گۆڕان و گەمەی ئەکرۆباتیکی یەکێتی

چیا عەباس

یەکێتی و دۆخەکە
لە سەروبەندی نزیکبونەوەی یەکێتی و هێزە نارازییەکان لە یەکتر تارمایی ئەختەبوتە سیاسیە بێ سەمەرەکانی رابوردو بە پاساوی یەکریزی زیندو بۆتەوە، وەک کۆبونەوە زۆر و بۆرەکان، سەردانە مەکۆکیەکان، باسکردنی یەکگرتنەوە، رێکەوتن، هاوپەیمانیەتی و پرۆژەی هەمە رەنگ و تەرەف.
لەم رەوشە وروژاوەدا پێدەچیت هاوپەیمانی سەری بۆ جۆرێک لە " یەکگرتنەوە" یاخود رێکەوتن لە گەڵ یەکێتیدا بخورێت، ئەوەش پابەندە بەوەی هاوپەیمانی لەو پرۆسەیدا چی دەست دەکەوێت. سەبارەت بە باسکردنی بابەتە سواو و بەسەرچوەکان لە گەڵ گۆڕان لەم کاتەدا کۆپیکردنی خوڵانەوەکانە لە بازنە ناسراو و داخراوەکاندا، چونکە زەمینەی ئەو جۆرە هەڵلایە بەردەوام پرسەکەی بۆ خاڵی سەرەتا گەراندۆتەوە. 
ناکرێت زەمینەی پەرۆشی و گرجوگۆڵی کتوپری دەسەڵاتدارانی یەکێتی بۆ نزیکبونەوە لە گۆڕان و هێزەکانی تر بە هەند وەرنەگیرێت. ئەم هەڵمەتەی یەکێتی لە چەند ئیعتباراتێکی تەکتیکیەوە سەرچاوەی کردوە:
یەکێتی ترسێکی بەرچاوی لێنیشتوە کە پارتی دوای هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان ببێتە هێزێکی گەورەتر لە ئێستا، بە واتایەکی تر بۆ حوکمرانی و بە رێکردنی سیاسەت ئەوەندە منەتی بە یەکێتی نەبێت و ناز و نوزی قبوڵ نەکات.
لەو تێرامانەوە ماوەیەکە یەکێتی دەستی بە کامپینێکی بەهێز بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان کردوە، پاساوەکانی بۆ خواستەکەی بەیان کردوە، کاتێک گەیشتە ئەو قەناعەتەی پارتی بە ئاسانی نایەتە ژێر باری خواستەکەی پەنای بۆ هێزەکانی نارەزا برد کە زۆربەیان هەمان خواستی یەکێتییان هەیە.
ناشێت پەیوەندی توند و تۆڵی یەکێتی لە گەڵ ئێران بۆ ئەم دۆخەی ئێستا بە هەند وەرنەگیرێت، ئاماژەکان باس لەوە دەکەن ئەو وڵاتەش بە گۆرانکاریە چاوەروانکراوەکانی نەخشەی سیاسی باشور مورتاح نین.
بەلای یەکێتییەکانەوە ئێستا بۆ پاراستنی پێگەی خۆی کاتیەتی بەرامبەر بە کێرڤی هەڵکشاوی پارتی لە گۆڕان نزیک بێتەوە. ئەم هەنگاو و جموجۆڵانەی یەکێتی دوبارە دارشتنەوەی ئەو ئەختەبوتە سیاسیانەیە کە پرسی کوردایەتی لە باشور پێیان ئاشنان.  
یەکێتی هەمو هێلکەکانی نەخستۆتە یەک سەبەتەوە، بەڵکو گەمەیەکی ئەکرۆباتیکی سیاسی دەکات کە منداڵێکیش دەیخوێنێتەوە، پێیەکی لە هەولێر و بەغدایە و پێکەی تریشی لەم گرد و ئەو بارەگای نارازییە. لە لایەک لە گەڵ پارتی دەڵێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت و لەم دیو دێگەڵەوە کار بۆ دواخستنی دەکات. 

پارتی و دۆخەکە 
ناشێت لێرەدا ئەوە بەرچاو نەگرین کە لوتکەی دەسەڵاتی پارتی لەو باوەرەدان کە مامەڵەکردن لە گەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای یەکێتی کارێکی ئاڵۆز و پر لە موجازەفەیە، ئەمەش بە تایبەت دوای ئەوەی ئاراستەیەکی نوێی دەسەڵاتداری ناو یەکێتی لە پشت کارەساتەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە بون.  
پارتی لە ماوەیەکی کورتدا دوچاری چەندین پاشەکشە و داکشانی هەستیار بو:
- پاش تێکشکاندی داعش ئەمریکا و حکومەتی عێراق حکومەتی هەرێمیان ناچارکرد هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچە دابرێنراوانە بکشێنێتەوە کە بە قوربانی و خوێنێکی زۆر رزگار کرابون.
- گەلەکۆمەیەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە پرۆسەی ریفراندۆم کرا و پارتی ناچار کرا کار بە ئەنجامەکەی نەکات و لە دەرگای بەغدا بداتەوە.
- تاقمێکی ناو یەکێتی بە هەماهەنگی لە گەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق و موبارەکەی ئەمریکا کەرکوک یان لە دەستی کورد سەندەوە و داگیریان کردەوە، ئەو پێگە ئیداری و سەربازی و ئابوریە بەهێزەی پارتی لەوێ هەیبو لە چەند رۆژێکدا زۆر لاواز بو.
- قەیرانە موزمن و خەستەکانی حوکمرانی هەرێم زیاتر ئاڵۆزتر بون، یەکێتی خۆی ناکات بە خاوەنیان و دەیانخاتە ئەستۆی پارتیەوە.
لە گەڵ ئەوانەشدا پارتی توانی ئەنجامێکی بەهێز لە هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەست بهێنێت، ئەمە ئەو ( سیف ژو الحدین) ەیە کە بە دەست پارتیەوەیە. بۆ خۆی پێداگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکات و دڵنیایە کە پێگەی پەرڵەمانی لە هەرێم بەهێزتر دەبێت، پێویستیشی بەم بەهێزبونە هەیە.
لە لایەکەوە دەتوانێت بە دڵنیاییەوە بە عێراق و ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە بڵێت هێشتا گەورەترین هێزی کوردستانین و پێویستتان بە مامەڵەکردن لە گەڵمانداهەیە، ئەو کەلێن و درزانەی لە ئاکامی ریفراندۆم لە نێوانماندا دروستبون بەشێکن لە رابورد و ئێمەش بەهێزتر بوین، لە لاکەی ترەوە ئەم پێگەیە هێزەکانی تر، تایبەت یەکێتی، وروژاندوە و بە گەرمی کەوتونەتە خۆیان بۆ رێگریکردن لە گۆرانکاریە چاوەروانکراوەکان. 
کێشەی بنەرەتی لە بەردەم پارتیدا بۆ ئایندە نائارامی سیاسی و ئیداری زۆنی کەسک و نیللیە، پارتی پێویستی بە سەنتەرێکی چەسپاوی خاوەن بریار و ئیرادە لەو زۆنە هەیە. یەکێتی کەرەستەکانی بۆ ئەو خواستەی پارتی لە دەست داون، گۆڕانیش بەرامبەر هەوڵێکی جدی بۆ سازدانی ئەو هاوکێشەیە ئامادە نەبو لە گەڵ پارتی جێبەجێی بکات. ئەوەی ماوەتەوە یەکێتییە، ئەم راستیەش دەستی یەکێتی کراوەتر کردوە.

گۆڕان و دۆخەکە 

سەرۆكی جڤاتی گشتی بزووتنەوی گۆڕان دەرباری کۆبونەوە و نزیکبونەوە لە گەڵ یەکێتی لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ دەنگی ئەمریکا دەڵێت: 
" ئێمەو یەكێتی هەمان بۆچوونمان هەیە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، چونكە: گومانی ئەنجامدانی ساختەكارییەكی گەورە دەكەین بەجۆرێك پارتی دەیەوێت (٥٠+١) ڕێژەی دەنگەكان بهێنێت تا خۆی بتوانێت حكومەتی داهاتووی هەرێم بەتەنیا پێكبهێنێت و دەستوور بنوسێتەوە"-
دەرباری ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی گۆڕان‌و یەكێتی دەڵێت: "هەرچەندە داوای لێبوردنەكەی یەكێتی بەناوی ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسی بوو پێمان باشبوو بەناوی مەكتەبی سیاسی بێت، بەڵام هەرباش بوو گرنگ ئاسایی كردنەوەیە".
بێگومانم ئەم بەرپرسە باڵایەی گۆڕان باسی بۆچون و ترسەکانی خودی خۆی و هاوراکانی ناو گۆڕان و یەکێتی دەکات، پێشدەچێت تەعەدا و هێرشەکانی یەکێتی بۆ سەر گۆڕان بە گەمەکانی پلەی ستەیشیۆن بشوبهێنێت.
پاش چەندین ئەزمونی تفت و تاڵی گۆڕان لە گەڵ دەسەڵاتدارانی یەکێتیدا بیرکردنەوە لە " یەکگرتن" یاخود " رێکەوتنێکی" لاسەنگ و بێ زەماناتی کۆنکرێت لە گەڵ یەکێتیدا دەچێتە چوارچێوەی زیندە بەچاڵکردنی گۆڕان.
شاردراوە نیە لە نێو بەرپرسە باڵاکانی گۆڕاندا حەنینێکی گەرم بۆ یەکێتی هەر زیندو ماوەتەوە، هەر کەسێک بوێری ئەوە بکات هەنگاو بۆ یەکگرتن یاخود رێکەوتنی لاسەنگ بنێت بێگومان لە ناوگۆڕاندا ئینتیحاری سیاسی دەکات. ئەمە بە مانای ئەوە نایەت گۆڕان مامەڵەی سیاسی هاوسەنگ لە گەڵ هێزەکانی تر نەکات، ئەوەی گرنگە هەر هێزە و ناسنامەی خۆی بپارێزێت و نەبنە دەسکەلای ئەم تەکتیک و ئەو خواستی سیاسی و مادی، بە تایبەت مەسیری رێکەوتنەکەی گۆڕان لە گەڵ یەکێتی لامان رون و ئاشکرایە، وەک کاک نەوشیروان گوتی: عیبرەت لە جێبەجێکردندایە، سەلمێندرا دەسەڵاتدارانی یەکێتی چەند بەو رێکەوتنەوە پابەند بون. 
ئایا گۆڕان عیبرەتی لێ وەرگرتوە؟ 


31/08/2018



وتارەکانی تری نوسەر