لەم دۆخەدا کوردستان و حوکمرانی طەواری!

چیا عەباس

لەم فرە قەیرانەی یەخەی هەرێمیان گرتۆتەوە، گەلێک شێکردنەوە و هەڵسەنگاندن و بۆچون و تێرامانی جیاواز بۆ هۆکار و چارەکان بەرچاو دەکەون، بەشە حزبی و عەقائیدیەکان لێیان دۆی خۆیان بە ترش نازانن و ئەوانی تریش لە روانگای بێلایەنی و خەمخۆریەوە جۆرەها  هەڵسەنگاندن بەیان دەکەن.

ناشێت خۆمان غافڵ بکەین لە راستیەک کە مێژوی ململانێ و شەر و بەرژەوەندیە تایبەتە جیاکان کرۆکی بەشێکی ئەم هەڵسەنگاندنانەیان داگیر کردوە.
کەسێک نادۆزیتەوە خەستی و ئاڵۆزی قەیرانەکان ومەترسیەکانی لەسەر ئایندەی نمونەی نیمچە سەربەخۆیی و حوکمرانی دوا سی ساڵی کیانی کوردی لە باشور نەبینێت و هەستیان پێنەکات. لە سەر ئاستی ناوخۆ پشکی شێری بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخە لە ئەستۆی پارتی و یەکێتی و پاشکۆکانیاندایە. 

وردکردنەوەی ئەم دۆخە چەند راستیەکی واقیعی ئێستامان بۆ دەسەلمێنن:

یەکەم: پارتی هێزی یەکەمە و جومگە بنەرەتیەکانی حوکمرانی بەدەستەیەوە، پارتی لە دوا مەتافدا هێزێکی هۆمۆجینی هەرەمی و دیسیپلیندارە و خاوەنی ژێرخانێکی گەورەی ئابوری و پەیوەندی دەرەکی و سەربازی و هەواڵگریە. مێژوی پارتی لە دوای راپەرینەوە دەیسەلمێنێت بۆ پاراستنی پێگە و بەرژەوەندیەکانی سڵ لە زۆر کار و رەفتار ناکاتەوە.

دوەم: یەکێتی مام جلالی نەماوە، ئێستاشی لە گەڵدا بێت هێزێکی پەرتەوازەیە و خاوەن دیدگا و سیاسەتی یەکگرتو نیە، هێزێکە ئاستی جەماوەری و سەربازی و دەسەڵاتی لە ناوچەکانی نفوزیدا زۆر کاریگەر و بێ رکابەرن. پێگەی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمدا شایستەی ئەوە نیە حەسودی پێببەیت، لەلایەک بەناو شەریکە لە گەڵ پارتی و لە لاکەی تریشەوە لەم دۆخەدا بە هەڵمەتێکی راگەیاندنی ئاراستەکراو مەبەستیەتی خۆی لەو شەراکەتە لە رابوردو و ئێستادا بێبەری بکات. 

سێیەم: دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا پێگەی گۆڕان و هێزەکانی تری ئۆپزسیۆن ئەوەندە داکشاوە کە شتێکی ئەوتۆی کاریگەرداریان پێنەکراوە و ناشکرێت، تایبەت گۆڕان وەک پاشکۆیەکی بێدەنگ چاوبازی لە گەڵ هەمو دەکات.

چوارەم: کارتەکانی بەغدا نەک تەنها لە بەرژەوەندی کوردا نین، بەڵکو چاوەروانی مەترسی گەورەشیان بۆ سەر باشوری کوردستان لێدەکرێت.

لەم نەخشە سیاسی و هاوسەنگی هێزەدا هیچ لایەنێک ناتوانێت ئەوی تر بسرێتەوە، هەر هەوڵێکی لەو جۆرە کارەساتی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە.

لەم دۆخەدا پاراستنی حوکمرانی کورد مەبەستی بنەرەتی و یەکەمە، لە دەستدانی ئەو حوکمرانیە یاخود لاوازبونی بەرچاوی دەمان گەرێننەوە بۆ سەرەتای دوای راپەرین. حوکمرانی پارتی و یەکێتی، شەری ناوخۆ و دو ئیدارەیی، رێکەوتنی ستراتیژی نێوانیان، بەشدار بونی هێزە ئیسلامیەکان و گۆڕان لە حکومەتدا هەمویان تاقیکراونەتەوە، دوا ئاکامی ئەم رۆژەیە کە تێی کەوتوین. هۆکارەکان فرە رەگ و سەرچاوەن و شاردراوەش نین، هەر هێز و کەسایەتیەک بە رێژەی خۆی بەرپرسە.
زیاتر لە دە ساڵ لەمەوپێش بە چەند نوسینێکی ئاشکرا هەواداری هەرێمێکی سەربەخۆی سلێمانی و هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی تر بوم، ئێستاشی لە گەڵدا بێت گەر دۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەکە و عێراق و کوردستان گونجاو بن بە هەنگاوێکی گەورەی دەزانم بۆ سەقامگیری و بەرەوپێشچونی باشوری کوردستان.

ئێستا زۆر ئەستەمە، چونکە حکومەتی عێراق باڵادەستە و چاوەروانی خێری لێ ناکرێت، ئەو گرژیانەی نێوان بەغدا و هەولێر لە مەقامی یەکەمدا پەیوەستن بە شەرکردن لە سەر پشكیان لە داهاتی نەوت، بەغدا ورد و کەوەرجنین ئاسا کورد دەدۆشێت، کاتێک خێریشی تێدا نەما پێمان پێدەکەنێت، لەوە نزیکبۆتەوە چونکە هەر ئەوانە بون لە سەردەمی ئەنفال و کیمیاباراندا بۆ یەک چرکەش بیریان لە تەسلیمبون بە بەغدا نەدەکردەوە ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم بەهۆی کەمی پارەی نێردراو لە بەغداوە، کە خۆیان هۆکاری سەرەکین، دەڵێن ئامادەن هەمو نەوت بە خۆشیانەوە تەسلیم بە بەغدا بکەن.

ئەمریکا لە ماوەی ٢٤ سەعات دوای ریفراندۆم کرۆکی پێکهاتەی سیاسی هەرێمی گۆری و لە نزیکەوە چاودێری و کارئاسانی بۆ کارەساتەکانی ئۆکتۆبەر کردوە.

هەرێمێکی سەربەخۆی سنوردار لە گەڵ ئێران کە بەشێکی بەرچاوی پێکهاتە سیاسیەکانی دۆستی نزیکی ئێران بن لە ئێستادا بۆ ئەمریکا هیڵی سورە، ئەو تەرکیزی لە سەر دروستکردنی پێگەیەکی بەهێزی سەربازی و هەواڵگریە لە کوردستان و بۆ ئەو مەبەستە پشتئەستوریشە بە پێگەی پارتی لە حوکمرانیدا. 

چەمکی لامەرکەزیەت تەوەرێکی کۆنە و کارکردن لەسەری بچێک لە کێشەکانی هەرێم هێور دەکاتەوە.   

ئێستا لەم دۆخەدا لەو باوەرەدام بیر لە گۆرینی شێوازی حوکمرانی بکەینەوە و ئەزمونێکی نوێ لە بری ئەم ئەزمونە سواو و ئیفلیجە بگرینەبەر.

دروستکردنی حوکمرانی گەوارئ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەکەم: ئەنجومەنی باڵای هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، پێکدێت لە:

- نوێنەرانی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەرێژەی ژمارەیان،
- پارێزگارەکانی هەرێم و بەرپرسانی ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین،
- چوار نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران لە سەر ئاستی وەزیر یا جێگری وەزیر،
- جێگرێکی سەرۆکی هەرێم و نوێنەرێکی تری سەرۆکایەتی هەرێم،
- چوار نوێنەری فراکسیۆنەکانی کورد لە بەغدا و شەش نوێنەر لە کوردستان،
- ژمارەیەک نوێنەرانی بێلایەنی کەرکوک و ناوچە زەوتکراوەکانی تری کوردستان،
- ژمارەیەک لە کەسایەتی ئاینی و رۆشنبیرو و نیشتمانپەروەری بێلایەن،
- چەند نوێنەرێکی بێلایەنی رەوەندی کوردی. 

دەسەڵاتەکانی ئەم ئەنجومەنە بێجگە لە چاودێریکردنی حکومەت و پەسندکردنی بریارەکانی بەرێژەی ٦٠-٦٥% ی دەنگی ئەندامانی، بە تەشاور لە گەڵ حکومەتی هەرێم سیاسەتی هەرێم بۆ پەیوەندیەکان لە گەڵ حکومەتی بەغدا دیاری دەکەن.

سەرۆکی ئەم لیژنەیە کەسایەتیەکی بێلایەن بێت، جێگرێکی کەسایەتی ئاینی سەربەخۆی هەبێت، ئەنجومەن نێوان خۆیان رێکدەکەون لە دروستکردنی دەستەی سکرتاریەتی ئەنجومەن و رێکخستن و دابەشکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکان.   

دوەم: پەرلەمانی کوردستان، هەڵپەساردنی ئەرکەکانی چاودێری و لێپرسینەوەی پەرلەمان، سەبارەت بە پرۆژە یاساکان دەبێت ئەنجومەنی باڵاش پەسندی بکات، لە حالەتی جیاوازیدا رێگا یاساییەکان بۆ یەکلاییکردنەوە بگیرێتە بەر.

سێێەم: لە ئەنجومەنی باڵا گڤتوگۆ و باسکردنی چروپر دەرباری شێوازی بەرێوەبردن و چاودێریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و ئاژانسی هەواڵگری بە هەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت. 

دەزانم ئەم پرۆژە پێشنیازکراوە بێ کۆسپی گەورەی یاسایی و سیاسی و حزبی ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرچۆنێک بێت بۆچونێکە بۆ هەوڵێکی قورتاربونی دەستەجەمعی لەم دۆخە و چەندیش رزگار دەکرێت رزگار بکرێت. بەدیلەکانی ئەم دەستەجەمعیە بەهێزە جیابونەوە ، راپەرین. گەرانەوە بۆ دو ئیدارەیی و شەری ناوخۆیە.

رۆتەردام: ٣ ئەپریڵ ٢٠٢٠


03/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر