حكومةتى ئايندةى عيَراق لة نيَوان بةرداشى (ئةمريكا) و (عةجةم) دا !!

نەوزادی موهەندیس
لەبەرئەوەی پرۆِسەی دیموكراسی لەم وڵاتانەی ڕۆژهەڵات بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بە تایبەتی لەسەرەتا و لە قۆناغی گاگۆڵكێدان،بۆیە هەمیشە بە ناڕێك و پێكی پیادەدەكرێن و لەسەر زەمینەی واقع بەهەڵە و بەسەقەتی دەچەسپێندرێن،عێراقیش وەك یەكێك لەو وڵاتانە و میراتگری سیستەمێكی دیكتاتۆری و تاكڕەوی دڕندە و دوای 15 ساڵیش لە ڕووخاندنی ئەو سیستەمە هێشتا بنەما سەرەكیەكانی دیموكراسی بەتەواوەتی هەزم نەكردوە و لێشیتێنەگەیشتوە،هەربۆیە دوای هەموو پڕۆسەیەكی هەڵبژاردنی پەڕلەمان و ئەنجومەنەكان كۆمەڵێك ڕەخنە و گلەیی و تانە لە ئەنجامەكان و سەرتاپای پڕۆسەكە دەدرێت و ناو وناتۆرەی تەزویركردن و ساختەكاریشی دەدەنە پاڵ،ئەوەتا ئەم پڕۆسەی هەڵبژاردنەی پەڕلەمانی عێراق بۆ خولی چوارەم زۆرترین ڕاز و گلەیی لەسەر دروستبوە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ڕەخنانەشدا دەوڵەتانی ناوچەكەی و ئەمریكاش پیرۆزباییان لە پڕۆسەكە كردوە و گەرەكیانە بەزووترین كات حكومەتێكی بنكە فراوانی هەمەڕەنگ و هەمە دەنگ پێكبهێنرێت، جا ئەم حكومەتە ئەوەندەی كات و چۆنێتی پێكهێنانەكەی لەدەست و بەبڕیاری دوو دەوڵەتی ناوچەكە و زلهێزەكانە نیوهێندە لەدەست سەركردە عێراقیەكاندا نیە،ئەم حكومەت و حكومەتەكانی داهاتووش لەبەر ئەوەی لەسەر بنچینەی پشكپشكێنەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی پێكدەهێنرێت و بەهەمان شێوەش هیچ هێز و لایەن و حیزبێكیش نانوانێت زۆرینەی ڕەهای دەنگەكان بۆ خۆی كۆبكاتەوە ،ئەوا هیچ كات دەوڵەتی عێراقی نوێ‌ نابێتە خاوەن حكومەتێكی بەهێز كە بتوانێت ئیڕادە و ئیدارەیەكی بەهێز پێكەوە بنێت و عێراق لە پاشكۆی بڕیار و ڕاسپاردە و ئامۆژگاریەكانی دەرەوەی سنورەكانی خۆی ڕابپسكێنێت و هەمیشە حكومتێكی لاوازی گوێ‌ لەمشتی ئەوان دەبێت.ئەو وڵاتانەش هەمیشە حكومەتێكی ئیئتیلافی لاوازیان گەرەك و پێباشترە وەك لە حكومەتێكی نیشتیمانی و خاوەن بڕیار.
لەئێستادا پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق گەرمترین خواس و باسی كۆبونەوە دووقۆڵی و سێ قۆڵی و زیاترەكانە و بەتایبەتیش لەنێوان فراكسیۆنە گەورەكاندا كە لەناو شیعەكاندایە.كە هەریەكە لە هاوپەیمانی((سائرون/54 كورسی و فەتح/49 كورسی و نەصر/42 كورسی و دەوڵەتی قانون/25 كورسی و ڕەوتی حیكمە/21 كورسی) دەگرێتەوە كە پێكەوە دەتوانن بە ئاسانی حكومەت پێكەوە بنێن كە تەنها 165 دەنگی پێویستە لەكاتێكدا ئەوان دەتوانن دەنگی 191 دەنگی ئەندام پەڕلەمان و زیاتریشی بۆ كۆبكەنەوە و مسۆگەر بكەن بۆ پەسەندكردنی.
بەڵام ئەم چوار یان پێنج لایەنەش هەرچەندە شیعین بەڵام هەریەكەشیان كەم تا زۆر دابەشبونەتە سەر بلۆكی ئێرانی شیعە مەزهەب و خاوەن هەژموونی گەورە و نفوزی بەهێز لە عێراق و ئەمریكادا كە ئەویش وەك زلهێزێكی دونیا و خاوەن دەسەڵاتی ئیداری و دارایی و ئەمنی گەورە لەعێراقدا و ڕوخێنەری ڕژێمی بەعسی صدامیش كاریگەری خۆی هەیە، جا ئەم حكومەتی عێراقە بەم شێوە پێكهاتە سەیرو سەمەریەی و لەنێوان ئەم دوو بەرداشی ئەمریكا و ئێرانەدا هیچ كات حكومەتێكی نیشتیمانی خاوەن بڕیاری بەهێز نابێت و هەمیشە دەكەوێتە ژێر هەژموون و كاریگەری بەرژەوەندیەكانی ئەو دوو وڵاتەوە و لەنێوان ململانێكانیاندا دەبێتە قوربانی.
حكومەتی عێراقیش ناكرێت و نابێت تەنها لە پێكهاتەیەكی دیاریكراو یان لەنەتەوە و ئاین و مەزهەبێك پێكبهێنرێت،چونكە ئەو كات دەبێتە حكومەتێك كە پەردەی ئاینی یان مەزهەبی بەسەردا دەبڕێت و ناتواێت بەشێوەیەكی دادپەروەرانە نمایندەی هەموو گەلان و پێكهاتەكانی عێراق بكات و ئەو كاتیش دیموكراسیەت لە مانا ڕاستەقینەكەی خۆی دادەماڵرێت، بۆیە گەرەكە ئەو حكومەتە عەرەبی سونە و كوردی نەتەوەی دووەم و كەمینەكانی توركومان و مەسیحیش لەخۆ بگرێت هەریەكە بە قەوارە و مافی هەڵبژاردنەكانی خۆی.
جا پێهاتنی ئەم حكومەتە كارێكی سەخت و گران دەبێت چونكە هەریەكە لەو لایەنانە بەرژەوەندی و بەرنامە و دیدگای خۆی هەیە بۆ ئایندە و لەسەروو هەموانیشەوە وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكانیش بەهەمان شێوە.
بۆیە پێكهێنانی ئەم حكومەتە پێویستی بە كەسانێكی شارەزا بە ئەزموون و خاوەن بڕیار و پشوو درێژ هەیە و پێویستی بەدیقەت و كاری وورد هەیە،كە بە عەمەلیاتی قەیصەری دەشوبهێنرێت كە زۆر سەخت و هەستیارە و بڕیاری گرنگ و یەكلاكەرەوەی دەوێت.
كورد لەم نێوەندەدا ،نێوماڵێكی پەرتەوازە و دوورلەیەكی هەیە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكەش هێندەی تر لەیەكتری دوورخستنەوە و لە ئێستادا كە كورد پێكەوە 58-60 كورسی هەیەو دەبێتە گەورەترین هاوپەیمانی لە پەڕلەماندا و زۆر ڕێگەشی تێدەچێت كە تەكلیف بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت گەر یەك و یەكگرتووبن وەك گەورەترین هاوپەیمانی ناو پەڕلەمان،بەڵام بەهۆی ناكۆكی و تۆخكردنەوەی بەرژەوەندیە حیزبیەكان و جەختكردنەوە لەسەر وەدەستهێنانی پۆست و پلە و ئیمتیازاتەكان بیریان لەلای مەسەلە نیشتیمانی و نەتەوایەتیەكان نەماوە،گەر واشبن ئەوا هیچ سەنگ و قورساییەكیان لە عێراقدا نامێنێت و ئایندەی كوردیش ناڕۆشن و بچوكتر دەبێتەوە.لەو حكومەتەی ئایندەی عێراقیشدا جێگە و پێگەی شیاوی خۆی وەرناگرێت و ئەوكاتیش و لانی كەم بۆ 4 ساڵی ئایندە مافە دەستوریەكانمان سڕدەكرێن و بچوك دەكرێنەوە و هێندەی تریش ناوماڵی كوردپەرتەوازە و شەپڕیوتر دەبێت،كە ئەمەش تەنها لە قازانجی دوژمنان و داگیركارانی كوردستانە.


22/05/2018



وتارەکانی تری نوسەر