حزب لە مێژو و ئێستا و ئایندەی کوردستاندا !

چیا عەباس

حزب و جاران
جاران حزب رۆڵی بنەرەتی لە کۆکردنەوە و رێکخستنی جەماوەر بۆ کارنامە و ئامانجەکانی هەبو، تایبەت ئەو حزبانەی خاوەنی کارنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی و سەربەخۆیی وڵات بون، نمونەی حزبە عراقی و کوردستانیەکان کە لە سەردەمی پاشایەتیەوە و دواتر لە بەرەنگاربونەوەی رژێمە ستەمکارەکانی سەردەمی کۆماری دەیان هەزار شەهید و بریندار و زیندانی سیاسی و قوربانی تریان بەخشیوە گرنگی رۆلی حزب لەو قۆناغانەدا دەسەلمێنن.
سەرەرای ئەم راستیە مێژوییە بینیمان کە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەمان  فەرماندە و کەسایەتیە سەربازیەکان گۆرانکاریە بنەرەتیەکانیان ئەنجامدا، وەک لە میسر، عێراق، سوریا، لیبیا، سودان، تورکیا، یەمەنی باکور و ... هەرچەندە بەشێک لە حزبەکانی ئەو وڵاتانە بونە پاشکۆی دەسەڵاتدارە نوێکان و بەشێکی تریش رێگای ئۆپزسیۆنیان هەڵبژارد بەڵام رۆڵیان لە گۆرانکاریەکان بەرچاو بو، وەک اتحاد الاشتراکی العربی لە میسر، حزبی بەعس لە سوریا و عێراق، حزبە کۆمینیستەکانی ئێران و عێراق و سوریا، حزبەکانی تورکیا و رۆڵی حزب و  سەرکردە  ئاینییەکان لە چەند وڵاتێکی تر.
حزب لەو رێرەوەی مێژودا چەندین کادر و سەرکردە و فەرماندەی سەربازی گۆشە و دروستکردوە کە رۆڵی بەرچاویان لە روداوەکاندا هەبوە.
جاران حزب کانزایەکی دەوڵەمەندی میللەت بو. حزبایەتی بۆ مافەکان سەخت و پر مەترسی بو، لەو رێبازەدا بە هەزاران کادر و بەرپرس و سەرکردە و تێکۆشەران گیانیان بە خاك و نەتەوە بەخشیوە.
حزب و ئێستا
لە گەڵ سەرهەڵدانی جیهانگیری و سۆشیاڵ میدیا کاڵبونەوەی ناوەرۆک و سنورە کلاسیکیەکانی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی خێراتر بو، هاوکاتیش بە هۆکاری گۆرانکاریە بنەرەتیەکان لە ناوچەکەمان، وەک شەری ئێران – عێراق، جەنگی ئەمریکا و هاوپەمانان دژ بە عێراق، روخاندنی سەدام، روداوەکانی ئەوەی بە بەهاری عەرەبی ناسراون، جەنگی دژ بە تێرۆر، گەمارۆدانی ئێران، سەرهەڵدانی جەمسەرگەری مەزهەبی لە ناوچەکە، روداوەکانی رۆژئاڤا، باڵادەستبونی سیاسی و سەربازی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، دروستبونی جەمسەرگەری ئیقلیمی و گرێدانی دۆخی میللەتەکان بەو گۆرانکاری و ئیرادە فرە ئاراستانەوە رۆڵی حزبە کلاسیکیەکانی بە رادەیەک کاڵکردەوە کە لە ناچاری و ئارەزومەندانە بونە پاشکۆی روداوەکان و ئیرادەی سەربەخۆی جارانیان لاواز و لەرزۆک بو.
ئەم واقیعە تازەیە زۆربەی زۆری حزب و هێزە سیاسیەکانی ناوچەکە بە کوردیشەوە گرتەوە، سنور و هێڵی سور بۆ حزبەکان دارێژران و پێشێلکردنیان بە جۆرەها شێوە سزا و وەڵام درانەوە، حزب تێهەڵکێش کرا بە هاوکێشەکانی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و سەربازی و هەواڵگری گەمەکەرە زەبەلاحەکان، لە بەرامبەر ئەم رۆڵەدا بچێک لە " دەسەڵات و پاداشت" یان پێ بەخشرا. دەسەڵاتدارانی ئەمجۆرە حزبانە لە دیدگا و هەڵسەنگاندنێکی مەدا کورتدا تەسلیمی ئەو واقعە نوێیە بون و خۆیان لە گەڵیدا گونجاند، ئەو جۆرە ئەقڵیەتە وەک حەدبای لێهات و توانای خۆگونجاندنی ئاسانی لە گەڵ دەوروبەرەکەی بە دەستهێنا، خۆشیان بوێت یاخود ترش ئاکامەکەی دورکەوتنەوەی هێدی هێدی بو لە پرسەکانی نەتەوە و نیشتمان، ئەو پرسانەی جاران گیانی خۆیان بۆ دەبەخشی. 
لێرەدا ئەم گۆرانکاریە بنەرەتیە دەسەڵاتدارانی ئەو حزبانەی ناچار کرد حزبەکانیان بۆ راگرتنی رەونەق و جوانیەکانی مێژویان بەکار بهێنن بۆ دەمامککردنی روخساری ئێستایان، بۆیەش بایەخی سەرەکیان بۆ بواری راگەیاندن بوە، ئەم راستیە تا ئەم چرکەیەش لە هەرێمەکەشمان بەردەوامە.
تەنها ئەو حزب و هێزانەی لەسەر بنەماکانی عەقائیدی و سیستەمی هەرەمی دیسیپلیندار و کاریزما و هێزی سەرکردەکانیان کار دەکەن توانیویانە تا ئەم چرکەیەش بەشێک لە خەسڵەتە رەسەنەکانیان لە فەوتاندن بپارێزن.
 حزب و هەڵبژاردنەکانی عێراق
ئێستا هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوەیە، هەمو حزب وهێز و گروپەکان کەوتونەتە خۆیان، تایبەت هێزەکانی دەسەڵات چونکە ئەزمونی چەند ساڵی رابوردویان لە گەڵ بەغدا سەلماندویەتی کە بێ پارە و ئاوردانەوەی بەغدا توانای هەنگاونانیان زۆر لاواز بوە.
دەبینین ئەم حزبانە پەنایان بۆ هاوکێشە کلاسیکیەکانی سیاسەت بردۆتەوە: لێرە و لەوێ بگەرێ بەدوای چەند " دۆستێکی پیاوچاکی" کاتی و بەرژەوەندخواز لە بەغدا بەڵکو مشتێک پارە و دەسەڵات ببەخشێت، بۆیە لە ئێستاوە تا هەڵبژاردنەکان بەغدا بۆتە رێگای کانی ئەو جۆرە حزب و دەسەڵاتدارانە.
لە بەرامبەردا بەرەی یاخیبو و نارازی هەمان هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەکە کردوە، بەڵام بە ئامانجی جیاواز لەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان، ئەمان بەغدا بە ئامرازێکی بەهێزی فشارکردن لە سەر دەسەڵاتی هەرێم دەبینن بۆیە هەمو تواناکانیان بەگەر خستون بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی بەرچاو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێگەیەک حسابی جدی بۆ بکرێت، فرە بازنەیی لە یاسای هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی عێراق کارئاسانی یاسایی بۆ ئەم بۆچونە کردوە، هەرچەندە ئێستا وای لێهاتوە کە " هەمو رێگاکان بەرەو بەغدا دەرۆن" لە گەڵ ئەوەشدا دەبێت بە حەزەرێکی وردی واقیعی مامەڵە لە گەڵ بەغدای ئێستادا بکرێت.  
دەبینین گروپ و هێزەکانی بەرەی نارازی بە هەمو شێوەیەک خۆیان دور راگرتوە لە بەشداریکردن لە هەڵبژارنەکان بە ناوی پێکهاتەی حزبیەوە، بۆ نمونە: هاوپەیمانی هیوا، هاوپەیمانی نیشتمانی، بەرەی گەل، دەنگی گەل و ... تاد.
راستە هاوڵاتی تاقەتی لەو جۆرە حزب و حزبایەتیە چوە و هەمویان بەیەک چاو دەبینن. هەرچەندە ئەمە ئاکامێکی ئاسایی ئەو بێئومێدیە خەستەیە کە ناخ و دەرونی هاوڵاتیانی تەنیوە، بەڵام بۆ قورتاربون لەم دۆخە و روکردنە قۆناغێکی نوێ دەبێت هاوڵاتی خۆی بریار لە جۆری ئامادەسازیەکان بۆ کارکردن بدات، بە پێوەر و وەتیرەی جارانی سەردەمی باوەر و ئیرادە گونجاو لە گەڵ ئەم سەردەمەدا خۆشی ئامادە بکات، مەرجێکی بنەرەتی ئەم ئامادەسازیە گەڵالەکردنی پەیامێکی نەتەوەیی و نیشتمانی تۆکمەی هاوبەشی سەردەمانەیە کە لە سایەیدا بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو بنرێت، بێ ئەو پەیامە لەم بازنە داخراوەی ئێستادا دەمێنین و دەسورێینەوە.



رۆتەردام: ١٨ جانواری ٢٠٢١ 

18/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر