سیاسەت یان بازرگانی ؟

نەوزادی موهەندیس
• ئاشكرایە هەر كار و پیشەیەك كەسی شیاو و كارامە و لێهاتوو و خاوەن ئەزموونی خۆی گەرەكە، چونكە هەركات هەر پیشەیەك كەوتە دەست كەسانی نەشارەزا و ناشی ئەوا لەلایەك كارەكە سوك و ڕسوا دەبێت و لەلایەكیش كەسەكە بۆخۆی مایەپووچ و زەرەرمەندی گەورە دەبێت. هەربۆیە چ سیاسەت  وەك زانست و وەك وەزیفە و پیشەش پێویستە لەلایەن كەسانی پسپۆڕ و بە ئەزمون و خاوەن ڕابووردوی پراكتیكی لە بواری زانستی سیاسیدا و وەك پیشەش جا بەحوكمی  بارودۆرخی سیاسی و هەلومەرجی سەپێنراو چوبێتە ناو كایەی سیاسیەوە یان بە ویست و ئارەزووی خۆی بەشداریكردبێت و لە ئەنجامی ئەزموونی زۆر و زەوەند و كاری پڕاكتیكی و ئامادەگی لە گۆڕەپانی سیاسیدا بووبێتە كەسێكی سیاسی و سیاسەتمەدار و وەك پیشە و وەزیفەیەكی نیشتیمانی و نەتەوایەتیش لە خۆبوردوانە كاری كردبێت، ئەوا كەسی  شیاو و گونجاوی گەرەكە .
 پێویستیش دەكات بۆ سەركەوتن و بەرەوپێشچوونی خەبات و تەمەنی سیاسی خۆی تابتوانێت كۆمەڵێك سیفاتی بێ‌ وێنە و شیاو و شیرین لەخۆیدا كۆبكاتەوە و ببێتە كەسایەتیەكی دیار و خاوەن بڕیار و هەڵوێستی سیاسی، بۆیە پێویستە كەسانی سیاسی و سیاسەتمەداری ڕاستەقینە و سەركەوتوو كۆمەڵێك سیفاتی جوان و بە ویقاریان تیادا بێت بۆئەوەی ببنە جێگە متمانەی لەلایەك حیزب و سەركردە و لایەنگرانی خۆی و لەلایەكیش ببنە جێگە متمانەی جەماوەری پان و پۆڕی گەل، كەسایەتی سیاسی سەركەوتوو نابێت لە قوژبنێك یان كونجێكی بچوكی حیزبایەتیدا بمێنێتەوە بەڵكو لەگەڵ هەڵكشانی تەمەن و ئەزمون و شارەزاییدا دەبێت ببێتە كەسایەتیەكی نیشتیمای و دواتریش نەتەوەیی و ناوچەیی و جیهانی،ئەمەش بە توانا و وزە و لەخۆبوردویی و گرتنە بەری سیاسەت و ئامانج و دروشم گەلێكی مرۆڤایەتی كە پڕ بێت لە  ڕێزگرتن لە ئازادی و سەربەخۆیی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانی و پێكەوە ژیان و قبوڵكردنی ڕای جیاواز و فەراهەمكردنی دۆخێكی دیموكراسی و خزمەتكردن بە ئامانجە مرۆڤایەتیەكان، لەسەر ئاستی كەسێتیش دەبێت كەسایەتیەكی خاكی و سادە و ڕاستگۆ و بڕوا بەخۆ و خاوەن هەڵوێست و بڕیاری یەكلاكەرەوە و  بوێر و جەربەزە لەكار و گوتاریدا  بێت و دووربێت لە دیاردە تەسك و بچوكەكانی  خۆبەزلزانین و خۆپەرستی و خزمایەتی و مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و خۆبەستنەوە بە ناوچەگەرێتی تەسك و عەشرەت و خێڵ چێتی، دەبێت خاوەن تێڕانین و فكر و ئایدیایەكی ڕوون و لیبڕاڵ  و دوور مەودا بێت و لەهەموو قۆناغەكان  و وێسگەكانی ژیانی سیاسی و حیزبایەتیدا دوور بێت لەگەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و خۆ دەوڵەمەندكردن و نزیكبونەوە لەكاری بازرگانی و بازاڕ و سەرمایەداران و كۆمپانیاكان،پیاوی سیاسی سەركەوتوو دەبێت پیاوێكی دەوڵەتمەداری ڕاستەقینە بێت  بە پلەی ئیمتیاز و تێڕوانین و پلانەكانی لەسەروو بەرژەوەندیە تەسك و بچوكە حیزبیەكان و كەسێتی و خۆپەرستێتیەوە بێت، دەبێت خۆی بكاتە نوێنەرانی هەموان نەك بەشێكی بچوكی كۆمەڵگا و چین و توێژەكان،دەبێت پارێزەری سەروەری یاسا و ڕێزگرتنی مافەكانی مرۆڤ بێت ،دەبێت گیانی تۆڵەكردنەوەی ناڕەوای لە ناخدا نەبێت  و سیاسەتیش لەسەر بنەمای ڕق و تۆڵەكردنەوە نەكات ،دەبێت سیاسەت وەك وەزیفە و ئەرك ببینێت نەك میراتی و بۆماوەی و موڵكدارێتی بنەماڵە و باوباپیرانی، كەسی سیاسی دەبێت خۆی بەدوور بگرێت لە غرورو توشی بەڵای خۆ بەزل زان و كەسانی تر بە هیچ نەبێت ،دەبێت كەسی سیاسی لە هەموو دۆخەكاندا تەنگانە و ئارامدا بتوانێت خاوەنی گیانی مقاوەمەت و خۆڕاگری بێت  لە ڕووبەڕووبونەوەی  دۆخەكان ودوژمنان و ناحەزاندا و پشوودرێژ بێت و كەسی بەزیوو و هەڵاتوو نەبێت و بچوكترین نەرمی و چاوپۆشی نەكات لە سەر بەرژەوەندی گەل و میلەت. دەبێت دڵسۆز بێت بۆ خاك و نیشتیمان و وڵات و سەروەت و سامانەكەی بە تاڵان و هەڕاجكردن نەدات. دەبێت خۆی دوور بگرێت لە ئایدیا و فكر و بۆچوونی توندوتیژی و تۆقێنەر و مەترسیدار، هەموو ئەم سیفەتانە لەهەر كەسێتیەكی سیاسیدا هەبێت بەدڵنیایی دەبێتە كەسایەتیەكی كاریزما و هەڵكەوتوو و دەبێتە خاڵی كۆكەرەوەی هەموو لایەن و سەركردە ناكۆكەكان و دەبێتە جێگە متمانەی هەموان و دەشتوانێت ببێتە فریاد ڕەس و كەشتیوانێكی سەركەوتوو كە كەشتیی میلەتەكەی بگەێنێتە ڕۆخی ئارامی و كەنارێكی بێ‌ مەترسی.
• بەڵام هەركات سیاسەتمەدار و كەسی سیاسی ،لەپاڵ دەسەڵات و كارە سەرەكیەكەی خۆیدا ،دەستی دایە كاری بازرگانی و تێكەڵ بوون لە گەڵ كۆمپانیا و سەرمایەدارەكاندا و بوە شەریكە بەش  و بەرنامەی خۆدەوڵەمەندكردنی دانا و چاوی بڕیە سەروەت و سامانی میلەت و هەڵپەی پارەكۆكردنەوە و هێنانەپێشەوەی كەسە نزیكەكانی لە دەسەڵات و سەپاندنیان بەسەر بازاڕ و بازرگانی و وڵاتدا  سەپاند و دەستیوەردایە هەموو كار و بارێكی گەورە و بچوكی وڵاتەوە و حەزی بە خۆسەپاندن و مانەوەی لەدەسەڵاتدا بزواو و دەستی دایە ڕەشوە وەرگرتن و بەرتیل خۆری ئەوا بەدڵنیایش هەموو دیاردە دزێوەكانی تری ناو كۆمەڵگا بڵاودەبێتەوە لە گەندەڵی ئیداری و دارایی و ئەخلاقی و هیچ مانایەك نامێنێتەوە بۆ بەها جوانەكانی كۆمەڵگا و دابونەریتە بەرزەكانی  تاكەكان، هەر كات سیایسیەك بوە دەڵاڵی كۆمپانیاكان و گەورە بازرگانەكان و لەبەرامبەر پێدانی تەندەر و پڕۆژەكاندا بەرتیل و شیرینی وەرگرت ،ئەوا بەدڵنیایی دەبێت  ترسی لە ناوچونی ئەو دەسەڵاتە و هەژاركەوتنی كۆمەڵگا و زیادبوونی تاوانەكان و بەرەو دواگەڕانەوەی پێشكەوتن و داهێنانەكان لەبەرچاومان بێت، هەر كات سیاسیەك خوی دایە گیرفان پڕكردن و تەنها بەرژەوەندی خۆی و حیزب و سەركردە و بنەماڵەی لەبەرچاو گرت دوور لە بەرژەوەندیەكانی چین و توێژە پانوپۆِرەكانی جەماوەری میلەتەكەی دەبێت بزانرێت ئەو دەسەڵات و نیشتیمانە  هەڕاج دەكرێت و مایە پووچ و برسی و هەژار دەكەوێت و ئایندەشی بەرەو تاریكاندن دەچێت.
• هەربۆیە هیچ كات سیاسەتكردن و بازرگانیكردن دۆستی یەكتری نەبوون و لەگەڵ یەكدا نەگونجاون و ناتوانرێت پێكەوە لەیەك كەسایەتیدا كۆببنەوە ، هەر كات سیاسیەك بوە بازرگان بەدڵنیایی گەندەڵ دەبێت و دەسەڵاتیشی لەدەست دەچێت ، بەڵام بە پێچەوانەوە دەكرێت بازرگانێكی سەركەوتوو ببێتە سیاسەتەمەدارێكی سەركەوتوش بەمەرجێك هیچ كام لەو دووكارە تێكەڵ بەیەكدی نەكات، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ناكرێت سیاسیەك ببێتە بازرگانێكی سەركەوتوو گەر لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە،چونكە هەمیشە بەرژەوەندیە ئابوریەكان وادەخوازێت كە چاو لە زۆر كاری گەندەڵی و هەڵە  بپۆشێت كە لەكۆتایدا بە زیانی گەورە بۆ خۆی و بۆ حیزب و بۆ وڵاتەكەشی دەشكێتەوە.لەمێژووشدا زۆر نمونەی دیار هەن لەسەر ئەو سیاسیانەی كە ویستویانە دەسەڵات و پۆستە سیاسیەكانیان بەكاربێنن بۆ خۆدەوڵەمەندكردن و كۆتایشیان یان بە زیندانی  یان بە مردن كۆتایی هاتوە و لەبەردەم گەل و نیشتیمان و مێژوو و پەروەردگاریشدا ڕسوا كراون.
• بۆیە گەر هەركەس بیەوێت ببێتە سیاسیەكی سەركەوتوو دەبێت لە بازرگانی و بازاڕ و ئابوری دوور بكەوێتەوە ،چونكە زۆر زەحمەتە سیاسیەكی خاوێن و ئەمین و دڵسۆز بمێنێتەوە و توشی گەندەڵی نەبێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەك كەسی سیاسی و سیاستەمەدار نابێت ببێتە بازرگان و هەر كات ویست و خواستی دەوڵەمەندبوونی كەوتە خولیا ئەوا زۆر ئاساییە سیاسەت بەجێبهێڵێت و ببێتە بازرگان و سەرمایەدار و كەسیش گلەیی لێناكات.
• لەكۆتایدا ،ئەو پرسیارە سادە و ساكارە لە سیاسیەكانی كوردستان دەكەین، ئەرێ‌ كەسی سیاسی سەركەوتوو لەكوردستاندا ماوە كە تێوە نەگلا بێت لە كاری بازرگانی و بازاڕ؟ئەرێ‌ كەسێكی سیاسی پڕۆفیشناڵ و كاریزما ماوەتەوە كە نەبوبێتەخاوەن كۆمپانیا و شەریكە بەشی سەرمایەدارەكان؟ئەرێ‌ ئەو سیاسیانەی كە بونەتە بازرگان و سەرمایەدار جێگە و پێگەی پیرۆزی پێشووتریان ماوەتەوە؟ئەرێ‌ سیاسیەكانی كوردستان  سیاسەت دەكەن یان بازرگانی؟
بەدڵنیایی  كەمێكی زۆر كەم لە سیاسیەكانی كوردستان ماونەتەوە و نەبوبنەتە بازرگان،  و نەبوبنەتە شەریكە بەشی كۆمپانیاو بازاڕ و سەرمایەدارەكان  و بەداخیشەوە ئەو سیاسیانەی بونەتە بازرگان و شەریكە بەشیان بەهیچ شێوەیەك ڕێز و سەنگینی پێشوویان بۆ نەماوەتەوە  و زۆرینەیەكی زۆری سیاسیەكانی كوردستان هەوڵدەدەن هەم سیاسەت بكەن و هەمیش بارزگانی كە ئەمە كارێكی سەخت و دژوار و نالۆژیكیە ،هەربۆیە پێویستە لەلایەك سیاسیەكان خۆیان دوور بگرن لەو تێكەڵاویە و لەلایەكی تریشەوە بازرگان و سەرمایەدارەكانیش گەر خواستیان دەوڵەمەندبونی زیاتر بوو لەپاڵ سیاسیەكاندا و لە پێناو كۆكردنەوەی زیاتری سەرمایەكانیاندا بەخۆنزیككردنەوە لە سیاسیەكان ،ئەوا پێویستە یاسا سەروەربێت و لێپچینەوە و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكات و سزای یاسایی توندیان بدات،چونكە ئەوانن كە دەبنە هاندەر و هۆكار بۆ سیاسیەكان كە ڕووبكەنە بازرگانی  لە پێناو دەسكەوتنی قازانج و پاراستنی بەرژەوەندی بازرگانەكان خۆیاندا.
بەداخەوە لە ئەنجامی تێكەڵاوبوونی سیاسەت و بازرگانی لەگەڵ یەكدا و  دروست بوونی شەریكایەتی لەنێوان سیاسیەكان و بازرگانەكانی ئەم هەرێمەدا، لەلایەك جیاوازیە چینایەتیەكان فراواتر بون و دوو چینی زۆر دەوڵەمەند و زۆر هەژار لەدروست بوون و خەمڵیندان كە ئەمە بۆ خۆی مەترسیەكی ئێجگار گەورەیە بۆ سەر پێكهاتەی ئایندەی فكری و تێڕاونین و پەیكەری كۆمەڵایەتی دانیشتوانی ئەم هەرێمە، و لەلایەكی تریشەوە دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیمان گەیشتۆتە ئەم قۆناغە چەقبەستووو بنبەستوە و ئوێد و هیواكانیش بەدواڕۆژ كاڵبونەتەوە و هەرێمەكەمان لە جیاتی ئەوەی ڕۆژ بەڕۆژ بەرە و پێشكەوتن و هەستانەوە و گەشەكردن بڕوات بە پێچەوانەوە بۆ دواوە دەگەڕٍێتەوە و  سیاسیەكان لەپێناو خۆدەوڵەمەندكردن و كۆكردنەوەی زیاتری سەرمایەكانیاندا زۆر نزیكە حوكمڕانی و دەسەڵات و دەسكەوتی 26 ساڵەی ڕاپەڕین و بەری ڕەنجی 100 ساڵەی خەباتی كوردایەتی بە بادا بدەنەوە،كەئەمەش مەترسیە گەورەكەیە كە هەمیشە لەگەڵ كورداندا  و لە مێژوویاندا دووبارە دەبێتەوە.


12/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر