ساڵی 2016 ساڵی برسێتی و بێ‌ مووچەیی و ساڵە بە جەفاكە...

نەوزادی موهەندیس


 [email protected]

•    بەداخەوە لەم قۆناغەی خەباتی كوردایەتیدا هەموو ساڵەكانمان لێبۆتە شەوەزەنگی تاریكی و هیچ كات ئومێد بە ساڵانی ڕابووردوومان ناخوازین ، چونكە ساڵ بەساڵ  ژیان و گوزەرانی میلەتەكەمان خراپتربوە و مانایەك بۆ خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و  جێگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و دەروونی تاك بەتاك و خێزان بەخێزانی كۆمەڵگاكەمان نەماوەتەوە. لەسایەی سیاسەت و ئیدارەیەكی سەرنەكەوتوی حوكمڕانی كوردیدا ، هەموانمان ئاواتمان ئازادی و سەربەستی و دەسەڵاتی كوردی بوو ، خەونی ڕەنگاو ڕەنگ و پەمەییمان پێوە دەبینی  بەڵام كاتێك ئەم دەسەڵات و حوكمڕانیە پێش  25 ساڵ لەمەبەر بە دەست و بازووی جەماوەری میلەتەكەمان هاتە لەدایك بوون، هەموو خەون و خەیاڵەكانمان پوچەڵبونەوە و بونە بڵقی سەر ئاو.
ئاواتمان بوو لەسایەی حوكمڕانی كوردیدا ئازادی و نانمان پێكەوە بۆ فەراهەم بكرێت و تاك و كۆمەڵگاكەمان هەنگاو بەرەو ئایندەیەكی ڕوونتر و گەشاوەتر بنێت و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی ڕابگەیەنرێت و كوردیش وەكو میلەتانی تر ببێتە خاوەن و پلەو پایەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ئەندامێكی كارای نێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سیادە و سەروەری و سنوری خاكی كوردستانی گەورە بپارێزێت، بەڵام دوای 25 ساڵ لە حوكمڕانیەكی نیمچە سەربەخۆی ئەم هەرێمەدا تازە بەتازە  بەدەستی حومكڕانان و دەسەڵاتدارانی كورد خۆی دەكەوینە بنكۆڵكردنی ئەو بنچینە لەرزۆكەی كە هەمانەو گەرەكمانە بەسەر هەموانیدا دایتەپێنین و ئەوەی هەمانە و نیمانە لەدەستمان بچێت و خۆمان بوینەتە هۆكاری گەڕانەوەمان بۆ چوارگۆشەی یەكەم و خاڵی دەستپێك.ئێستا هەموانمان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەركەوت كە ئازادی بێ‌ نان و خۆشگوزەرانی هیچ مانایەك نادات و تەنها وەك دروشمێكی بریقەداری بێ ناوەڕۆك دەمێنێتەوە و بەهەمان شێوەش نان و خۆشگوزەرانیش بەبێ‌ بوونی ئازادی تاك و كۆمەڵ هیچ تام وخۆشیەكی لێ وەدینایەت، كە كۆمەڵگای كوردەواری هەردوو قۆناغەكەی تاقیكردۆتەوە و ئێش و ئازارەكانی هەردوو دۆخەكەشی چەشتوە.
ئەوەتا لەساڵی 2014وە و تاكو ئێستا لەم هەرێمەدا هەنگاوێك نەچوینەتە پێشەوە بەڵكو دەیان هەنگاو گەڕاوینەتەوە دواوە، هەرخۆمان و لە پێناو بەرژەوەندی سەركردە و حیزب و بنەماڵە و كورسیدا میلەتێكمان برسی و بێ‌ نان و ئاو كردوە و هەموو شیرینیەكانی ژیانیانمان لەبیربردونەتەوە.
بۆیە ئەمساڵی 2016یەش وەك ساڵانی پێش خۆی ساڵێكی پڕ جەفا و نائومێدی و برسێتی و بێ‌ مووچەیی و شەڕ و خوێن و فرمێسك هەڵڕشتنی دایكان و خوشكانی پێشمەرگە قارەمانەكانمان بوو، ساڵێكی بە جەفا و وشك وبرینگ بوو بۆ هەموان، كە هیچ كات ئومێدی بۆ ناخوازین و هەرگیزیش ناڵێین خۆزگەمان بەساڵی 2016.
بەهیوای ئەوەی ساڵی ئایندەی 2017 مان هیچ نەبێت كەمێك ئومێد و ئاواتەكانی هەموان بێتە دی و كەمێك خەم و خەفەت و نائومێدیەكانمان بڕەوێنێتەوە.


31/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر