، بە رەچاوکردنی تەنیا بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەی،  وایکرد خەڵکی کوردستان بەدەست نادادی، و گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست بناڵینێت، بە شێوەیەک کە لە ئێستادا ئاڕاستەیەک لە نیو خەلکی سەریھەڵداوە بەوەی لە رابردووە پڕ شانازیەی خۆی پەشیمان بێتەوە.

لە یادی ٣٠ ساڵەی راپەرینی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتدارانی کوردستان دەخوازرێت کە چیتر دەرفەتەکان نەگۆرنەوە بە شکەست، بەڵکوو دەبێت کاری جدی بکرێت کە لە ھەرێمی کوردستان لەوە زیاتر ئازادیەکان نەکەونە ژێر پرسیارەوە کە ئێستا وایە، کار بکرێت بۆ نەھێشتنی گەندەڵی نادادی کە بەرۆکی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانیان گرتووە، حزب دەست لە بیناقاقای حکومەت ھەلگرێت، ئەگینا وا بڕوات،  دوا دەرفەت بە شکستێک دەگۆڕینەوە کە بۆ ھیچ لایەک چاوەڕوانکراو نەبێت .

04/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر