سەربەخۆیی کوردستان پێویستی بەمشتومڕە!

کاردۆ محەمەد
پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەییە،  خەونێکی لەمێژینەی هەموو تاکێکە کە پەرۆشی بوونی شوناسی نەتەوەکەیەتی، ئەم پرسە موڵکی هیچ حیزب و لایەنەکی سیاسی نیە، ئێستا باشترین دەرفەتی مێژوویی هەڵکەوتووە بۆ بە باڵاچوونی پرسی نەتەوەکەمان لەبەشەکانی تری کوردستان بە گشتی و لە باشووریش بە تایبەتی.

لەم هاوکێشەیەشدا دوو هۆکاری بنەڕەتی هەن ئێمە بە عێراقەوە دەبەستێتەوە، ئەویش لایەنی ئابووری و ئاسایشە، کە دەکاتە بودجەو لایەنی سەربازیی لە هەردوولاوە پەیوەندییەکان بە ڕووکاری ماوە، ئەوەی کێشەیە خۆمانین. دەنا هیچ کاتێک نەتەوە سەردەستەکان لەناوچەکە ئەوەندە حاڵیان پەرێشان نەبووە. دونیاش ئەوەندە پێویستی پێمان نەبووە. بەڵام لە ئێستادا هاوبەشی شەڕێکی نێودەوڵەتین بە بوونی هێزی پێشمەرگە لەسەنگەری پێشەوەی دژایەتی تیرۆر دۆخێکی وای درووستکردوە، ئەگەر لەئاست ڕووداوەکان بین کۆتاهاتنی شەڕەکەو دەرپەڕاندنی ڕێکخراوی (داعش) گۆڕانکاریی بەسەر ناوچەکەدا دێت. ئامادەنەبوونی ئێمەش ڕەنگە دەیان دەهەی تری بوێت بۆ بوونی دەرفەتێکی تری لەم شێوەیە.

پێویستە هەموو لایەک بێ دوو دڵی ئەم پرسە نەخەینە گیروگازی پشتیوانی کردن و دژایەتی کردن بەهەر هۆکارێک بێ هەموومان کۆک بین بۆ ئامادەکاریی بەدیهێنانی ئامانجەکە، کارەکەش لەسەر کاغەز و بەدروشم ناکرێ، بەڵکو دەبێ پێداویستیەکانی ئامادەبکرێ کە ڕەهەندێکی دەستووری و یاسایی و سیاسی و نێودەوڵەتی هەیە.

بە کۆتاهێنانی ئەم مشتومڕەو بەهاوبەشی بڕیاردان لەسەر ڕیفراندۆم دەبێ هەموو لایەک ئەو ڕاستیە سادە بزانین ئەم ستراتیژە بەم دارو پەردوەی ئێستا ناکرێت، کە خەڵک لەجیاتی خۆپیشاندان بۆ سەربەخۆیی خۆپیشاندان بۆ نان دەکەن لەسایەی ئەم بەڕێوەبردنەی هەرێمی کوردستان. بۆیە دەرەنجامەکانی ئەم دۆخەی ئێستا ئەوەمان پێ دەڵێن، بەبێ چاکسازی ڕیشەیی لە سیستەمی حوکمڕانی مەحاڵە هەنگاوی کرداریی بنرێت.

گەر واش بڕوات دەبێت هەموان چاوەڕیی کەوتنە تونێلێکی تاریک و بژاردەیەکی ناچاری بین، بۆیە زۆر درەنگە بۆ بڕیاردان لە ئاشتەوایی ڕاستەقینە و یەکبوونی وتار وهەڵوێست. چونکە بە دامەزراوکردنی وڵات هەنگاونانی کرداری دەوێت کە ئەویش بەیەکخستنی هێزی پێشمەرگەو ڕوونکاریی خستنە داهاتی وڵات و دروست کردنی دەزگایەکی نیشتیمانی بۆ دانوساندن و بەشداری ڕاستەقینەی سەرجەم لایەنەکانر لەبڕیارە چارەنوسسازەکاندا، بۆیە فەرموو ڕایگەیەنن و هەنگاوەکانی تری ئەم ڕاگەیاندنە بکەنە کردار و میللەتەکەش سەرگەردان مەکەن و واز لەم گوریس ڕاکێشانە بێنن.!



18/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر