چارەنوسی ئۆردوگان وەك سیسی دەبێت یان زەرقاوی و بنلادن؟
د. عەبدولڕەحمان مەولود*
چونە ناوەوەی سوپای تورکیا بۆ سوریا روداوی سیاسی گرنگی هەفتەی ڕابردوی ڕۆژهەلاتی ناوەراست بوو. پێنچ کارەکتەری سەرەکی لە کێشەی سوریادا هەن. ئەمانیش بریتین لە تورکیا، ئەمریکا، ئیران، روسیا و شەرڤانانی ڕۆژئاوا. لە خوارەوەدا چەند تیشکێك دەخەیەنە سەر هەلوێست و ویستی هەریەك لەم پێنچ پێکێنەرە و هەلسەنگاندێکیش دەکەین بۆ ئالوگۆرە نوێیەکان.
تورکیا
لەگەل سەرهەلدانی ئالۆزی، پشێوی یان شورش لە سوریا، تورکیا پشتیوانی بۆ گروپە ئیسلامیەکانی سوریا دەربری. پاش سەرکەوتنی ئیخوانیەکان لە میسر، تورکیا خەیالی بە نوێبوونەوەی ئیمپراتوری ئیسلامی دەکرد لە ڕێگەی سەرکەوتنی ئیسلامیەکان لە سوریاش. لەم پێناوەشدا تورکیا درێغی لە هیچ کاریك نەکرد بۆ پشتیوانیکردن لە بەرەی ئیسلامیەکان لە سوریا. هەروەها، تورکیا ڕوخانی ڕژێمی ئەسەدی بەرێخۆشکەری دەزانی لە سەررێگای گەیشتن بەخواستەکانی. ئەگەر بەیەك دەربرین هەلوێستی تورکیا پێناسە بکەیەین ئەوا بریتیە لە:
تورکیا = پشتیوانی لە هێزی ئیسلامی لەسوریا+ پشتیوانی لە ڕوخانی ئەسەد
ئەمریکا
زیاتر لە دوو دەیی ڕابردوو ڕژێمی سوریا بەبەردەوامی دژایەتی سیاسەتی ئەمریکا کردوە و ئەمە جگەلە پشتیوانی گروپی توندرەوی وەك حیزبوللای لوبنانی دژ بە ئیسرائیل. هەر بۆیە، سیاسەتی ئەمریکا بریتی بوو لە پشتیوانیکردن لە روخانی ئەسەد. بەلام ئەمریکا پشتیوانی لەوە ناکات گروپە توندرەوەکان دەسەلاتدار بن لە دوای ئەسەد. هەر بۆیە هاوکیشەی سیاسەتی ئەمریکی سەبارەت بە سوریا بریتیە لە :
ئەمەریکا = نەخێر بۆ پشتوانی ئیسلامی لە سوریا + پشتیوانی لە ڕوخانی ئەسەد
ئێران
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردو باشترین هاورێی ئیران، ڕژێمی سوریا بووە. بۆ نموونە لە شەری هەشت ساڵەی نێوان عیراق-ئێران تاکە دەولەتی عەرەبی و ئیسلامی پشتیوانی لە ئێران کرد بێت ڕژیمی سوری بوو. ئەمە جگەلەوەی ئێران نەیدەتوانی ئیمپراتۆریەتێکی ئیسلامی سونی یان دەسەلاتێکی ئیخوانی قبول بکات کە لە تورکیا دەست پێ بکات و بەسوریا تێپەرێت و لە میسر کۆتایی بێت. بۆیە هەلوێستی سیاسی ئێران بریتی بوو لە پشتیوانی لە ڕژیمی ئەسەد و دژایەتی هەر هێزیکیش لە ناوخۆی سوریا کە دژایەتی ڕژیمی ئەسەد بکات. هەر بۆیە هاوکیشەی سیاسەتی ئێرانی سەبارەت بە سوریا بریتیە لە :
ئێران = نەخێر بۆ پشتوانی ئیسلامی لە سوریا + پشتیوانی لە مانەوەی ئەسەد
ڕوسیا
ڕوسیا وەك ڕکابەری مێژوویی ئەمریکا لەمەسەلەی سوریا بەپێچەوانەی هەلویستی لە یەمەن، لیبیا و میسر زۆر بەگەرمی هاتۆتە ناو کێشەکە. ڕوسیاش وەك ئێران هەم لەگەل ماناوەی ئەسەد بوو، هەم دژایەتی ئەو گروپانەش دەکات کە دژ بە ئەسەدن. بۆیە هاوکێشەی ڕوسیا هاوشێوەی ئێرانە بەم شێوەیە.
ڕوسیا = نەخێر بۆ پشتوانی ئیسلامی لە سوریا + پشتیوانی لە مانەوەی ئەسەد
شەرڤانان لە ڕۆژئاوا
کورد لە ڕۆژئاوا هیچ چارەیەکی نەبوو جگە لە پاراستنی خۆی دژی دەستدرێژی ئیسلامیە توندروەکان لەسەر خەلك و خاکەکەی. هەر بۆیە کورد قەلاچۆکردنی ئیسلامیە توندرەوەکانی کرد بە کاری سەرەکی خۆی. سەبارەت بە روخانی ئەسەدیش، شەرڤانانی کورد هیچ خۆشەویستیەك یان بەرژەوەندیەکیان لە مانەوەی ئەسەد نیشان نەداوە. ئەوان قوربانی یەکەمی دەستی ئەم ڕژێمە بوون. لەهەمانکاتدا، لەو شوێنانەی بەرکەوتی ڕاستەوخۆ هەبو لە نێوان شەرڤانی کورد و ڕژێمی ئەسەد، ئەوان ئامادە بوون ئەم بەرکەوتە دوا بخەن بۆ کاتێکیتر، بۆ هەلومەرجێکیتر لە پێناوی لێدان لە دوژمنی هاوبەش، واتە گروپە ئیسلامیەکان. بەدەربرینێکیتر، سیاسەتی شەرڤانی کورد بریتیە لە بەلێ بۆ ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا، بەلام ئەم بابەتە لە هەندێ شوێن دەکرێت یەکەمی کارەکان نەبێت. بۆیە هاوکێشەی بەرژەوەندی شەرڤانان لە ڕۆژئاوە بەم شێوەیە کورت دەکرێتەوە:
شەرڤانان = نەخێر بۆ پشتوانی ئیسلامی لە سوریا + بەلێ بۆ پشتیوانی لە ڕوخانی ئەسەد + ژیانکردن لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد تاکاتی ڕوخانی
هاوکێشە و سیاسەتی ولاتانی دەستگیر لە کێشەی سوریا دەکرێت لەم خشتەی خوارە کورت بکرێتەوە:
روخانی ئەسەد پشتیوانی لە ئیسلامی توندرەو یان داعش
تورکیا بەلێ بەلێ
ئەمەریکا بەلێ نەخێر
ئیران نەخێر نەخێر
روسیا نەخێر نەخێر
ڕۆژئاوا بەلێ (دەکرێ دوابخرێ) نەخێر
لەم خشتەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت:
تورکیا و ئەمریکا هاوپەیمانن دژ بەئەسەد بەڵام جیاوازن لەسەر گروپی ئیسلامی.
ڕوسیا و ئیران، بەتەواوی جیاواز بوون لەگەل تورکیا و ئەمریکا.
ڕۆژئاوا ، جگە لە تورکیا دەتوانی لەگەل هەلوێستی هەموان بژیت بە سوریاشەوە.
سیاسەتی پراگماتیکی ڕۆژئاوا سەرچاوەی پشتیوانی هەمو لایەك بوولێی، جگە لە تورکیا . هەروەها بووە هۆی خۆلادان لە هەندێ شەری دەستەوەو یەخە لەگەل ڕژێمی سوری.
ئەمەی سەرەوە، هەلوێستی تاکو ئێستانی لایەنەکانی دەرگیر لە كێشەی سوریا بوون.
لە ئێستادا چی گۆڕاوە ؟
لەسەرەوەدا ڕونمان کردوە، سیاسەتی پراگماتیکی ڕۆژئاوا وایکرد هێزە سەرەکیەکانی کێشەی سوریا، جگە لە تورکیا، پشتیوانی لە شەرڤانانی ڕۆژئاوا بکەن. بەمەش پێگەی سیاسی و سەربازی شەرڤانان ڕۆژ دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبوو، سەرکەوتن دوای سەرکەوتنینان تۆمار دەکرد. دەرئەنجام، کاریگەری کورد لەسەر شانۆی سیاسی سوریا زۆر زیاترە لەوەی تورکیا لەسەرتای روداوەکانی سوریا خوێندنەوەی بۆ کردبوو و چاوەروانی دەکرد. لێرەوەیە:
یەکەم،
تورکیا چیتر بەرگەی سەرکەوتنی کورد ناگرێت لە ڕۆژئاوا. ئەمەش یەکەم گۆڕاوە لە هاوکێشەکانی سەرەوە. تورکەکاندەزانن تورکیا لەسەر بناغەیەکی پتەو دانەمەزراوە و هەلوەشانەوەی ئەگەرێکی کراوەیە. سەرکەوتنی کورد لە ڕۆژئاوا ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەم ئەگەر بەهێزتر دەکات.
دوەم،
تورکیا لە ئیستادا ولاتێکی شکستخواردوی بێهێزە لە روی سیاسی و عەسکەری. ڕەنگە ئەم ولاتە لە دروست بوونیەوە تاکو ئیستا هەرگیز هێندەی ئێستا بێ هێز نەبوبێت، چونکی:
ئەلیف، تورکیا لە ئیستادا لە ناوخۆ تێکشکاوە، بەهۆی کودەتای سەربازی.
بێ، تورکیا لە ئاستی دونیاش بۆتە گالتەجار بەهۆی کارە سەرەرۆ و حەماقەتەکانی ئوردوگان.
سێیەم،
ئیخوانەکان لە میسر لە دەسەلات دورخرانەوە، بەمەش خەونی ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی کە لە تورکیا دەست پێبکات، بە سوریا تێپەرێت و تاکو میسر کۆتایی هات. ئوردوگان چارەنوسی سیسیشی لە میسر بینی، بۆیە ئەو زۆر سوپاسگوزارە ئەگەر تورکیا بەم سنورەی ئێستا جێبهێلن و ئەویش لە کونجی بەندیخانە نەخرێت.
چوارەم،
تورکیا ئەمریکا بەتەرفدار دەزانێ بەرامبەر شکستی ولاتەکەی کاتێك وەڵامی بەداخوازی و داواکانی تورکیا نەداوەبۆ دژایەتی پەیدە. ئۆردوگاندەیەوێت پەرچەکردار بەرامبەر ئەمریکا بنوێنێ.
هەموو ئەم گۆڕاوانەی سەرەوە وای لە تورکیا کردوە کە پاشەکشە لە هەمو سیاسەتەکانی پێشوی بکات. بۆماوەیەكتورکیائیدعای ئەوە بکات کە ئەوان چیتر پشتیوانی لە ئیسلامی توندرەو داعشیەکان ناکەن و بەمانەوەی ئەسەدیش ڕازین.بەم شێوەیە هاوکێشەی تورکیا بۆ ماوەیەك گۆڕا بۆ هاوشێوەی ئێران و روسیا، واتە:
تورکیا = نەخێر بۆ پشتوانی ئیسلامی لە سوریا + پشتیوانی لە مانەوەی ئەسەد
ئێران و ڕوسیا ، ئەگەرچی هیچ بڕاویەکیان بە هاوپەیمانەتی لەگەل ئوردوگان نییە، چونکی کێشەی ئەوان لەگەل تورکیا زۆر لە پێش ئەزمەی سوریاوە دەست پێدەکات، پێشوازیان لەم ئالوگەری تورکیا کرد . ئەوان ویستیان سودی لە شکستی تورکیا وەرگرن ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت.
هەر سێ ولاتی ئەمریکا، روسیا و ئیران دورنمای جیاوازیان بۆ کێشەی سوریا هەیە . بەلام هەرسێ ولاتیش نایەنەوێت راستەوخۆی شەری تورکیا بکەن. هەر سێ لەبیری ئەوەدان لەڕێگای بەکوشتدانی سەربازانی تورکی ئامانجەکانی خۆیان بپێکن.
بەلام، ئەم سەنگەر گۆڕینەی تورکیا، واتە وەرچەرخانی بۆ ڕوسیا و ئیران بێ باج نییە. واتە،تورکیا دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ تیكچونی پەیوەندیەتی لەگەل ئەمریکا. شتێك کە تورکیا ناتوانیت بیکات. هەر ئەمەش وایکرد جارێکیتر تورکیا ڕوو بکاتەوە ئەمەریکا.
تورکیا، ئێستا لەهەولی ئەوەدایە، هەم ئەمریکا و هەم روسیا و ئیران لەخۆی ڕازی بکات. بەلام، لە دوا ئەنجامدا هیچ لایەکی بۆ رازی ناکرێت.
چوونە ناوەوەی سوپای تورکیاش بۆ سوریا، نەك چارەی سیاسەتە شکستخواردوەکانی تورکیا ناکات، بەلکۆ کێشەکانی قولدەکاتەوە. ئەم کارەی ئوردوگان لە چونەناوەی سوپای عیراق بۆ کویت و روسیا بۆ ئەفغانستان دەچێت کە هەردوکی بە شکستی عیراق و روسیا کۆتایی هات.
چوونە ناوەی سوپای تورکیا بۆ سوریا چارەی کێشە ناوخۆیەکانی ولاتەکەشی ناکات. ئۆردوگان ڕەنگە بتوانی ژمارەیەکی لە جەنەرالی نەیاری خۆی لە سوریا بەکوشت بدات یان لە دواوە بە بیانووی شەر خۆیان بیانکوژن وەك بەشیك لەم هەلمەتی ئیستا لە ناوخۆی تورکیا دژی نەیارەکانی دەستی پێکردەوە، بەلام دیسان ئەمەش چارەی شکستەکانی نییە. چونکی کودەتای سەربازی تورکیا دەرئەنجامی کێشەکانی تورکیایە نەك هۆکار.
ئەوەی ماوەی بیلێم لەسەر ئەم بابەتە ئەم سێ خالەن:
یەکەم،
تاکو ئەم کاتژمێرە، گۆڕانێکی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسی سوریا ڕوینەداوە. تاکو ئێستا کێشەی سوریا بەبێچارە ماوەتەوە. هەولیستی تورکیا هەرچی بێت، لە کۆتاییدا، کورد لە ڕۆژئاوا ئەگەر زیاتر لەوەی هەیە لە باشور لە مافی نەتەوەیی بەدەست نەهێنیت کەمتر ناهێنێت.
دوەم،
شۆرشی کورد لە ڕۆژئاوا ، نە لەتوانای مرۆیی ، نە لە چەکوتەقەمەنی ، نە لە ئیرادەی شۆرشگیران کەمی نییە. بۆیە بەپێچەوانەوەی ئەوانەی نوقلانەی ئەوەیان لێدەدا کە ئاشبەتالێکی نوێ بەریوەیە. ئەوانەی ئیدعای ئەوەیان دەکرد کە شۆرشی کورد لە ڕۆژئاوا، دەسکەلای ئێران و روسیایە، بەدەستلێبەردایان شۆرش لە ڕۆژئاو ئاشبەتال دەکات. ڕۆژگار سەلماندی ئەوان سەرگوشتەی ژیانی خۆیان دەگێرنەوە و بە ڕبەی خۆیان دەپێون.
سێیەم،
بەداخەوە حکومەتی پارتی لە باشوری کوردستان جگە لەتەماشەکەرێکی بێئیرادەی خۆبەدەستەوەدەر هیچ هەلوێستێکی تری نییە سەبارت بەکێشەی کوردان لە ڕۆژئاوا. بارزانی بەم بێئیرادەیە، ڕەنگە بتوانێ بۆماوەیەك درێژە بەدەسەلاتداریەتی بنەمالەکەی بدات لە ڕێگەی تانک و تۆپەکانی تورکیا. بەلام، شەرمەزاریەکی گەورەی بۆ خۆی ، خانەوادەکەی و حیزبەکەی تۆمارکرد.
لەکۆتاییدا دەلێم، دەسەلات لە تورکیادا لە ئێستادا بۆتە یەك کەس، ئەویش ئۆردوگان.
ئوردوگانیش:
١. ڕێگای لە ئەمریکا گرت کەنارە دەریاکانی تورکیا بەکاربێنێت لەشەری هاوپەیمانان دژ بە عیراق
٢. هێرشی کردۆتە سەر ئیسرائیل
٣. دروستکەر و پشتیوانی داعشە
٤. تەیارەی روسیای خستۆتە خوارەوە
٥. چەند ملیۆنێك پەناهەندی بە ئەورپادا بلاوکردەوە
٦. پرۆسەی ئاشتی لەناوخۆی تورکیا هەلوشاندەوە
٧. هەلبژاردنی تورکیای دوبارەکردۆتەوە
٨. ئەمریکا تاوانبار دەکات بەپشتیوانی لە کودەتا و دالدەی گولەن
٩. سوپاکەی ناردۆتە سوریا
ئۆردوگان ئەم هەموکارە سەرەرۆیانەی بۆناچێتەسەر. زوو یان درەنگ، لەباشترین هەلومەرجدا هاوشێوەی سیسی دەبێت لە بەندیخانە ئاخیرین ڕۆژەکانی ژیانی بباتەسەر، لە خراپترین حالەتیشدا وەك زەرقاوی و ئوسامە لادن سەری تێدەچێت .
03/09/2016
وتارەکانی تری نوسەر