ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان هەنگاوێگ بەئاڕاستەی دەوڵەتی سەربەخۆیی

نەوزادی موهەندیس


 

[email protected]

•    ئەوەی ئاشكرایە پرسی ڕیفراندۆم لەسەر چارەنوسی هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە بۆتە پرسێكی هەنوكەیی و گەرم و زۆر قسەی لەبارەوە كراوە و و ڕاوبۆچونە جیاوازەكانی ناوخۆو ناوچەكشی دەربارەی كراوە ، بەڵام بەداخەوە تائێستا هەنگاوێكی پراكتیكی و جدی هەڵنەنراوە بەئاڕاستەی ئەو پرسە، ئەو پرسە لەنێوان ترس و دڵەڕاوكێ‌ لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە لەنێوان مافێكی ڕەوا و سەرەتایی گەلەكەماندا ماوەتەوە و،سەركردایەتی سیاسی كوردستان بەداخەوە دەربارەی ئەم پرسە یەك و یەكگرتوونین لە گوتار و هەڵوێستەكانیاندا و هیچ هەنگاوێكی كاری هاوبەشیشیان نیە  تائێستا، بەڵكو هەریەكە گەرەكێتی ئەوەی بتوانێت بەتەنها بەدەستیبێنێت و بیكاتە چەپكەگوڵی دەستی خۆی و وەك دەسەكەوتێكی حیزبی بۆخۆی تۆماری بكات و دواتریش بیكاتە منەت بەسەر حیزب و سەركردەو جەماوەری میلەتەكەشمانەوە و بیكاتە قەڵغانێك بۆ پاراستنی خۆی و مانەوە و بەردەوام بوونی لەدەسەڵاتدا و پاوانكردن و خۆسەپاندیشی مسۆگەرتر بكات.
•    ئەم پرسە پرسێكی زێدە گرنگ و كاریگەرە بۆ ئێستا و ئایندەی نەك هەر ئەم بەشەی باشوری كوردستان بڵكو بۆ تەواوی ئایندەی نەتەوەكەمان لەهەر چوار پارچەكەدا،چونكە سەركەوتن و پێدانی دەنگی زۆرینەی(( بەڵێ‌ )) بۆ سەربەخۆیی كوردستان و جیابونەوەی لەدەوڵەتی مەركەزی عێراق هەنگاوێكە بە ئاڕاستەی پێكەوەنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لەم بەشەدا و هەر لێرەشەوە پرشنگی خۆر و ڕوناكیەكەشی پەخش دەبێتەوە بۆ هەرسێ‌ بەشەكەی تری كوردستانی گەورە. بۆیە پرسێكی ئاوها گەورە و چارەنوسساز گەرەكە هاوهوڵوێستی و هاو گوتاری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەمنیشی لە پشتەوە بێت،ناكرێت پرسێكی ئاوها گرنگ بەتەنها سەركردە و حیزبێك و بنەماڵەیەك  بڕیاری لەسەر بدات.
•    ڕیفراندۆم بۆخۆی پڕۆسەیەكی یاسایی و دەستوریە و لەهەموو دەستوری وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتیەكاندا دانیپیادانراوە و ڕێزیش لە هەنگاوەكە دەگیرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و حكومەتەكانیش،چونكە لەدونیای دیموكراسی و ئازادیەكاندا ڕای زۆرینە سەنگی مەحەكە بۆ یەكلایكردنەوەی پرسە گرنگ و چارەنوسسازەكان،هەركات دەنگی زۆرینەی سادە كە بریتیە لە ڕێژەی 51% ی دەنگی جەماوەر و كۆمەڵگاكان ئیدی ئەوە دەبێتە دوابڕیار  لەسەر هەرپرسێك كە بخرێتە ڕیفراندۆم و ڕاپرسی گشتیەوە،بەو بیانوەی كە جەماوەر سەرچاوەی ڕەوایەتی دەسەڵاتەكانە هەربۆیەش پرسە گرنگەكان وەك((سەربەخۆیی و جیابونەوە و هەمواركردنی مادەكانی دەستور و ڕێكەوتنە گرنگەكان و هاوپەیمانێتیەكان )) دەخرێتەوە بەردەم جەماوەر و زۆرینەی ڕای جەماوەریش ڕێزلێگیراو دەبێت. بۆ یەكەم جاریش لەی مێژوودا   ڕیفراندۆم لە هەرێمی سانت گاڵنی سویسری لە ساڵی 1831 پیادە كراوە و دواتر لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا بە بچوك و گەورەو پیادە كراوە و بۆتە شێوازێك لە دیموكراسیەتی ڕاستەوخۆ كە ماف دەداتە زۆرینەی جەماوەر بە پەسەندكردن یان ڕەتكردنەوەی مەسەلە گرنگەكان ،نمونەش ڕیفراندۆمی هەرێمەكانی كەتەلۆنیا و باسكی ئیسپانی و ئیسكۆتلەندای بەریتانی  بۆ جیابونەوەیان و باشوری سودان كە بوە وڵاتێكی سەربەخۆ و  ڕیفراندۆمی جەزائیر بۆ سەربەخۆبوون لە فەڕەنسا لەساڵی 1962دا و نوێترین ڕاپرسیش بریتی بوو لە ڕاپرسی گەلی بەریتانیا لە سەر چوونە دەرەوە لە یەكێتی ئەوروپا و ئەوەبوو بەزۆرینەی دەنگ ڕازیبون لەسەر دەرچوونی وڵاتەكەیان لە یەكێتی ئەوروپا و...هتد.
•    هەرێمی كوردستان وەك مافێكی یاسایی و دەستوری خۆی وەك دووەم نەتەوەی نێو دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵی بۆی هەیە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەكان و نەتەوە یەكگراوەكاندا ئەو مافەی خۆی پەیڕەو بكات ،لانی كەم بۆ دەرخستنی ڕای زۆرینەی گلەی كورد لەسەر جیابونەوە یان مانەوە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیدا،خۆ ئەگەر دەنگی زۆرینە پەسەند و بە ((بەڵێ‌ )) بوو ئەوا دەبێتە دۆكۆمێنتێكی زۆر گرینگ بۆ ڕای گشتی ناوچەكە و دونیا و دەوڵەتكەكانیشیان و دەكرێت ببێتە دۆكۆمێنیتكی سەرەتایی كە پێشكەش بەنەتەوە یەكگرتوەكان بكرێت بۆئەوەی هەنگاوە یاساییەكانی تر هەڵبنرێت و لەكاتی جیابونەوەدا پشتیوانی و پاڵپشتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ مسۆگەر بكرێت، چونكە ئەم پرسە و بەتایبەتیش لەم قۆناغ و زەمانەدا پێویستە زەمینەسازی باشی بۆ بكرێت لە ڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیشەوە،ناكرێت وەك پرسێكی سانا و سادە لێی بڕوانرێت چونكە ئەم پرسە لەسەر ئاستی تەنانەت ناوخۆی كوردستانیش و عێراقیش و ناوچەكە و دونیاش گەر دوژمنی زۆریشی نەبێت ئەوا بەدڵنیایی دۆستیی زۆریشی كەمە، بۆیە دەكرێت گەر نیەتێكی جدی و ڕاستگۆیانە و خەمخۆرانە و كوردانە هەبێت بۆ سەرخستن و چێكردنی ئەو پرسە،ئەوا دەبێت لە ئێستاوە بەنهێنی و بە ئاشكرا سەركردایەتی سیاسی كورد خەباتی بۆ بكات لەسەر هەموو ئاستەكان و هەموو پەیوەندیەكانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ڕازیكردن و قبوڵكردنی ئەو پرسە و كۆكردنەوەی پاڵپشتی و پشتیوانی  ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆی، بەتایبەتیش لەم قۆناغەدا خۆری كوردان ڕوو لەبەزی و گەشانەوەی زیاترە بەهۆی پشتیوانی نێودەوڵەتی و زلهێزەكان لەمەسەلەی ڕەوای كورد لە هەرچوار بەشەكەدا بەهۆی ئەو قوربانی و گیانفیداییە زۆرەی كە كورد پێشكەش بە كۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی كردوە دژ بە بەرەی تیرۆر و تیرۆیستان.خۆشبەختانەش هەموان گرنگی و كاریگەری مقاوەمەت و پێگەی كورد پێدەزانن، هەربۆیە ئەم قۆناغە باشترین و لەبارترین هەلە كە هاتبێتە پێش كورد و مەسەلە ڕەواكەی.
ئەم پرسە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەر چوار بەشەكەشدا پێویستی بە كۆدەنگیەكی سیاسی و جەماوەری هەیە و هەرواش پێویستی بە یەك و یەك و یەكگرتویی هەڵوێست و گوتاری هەموان هەیە و گەرەكە نێوماڵی كوردان زیاتر ڕێكبخرێتەوە و هەمئاهەنگی و تەبایی و برایەتی بچەسپێنرێت و داموودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەكان لە پەڕلەمان و حكومەت و دەزگاكانی تریش كارا بكرێنەوە ،چونكە بەبێ ئەم كۆدەنگیە مەحاڵە پرسێكی گرنگی ئاوها یەكلابكرێتەوەو بەقازانجی دۆخی ڕەوای گەلەكەمان بشكێتەوە.
لەسەر ئاستی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵیش دەبێت تابتوانین بە ڕەزامەندی و قبوڵكردن و بەخۆشی و دوور لە شەڕ و پێككدادان ئەو پرسەیان لەگەڵدا یەكلا بكەینەوە چونكە لەحاڵەتی جیابونەوەشماندا هەردوولا  پێویستمان بەدراوەسێیەتیەكی باش دەبێت نەك دوژمنێكی دڕندە.
لەسەر ئاستی ناوچەكەش هەموان دەزانین وڵاتانی ئێران و توركیا و سوریا و دەوڵەتانی سونە مەزهەبی عەرەبیش لە سعودیە و قەتەر و میسر و ئەوانیتریشیان هیچ كامیان دۆستمان نین و ئەو پرسەیان پێخۆش نیە و بە ئاسانیش لێناگەڕێن كە كورد ببَتە خاوەن ماڵ و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ،چونكە ئەوان هەمیشە كوردیان بە ناحەز و نەیاری مەسەلەی نەتەوەیی عەرەب زانیوە،بۆیە گەرەكە كە پشتیوانی ئەوانیش بەدەستبهێنرێت.
لەسەر ئاستی وڵاتانی گەورە و دونیاش ،ئەوا كورد پێویستە چی لەتوانادا بێت بیكات بۆئەوەی پشتیوانی و ڕەزامەندی ئەوان بەدەستبهێنێت،چونكە دونیای ئێستا دونیای بەرژەوەندی ئابوری و سەرمایەداریە و بڕیارە یەكلاكەرەوەكانیش بەدەستی زلهێزەكانە و بەتایبەتیش ئەمریكا و ڕوسیا و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا،بۆیە گرنگە كورد پەیوەندیەكانی لەگەڵ گەورە زلهێزەكانی دونیادا خۆش بكات و گەرمتر بكاتەوە بۆئەوەی لەڕێگەی ئەوانەوە فشار بخرێتە سەر وڵاتانی ناوچەكە بۆ قبوڵكردنی ئەو پرس و مەسەلە گرنگە.
لەكۆتاییدا ڕیفۆراندۆم مەسەلەیەكە تایبەتە بەكورد خۆیەوەو هەربۆیەش چەند كورد گەرموگوڕ و مكوڕتر بێت لەسەر ئەو بابەتە هێندەش بابەتەكە دەچێتە پێشەوە،بەپێچەوانەشەوە گەر خاوخلیچكی و كەمتەرخەمی  تیادا بكرێت هێندەش نائومێد دەبین و ئەو مافەمان پێڕەوانابینرێت،هەروەك وتراویشە هیچ مافێك نادرێت بەڵكو دەسێنرێت بۆیە كورد دەبێت پشتیوانی بەهێز و پلە یەكی تەنهاو تەنها خۆی و بازوو و قوربانیەكانی خۆی بێت ئەوكات پشتیش ببەستێتە سەر هاوكار و پشتیوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی،بەهیوای ئەوەی كە ئەو خەونە و خەیاڵەمان بێتە دی لە پێكەوەنانی دەوڵەتی سەربەخۆییدا كە هەنگاوی یەكەمی بە ڕیفراندۆم و ڕاپرسی گشتی جەماوەری دەست پێدەكات.


03/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر