دیسانەوە شەڕی دەستەویەخە

مەریوان وریا قانیع - ئاراس فەتاح


بەدرێژایی مێژووی سیاسیی نوێی کوردستان ھیچ کاتێک پرۆسەی دروستکردنی دەسەڵاتگەرێتییەکی سوڵتانیی بەقەدەر ئەمڕۆ بێشەرم و تاوانبار نەبووە. تەنانەت لە ساڵە تاڵەکانی شەڕی ناوخۆدا ململانێی سیاسیی بەشێوەی ئەمڕۆکە ناشیرین و دڕدۆنگ و پڕپیلانی ناوەکیی و دەرەکیی نەبوو. قۆناغێک نییە وەک ئەمڕۆ ژیان و بژێوی خەڵک بەم شێوازەی ئێستا کرابێت بە بارمتە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبیی و تاکەکەسییەکانی ناو خێزانە سیاسییە داخراو و دابڕاوەکان لە کۆمەڵگا. دەمێکە حوکمڕانانی کوردستان و مۆدێلی فەرمانڕەوایەتییەکەیان لەوە دەرچوون کە نەشوبھێنرێن بە سەدام و قەزافیی و ئەسەد و دەسەڵاتدارێتییە ھەرە ناشیرینەکانی تری ناوچەکە. ئەمڕۆ لەسەر شەقامی شارەکانی کوردستان ”شەڕێکی دەستەویەخە" دەبینین لە نێوان ئەوانەی توڕەیی و نائومێدیی و وەڕسبوونی خۆیان نیشاندەدەن و ئەوانەی بەدیار و نادیار بە بەرچاوی کامێراکانەوە گەنجانی ئێمە دەکوژن و حیزبیش بێباکانە دەیانپارێزێت و باوەشیان بۆدەکاتەوە. ماوەیەک لەمەوبەر گەنجێکی ھەڵاتوو لە دورەوڵاتەوە ووتی ”پێمباشە لەناو دەریاکاندا بخنکێم، نەک بەدەستی پیاوانی حیزب و بەرچاوی دایک و باوکمەوە بکوژرێم". پێدەچێت ئەمڕۆکە ھەمان ئەو نەوەیە بڕیاری ئەوەی دابێت لەباتی ھەڵاتن و خنکان لە دەریاکاندا بەرگریی لەخۆی و لە داخوازییە سەرەتاییەکانی بکات. بەبۆچونی ئێمە، ئەو تاوانە سیاسییانەی لە ئەمڕۆدا دژ بەم نەوە تازەیە دەکرێت، کاری تاکەکەسانەی ھەندێک کوێلەی ناو حیزبەکان نییە کە بێباکانە و ئازادانە نیشان لە خۆپیشاندەران دەگرنەوە، بەڵکو بە ئاشکرا و بێشەرم ستراتیژی بەرپاکردنی ”شەڕێکی دەستەویەخە"ی سیستماتیکە لەگەڵ کۆمەڵگادا، کە ماوەیەکی درێژە لەئارادایە.

ئێمە رامان وایە کە ئەوە ئەرکی رۆشنبیران نییە بە خۆپیشاندەران بڵێن چیبکەن و چینەکەن، خەتی سوور کامەیە و لە کوێیە، چ شتێک نابێت ببەزێنرێت و چیش دەبێت بپارێزرێت. ئێمە جەستەیەکی سیاسییمان ھەیە کە ھەموو خانەیەکی نەخۆشخراوە و ئۆرگانەکانیشی لەوەکەوتوون بە وەزیفەی ئاسایی خۆیان ھەڵسن؛ حکومەتەکەی نەخۆش و سەرۆکایەتییەکەی دێوانەی دەسەڵات و پەرلەمانەکەی پەککەوتە و ھێزە سیاسییەکانیشی بێئیرادە. ئەم جەستە سیاسییە نەخۆشە لە کۆمەڵێک ھاوکێشەی ناوەکیی و ئیقلیمیی و جیھانیشەوە ئاڵاوە کە ھیچ مەودایەکی بۆ چارەسەرکردنی ھیچ کێشەیەک نەھێشتۆتەوە. بکەرە سیاسییەکانی، دونیای ئێمە بەرەو دابەشبوونی زیاتر و پارچەپارچەبوونی ترسناکتر و پێشێلکردنی زیاتری مافەکانی مرۆڤ دەبەن. تەنھا بژێوی خەڵک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان نەخراونەتە ناو گەمەیەکی سیاسیی ناشیرینەوە، بەڵکو ھێرشێکی سیستەماتیکیش لەئارادایە بۆسەر ھەموو مافەکان، لەپێش ھەموویانەوە مافی نووسین و رادەربڕین و کاری میدیایی. بەبۆچونی ئێمە ئەو قۆناغە بەسەرچووە داوای عەقڵانییەت و ھێمنیی و ناتوندوتیژیی لە خەڵکیی بکەین، وەکو لە حەڤدەی شوباتدا بە گرنگ و پێویستمان زانی و کردمان. شتێک بەناوی لانی ھەرە ھەرە کەمی عەقڵانییەتەوە لەناو سیاسەتی کوردیدا نەماوە. توندتوتیژیی شتێک نییە گەنجەکانمان لەسەر جادەکان دایانھێنابێت، بەڵکو زادەی ئەو سیستمە سیاسییەیە کە سڵ لەوە ناکاتەوە بە گوللە وەڵامی بەرد بداتەوە، بە جلی مەدەنییەوە تەقە لە خۆپیشاندەرانی بێچەک بکات و بە عەقڵێکی سەربازییەوە تەواوی کۆمەڵگا بترسێنێت و لەڕێگای تیرۆرەوە کونترۆڵیبکات. ئەم عەقڵییەتە سیاسییە ئامادەیە سبەینێ و دووسبەیش ھێزە دەمامکدار و تێڵابەدەستەکانی بەھەموو شوێنێکدا بڵاوبکاتەوە، نیشتیمانمان بەسەر چەند خاڵێکی پشکنینی حیزبیدا دابەشبکات. شەھیدکردنی بەردەوامی خۆپیشاندەرانی مەدەنیی ھیچمان پێنەڵێت یەک شتمان بەبەردەوامیی لە جەوھەری ئەم دەسەڵاتدارێتییە بۆ نماییشدەکات، ئەویش ئەوەیە کە توندوتیژیی بەشێکی جەوھەریی ئەم سیستمەیە و پارێزەرانی سیستمەکەش ئامادەن زۆرترین خوێن بڕێژن، زۆرترین جەستە بێگیان بکەن و کەمترین باجیش بدەن.


ئەوەی جێگای سەمەرەیە زۆرینەی پەرلەمانتار و سیاسەتمەداران لەڕێگای میدیاکانەوە، وەکو خۆپیشاندەر قسەدەکەن، کەچی ھەرکەسێک بچێتە سەرقام و خۆپیشاندان بکات، بە گوللە دەمی دادەخرێت. ئەوەی تەواو دیار و بەرچاوە ئەوەیە، شتێک لە دونیای ئێمەدا بوونی نییە مافی ئەو خۆپیشاندەرانە بپارێزێت و ھێزێک نییە بەرگریی لە ژیانیان بکات. ئەوەی دیارە و ھەموومان دەیبینین ژمارەی قوربانییەکان و شێوازی مردن و برینداربوونەکانیانە، ئەوەشی دووبارە و سەدبارە نادیار و بزرکراوە، تەقەکەران و تاوانکارانن. دەرکەوتنی قوربانییەکان و شاردنەوەی تاوانبارەکان ئەو گەمە ناشیرینەیە کە بەردەوام ئیشیکردوە و لەمڕۆشدا بە بێشەرمانەتر ئیشدەکاتەوە. ئەم دۆخە وامانلێدەکات بڵێین خۆپیشاندەرانی کوردستان پێویستیان بە واعیزی ئەخلاقیی ھیچ کەس و لایەنێک نییە، پێویستیان بە چاوساغێک نییە پێیانبڵێت سەیری چی و کێ و کام ئاراستە بکەن، یان گوێ لە کێ و کام ھێز و کام سیاسیی بگرن، چونکە بەھەر لایەکدا دەڕوانن جگە لە دونیایەکی تەواو بۆگەن و لەناوەندێکی سیاسیی تەواو داوەشاو، شتێی دیکە نابینن. ئەوانەشی لە جەرگەی ئەم دۆخە ناشیرینەدا لە بچووکترین ئەخلاقی سیاسیی و ئینسانیی بێبەریین، حوکمڕانانی ئەم وڵاتەن کە نیشتیمان بەرەو ھەڵدێڕ و داڕمانی تەواوەتی سیاسیی و ئابووریی و ئیداریی بردووە. ئەوان کوردستانیان کردووە بە پارکی ئۆتۆمبیلی درع و تەنکەری نەوت و بەرژەوەندی خێڵ و گروپی مافیایی، دۆخێکیان دروستکردوە مرۆڤ نەتوانێت تەحەمولی ھیچ دەرکەوتێک لە دەرکەوتەکانی بکات و واھەستبکات تەنھا لەبەردەم دوو ئەگەردایە کە ھەردووکیان تاڵ و ژەھراوین: یان ھەڵاتن و سەرھەڵگرتن یان وەڵامدانەوە بە تەحەدا ترسناکەکانی دۆخەکە و لەوێشەوە دروستکردنی ڕیسکی گەورە بە ژیانی خۆیان و بە ژیانی دەستەجەمعییەوە. بەبۆچوونی ئێمە مەودا و ڕووبەرێک بۆ بێدەنگبوون ھیچنەکردن و ھێمنبوون نەماوەتەوە. سیاسەتی کوردیی لەوە کەوتوە کە بیرکردنەوەی سیاسەتمەداری بەرپرسیار بێت بۆ دروستکردنی ژیانێکی یەکسان و ھاوبەشی ئارام و قبووڵکردنی یەکتر لە کۆمەڵگادا. ئەم سیاسەتە گۆڕاوە بۆ گاڵتەجاڕییەکی حیساببۆکراو و بێدەربەست بە عەقڵ و ژیانی ئینسانی ئێمە. شتێک نەماوە ئەم مرۆڤە یاخیبووانە لە کوردستاندا چاوەڕوانی بکەن، ئەوەی لەبەردەمیاندایە نائومێدبوونە لە دونیایەک کە ھەر رۆژەی لە سوچێکەوە قەیرانێکی قووڵ و گەورە سەردەردێنێت، بەبێ ئەوەی ئاسۆیەک ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی ھیچ یەکێک لەو قەیرانانە.


لەم دۆخە سیاسییە بەرھەمھێنراوەدا، ھیچ شتێک لە حیکمەت و ویستی سیاسیی پاک و ھیچ شتێکێکیش بەناوی متمانە و خەمخۆریی تیانەماوەتەوە. بەبۆچونی ئێمە ھەموو ھێزەکان بە بڕی جیاواز لەدروستبوونی ئەم دۆخەدا بەشدارن، بەڵام بەرپرسیاری سەرەکی سەرۆکێکی ماوەیاسایی لەکارکەوتووە کە بەدوای ھەلی کارێکی نوێدا دەگەڕێت، بە مەرجی ئەوەی ببێتەوە بە سیاسیی ژمارە یەک. بۆ ئەم وەزیفەیەش جگە لە دیکتاتۆریبوون و نابەرپرسیارێتی و ژێرپێخستنی سەرجەمی یاساکان، ھیچ کارامەییەکی سیاسیی و ھیچ پسپۆڕییەکی تری پێویست نییە. ئەوەی دروستکەری ئەم دۆخەیە حکومەتێکی بەناو فرەحیزبییە کە حیزبێکی قائید ئیملای سیاسەتەکانی دەکات، حیزبێک کە گەلێکی بە کامڵیی بێکار و بێ مووچە و بێژیان کردووە. لە کوردستانی ئەمڕۆدا بێشەرمییەکی گەورە بووە بە ئاکاری سەرەکی سیاسەت، بەجۆرێک سڵ لەوە ناکاتەوە لیستی ژمارەی شەھیدەکانی حەڤدەی شوبات گەورەتربکاتەوە و بەرژەوەندییەکانیشی بەرتەسکتر و خواستەکانی سوڵتانیتر. بۆیە داواکردن لە خۆپیشاندەران کە توندوتیژ نەبن، وەکو داواکردن لە بارزانی وایە دیکتاتۆر نەبێت. داواکردن لە خەڵک کە ھێمن بن وەک داواکردن وایە لە حیزبەکان و دەسەڵاتداران کە دڵسۆز و بەرپرسیار و یاساشکێن نەبن. داواکردن لە گەنجان کە توڕەنەبن وەک داواکردن وایە لە پەرلەمان کە توانای لێپرسینەوەی لە دەسەڵاتدارانی گەندەڵ ھەبێت. بەبۆچوونی ئێمە ئەم حکومەتە چیدی ناتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات، ئاشکرایە پەرلەمانیش ناتوانێت بچووکترین لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات. ھەر ئەم دۆخە بێدەسەڵاتییەشە کە پەرلەمانتارانی ناچارکردووە، مانبگرن.


لەڕاستیدا ئەم حکومەتەی ئەمڕۆ تەنھا بۆ یەک شت باشە، پێش ئەوەی سیاسەتە مەترسیدارەکانی نیشتیمانی ئێمە ھەڵوەشێنێتەوە، پێویستە خودی خۆی ھەڵبوەشێنرێتەوە، پێشئەوەی نیشتیمانەکەمان بکات بە تەنەکەی خۆڵ، خۆی فڕێبدرێتە ناو تەنەکەی خۆڵەوە. گەر تۆزقاڵێک ئەخلاقی سیاسیی لە وڵاتی ئێمەدا مابێت، ئەوا بێگومان وەعزدادانی ئەخلاقیی خۆپیشاندەران نییە بەوەی ناتوندوتیژبن، بەڵکو دەستبەردانی دەستەجەمعیی ئەم کابینە فاشیلە و ناشیرینەیە لە دەسەڵات، کە ناتوانێت سەرەتاییترین فۆرمی بژێوی ئینسانی ئێمە دابینبکات و بچووکترین مافیشی بپارێزێت. حکومەتێک کە نە بتوانێت بژێوی خەڵک دابینبکات و نە بتوانێت مافی خەڵک بپارێزێت و نە بتوانێت لە ململانێکاندا بێلایەن بێت، نە ئامادەبێت بچێتە بەردەم ئەو پەرلەمانەی کە متمانەی پێداوە، نە ویستی چاکسازیی و نە ئەخلاقییەتی بەرپرسیارێتی ھەبێت، تەنھا بۆ ئەوە باشە بینێریت بۆ ناو تەنەکەی خۆڵەکە. ھەر ھێزێکیش تەمەنی سیاسیی ئەم حکومەتە درێژبکاتەوە راستەوخۆ بەشدارە لە زیادکردنی ژمارەی قوربانییە سیاسییەکانی ئەم دۆخە ناشیرینەی کە بەرھەمیانھێناوە. سەردەمێکی درێژە تۆپەکە لە گۆڕەپانی کۆمەڵگای ئێمەدا نییە و لەناو ماڵی نوخبە دەسەڵاتدارە سوڵتانییەکەی کوردستاندایە. بۆیە قسەی ئێمە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو سیاسییە فاشیلانەدایە کە رۆژ لە دوای رۆژ دونیای ئێمە ناشیرینتر و وێرانتر دەکەن.


11/10/2015



وتارەکانی تری نوسەر