كەركوك بە ((بەڵێ‌ )) بۆ ڕیفراندۆم كوردستانی بونی خۆی سەلماندەوە..

نەوزادی موهەندیس



· ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی گەلێك گرنگ و چارەنوسساز بوو بۆ یەكلاكردنەوەی دەنگی بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی و دەنگی نەخێر بۆ مانەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی عەرەبیدا. ڕیفراندۆم خاڵی وەرچەرخانی خەباتی كوردایەتیش بوو كە ئیدی خەباتی كوردایەتی دوای ڕیفراندۆم پێی ناوەتە ئاستێكی باڵاتر و بوێر تر چونكە دوور لەشەرم و ترسی پێشینان بەهەموو دونیا و ناوچەكە و عێراقی ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان لەگەڵ سەربەخۆیی خاك و نیشتیمانەكەیەتی ،وەك مافێكی ڕەوای گەلی كورد هاوشێوەی گەلانی دونیا و ناوچەكە لە عەرەب و تورك و فارس.

ڕیفراندۆم لەهەرێمی كوردستانی ئازادكراوی دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و سەروو هێڵی 36 ی پانی كە بەهێڵی ((سەوز))ناسراوە. بەلای هەموانەوە لە عێراق و دەوروجیران و زلهێزەكان و نەتەوە یەكگرتوەكانیشەوە كارێكی زۆر ئاسایی و یاسایی و دەستوی بوو،بەڵام ئەوەی كە جێگەی نیگەرانی و توڕەبوون و دروستكردنی فشار و گوشاری سیاسی و ئابوری و سەربازیان بوو،ئەوەبوو كە ڕیفراندۆم لە ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش شاری كەركوك نەكرێت یان دوابخرێت .

· كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بە پێی دیكۆمێنتە مێژوویی و جوگرافیاییەكان هەمیشە بەشێكی دانەبڕاوی هەرێمی كوردستان بونە و ناكرێت لەژێر پەردەی هیچ پاساوێكی سیاسیدا لە هەرێمی كوردستان داببڕێن،چۆن هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆك خاكی پیرۆزی كوردستانن ئاوهاش كەركوك و خانەقین و هەموو ناوچەكانی تر بەشێكی پیرۆزی خاكی كوردستانن. هیچ حیزب و سەركردەیەكی كورد مافی ئەوەی نیە كە دەستهەڵبگرێت لەو ناوچانە و بەتابیبەتیش كەركوك، چونكە كەركوك ناسنامەی كوردستانە و بەبێ‌ كەركوك جەستە و لاشەی كوردستانی گەورە بەگشتی و كورستانی باشوور بە تایبەتی وەك لاشەیەكی بێ‌ سەر و بێ‌ ناونیشان دەمێنێتەوە.

· كەركوك و پێگە گرنگەكەی لەخەباتی كوردایەتیدا هەمیشە بریتی بوە لە دروشمی مەركەزی سەركردایەتی سیاسی كورد و مەرجی پێشوەختی كورد لە گفتوگۆكاندا و هەمیشەش خاڵی جێناكۆكی دەسەڵاتدارانی ڕژێمە یەك لەدوایەكەكانی بەغداد و كورد بونە و سەرجەمی شۆڕش و خەباتی كوردایەتی لەباشووردا هەمیشە لەسەر ئایندە و چارەنوسی كەركوك نەگەیشتونەتە ئەنجام و نە ڕژێمەكانی بەغداد وازیان لەكەركوك هێناەوە و نەكوردیش دەستی لەكوردستانیبونی كەركوك هەڵگكرتوە.و لەو پێناوەشدا و تاكو ئێستاش ڕووباری خوێن و فرمێسك بۆ كەركوك دەبەخشێت.

· كەركوك لەلای سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول بەدڵی كوردستان و لای شۆڕشی نوێی گەلەكەشمان بەڕابەرایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە قودسی كوردستان ناسراوە، كاتێك یەكێتی و مام جەلال كەركوكیان بە شاری قودسی فەلەستین و عەرەبەكان چواندوە كورد و شۆڕشەكەی بەهێندەی ئێستا بەهێز نەبوون لەبەرامبەر 22 وڵاتی عەرەبیدا، ئەی چۆن لەئێستادا دەكرێت بەبیانووی جیاوازی حیزبی و كەسیەوە دەست لە كوردستانیبونی كەركوك هەڵبگیرێت و جیا بكرێتەوە لەهەرێمی كوردستان و چارەنوسیشی بخرێتە دەست قەدەرەوە كە وەكو مادەی 140ی دەستور بۆماوەی 10 ساڵی ڕێكە پشتگوێ‌ خراوە و چارەنوسی بەدەستی ئەنقەست و بە پیلانی پێشوەختە یەكلاناكرێتەوە.

· كەركوك چەندە بەلای كوردەوە گرنگە ،دەهێندەش بەلای عێراق و ئێران و توركیاشەوە گرنگە و هەریەكە بە بیانویەكەوە دەستوەردەداتە كاروباری ئەم شارەوە، هەربۆیە كەركوك لەخەباتی كوردایەتیدا بەگشتی جێگە و پێگەی گەورە و گرنگ و كاریگەری هەیە و لەلای یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش تایبەترە و ڕۆڵ و كاریگەری و هەستیاری زیاترە،چونكە بەپێی پێگەی سیاسی و ئابوری و سەربازیەكەی هەمیشە پاشخانی دەسەڵات و پێگەی جەماوەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوە و هەر كەمتەرخەمیەك بەرامبەر كەركوك بكرێت دەگەڕێتەوە بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان،بۆیە مافی هیچ سەركردەیەك نیە كە چارەنوسی كەركوك فەرامۆش بكات لەپێناو هەندێك دەسكەوت و بەرژەوەندی كەسی و گروپێكی دیاریكراودا.و كەركوك ئەمانەتی مام جەلالە لەگەردنی هەموو سەركردایەتی یەكێتی و كوردستانیشدایە، و خۆشبەختانەش دەنگە زۆرەكانی بەڵی لە كەركوكدا ئەم جارەش هەر بۆ بوێری و ئازایەتی سەركردایەتی یەكێتی دەگەڕێتەوە و كەركوكی جارێكی تر گەڕانەوە باوەشی نیشتیمانی دایك لە كوردستان.

· بەشداریكردنی كەركوك و كەركوكیەكان لە ڕیفراندۆم و وەدەستهێنانی زیاتر لە 80% بەڵێ‌ كان بۆ گەڕانەوەی بۆ سەرهەرێمی كوردستان و پێكەوەنانی دەوڵەتی كوردی سەربەخۆدا،چەند ڕاستیەكی دووپاتكردەوە،لەوانە:

1. كەركوك بۆ هەمیشە كوردستانیبونی خۆی سەلماندەوە،لەگەڵ ئەوەی كە پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی جیاوازی تریشی تیادایە.

2. بەڵێ‌ ی كەركویەكان جیاوازترە لەهەموو بەڵێ‌ كانی تر، چونكە دەبێتە دۆكۆمێنتێكی مێژوویی زۆر بە نرخ بەڕووی دەسەڵاتدارانی بەغداد و ناوچەكەشدا كە كەركوك زۆرینەی لەگەڵ كوردستاندایە، هەروەك چۆن ئێمەی كورد دوا نزیكەی 70 ساڵ دەستمانگرتوە بە ئاماری ساڵی 1957وە وەك دۆكۆمێنتێكی مێژوویی لەبەرژەوەندی زۆرینەی كوردا.

3. ڕاستە ئەو دەنگە بەڵێ‌ یانەی كە لەكەركوك دروان هەموانیان بۆ كورد ناگەڕێتەوە،بەڵكو بەشێكیشی بۆ نەتەوە و ئاینزاكانی تر لە عەرەب و توركومان و مەسیحیەكان دەگەڕێتەوە، چونكە لەماوەی ئەم 14 ساڵەی ڕزگاركردنی عێراق و بەتایبەتیش دوای ساڵی 2014وە و هێرش و پەلامارەكانی داعش بۆ سەر كەركوك بۆیان دەركەوتوە كە تەنها كورد و هێزی پێشەمەرگە و ئاسایشی كوردبوە سەر و گیان و ماڵیانی پاراستوە و ئایندەشیان لەگەڵ كورددا بە قازانجترە وەك لەگەڵ بەغداد.

· بەم شێوەیە بەڵێ‌ كانی كوركوك و خانەقین و تەواوی ناوچەكانی تری دەرەوەی هەرێمی كوردستان، تام و بۆیەكی تایبەتیان هەیە و سەركەوتنی كوردستانیان هێندەی تر درەوشاوەتر كرد ، هەروەك چۆن لەڕاپەڕینی ساڵی 1991دا تاجی سەركەوتنیان نایە سەر ڕاپەڕین ، ئاوهاش لە ئێستادا بە بەڵی كانیان تاجی سەركەوتنیان نایە سەر ڕیفراندۆم.

بۆیە هەق وایە كە چیدی كەركوك و كەركوكیەكان و تەواوی ناوچەكانی تر ،لەلایەن سەركردایەتی سیاسی كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پشتگوێ‌ نەخرێن و تەنانەت بۆ ئایندەش هەق وایە كە بەشداریبكەن لەهەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی كوردستاندا و نوێنەریان هەبێت هەروەك چۆن ئەو مافەیان پێدراوە كە نوێنەریشیان هەبێت لە پەڕلەمانی عێراقدا.

هەروەها پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد لە كەركوك و ناوچەكانی تر بۆ ئایندە زیاتر گرنگی بدەنە گیانی پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لەكەمە نەتەوایی و ‌وئاینی و مەزهەبیەكان و گیانی تەبایی و برایەتی گەشەپێبدەن.

بۆیە كەركوك و كەركوكیەكان لەدوای ڕیفراندۆمەوە مافی خۆیانە شانازی بكەن بەسەركەوتنەكەیان و تەنانەت منەتیش بكەن بەسەر سەركردایەتی كورددا چونكە سەری كورد و دەنگی كورد و ڕەنگی كورد و كوردستانیان بەخشیەوە بەكەركوك و كوردستانیبونی كەركوكیان بۆ سەدان ساڵی تر گەش و تۆخ كردەوە.

ئەمەش دەیسەپێنێتە سەر سەركردایەتی سیاسی كورد كە كەركوك بەتەنها جێنەهێڵێت و بەتەواوی توانا و هێزی خۆیەوە پارێزگاری لێبكات چونكە كەركوك و تەواوی ناوچەكانی تر هەمیشە سووتەمەنی و سەنگەری یەكەمی ڕووبەڕووبونەوە بون لەگەڵ سوپا و میلیشاكانی ڕژێمەكانی بەغداد و هێزە كۆنەپارێز و تیرۆریستەكانی داعش و ئەوانی تریشدا.

بۆیە چارەنوسی كەركوك چارەنوسی هەموو كورد و كوردستانە و بەبێ‌ كەركوك و ناوچەكانی تر هێز و دەسەڵات و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان هەمیشە لاواز و لەرزۆك دەبێت و لە ئایندەشدا دەوڵەتێكی گەمارۆدراوی سیاسی و ئابوری و سەربازیش دەبێت،بۆیە كەركوك كوردستانە و كوردستانیش بریتیە لەكەركەوك.

[email protected]


03/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر