لەنێوان (بەڵێ‌) و (نەخێر)دا كامیان بۆ ڕیفراندۆم؟

نەوزادی موهەندیس


• لە ئێستادا 12/8/2017دا 2 مانگ و 6 ڕۆژی ڕێك تێپەڕ بوە بەسەر یەكەم كۆبونەوەی  پارت و سەركردە سیاسیەكاندا لە 6/7/2017 دا كە تیایدا بڕیاری سازدانی ڕیفراندۆمیان ڕاگەیاند لە 25/9/2017دا. ئیدی ئەو ماوەیە هێندەی باسی ڕیفرندام كراوە لەم هەرێمەدا باس لە هیچ بابەتێكی تر نەكراوە و بەهەق بۆتە بابەتی پلە یەكی گەرمگوڕی هەموو كۆڕ و گفتوگۆگان هەر لە شەقامەوە تا لوتكەی سەركردایەتی و دەسەڵات لەم هەرێمەدا.
• هەر لەسەرەتاشەوە بەداخەوە دووبەرەی دژ بەیەك دروستبوون لەسەر ڕیفراندۆم و لەسەر وەڵامدانەوە بە ((بەڵێ‌)) و (( نەخێر )).ئیدی ئەم دووبەرەیی و جیابونەوە و دووركەوتنەوە لەیەكتریە  شۆڕبۆتەوە بۆ ناو سادەترین جومگە و ئۆرگان  لەم كۆمەڵگایەدا و خێزان و تاكەكانیشی دابەشكردوە.كەلەبنچینەدا پێویست بوو پرسی ڕیفراندۆم بۆخۆی ببوایاتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ كۆكردنەوە و یەك ڕیزی و تەبایی و متمانە دروستكردن و كۆدەنگیەكی گشتگیری نیشتیمانی و نەتەوەیی.چونكە پڕۆسەكە بۆخۆی پێویستی زۆر و گەورەی بە كۆدەنگی و دەنگی تاك بەتاكی میلەتەكەمانە.ئەم دووبەرەییەش لە ئەنجامی 26 ساڵ حوكمڕانیی گەندەڵی و بێ‌ پلانی و قۆرخكاری و ناعەدالەتی و بێ ویژدانی دەسەڵاتدارانەوە هاتۆتە بوون.كە بەشێك لە ڕەوایی و حەقیانەتی تیادایە.
• لەهەمان كاتدا لێكدانەوە و شیكردنەوەی ڕیفراندۆم و ئامانج و ڕوونكردنەوەی مەبەست و تێڕوانینە جیاوازەكان لەسەری ،ڕیفراندۆمی لەهەنگاو و هۆكارەوە كردە ئامانج و  هەموان لەهەوڵداین بەرگێكی پیرۆز بكەینە بەر بەرواری 25/9 و ڕیفراندۆمیش   وەكو  دوائامانج و كۆتایی دونیا و ژیان و خەباتیش لێیانبڕوانین.
• لەئێستادا و دوای تێپەڕبوونی ئەو دوومانگە و مانەوەی تەنها 43 ڕۆژ بۆ 25ی ئەیلول، نەك كاری زۆر جدی نەكراوە بۆ سەرخستن و زەمینەسازی گونجاو و شیاو  و هەنگاو هەڵگرتنی بوێرانە لەناوخۆ و ناوچەكە و دەرەوەشدا ،بەڵكو لەناوخۆدا بەرەیەكی فەرمی ڕاگەیەنراوە بۆ كاركردن دژی سەرگرتنی ئەم پڕۆسەیە لە ژێر ناونیشانی (( نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لە ئێستادا)).كە ئەم كارە بۆخۆی بەمەبەست بێت یان بێمەبەست دەچێتە خانەی دژایەتی خەباتی چەندین ساڵەی گەلەكەمان كە هەموو خەون و ئامانجی بریتی بوە لە ئازادی و سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی.و دژی هەموو خەون و ئاواتە لە مێژینە نیشتیمانی و نەتەوایەتیكانمانە.بەڵام ئەم بەرەیە لەپێكهاتە و ڕابەرانیدا بەرەیەكی لاواز و نەناسراو و  خاوەن مێژویەكی پرشنگداریش نین لەنێو كۆمەڵگەی كوردەواریدا. بۆیە بەرەی نەخێر لاواز و كەم و بچوكن لە بەرانبەر بەرەی بەڵێ‌ ی زۆرینەدا.
 پرسیاری گرنگ ئەوەیە لەنێوان ((بەڵێ‌ و نەخێردا)) دا كامیان هەڵببژێرین بۆ ڕیفراندۆم ؟ دوور لە تێڕوانینی تەسكی حیزبی و دەسكەوت و بەرژەوەندی مادی و پلە و پۆست ؟
گەر وەك تاكێكی كورد و خەمخۆر بۆ مەسەلەی كورد و كوردایەتی و ئایندەی میلەت و نەوەكانی داهاتوومان بڕوانینە هەنگاوی ڕیفراندۆم كە ئامانجی سەرەكی بریتی بێت لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی . ئەوا دەبێت بەبێ‌ دوودڵی بڵێین ((بەڵێ‌ )).
خۆ ئەگەریش بە چاویلكەی تەسكی حیزبایەتی و دەسكەوتی هەڵبژاردن و دەنگ كۆكردنەوە و بەدەستهێنانی دەسكەوتی مادی و پلە و پۆستی حكومی و حیزبی،ئەوا دەبێت نەخێر هەڵببژێرین.
بەڵام لەڕاستیدا ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی موڵكی هیچ سەركردە و حیزب و بنەماڵەیەك نیە،بەڵكو دروشم و ئامانجێكی دێرینی نەتەوە و نیشتیمانیە بەدرێژایی 100 ساڵی ڕابووردوی خەباتی كوردایەتی لەهەر چوار بەشەكەی كوردستاندا،بەڵام سەركەوتن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆییش دەبێتە دەسكەوتێكی گەورە و گرنگی ئەو حیزب و سەركردەیەی كە پێشنیازی كردوە و كاری جدی بۆ دەكات و خەبات و خوێنی لەپێناودا دەدات و ناو و ناونیشانی لەمێژوودا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
بەڵام هەردوو وشەی ((بەڵێ‌ و نەخێر)) یش ، زەمان و زەمینە و داروپەردووی پێویستی خۆیان گەرەكە، چونكە گەر تەنها بە هەست و سۆز و حەماسەتی نیشتیمانی و نەتەوەییەوە كاربكەین دوور لە حساب كردنی هەلومەرج و فشار و كاریگەری و ئاڵنگاریەكانی دەوروبەر و ناوچەكە و دونیاش ،ئەوا دەكەوینە هەڵەی گەورە و كارەساتی دڵتەزێنیشی لێدەكەوێتەوە.
وتنی(( بەڵێ‌ ))باجی خۆی هەیە و نەخێریش بەهەمان شێوە.بەڵێ‌ ڕووبەڕووی فشار و گەمارۆی ئابوری و سیاسی و سەربازیمان دەكاتەوە و ڕووبەڕووی برسێتی و كوشتن و  قاتوقڕیمان دەكاتەوە،ڕووبەڕووی ململانێی توندی ناوخۆیی و ناوچەیمان دەكاتەوە.
((نەخێر))یش بەهەمان شێوە دەبێتە هۆی بچوكبونەوەی زیاتری مەسەلەی كور و سوك و چروكبوونی لەناوخۆ و ناوچەكە و جیهانیشدا،دەبێتەهۆی لێكترازانی زیاتری نێوماڵی كورد،دەبێتە هۆی چەسپاندنی داگیر و دابەشكردنی زیاتری كوردستان، دەبێتە هۆی زاڵبونی زیاتری دوژمنانی كورد و كوردستان.
• بەم شێوەیە گەرەكە زۆر بەووردی و جدیەوە كاربكرێت بۆ سەرخستنی ئەم ڕیفراندۆرمە ئەویش بەهەڵبژاردنی كات و ساتی گونجاو كە بریتیە لەوەی  كە تەواو دڵنیابین لە(( بەڵێ‌)) كانی ناوخۆ و ناوەچەكە و دۆستەكانمان لە زلهێزەكانی دونیا و متمانەی جەماوەرەكەشمان هەبێت،بۆ پشتگیری و مقاوەمەتكردنی ئایندە.بۆیە گەر لەوادەی 25 ئەیلولیشدا ئەم ڕیفراندۆمە چێنەكرا مانای كۆتای كوردایەتی و ژیان و مانمان نیە،بەڵكو تەنها دواخستنێكی كاتیە بۆ كەشوهەواو دۆخێكی گونجاوتر كە سەركەوتنمان مسۆگەر تر بكات نەك وەك ئێستا دوودڵی و ڕاڕاییمان تیادا بڵاوبكاتەوە و ترسمان هەبێت لەسەر خستن  یان سەرنەگرتنی.
• لەكۆتایدا بەرەی ناوخۆی میلەتەكەمان لە هەموو كاتێكدا زۆر گرنگتر و كاریگەرترە لەبەرەی دەرەكی چونكە هەمیشە فاكتەری ناوخۆ سەرەكی و فاكتەری دەرەكیش لاوەكی بوە هەرچەندە بەهێز و كاریگەریش بێت. بۆیە بۆ مسۆگەركردنی زۆرینەی (( بەڵێ‌ ))ی میلەتەكەمان  پێویستە كاربكرێت بۆ خۆشگوزەرانكردنی میلەت چونكە(( نان و ئازادی ))بێ‌ یەكتر نابن وئاشتەواییەكی ڕاستەقینەی بە متمانە چێبكرێت و دواتر پێویستە ڕیفراندۆم سەرجەم ناوچە كوردنشینەكان بگرێتەوە و پڕۆسەكەش دەبێت بەڕێكار و ڕچە یاسایەكاندا تێبپەڕێت و ئامانجەكەشی تەنها سەربەخۆی بێت ،گەر بمانەوێت دەوڵەتێكی سەربەخۆیی یاسایی دابمەزرێنین كەببێتە ئەندام لە نەتەوە یەكگرتوەكاندا وەك ئۆرگانێكی یاسایی نێودەوڵەتی باوەڕپێكراو.


14/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر