aso
ڕیفراندۆم لە پێناوی چیدا ؟
نەوزادی موهەندیس


 

Nawzad_mohandis@ yahoo.com
•    ماوەیەكە ڕیفرادۆم بۆتە جێگەی باسوخواسی مەجلیسە سیاسی و  جەماوەری و ڕۆشنبیریەكان لەم هەرێمەدا،و هەریەكەش بۆ ئامانجێك و مەبەستێكی دیاری خۆی باسی لێوەدەكات، هەیە بۆ بەرژەوەندی حیزبی و دەسكەوتی هەڵبژاردن و هەشە بۆ  فریودانی جەماوەر و شەقامی كوردی و هەشە لەپێناو ئامانجە ڕاستودروستەكەی كوردایەتیدا كە بریتیە لە سەربەخۆیی وەكو دروشمێكی ڕاستگۆیانە نەك  تاكتیك و مانۆڕی و موزایەداتی سیاسی بەرزیان كردۆتەوە. بۆیە لەنێوان ئەم فرە بیروبۆچون و ڕەهەند و بیركردنەوانەدا ،مەبەست و ئامانجە ڕاستەقینەكەی ڕیفراندۆم شێواوە.
•    بۆخۆی ڕیفراندۆم هەنگاوێكی یاساییە بۆ بەدەستهێنانی داواكاریەكی جەماوەری و میلی لەهەر كۆمەڵگایەكی مرۆڤایەتیدا ،جا ئەو ئامانج و مەبەستە یاسایی و دەستوری بێت یان پەیوەست بێت بە چارەنوس و ئایندەی كۆمەڵگاكە یان وڵاتەكەوە.ڕیفراندۆم مێژوویەكی  نزیكەی 200ساڵەی هەیە كە لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریكی و دونیادا پیادە كراوە بۆ زۆرێك لەمەسەلەكان كە پێویست بكات ڕای  زۆرینەی جەماوەری لەسەر وەربگیرێت.وەك شێوازێكی دیموكراسی ڕاستەوخۆ.
•    ڕیفراندۆم (( گشتپرسی )) مەسەلەیەكی گرنگ و هەستیارە چونكە پەیوەستە بە ئایندەی تاك بەتاكی كۆمەڵگاوە هەربۆیە پێویست دەكات  كە كۆدەنگیەكی نیشتیمانی و سیاسی و جەماوەری بۆ مسۆگەر بكرێت،نەك بە بڕیارێكی سیاسی لەلایەن حیزب و سەركردەیەكەوە بڕیاری لێبدرێت.
•    لەئێستای ئەم قۆناغەی كوردستاندا  مەسەلەی ڕیفراندۆم هەم سیاسیە هەمیش یاساییە، لەبەرئەوەی گەر مەبەست لەم پڕۆسەو هەنگاوە  ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بێت بۆ ئەم بەشەی باشووری كوردستان ئەوا تەواو مەسەلەیەكی سیاسی و چارەنوسسازە و دەبێت هەمووان بە حیزب و سەركردە و جەماوەرەوە كۆندەنگ بن لەسەر شێواز و میكانیزمی پیادەكردنی و پێكەوە و هەموان تەدارەك و پێداویستیەكان و زەمینە سازی تەواوی بۆ بكەن لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەكە و دونیاشدا، بەهەمان شێوە مەسەلەیەكی یاساییە و دەبێت لە ڕێگەی ئۆرگانە یاسایی و شەرعیەكانی ئەم حوكمڕان و دەسەڵاتەی هەرێمەوە سەرپەرشتی بكرێت و كاری جێبەجێكردنیشی بۆ بكرێت، چونكە كارێكی لۆژیكی نابێت كە داواكاری ڕاگەیاندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بكەیت كە ببێتە ئەندام لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و ڕێكخراوە ناوچەییەكانی تردا كە هەموانیان بە یاسا پێكەوەنراون ،بەڵام لەهەمان كاتدا دامودەزگا یاسایی و شەرعیەكانی كەهەتە پەكیان بخەیت و لەكاریان بخەیت.
•    ڕیفراندۆم لەم هەرێمی كوردستاندا بۆ دەكرێت ؟ لە پێناو چیدا و ؟ ئامانجەكەی چیە؟
هەموان دەزانین و نمونەی زیندووی زۆریش هەیە لەدەوروبەر و ناوچەكە و دونیاشدا كە پڕۆسەی ڕیفراندۆم لەهەردوو سیستەمی سیاسی تاكڕەوی و دیموكراسیدا ئەنجام دەدرێت،بەڵام ئامانجەكانیان جیاوازە، لە سیستەمی تاكڕەویدا مەبەست چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتی تاكڕە و دیكتاتۆرەكانە و مانەوەیانە بۆ زیاترین ماوە لەوسەر كورسی دەسەڵات و  دزین و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی میلەتە. بەڵام لە سیستەمە دیموكراسیەكاندا بریتیە لە بەشداری جەماوەر كە سەرچاوەی سەرەكی شەرعیەت و ڕەوایەتی دەسەڵاتەكانی لە  یەكلاكردنەوەی مەسەلە چارەنوسسازەكاندا وەك سەربەخۆیی و هەمواركردنەوەی دەستور و ڕەزامەندی لەسەر هاوپەیمانێتیەكان و ..هتد.
 هەربۆیە دەبێت ئەم ڕیفراندۆمەی كوردستانیش ئامانج و مەبەستەكەی زۆر ڕوون و ئاشكرا بێت لەلای هەموان بە حیزب و سەركردە و جەماوەریشەوە، كە لە ئێستاشدا دەبێت ئامانج تەنها سەربەخۆیی بێت و پێكەوەنانی دەوڵەتێكی كوردی بێت نەك وەك ڕادەگەیەنرێت كە تەنها مەبەست ئەوەیە كە وەك كارتێكی گوشار بەدەست دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بێت لەبەرامبەر عێراقدا لەكاتی گقتوگۆكاندا،كە ئەم كارە بۆ خۆی تەواوی ئامانجی پڕۆسەكە و نیەتەكانی دەخاتە بەردەم پرسیارگەلێكی گەورە و هەموانیش توشی شۆكێكی بەهێز دەكات لە بەرەو پیرچوون و بەشداریكردنێكی گەرم و گوڕ لەو هەنگاوەدا.هەربۆیە گەر ئامانج لەم ڕیفراندۆمە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ نەبێت ، ئەوا بەدڵنیاییەوە زۆرینەی جەماوەر لەگەڵیدا نابێت و ئەنجامیش شكستخواردنی پڕۆسەكەی لێدەكەوێتەوە كە ئەمەش دەبێتە شەرمەزاریەكی گەورە لەبەردەم جەماوەری  ناوخۆی كوردستان و لەبەردەم دەسەڵاتدارانی عێراق و دەرودراسێی و دونیاشدا.
بۆیە پێش ئەوەی كە ئەم پڕۆسەیە چێبكرێت دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەم هەنگاوانە هەڵگرن بەمەبەستی سەركەوتنی پڕۆسەكە:
1.    نوسینەوەی دەستورێكی مۆدێرنە بۆ هەرێمی كوردستان.
2.    چێكردنی پڕۆسەیەكی ئاشتەوایی سەرتاسەری لەنێوان هەموو حیزب و سەركردە و جەماوەری میلەتەكەماندایە.
3.    تۆكمەكردن و یەكڕیزی و پتەوكردنی نێوماڵی كوردە.
4.    كاراكردنەوەی ئۆرگانە شەرعیەكانی دەسەڵاتە لەم هەرێمەدا لە پەڕلەمان و حكومەت و دەزگای دادوەری و ...هتد.
5.     ئاسایكردنەوەی بارو وگوزەرانی ژیان و و ئابوری و بازاڕی هەرێمە و نەهێشتنی سیستەمی پەشەكەوتی مووچەیە .
6.    ئاسایكردنەوە و گەرموگوڕكردنەوەی پەیوەندیەكانە لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا.
بە دڵنیاییەوە تا ئەو هەنگاوانە نەنرێت ئەوا چارەنوسی ڕیفراندۆم نادیار و ناڕۆشن دەبێت. هەربۆیە گەرەكە زۆر بەووردی و بە پلانی پێشوەخت و بە ڕاوێژو پرس كردن بەهەموان  و كاری پێكەوەیی هەنگاوەكان بنرێت نەك تەنها سەركردە و حیزبێك تاك لایەنە و لە پێناو بەرژەوەندی تەسكی حیزبی و وەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە لەهەڵبژاردنەكانی 6/11/2017دا ئەم هەنگاوە پێشوەخت و حساب بۆ نەكراوە بنێت. چونكە ئەم پڕۆسەیە دوولایەنەیە و دەشێت بە ((بەڵێ‌)) پەسەندبكرێت و ڕێژەی 51% بێنێت و لەهەمان كاتیشدا دەشێت دەنگی زۆرینەی(( نا)) ڕەتیبكاتەوە،بۆیە لە هەردوو بارەكەدا دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم حسابی وورد بۆ ئەنجامی ڕاپرسیەكە بكەن و خۆشیان ئامادە بكەن بۆ هەموو ئەگەر و ڕوبەڕووبونەوە و كاردانەوەی عێراق و دەرودراوسێ‌ و دونیاش. چونكە گەر پەسەندیش بكرێت لەلایەن جەماوەرە بەڵام لەلایەن وڵاتانی عێراق و ناوچەكەوە ڕەتبكرێتەوەو پشتیوانی نێودەوڵەتیشی بۆ مسۆگەر نەكرێت،ئەوا بەزیانی گەورە دەشكێتەوە بەسەر هەمواندا. هەروەها گەر بە ((نا )) ش ڕەتبكرێتەوە ئەوا دەبێتە مایەی شەرمەزاری و قوڵكردنەوەی ناكۆكی و ململانێ ناوخۆییەكان و هێندەی تر نێوماڵی كورد پەرت و لێكترازاو دەبێت و بەهەمان شێوەش كێشەكان لەگەڵ بەغداد توندتر و قوڵتردەبنەوە و ئەو پشتیوانی و هاوكاریە ناوچەیی و نێودەڵەتیانەش كاڵتردەبنەوە.
بۆیە كۆبونەوەی 7/6/2017 ی حیزب و سەركردە سیاسیەكان لەسەر مەحەكە و  بڕیاردان بۆ چێكردنی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلولی 2017شدا نابێت وەك وادەیەك و ڕۆژێكی پیرۆز لێیبڕوانرێتو ببێتە كۆتایی هەموو مەسەلەكان،و دەكرێت لەماوەی ئەم 3 مانگەدا  كاری جدی بكرێت بۆ زەمینەسازی تەواو بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە لە:
•    كاراكردنەوەی پەڕلەمان و ئۆرگانەكانی تری حكومەت.
•    كاركردن بۆ  جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستور و گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان.
•    باشكردن و ئاسایكردنەوەی سیستەمی مووچە و ئابوری و بازاڕ و خۆشگوزەرانی جەماوەر.
چونكە ئەم سێ مەرجە كراوەتە زامنی سەرخستن و كاركردنی پێكەوەیی هەمووان بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم،بۆیە گەر ئەو هەنگاوانە نەنرێت، چاوەڕوان دەكرێت كە ئەو حیزبانەی بەشداریان لەكۆبونەوەی 7/6/2017دا كردوە پەیوەست نەبن بە بڕیاری كۆبونەوەكەوە و ئەوەش بۆ خۆی ئاڵنگاریەكی گەورەیە بۆسەر پڕۆسەكە.،چونكە هەڵبژاردن و دیاریكردنی كات و وادەی ڕیفراندۆمەكە لەپێش هەڵبژاردنەكانەوە بە 1 مانگ و 11 ڕۆژ ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە كە تاكە حیزبێك گەرەكێتی ئەجێندای حیزبی خۆی پیادەبكات و ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەش بۆ بەرژەوەندی حیزبی و دەسكەوتی هەڵبژاردنەكان بۆخۆی بقۆزێتەوە،كە ئەمە بۆخۆی خاڵێكی لاوازی تری ئەو كۆبونەوەیەیە. هەروەها پاشگەزبونەوەی سەرۆكی پارتی و مەكتەب سیاسیەكەشی لە ئامانجی ڕاستەقینەی پڕۆسەكە كە سەربەخۆییە ئەمیش خاڵێكی لاوازی ترە و هەروەها هەڵوێست و گوتاری وڵاتانی ناوچەكە و ەزلهێزی دونیاش مایەی دڵخۆشكەر نەبون و هەموان دژی پڕۆسەكە بوون كە ئەمەش جارێكی تر چارەنوسی پڕۆسەكە بەرەو  پوكانەوە و نەكردن و پەشیمانبونەوە دەبات.
•    لەكۆتایدا دەكرێت نیەتەكان و ئامانجەكانی ڕیفراندۆم زۆر ڕاشكاوانە و بوێرانە ڕابگەیەنرێت بۆ دۆست و نەیاران و كاری جدیش بكرێت بۆ سەرخستنی ئەوەش بەزەمینە سازی ناوخۆیی و ناوچەیی و دونیایی دەبێت، ڕیفراندۆم كە مەسەلەیەكی نیشتیمانی و نەتەوەییە ناكرێت بچوكبكرێتەوە بۆ ئاستی دروشم و موزایەداتی سیاسی و حیزبیو بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات و مانەوە لە حوكمڕانیدا بەكاربهێنرێت، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی خەون و ئاواتی تاك بەتاكی كوردە هەربۆیە نابێت هیچ سەركردە و حیزبێك بیكاتە دەسكەوتی خۆی. چونكە ئەم پڕۆسەیە بەبێ‌ بەشداری هەموان سەركەوتوو نابێت و ئامانجە ڕاستەقینەكەی خۆی ناپێكێت، بۆیە گەرەكە زۆر بەووردی و دیقەتەوە ئەم مەسەلە گرنگ و هەستیارە بۆ كورد و ناوچەكەش لێكبدرێتەوە و دووربكەوینەوە لەهەنگاوی سەركێشانە  و  بەڵێن و پشتیوانی لایەن و وڵاتانی تر فریونەخۆین و نەمان كەنە پردێك بۆ پەڕێنەوەی خۆیان و بمانكەنە دەسەكەلا و بەكارمانبێن بۆ مەرامەكانی خۆیان لەناوچەكەدا و كوردستانیش نەكەینە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی وڵاتانی ناوچەكە و دونیاش بۆئەوەی هەشمانە لەدەستمان نەچێتو نەگەڕێینەوە چوارگۆشەی یەكەم بەدەست خاڵی و بارگەی وێرانەوە.


PM:04:49:12/06/2017
زیاتر ...
لەنێوان (بەڵێ‌) و (نەخێر)دا كامیان بۆ ڕیفراندۆم؟
ڕیفراندۆم.. لە هۆكارەوە بۆ ئامانج !
ڕیفراندۆم..هۆكارێك بۆ یەكبون دوو هۆكار بۆ پەرت بوون!
ڕیفراندۆم لە پێناوی چیدا ؟
یەكێتی و گۆڕان ئەم قۆناغە چۆن تێبپەڕێنن ؟
ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان هەنگاوێگ بەئاڕاستەی دەوڵەتی سەربەخۆیی
سیاسەت یان بازرگانی ؟
قەرزەكانی حكومەتی هەرێم لەنێوان ڕاستی و چاوبەستەكیدا!!!
شكۆی حكومەت لە بەرامبەر نیشانەی پرسیارێكی گەورەدایە ؟
دۆخی قەتیسی هەرێم و لێكەوتە سیاسی و ئابوریەكانی
ساڵی 2016 ساڵی برسێتی و بێ‌ مووچەیی و ساڵە بە جەفاكە...
ئەركی دوای پەسەندكردنی بودجەی گشتی ساڵی 2017 مان چیە ؟
گرنگی و كاریگەری ڕزگاركردنەوەی موسڵ بۆ كورد
بەغداد كورتترین ڕێگا بۆ هەرێمی كوردستان...
كورد و گەلەكۆمەكیەكی نوێ‌ لە ناوچەكەدا...
12