پڕۆژەکەی یەکێتی خزمەت بە کی دەکات؟

کاردۆ محەمەد
پرسی یەک گوتاری نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان، وەک پێویستییەکی قۆناغەکە لە نێو ململانێ هێزە سیاسییەکاندا گرنگی خۆی هەیە، بۆ ئەوەی بنەمای باڵا دەستی حیزب بەسەر دامەزروە دەوڵەتییەکاندا کەم بکەینەوە.بەتایبەتیش دوای توندبوونی ململانێکانی نێوان حیزبە سیاسییەکان و قوڵبونەوەی کێشەکانی نێوانیان بۆ پرسی بەڕێوبردنی وڵات.

لە ئیستا ئەم پرسە لەناو میدیا و ڕای گشتیدا لە هەمو کات زیاتر گەرمە و جیگەی بایەخی هەمو لایەکە. لەدوای پەکخستنی پەرلەمان و ڕێگریی کردن لە سەرۆکی پەرلەمان بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی حیزبێک و دوورخستنەوی وەزیرەکانی گۆڕان لە کارەکانیان لەسەر پرۆژەی هەر چوار حیزبەکە بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لێرەو لەوێ وا نیشان دەدرێت گوایە ئەم کێشەیە کێشەی نێوان گۆڕان و پارتییە.! هەندێ کەسیش وایان بیردەکردەوە گۆڕان تەنها ماوەتەوەو بەرامبەری سەرکەوتوو بووە لەو هەنگاوەدا.

ئەم بیرۆکەیە لە پڕۆژە نوێکەی یەکێتیدا بەڕوونی ڕەنگی داوەتەوەو لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە.! ئەمە لە کاتێکدا گۆڕان هێزی دووەمی براوەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانە و هێزی لە پێگە جەماوەرییەکەیدایە و لە ڕاستی و ڕەوای بەرنامەکەیدایە، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕان هەمیشە بە کرانەوەی زۆرەوە دەستی هاوکاری بۆ لایەنەکانی تر درێژ کردووە بۆ کاروپرۆژەی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان. ئەمەش بەهۆی چەندین هۆکاری تایبەتی و سیاسی و مێژوویی، کە خۆی لە مێژووی هاوبەش و نزیکی هەردوو لایەنەکە لە یەک جوگرافیای دیاریکراو، لەگەڵ چەندین هۆکاری تر دەتوانرێت زەمینەی هاوبەشی کاری سیاسی و پێکەوەیی درووست بکەین.

دەکرێت یەکەم هەنگاو لەو کارە دوای چارەسەر بوونی قەیرانەکانی ئێستا هەوڵ بۆ یەکخستنی فراکسیۆنەکانمان بدرێت لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق. دواتریش کارکردن بۆ بەرنامەی هاوبەش لە پرسە چارەنووسازەکانی هەرێمی کوردستان و زەمینە سازی بۆ ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە و ڕێکەوتن لەگەڵ لایەنەکانی تر بۆ دانانی پێگە و پرانسیپی هاوبەش بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیران و کێشە کەڵەکەبووەکانی هەرێمی کوردستان. لەم سۆنگەیەوە لە هەمو ئاستەکاندا لە ڕابردوودا گۆڕان گفتوگۆی لەگەڵ یەکێتی هەبووە، بەڵام ڕوداو و پێشهات و هەندێ لێدوان و هەنگاوی ئەو حیزبە ئەوەی پێوتین کە تا هەنوکە یەکێتی ئەو تێڕوانینە بەسەر پرۆژەکەیدا زاڵە کە سەنگی گۆڕان وەک هێزێکی سەرەکی لەبەرچاو ناگرێت، بۆیە بە دیارکردنی هەندێ ئامانجی گشتی لە ئاستی دەرەوە و ناوەوەی حیزبی گوایە دەیەوێت زەمینەی رێکەوتن بسازێنێت، لە راستیدا ئەگەر ئەم پڕۆژەیەش نەبێت، ئەم هێڵە گشتی و ئامانجە هاوبەشەکان لە سەر زەمینی واقیع بوونی هەیە و پێویست بە هیچ ڕیکەوتنێکی سیاسی و پڕۆژەی وا سادە و ساکار و کرچو کاڵ ناکات.!

لە خوێندنەوەیدا پڕۆژەکەی یەکێتی خۆ دووردەگری لەدانانی میکانیزمی هاوبەشی کرداری ئەو باس لە ریکەوتن لە ئاستی عیراق دەکات و ئیمە و پێویستمان بە هاوهەڵوێستی بۆ پرسە بنەڕەتییەکان هەیە،خۆ دوور گرتن لە ڕێکەوتن لە هەرێمی کوردستان و رەوانە کردنی بۆ متمانە پەیداکردن خۆ دوورگرتنە لە ریکەوتنی راستە قینەو سپاردنی بە ئایندەیەکی نادیار بە تایبەت خۆی لە قەری هیچ مەلەفێکی هەنوکەیش نەداوە بۆ چارەسەرکردنی  لەوانە پرسی (سەرۆکایەتی هەرێم، نەوت، سیاسەتی دەرەوە، بەشداریکردن لە بڕیاری سیاسی ) پێچەوانەی ئەمە بە پرۆژە نا بە لیدوانی جیا جیا بە گەرموگوڕی باس لە رێکەوتنی ستراتیژی(٢)لەگەڵ پارتی دەکات.! بۆیە دەبێت بە راشکاوی بڵێین ئەم پڕۆژەی یەکێتی نەک خزمەت بە کاری هاوبەشی گۆڕان و یەکیتی ناکات، بەڵکو چارەسەرکردنی قەیرانە قوڵەکانی کوردستانیش کە بیناقاقای هاوڵاتیانی گرتووە دوا دەخات و لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکانی تریش بۆ چارەسەرکردنی کیشەکان دوور دەخاتەوە.!

*سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، لە خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان.

18/01/2016



وتارەکانی تری نوسەر