گەلۆ دەزانن پارتی بۆ پەشیمانبۆوە لە ڕێكەوتنە سیاسیەكەی لەگەڵ یەكێتیدا؟

نەوزادی موهەندیس
ئاشكرایە یەكێتی و پارتی دوو حیزبی سیاسی گەورە و كاریگەرن لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی كوردستان و عێراق وناوچەكە و لەلایەن گەلێك لە وڵاتانی زلهێزیشەوە پشتیوانی و دۆستایەتیان هەیە و ناسراون و مامەڵەی ئەمری واقعیان لەگەڵ دەكرێت.ئەم دوو حیزبە خاوەنی ڕچە و ڕێباز و ئایدیای سیاسی خۆیانن و هیچ كامیان ئەویتریان تەواو ناكات،بەڵكو هەمیشە و لەساڵانی ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی ڕابوردوەوە لەململانێیەكی توندی سەربازی و چەكداری و دواتریش سیاسیدان و گەلێك لاپەڕەی ڕەش و سوور و خوێناویان لەنێواندایە،لەبەرامبەریشدا گەر بۆ تاكتیكیش بوبێت ئاشتبونەتەوە و پڕۆسەی ئاشتەواییان لەنێوانیاندا چێكردوە خۆبەخۆ یان بە فشاری دەرەكی بوبێت،هەربۆیە مێژوویەكی دوورودرێژی دژایەتی و پێكەوەییان هەیە و وەك دەڵێن ((پێكەوە هەڵناكەن و بێ‌ یەكتریش پێیان ناكرێت)).
لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991یشەوە ئەم دوو حیزبە و لەدوای قۆناغی شاخ،بەهەمانشێوەی ڕابووردوو لاپەڕە ڕەش و تاریكی براكوژیەكان و دواتریش ئاشتبونەوەیان تاقیكردەوە ،بەڵام ئەمجارەیان بەتامی شار و جەماوەر و دەسەڵات و هەبوونی هێزی سەربازی و ئابوری و سەروەت و سامانی كەڵەكەبوو و زۆر و زەوەندی ئەم میلەتە.ئەزموونی 27 ساڵی ڕابووردووی دەسەڵات لەم هەرێمەدا و لەنێوان ئەم دوو حیزبەدا دەیان هەڵبەز و دابەزی بەخۆوە بینیوە و هەریەكەیان لەهەلێك دەگەڕێن بۆ بچوك كردنەوە و لەناوبردن و كەنارخستنی ئەوی تریان لەدەسەڵات و خۆشی و ئیمتیازاتەكانی ئەم حوكمڕانیە و هەربۆیە بەهۆی نەمانی نیەتێكی ڕاستگۆ و ڕاستەقینەوە و نەمانی متمانە بەیەكتری،هەمیشە ئاڵۆزی و ململانێكان لەكورتترین كات و بەتوندترین شێواز خۆیان دووبارەدەكەنەوەو ئامادەگیان هەیە.
ئەوەتا لەسەروبەندی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا و لەدوای هەڵبژاردنی 30/9ی پەڕلەمانی كوردستانەوە ،ئەم دوو هێزە لەگەمەیەكی ڕاكێشانی حەبلدان هەریەكە بەلای خۆیدا و بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین دەسكەوت و پلەو پۆست و بەهێزكردنی پێگەی خۆی لەهەرێم و بەغدادیشدا، بۆیە تائێستا و لەماوەی 145 ڕۆژی ڕابووردوودا نەیانتوانیوە بگەنە ڕێكەوتنێكی كۆنكرێتی لانی كەم بۆماوەی 4 ساڵی ئایندە،هەمووشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشخانە تاریكەی كە لەنێوانیاندایە.بەڵام بەهەق ئەمجارەیان ڕەنگە جارانی تریش هەر پارتی هۆكاری دواكەوتن و نەهاتنە پێش و واژۆنەكردنی ڕێكەوتنێكی سیاسی گشتگیر بوبێت كە لەلایەن یەكێتیەوە نوسراوەتەوە و پێشكەشكراو و ئامادەكراوە بۆ سەرجەم سێكتەر و بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگای كوردەواری بۆ 4 ساڵی ئایندە لەپێناو پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایش و بەردەوامبوونی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی كوردستان و بۆ ئەوەی حكومەت و حوكمڕانیەكی ڕەشید و ساغڵەم و بەهێزمان هەبێت لەكوردستاندا و هەر بەو بەهێزیەشەوە ڕووبەڕووی بەغداد ببینەوە بۆ چارەسەركردنی داواكاری و مافە ڕەواكانی كورد لە كەركوك و خانەقین و وتووزخورماتوو و شەنگال و خازەر و مەخمور و ...هتد. و دواتریش بەو بەهێزیەوە بچینە بەغداد و سەرجەم كێشە كەڵەكەبوەكانی لەگەڵدا چارەسەر بكەین و مافەڕەواكانی كوردیان لێبسێنین.
گەلۆ ئایا دەزانن لەو ڕێكەوتنە سیاسیە پێشنیازكراوەدا یەكێتی داوای چی كردوە؟
یەكێتی بەگیانێكی پەرۆش و خەمخۆرانەی كوردایەتیەوە كە ڕچە و ڕێبازی مامی كۆچكردوو بوە، داواكاری و پێشنیازی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە كردوە كەهەموانیان دەچنە چوارچێوەی بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتیمان و گەلەكەمانەوە  و تاك بەتاكی هاوڵاتیان و خێزانەكان لە هەرێم و كەركوك و بەغدادیش و هیچكامیان بۆ بەرژەوەنی تەسكی حیزبایەتی و یەكێتی نەبوە ،كە بریتین لە:
1.دەسپێكردنی پڕۆسەیەكی چاكسازی لەسەرجەم ئۆرگانەكانی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا.
2. بۆ ئەوەی هاوڵاتیان و ناوچەكان ئینتیمای نەتەوایەتی و نیشتیمانیان لا تۆخببێتەوە،دەبێت دەستەبەری عەدالەتی كۆمەڵایەتی بكرێت و بەبێ‌ جیاوازی لەنێوان ناوچە و پارێزگا و هاوڵاتیاندا خزمەتگوزاریەكان پێشكەش بكرێن.
3. دابەشكردنی عادیلانەی سەروەت و سامانی هەرێم،بەوەی كە هەرچی داهاتەكان هەیە بەنەوت و غازی سروشتی و ئەوانی تریشەوە هەموانیان بەپێی یاسا كۆبكرێنەوە و بخرێنە صندوقی داهاتە نەوتیەكان و و بەئاشكرا و شەفافانە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت دواتریش بەیەكسانی دابەشبكرێنەوە بەسەر هاوڵاتیاندا لەڕێگەی دابینكردنی مووچەی مانگانە و خزمەتگوزاریەكان و بوژاندنەوەی بازاڕ و ئابوری و ئاوەدانی وڵات و خۆشگوزەرانكردنی ژیان و گوزەرانیانەوە.
4.داهاتووی ئەم حوكمڕٍانیە حوكمڕانیەكی ڕەشید بێت،بەوەی دژی گەندەڵی و خاوەن بڕیاری ڕاست و دروست و نمایندەی ڕاستەقینەی هاوڵاتیان بێت و هێندەی پلانی بۆ ئایندە و تۆكمەكردنی دەسەڵات و ئۆرگانەكانی حكومەت بێت نیوهێندە پلانی بۆ بەهەدەردان و پاوانخوازی و خۆسەپێنی و قۆرخكاری لە دەسەڵات نەبێت و داهاتەكانیش بەشاراوەیە نەهێڵێتەوە.
5.هەموو هێزە چەكدارەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ و ئەوانیتریش ،بكرێنە هێزی دامەزراوەیی و نیشتیمانی.
6.پەیوەندیە دیپلۆماسیەكانی حكومەت بكرێنە پەیوەندی كوردستانی نەك حیزبی بۆئەوەی هێز و سەنگینی ئەم حوكمڕانیە بپارێزین و هەنگاوی گەورەتر بنێین بۆ دووركەوتنەوە لە گیانی تەسكی حیزبایەتی.
7.جۆری حوكمڕانیەكە بگۆڕدرێت بۆ حوكمڕانیەكی هاوڵاتی و دووربكەوێتەوە لەو ڕەنگ و بۆیەی كە 27 ساڵە دەقی پێوەگیراوە و شكستیشی هێناوە و مۆدێلی بەسەرچوە.
8.هەوڵبدرێت دەستورێكی نیشتیمانی  هاوچەرخ بنوسرێتەوە بە سازان و پێكەوەبوونی هەموان نەك بەمەرامی سیاسی و حیزبی ئەملایەن یان ئەولایەن،چونكە دەستور پەیوەندی هەیە بە ئایندەی تاك بەتاك و جۆری حوكمڕانی و دەرودراسێكان و ئێستاو ئایندەمان دیاریدەكات.
9.ڕێز لەبنەماكانی دیموكراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و ئازادیەكان بگیرێت،كە یەكێتی لەماوەی خەباتی 42 ساڵەی خۆیدا زۆر گرنگی پێداون و لەو پێناوەشدا گەلێك زیانی پێگەیشتوە،بەڵام دەستگرتن بەم بنەمایانەوە ئایندەمان مسۆگەرتر دەكات.
10.دەركردنی یاسا نیشتیمانی و نەتەوایەتیەكان بەسازان و لێكتێگەیشتنی هەموان بێت نەك بە سەپاندن و قۆرخكاری.
11. لەسەر مەسەلەی كەركوك و هەموو جێگە جێ ناكۆكەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش ،یەكێتی پێی وایە كە مەسەلەی گرنگ و میحوەری كوردایەتین و دەبێت هەموان و پێكەوە هەوڵی چارەسەركردنیان بدرێت و بە تایبەتیش بۆ كەركوك دەبێت بەزووترین كات پارێزگارێكی كوردی یەكێتی هەڵببژێرێت لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە.
12. لەبەغداد و بۆ پۆست و كێشە كەڵەكەبوەكانیش پێویستە بەحكومەت و دەسەڵاتێكی بەهێزی هەرێمەوە ڕووبەڕووی بەغداد ببینەوە و ماف و ئیستیحقاقی كورد و كوردستان  وەربگرینەوە و ململانێی تەسكی حیزبایەتی دووبارە نەكەینەوە و هەوڵبدرێت بە لێكتێگەیشتن و نەرمونیانی لەگەڵ بەغدادا پێكبێینەوە لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی كوردستاندا.
13. دوا خاڵ كە بەلای یەكێتیەوە گرنگی هەبێت بریتیە لە دیاریكردن و دابەشكردنی پۆست و پلە و ئیمتیازاتەكان كە بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و بەشێوەیەكی وەكیەكی و ڕێزگرتن لە ڕابووردوو و سەنگ و قورسایی و خوێندنەوەی مەترسی و ئاڵنگاریەكانی دەوروبەر و دونیاش،هەریەكە لە پارتی و یەكێتی پشكی خۆیان وەربگرن.كە ئەم خاڵە لەدوای كۆكبوون و ڕێكەوتن لەسەر تەواوی بڕگە و بابەتەكانی پێشووتر ئەوكات باسبكرێت و نەكرێتە مەرجی پێشوەختە.
بەم شێوەیە ،یەكێتی داواكاری و پێشنیاز و نەخشە ڕێگایەكی گشتگیرو لەپێناو بەرژەوەندی باڵای هاوڵاتیاندا پێشكەشكردوە بە پارتی،بەڵام پارتی ئەم یەك پاكێجیەی ((هەولێر و كەركوك و بەغداد)) و نەخشە ڕێگای بۆ 4 ساڵی ئایندە لە یەكێتی قبوڵ نەكردوە و ویستویەتی بە مەرامی حیزبی خۆی مەرجەكانی لەسەر پۆست و كاندید و كادرەكانی یەكێتی بسەپێنێت و هەموان بكەونە ژێر هەژموونی پارتیەوە،هەربۆیە كە زانی لەگەڵ یەكێتی و سووربوون و ڕاستگۆیی یەكێتیدا هیچی پێناكرێت،بە نهێنی و شارەوایی و بەپەلە پڕوزكێ‌ وەك تاكتیك و كارتێكی فشار بەرامبەر یەكێتی و هەوڵدان بە عەقڵی خۆی بۆ دۆزینەوەی بەدیلی یەكێتی ،پەنای بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بردوو و لەماوەی كەمتر لە 72 كاتژمێردا لەسەر ئەو خاڵ و بەرنامە كرچوكاڵە ڕێكەوتن كە تائێستاش بڵاونەكراوەتەوە و كەم كەس هەیە بزانێت ناوەڕۆكە ڕاستەقینەكەی چیە.وای دەزانی یەكێتیش وەكو هێز و سەركردەكانی تر لەسەر چۆك  و بەناچاری بەرەو سەری ڕەش هەڵدەزنێت بۆ پۆست و پلە.
گەلۆ ئێستا دەركەوت كە بۆچی پارتی كشایەوە لەڕێكەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتیدا؟
چونكە باش دەزانێت ناتوانێت لەگەڵ یەكێتیدا تاسەر ڕەق و بیكێڵێت و مەرجەكانی خۆی وەكو پێشتر بسەپێنێت،باش دەزانێت لەگەڵ ناوەندی بڕیاری بەهێز و یەكگرتوویی ئێستا و عەقڵ و كارامەیی گەنجەكانی یەكێتیدا بۆی ناكرێت و پێی ناكرێت چونكە پارتی بۆخۆی حیزبێكی كۆنەپارێز و كلاسیكی و خاوەنی ڕچەی پیرۆزكردنی سەركردە و بنەماڵەیە و لەگەڵ گۆڕانكاری و نوێگەراییدا كەمترین پەیوەندی هەیە.
هەربۆیە پارتی بە عەقڵیەتی خۆی بەدیلی یەكێتیەكی بەهێزی لەگۆڕٍانێكی بێهێزدا بینیەوە كە تەنها هەڵپەی كۆكردنەوەی دەستخستنی پلەو پۆست و ئیمتیازاتە.بەهەمانشێوە دەشزانێت ئەم ڕێكەوتنەیان تاسەر نابێت و بەبێ‌ یەكێتی كە كۆڵەكە و پایەیەكی بەهێزی حكومەت و حوكمكڕانی بوە لەم هەرێمەدا بەردەوامی نابێت و پێویستە بەهەر شێوەیەك بێت یەكێتی بەشداری ئەم حكومەتە ببێت بە بەهێزی و بەم گەمە و هەنگاوەیان لەلایەك ملانێكان و داواكاریەكانی نێوان پارتی و یەكێتی ئاڵۆزتر بوون و لەلایەكی تریشەوە گۆڕانیش بچوكتر و بێزراوتر بوو لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی خۆیەوە پێش كەسانی تر.
جا ئەمە ڕاستی ئەو هۆكارانەیە كەپارتی بۆچی لە ساتەوەختی كۆتایدا كشایەوە لە ڕێكەوتنە سیاسیەكەی لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا.كە تەنها خێر و بەرژەوەندی هاوڵاتیان و هەرێمەكەمانی تیادا بوو نەك بەتەنها یەكێتی و حیزبایەتی تەسك


23/02/2019



وتارەکانی تری نوسەر