قەیرانی ئەخلاقی موقەدەس

مەریوان وریا قانیع - ئاراس فەتاح

بەڕێزان، ئەم وتارە، خاڵبەندیکردنی چەند سەرنجێکی کاک مەریوان وریا قانع و منە لەسەر کەیسی مەلا عەبدوللەتیفی سەلەفی و رەھەندەکانی ئەو کەیسە لەناو ڕووبەری گشتییدا.

لەگەڵ رێزمدا
ئاراس فەتاح

قەیرانی ئەخلاقی موقەدەس

ماوەیەکە ڕای گشتیی لە کوردستاندا بە مەسەلەیەکەوە سەرقاڵە کە پێویستی بەوەیە لە زیاد لە ئاستێکدا لەسەری بوەستین و بەرخوردی لەگەڵدا بکەین. ئەو مەسەلەیەش، کەیسی مەلا عەبدوللەتیفی سەلەفییە. بۆ ئێمە ئەم بابەتە بابەتێکی شەخسیی نییە، مەسەلەی مەلایەکی ئاسایی نییە لە عەشقێکی شەخسییەوە ئاڵابێت، وەکو مێژووی ئەدەبیاتی ئێمە لە زیاد لە فۆرمێکدا نیشانمان دەدات، بەڵکو دیاردەیەکی نوێی ناو کۆمەڵگای ئێمەیە و لە قووڵاییەکانیدا دەربڕی چەندان قەیرانی ئەخلاقیی و یاسایی و سیاسیی گەورەی ناو ئەو کۆمەڵگایەیە. بۆیە ئێمە ئەم مەسەلەیە بە ھەلێک دەزانین بۆئەوەی ڕاوبۆچوونی خۆمان لەسەر ئەو ئاستانە دەربڕین کە ھەریەکێکیان لە خودی مەلا عەبدوللەتیفی سەلەفی گەورەترن. ئەم کێشەیە بۆ ئێمە قەیرانی ئەخلاقیی و یاسایی و سیاسیی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییە کە ناکرێت لەسەری نەوەستین و بەشێوەیەکی بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکەین.

یەکەم: ئەم پیاوە نوێنەرایەتی شێوازێکی تەواو داخراو و ترسناکی دینداریی سەلەفیزم دەکات کە جگە لەخۆی، ھەموو دەرکەوتەکانی تری دینداریی وەک لادان لە دین، یان وەک بێدینیی، یاخود وەک سوکایەتیکردن بە دین، نماییشدەکات. ئەم شێوازە لە دینداریی لە کوردستاندا، دیاردەیەکی نوێیە و ھیچ شتێک نایباتەوە ناو مێژووی دین لە کۆمەڵگای ئێمەدا. دینداریی ئەم پیاوە لێوانلێوە لە توندوتیژیی ڕەمزیی و ھێرشبردنی ھەمەلایەن بۆسەر ھەموو ئەو کەس و لایەنانەی لە ئەو ناچن. ئەم دیندارییە بەر لەھەموو شتێک دیوارێکی گەورە لەنێوان خودی دینداراندا دروستدەکات، دوای ئەوانیش لەنێوان خۆیان و گروپ و کەسەکانی تری ناو کۆمەڵگای ئێمەدا. ئەم پیاوە بەناوی ھەقیقەتێکی خودایی ڕەھاوە قسەدەکات کە ھەموو پردێکی پەیوەندیی و ھەموو ھەوڵێکی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی ئایینی، وێراندەکات. خۆی و ڕەوتە سەلەفییەکەی بە دونیایەکی وێناکراو لە پاکژیی دینییەوە دەبەستێتەوە کە ھەموو ئەوانەی دەکەونە دەرەوەی ئەو دونیایەوە، ئینسانی ناتەواو و موشریک و قێزەونن. لۆژیکی ئەم دیندارییە لۆژیکێکی تۆتالیتارە، پێماندەڵێت تۆ یان وەک من بیر لە دین و خودا دەکەیتەوە یان بێدین و بێخودایت. ئەمان کە خۆیان بە شوێنپێھەڵگری ”سەلەفی ساڵح" دەزانن، لەنێوان خۆیان و نوێنەرایەتییکردنی ڕاستەوخۆی خودا و پێغەمبەرەکەیدا مەسافەیەک ناھێڵنەوە. ئەمە وادەکات ئەم جۆرە لە دینداریی جۆرێک لە کەسایەتی دروستبکات کە خۆی بە ھەڵگری ھەموو موقەدەسەکان بزانێت و دەرەوەی خۆشی وەک درێژکراوەی جاھیلییەت و گومڕایی نماییشبکات. ئەمەش ھەوڵدانێکی زۆری ناوێت، تاوەکو ئەم ڕوانینە لە ھەموو ئان و ساتێکدا لەشکرێک ھێلکەی جیھادیستی گەنج بتروکێنێت کە سڵ لەوە نەکەنەوە توندوتیژیی ڕەھا ڕووبەڕووی ھەموو ئەوانە بکەنەوە کە لەوان جیاوازن. ئەم گوتارە، گوتاری پەلاماردانی ھەموو کەسێکە نەچێتەوە ناو ئەو بەرگە سەلەفییەوە کە ئەم پیاوە و ھەوادارەکانی بۆ کۆمەڵگای ئێمەی ئەدوورن. پەلامارێک لەئێستادا ڕەمزیی و ڕیتۆریکییە، بەڵام بەئاسانیی دەکرێت بگۆڕێت بۆ پەلاماردانێکی مادیی و فیزیایی ھەمەلایەنی ھەموو کۆمەڵگا. لە کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەدا زیاد لە ئەزموونێک ڕاستیی و دروستیی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێت، ئەزموونی سەلەفیزم لە سعودییە و میسر و تونس و پاکستان لە ھەرە دیارەکانیانە.

دووھەم: یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ڕەوتی سەلەفیزم بریتییە لە ناسیاسییبوونی. واتە خۆبەدوورگرتن لە سیاسەت و کردەی سیاسیی، بەڵام لە جەوھەردا ئەرکی سەرەکی ئەم ڕەوتە دژایەتی پرنسیپەکانی دیموکراسیی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و پلورالیزمی سیاسیی و ئایینی و کولتوورییە، چونکە ئامادەیە شەرعییەت بە ھەموو دەسەڵاتێکی ستەمگەرایی و سوڵتانیی ببەخشێت. لە دیدی ئەم ڕەوتەدا ”وەلی ئەمر" کەسێکە کە حەسانەی تایبەتی ھەیە و تا مردن کەس ناتوانێت لەسەر کار لای ببات، ئەو سەروەرە و کۆمەڵگاش ڕەعیەتێکی گوێڕایەڵ و موتیع. ئەم ڕەوتە لە کوردستاندا لە لایەن ھێزە سیاسییەکانەوە ڕووبەری میدیایی گەورەی خراوەتە بەردەست و بۆ گەمە سیاسیی و ململانێی سیاسییەکان پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لێدەکرێت. لە لایەک بۆ دژایەتیکردنی ھێزەکانی تری ئیسلامی سیاسیی بەکاردەھێنرێت و لەلایەکی تریشەوە وەزیفەی بەپیرۆزکردنی سوڵتانیزمی سیاسیی پێبەخشراوە.

سێھەم: کەیسی ئەم پیاوە ھێماکردنێکی ئاشکرایە بۆ قەیرانێکی گەورە لە ئەخلاقیی پیشەیی لە وڵاتی ئێمەدا. ھەموو پیشەیەک کۆمەڵێک کۆدی ئەخلاقیی تایبەتیی ھەیە کە لادان لێیان، ھەم پیشەکە بێمانا دەکات و ھەم دەشیگۆڕێت بۆ ئامرازێک کە لە ژێر رەحمی سایکۆلۆژیا و خواستی تایبەتیی ئەو کەسانەدا بێت کە پیشەکە مومارەسەدەکەن. ئەمە وادەکات لەباتی ئەوەی لەگەڵ دەزگا و بواری سەربەخۆی خاوەن بەھا و ئەخلاقیاتی تایبەتدا مامەڵەبکەین، لەگەڵ زەوق و ویست و ئەخلاقیی شەخسیی ئەم یان ئەو کارمەنددا دەرگیردەبین. ئەمەش مانای تەسلیمکردنی کۆمەڵگای ئێمە بە حەوسەڵە و سایکۆلۆژیا و خولیا تایبەتەکانی ئەم کەسانە. بێگومان بۆ ئێمە ئاشکرایە کە مەلا عەبدوللەتیف تەنھا کەسێک نییە ئەم ئەخلاقییاتە پیشەییەی پێشێلکردوە و پێشێلدەکات، بەڵام ئێمە ئەم ڕووداوە بە ھەند وەردەگرین، بۆئەوەی بەرگریی لە ئەخلاقییاتی پیشەیی لە کوردستاندا بکەین، بە ئەخلاقیاتی پیشەیی ناو کایەی سیاسەت خۆشییەوە. ھەر لێرەدا بەبیری ھەموانی دەھێنینەوە کە بەبێ رێگەگرتن لە پێشێلکردنی ئەم ئەخلاقییاتە پیشەییانە، کۆمەڵگایەک دروستدەکەین کە حەز و ویست و بەرژەوەندیی تاکەکەسیی ئاراستەی دەکات و ھەمووان دەخاتە ژێر ڕەحمەتی دۆخە دەرونییەکانی ئەم یان ئەو کارمەند و بەرپرس و سەرکردەوە.

چوارەم: لە دەرەوەی پیشەکەشیدا ئەم مەلایە کەسێکی ئاسایی نییە و ناتوانێت لەژێر پەردەی ”ژیانی تایبەت" و ”مافی شەخسیی"دا خۆی بشارێتەوە. ئەم پیاوە بکەرێکی خاوەن دەسەڵاتی ناو ڕووبەری گشتیی کۆمەڵگای ئێمەیە کە ھەم دەسەڵاتێکی ڕەمزیی گەورە و ھەم توانایەکی مادیی کەم وێنەی لەبەردەستدایە. ئەم پیاوە، بۆ نموونە، وەک رێبەری ڕەوتی سەلەفییەکان لە کوردستاندا ناسراوە، مامۆستای پەیمانگای زانستی ئیسلامییە، خاوەنی کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئاسمانییە، بانگخواز و وتاربێژی رۆژانی ھەینییە، پاسەوان و ئۆتۆمۆبێلی درعی تایبەتیی ھەیە. قسە و باس و ڕوانینەکانی دەچنە ناو ژیانی تایبەتی ھەزارەھا مرۆڤی کۆمەڵگای ئێمەوە و دەبن بە بەشێک لەو قسە و باسە گشتییانەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستدەبن. ھەموو ئەمانە وادەکات ئەم پیاوە بکەرێکی گشتیی بێت و کردەکانیشی کردەی شەخسیی نەبن. ئەوەی شایانی لەسەر وەستانە ئەم بکەرە گشتییە پڕوپاگەندە بۆ ئەخلاقییاتێک دەکات کە خۆی نەک تەنھا شکێنەری ژمارە یەکیەتی، بەڵکو پێچەوانەکانیشی پیادەدەکات، شتگەلێک لەھەمووان حەرامدەکات کە خۆی بەدیارچاوی ھەمووانەوە پیادەیاندەکات. زۆرینەی گوتارەکانیشی لەڕووبەری گشتیدا دژ بە پلورالیزمی سیاسیی و کرانەوەی کولتووریی و لێبوردەیی دینیی و گیانی یەکترقبووڵکردنە و بە چەندان شێوە گەرای توندوتیژیی لە کۆمەڵگادا دەچێنێت. ھاوکات دژایەتییەکی سەرسەخستی پرسی ژنان و مافەکانی مرۆڤ و پرسی ئازادییە تاکەکەسییەکان لە کوردستاندا دەکات.

پێنجەم: خاڵێکی تر کە پێویستە لەسەری بوەستین بریتییە لەوەی ئەم پیاوە گەشە بەو کولتووری ناڕاستگۆیی و دەبڵ مۆڕاڵییە دەدات کە وەک نەخۆشییەکی کوشندە لەناو فەزای سیاسیی و رۆشنبیریی ئێمەدا ئامادەیە. ئەم کەسایەتییە گشتییە لەناو مزگەوتەکەیدا قسەیەک دەکات و لە سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان پێچەوانەکەی دەڵێت، بەدەم شتێک دەڵێت بە کردەوە شتێکی دیکە دەکات. زۆرجاریش ڕوویداوە ئەم پیاوە لە قسەکانی پەشیمانبۆتەوە و پێچەوانەکانی سەلماندوە. ئەوەشی بۆ خەڵک حەرامی کردوە بۆخۆی حەڵاڵ و ئەوەی نابێت کەسانی تر لە ڕووبەری گشتیدا بیکەن، ئەم خۆی لە ژیانی تایبەتیی خۆیدا ئەنجامیداوە.

شەشەم: بەبۆچونی ئێمە ئەم پیاوە لە چەندین ئاستدا پێشێلکاریی گەورەی کردوە و مۆدێلێک لە چالاکەوانی دینیی نیشاندەدات کە زۆربەری نەخۆشییە سیاسیی و ئەخلاقیی و رۆشنبیریی و پیشەیییەکانی کۆمەڵگای ئێمەی لەخۆیدا کۆکردۆتەوە. بۆ ئێمە عەبدوللەتیفی سەلەفیی تاکەکەسێک نییە ھەڵەیەکی تایبەتی کردبێت و کەیسەکەشی، کەیسی شەخسی عەبدوللەتیفی سەلەفی نییە بەتەنھا، بەڵکو ئەو نوێنەر و بەرجەستەکەری ئەو مۆدێلە ترسناکەیە لە ”واعیزی دینیی" و ”ئەخلاقیی" کە لەناو زیاد لە رووبەرێکی کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە و لەدۆخی گەشەکردن و تەشەنەسەندنیشدایە. بۆیە ئێمە پێمان وایە ئەم کەیسە لەڕووی یاسایی و سیاسیی و ئەخلاقیی پیشەیییەوە پێویستی بە ھەڵوەستە لەسەرکردنێکی جیدیی و بەرخوردێکی ڕەخنەیی ھەیە.

لەم ڕوانگەیەشەوە ھەموو چالاکییەکی مەدەنیی و ھەموو گفتوگۆیەکی عەقڵانیی و ھەموو پرۆتێستێکی ئەخلاقیی و پیشەیی بە گرنگ دەزانین کە ئەم کەیسە بکات بە بابەتی گفتوگۆی جیدی ناو ڕووبەری گشتیی کۆمەڵگای ئێمە، گفتوگۆیەک لەسەر پرسی بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی و سیاسیی و رەھەندە مەترسییەکانی سەلەفیزم لە کۆمەڵگای ئێمەدا.

14/05/2016



وتارەکانی تری نوسەر