ڕێكەوتنی سەدە.. ئاكام و لێكەوتەكانی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین..

نەوزادی موهەندیس
((ڕێكەوتنی سەدە)) ناونیشانێكی تەلیسماویە كە تاكو ئێستاش زۆر سەركردە و وڵاتی ناوچەكە و دونیاش ناوەڕۆكەكەی بەتەواوەتی نازانن،بەڵام لەناوەكەیەوە زۆر گەورە دیارە و جێگەی پرسیار و تێڕامانە.ڕێكەوتنی سەدە بیرۆكەی ئەمریكا و ئیدارەی سەرۆك ترامپە بۆ چارەسەركردنی كێشەی فەلەستین و ئیسڕائیل.كە كێشەیەكە لەچارەسەر نەهاتوە بەدرێژایی 70 ساڵی ڕابوردوو و كێشەی ئاڵۆز و گەورەی پلە یەكی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و دوای ئەویش كێشەی كورد دێت.ئەم پێشنیازە یان بیرۆكەیە دوای 18 مانگ لەكاری چڕوپڕی لێژنەیەك لە ئیدارەی سەرۆك ترامپ ئامادەكراوە و چەند وڵات و سەرۆك وڵاتێكی ناوچەكەشیان لێئاگاداركرۆدتەوە لە (( سعودیە و ئیمارات و عومان و ئوردون و میسر و توركیا)).ئەم پلانە هێشتا بەنهێنی ماوەتەوە و نەخراوەتە بەردەم ڕاگەیاندن و جەماوەری ناوچەكەوە و وابڕیارە لە مانگی 6/2019دا ئاشكرا بكرێت.
3 كەسایەتی دیاری ئیدارەكەی ترامپ وەك ئەندازیاری ئەم پلانە دێنە ناوهێنان كە بریتین لەهەریەكە لە(( گرینبلات كە 12 ساڵە پارێزەری موڵك و ماڵی سەرۆك ترامپە و كۆشنەر زاواكەی ترامپ و سەفیری ئەمریكا لە ئیسڕائیل/دێڤید فریدمان))نن.
هەرچەندە پلانەكە ئاشكرا نەكراوە بەڵام لێرە و لەوێ‌ لەلایەن لێپرسراوانی ئەمریكا و دیپلۆماتكارەكانیانەوە  بڕگە و بابەتەكان بەپچڕ پچڕ ئاشكرا دەكەن، بەكورتی دەتوانرێت خاڵ و بەندە گرنگەكانی بەم شێوەیە كورتبكرێتەوە:
1.دامەزراندنی دەوڵەتێكی فەلەستینی لە كەرتی غەزە و بەرەی ڕۆژئاوا بەڵام بەبێ‌ بوونی سوپایەك.
2.میسر لە كۆتا قۆناغی گفتوگۆكانیدا ڕایگەیاندوە  كە ئەو بەندەی لابردوە كە دەوڵەتێكی فەلەستینی لەسەر بەشێك لەخاكی سینا دابمەزرێت، و بەهیچ شێوەیەك دەست هەڵناگرێت لە خاكی میسر،دوای ئەوەی وازی لەهەردوو دورگەی تیران و صنافیر هێنا بۆ سعودیە ، بەڵام لەناوچەی سینادا وەكو ناوچەیكی ئازادی بازرگانی دەتوانرێت بەشێك لە خاكی زیاتر دابیندەكات بۆ فەلەستینیەكان بۆ دامەزراندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی و كارگە و بۆ جێگەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كشتوكاڵی و ڕێگەدان بە فەلەستینیەكان بۆ ئەوەی تیایدا بژین.كە دواتر لەسەر ڕووبەری زەویەكە ڕێكەوتن دەككرێت.
3.هەروەها پردێكی هەڵواسراو دروستدەكرێت لەنێوان غەزە و كەرتی ڕۆژئاوادا بۆ كارئاسانی جوڵە و هاتوچۆ.
4.دوای 1 ساڵ لە ڕێكەوتنەكە هەڵبژاردنێكی دیموكراسی ئەنجام دەدرێت و هەر فەلەستینیەك بۆی هەیە خۆی هەڵببژێرێت.
5.سزا دەسەپێنرێت بەسەر هەر لایەكی ڕێكەوتنەكەدا كە ئەم ڕێكەوتنە ڕەتبكاتەوە بە ئیسڕائیلیشەوە.
6.سوپای ئیسڕائیل كۆنتڕۆڵی كۆمەڵگا جولەكە نشینەكانی كەرتی ڕۆژئاوا دەكات لەگەڵ دۆڵی ئوردون و سنورەكان بۆ ماوەی 5 ساڵ تا گفتوگۆكان دەگەنە قۆناغی كۆتایی.
ئاشكرایە ڕێكەوتنەكە گەلێك خاڵ و بڕگەی تر لەخۆ دەگرێت،بەڵام هێشتا هەرئەوەندەی لێ‌ ئاشكرا كراوە.جا لەسەر ئەم خاڵانەی كە ئاشكرا كراون،لەلایەن ئیسڕائیل و فەلەستینیەكانەوە هەڵوێستی جیاواز و گەلێك جاریش توند ڕاگەیەنراوە بە ڕەتكردنەوە.ئەوەتا ڕۆژنامەی هائاڕتسی ئیسرائیلی لەو بڕوایەدایە كە 7% كۆمەڵگای ئیسڕائیلی لەو بڕوایەدان كە لەبەرژەوەندی ئەواندایە و 31% دەڵێن لە قازانجی فەلەستینیەكانە.
هەڵوێستی ئیسڕائیلیەكان:
1.تائێستا ئیسڕائیل چارەسەری دوو دەوڵەت ڕەتدەكاتەوە.
2.ڕازی نیە بە  گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینیەكان.
3. چۆڵكردنی كۆمەڵگا جولەكە نشینەكان لەكەرتی ڕۆژئاوا بەلایەوە زۆر سەختە.
4. شاری قودسی ڕۆژهەڵات بە پایتەختی شەرعی ئیسڕائیل دادەنێت.
هەڵوێستی فەلەستینیەكان:
1.تا ئێستا سەركردە فەلەستینیەكان بە ((حەماس و فەتح))وە بەتوندی ئەو پلانە ڕەتدەكەنەوە چونكە دەڵێن،دەسەڵاتی ئیسڕائیل زیاتر دەچەسپێنێت .
2.ئاوارەكان تا ئەبەد ناگەڕێنەوە سەر زێدی بابو باپیرانیان.كە ژمارەیان لە   5 ملیۆن فەلەستینی زیاتردەبن.
3. بەپێی پلانەكەش سەروەری خاكی فەلەستینیش تا ئەبەد لەدەست دەدەن.
4. سەرۆك وەزیرانی فەلەستین(( محمد ئاشتیە))دەڵێت: ئەم پلانە ئیسڕائیلیە و بە دەستی ئەمركا نوسراوەتەوە.چونكە دەستی ئیسڕائیل واڵا دەكات كە كەرتی ڕۆژئاوا لەژێر ناوی ئەمنیەوە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
5. فەلەستینیەكان داواكارن كە دەوڵەتی فەلەستینی لەسەر بنچینەی سنورەكانی ساڵی 1967 دابمەزرێت و پایتەختەكەشی قودسی ڕۆژهەڵات بێت.
بەم شێوەیە هەڵوێستی دوولایەنە سەرەكیەكەی كێشەكە زۆر دوورن لە یەكتریەوە،و هەڵوێستەكانی ئەمریكاش بە ماوەی 70 ساڵی ڕابووردوو بەلای عەرەبەكانەوە هێندەی پشتگیری لە ئیسڕائیلیەكان كردوە نیوهێندە پشتیوانی لە ماف و داواكاریە ڕەوكانی فەلەستینیەكان نەكردوە و ئەوەتا لەمانگی 12/2017دا و تاك لایەنە بڕیاریدا بەداننان بە شاری قودس وەك پایتەختی ئیسڕائیل و گواستنەوەی سەفارەتەكەشی لەتەلئەبیبەوە بۆ قودس،كە ئەم بڕیار و هەڵویستانەی ئەمریكا بۆ عەرەبەكان زۆر سەختن قبوڵكردنیان و لەئێستاشدا گوێگرتن و پەسەندكردنی ئەم پلانەی ئەمریكا بۆ عەرەبەكان سەختترە ،چونكە متمانەیەكی گەورە نەماوە بە هەڵوێست و بڕیارەكانی ئەمریكا و ئەمەش بە گەمەیەكی قێزەونی تری ئیسڕائیل لێكدەدەنەوە،بەڵام هیچ دەسەڵاتێكی بەهێزیشیان نیە بۆ بەرەنگاربونەوەی چونكە لەئێستادا و لەسەرەتای دەسپێكی بەهاری عەرەبیەوە فەلەستینیەكان لە هەموو هاوكاریە مادی و مەعنەویەكانی عەرەبەكان بێبەشبوون و هیچ پشتیوانیەكی بەناو برایەتی و ئیسلامەتیان نەماوە و تەنها وەكو سەركردەی حەماس و فەتحیەكان ڕایانگەیاندوە درێژەدانە بە مقاوەمەت و بەرەنگاری لەپێناو وەدیهێنانی ئاوات و خواست و خەونە لەمێژینەكەیان ئەویش ڕزگاركردنی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆیە كە شاری قودس پایتەختەكەی بێت.
هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی:
بەشێوەیەكی گشتی وڵاتانی عەرەبی خۆیان دەپارێزن لە پشتیوانی ئەم ڕێكەوتنە و نایانەوێت لێپرسراوێتی مێژوویی بەلەدەستدانی فەلەستینیان بكەوێتە ئەستۆ،هەربۆیەش هیچ ڕاگەیندراوێك یان هەڵوێستێكی فەرمیان ڕانەگەیاندوە جگە لە ئیمارات كە پشتیوانی دەكات.
هەڵوێستی ئەمریكا:
 1.ئەمریكاش خۆی تەنها بەخاوەنی بیرۆكە و كارئاسانیكەر پیشان دەدات نەك وەك دادوەر و میانگیر.
2.  ڕایگەیاندوە كە دامەزراندنی دوو دەوڵەت یان یەك دەوڵەت لەشێوەی كۆنفیدڕاڵی یان فیدڕاڵی بۆ لایەنی جێبەجێكار بەجێدێڵێت.
3.هەروەها ئەمریكا بۆ سەركەوتنی ئەم پلانەی داوای لەهەریەكە لە وڵاتانی كەنداو و یەكێتی ئەوروپا و یابان و چین و خۆشی كردوە بۆ پێشكەشكردنی هاوكار و كۆمەكی مادی.بەهەمان شێوە وڵاتانی میسر و ئوردون و سعودیەش بەشدار دەبن.
4.ئەمریكا تەنها داواكاری لە ئیسڕائیل كردوە كە دروستكردنی كۆمەڵگا جولەكە نشینەكان لەناو جەرگەی كەرتی ڕۆژئاوادا لە 5 ساڵی یەكەمدا  ڕابگرێت.
5. لەبەر ئەوەی فەلەستینیەكان زەرەرمەند دەبن لەم پلانە هەربۆیە وەك قەرەبویەك ئەمریكا بە بڕی 25 ملیار دۆلاری ئەمریكی لە 10 ساڵی ئایندە لەكەرتی غەزەدا وەبەرهێنان دەكرێت.
6. بەهەمان شێوەش ئوردونیش زەرەرمەند دەبێت و ڕازی نیە  دەستهەڵگرێت لەبەشێك لەخاكەكەی و نیشتەجێبوونی ئاوارە فەلەستینیەكان نیایدا،هەربۆیە ئەمریكا بە بڕی 40 ملیار دۆلاری ئەمریكی وەبەرهێنان لە ئوردوندا دەكرێت.
لەكۆتایدا ئەم ڕێكەوتنە و پلانە ئەمریكیە گەر سەربەكەوێت و بەدڵی هەموو لایەنەكان بێت لەپێش هەموانیشەوە فەلەستین و ئیسڕائیلیەكان،ئەوا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین تاڕادەیەك ململانێكانی كەمتر و خاوتر دەبنەوە و ئاشتی و ئارامیەكی بۆ دەگەڕێتەوە كەماوەی 70 ساڵە لێی بێبەشكراوە،گەر بەپێچەوانەشەوە بێت ئەوا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێتە كوانوی جەنگ و ململانێیەكی توندتر و ئاگری ئەو ململانێیانەش هەموان دەگرێتەوە و ناوچەكەش دەكاتە گۆڕەپانی ململانێ‌ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان وەكو 70 ساڵی ڕابووردوو.


24/05/2019



وتارەکانی تری نوسەر