تاك چەندە ئازاد بێت هێندەش بەخشندە و داهێنەر دەبێت لە كۆمەڵگادا...

نەوزادی موهەندیس
ئاشكرایە كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان لەچەندین چین و توێژی جیاواز پێكهاتوون و هەریەكەشیان بە ڕۆڵی خۆی هەڵدەستێت بە ئامانجی پێشكەوتن و گەشەپێدانی كۆمەڵگا لەڕێگەی داهێنان و بەخششەكانیەوە، جا هەر كۆمەڵگایەك خاوەنی تاك یان گروپ و دەستە و ڕێكخراوی پیشەیی یان دیموكراسی و مەدەنی چستوچالاك بێت و ئاشنا بێت بە ئەرك و مافەكانی و وەكو تاكێكیش ڕێز و شكۆمەندی بپارێزرێت و وەكو مرۆڤێكی خاوەن ئیڕادە لێیبڕوانرێت، ئەوا بەدڵنییایەوە هەمیشە هەنگاو بەرەوپێشەوە دەنێت و لەكۆمەڵگایەكی دواكەوتوو و هەژار و نەخوێندەوارەوە دەبێتە كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و داهێنەر و گەشەكردو ئەوكاتیش وڵات ئاوەدان و كۆمەڵگاش خۆشگوزەران دەبێت.
بەهەمان شێوە هەركات كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان خاوەنی سیستەمێكی حوكمڕانی دیموكراسی بن كە تیایدا مافەكانی تاك و دەستە و كۆمەڵەكان پێشێل نەكرێن و ڕێزیان لێبگیرێت و هاوكاری و كارئاسانیشیان بۆ بكرێت و تەواوی ئازادیەكانیان بۆ فەراهەمبكرێت لەهەموو بوارەكانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەدەب و فەرهەنگ و توێژینەوە زانسیتیەكان و ..هتد. بەدڵنیایەوە ئەو كۆمەڵگایە دەبێتە كۆمەڵگایەكی كراوە و ڕزگاربوو لەكۆتوبەندە باو و بەسەرچوەكان.چونكە دەسەڵات و جۆری دەسەڵات و حومكڕانیەكان زۆر گرنگ و كاریگەرن لەسەر چۆنێتی بیركردنەوە و هزری مرۆڤەكان،جا لە سیستەمی حوكمڕانیە دیموكراسیەكاندا لەبەر ئەوەی تاك و گروپەكان پنتی سەرەكین لەبەرنامە و پلانی دەسەڵاتدا هەربۆیە تاكیش ڕۆڵی سەرەكی و میحوەری هەیە و بەو پەڕی توانا و وزەكانیەوە كاردەكات هەریەك لەبوار و پسپۆڕی و شارەزایی خۆیداو هەربۆیەش ئەو كۆمەڵگایانە كۆمەڵگایەكی بەرهەمهێننن نەك بەرخۆر و بەكاربەربن،بەپێچەوانەشەوە لە سیستەمە شمولی و داخراو و توتالیتاری و تاكڕەوەكاندا چونكە تەنها سەركردە و حیزب و بڕیاردەر و پلاندانەر و جێبەجێكەریشن و هیچ مەودا و مانایەكیان نەهێشتۆتەوە بۆ تاك و گروپەكان،هەربۆیەش هەمیشە كۆمەڵگایەكی دواكەوتوو و پێشنەكەوتون،چونكە كۆمەڵگا بەتەنها بە دەستەبژێرێكی بچوكی ئاینی یان بنەماڵەیی یان ئەرستۆكراتی ناچێتە ڕێوە بەڵكو پێویستی بەتوان و وزەی هەموان هەیە.
جا هەركات تاك ئازادبوو ئەوا ئازادانەش بیردەكاتەوەو ئازادانەش داهێنان دەكات و بەهەمان شێوەش ئینتیماشی بۆ وڵات و كۆمەڵگاش تۆخدەبێتەوە و هیچ ئینتیمایەكیشی بۆ سەركردە و حیزبە سیاسیەكان نامێنێت و ناچێتە چوارچێوەیەكی تەسكی بەرژەوەندی كۆمەڵێك یان كەسان و بنەماڵەیەكی دیاریكراوەوە كە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریی بهێنن،تاك هەركات ئازاد بوو ئازادانەش دەبێتە خاوەن بڕیار و كەسایەتی سەربەخۆی خۆی و ملكەچی هیچ داب و نەریت و بڕیارە هەڵەی سیاسیەكان نابێت و نابێتە ڕۆبۆتێك كە كۆنتڕۆڵەكەی بەدەست كەسانی ترەوە بێت و لەدوورەوە هەڵیبسوڕێنن. هەر لەبەر گرنگی ڕۆڵ و كاریگەری تاكە لە كۆمەڵگادا ،كۆمەڵگا پێشكەوتوەكانی ئەوروپا و ئەمریكا و دیموكراسیخوازەكانی دونیا هەموانیان فەلسەفە و ڕێبازی تاكگەراییان پیادەكردوە لە پێكەوەنانی كۆمەڵگاكانیاندا،چونكە بە ئەزمونی ڕۆژگار ئەو ڕاستییەیان بۆ دەركەوتوە كە چەندە تاكەكان ئازاد و سەربەست بن ئەوەندەش دەبنە خاوەنی داهێنان و ئەنجامیش وڵات و كۆمەڵگاش پێشكەوتوو و گەشەكردوو دەبێت.
لەقۆناغی ئێستاو ئەم سەردەمەشدا،پنتێكی تری تاكگەرایی لەپاڵ ئازادی و دەسەڵاتدا بریتیە لەڕێزگرتن لە ژینگە و پاراستنی و پاكوخاوێن ڕاگرتنی و هەوڵی نەشێواندنی و فشار دروستكردنە بۆ سەر كۆمپانیاو وڵاتان و كارگە بەرهەمهێنەكان بۆ كەمكردنەوەی بڕی گازە ژەهراویەكان و هەوڵدانە بۆ زیاتر ڕۆشنبیركردنی تاكەكانە بەرامبەر ژینگە ،چونكە بەبێ‌ ژینگەیەكی پاكوخاوێن تاكێكی ساغڵەم و تەندروست دروستنابێت و بەبێ‌ ژینگەیەكی سەوز و ئاوهەوایەكی پاكژ تاكێكێكی داهێنەر و بەخشندە و بیر ئازاد پێكەوەنانرێت،بۆیە سەردەمی ئێستا سەردەمی گرنگیدانە بەژینگە،و زەویش وەكو ماڵێكی گەورەی هەموان لێی دەڕوانرێت و مافی بەسەر هەموانەوە هەیە بەبێ‌ جیاوازی ڕەگەز و ڕەنگ و وڵات و كۆمەڵگاكان لەدواكەوتوو و دەوڵەمەندەكانەوە،جا هەركات ژینگەی زەوی بەپاكژی مایەوە ئەوا تەمەن و تەندروستی تاكەكانیش درێژدەبن و بەخشش و داهێنانەكانیان بەردەوام دەبێت.
بۆیە هەموو تاكێكی كۆمەڵگا پێویستە ئەركی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە فەلسەفە و ڕێباز و دونیابینی تاكگەراییدا ببینێتەوە و خۆی بكاتە تاكێكی داهێنەر و بەخشندە و ئازاد بۆئەوەی بتوانێت باشترین خزمەت پێشكەش بە نەتەوەو نیشتیمان و كۆمەڵگا بكات،جا ئەم ئەركی تۆخكردنەوە و كردنی بە ڕێبازی كاركردنی بیر و هزری تاكگەراییە پێویستە لەسەر ئەستۆی هەموو تاك و گروپ و چین و توێژەكان بۆئەوەی هەموان پێكەوە و بەیەك تەكان و توانا كۆمەڵگایەكی خۆشگوزەران و یەكسان و دادپەروەری بنیات بنێن،بەوهیوایەی تاكەكان كاری گەورە و داهێنانی زیاتر بكەن.چونكە  تەنها سیاسی و سیاسەتمەداران و دەسەڵات و دەسەڵاتداران ناتوانن وڵات بەڕێوەبەرن و پێشیبخەن و حوكمڕانیەكی تەندروست و ساغڵەمیش بەرهەمبهێنن بەبێ‌ هاوكاری چین و توێژ و كۆمەڵ و ڕێكراوە مەدەنی و دیموكراسییەكان و تاكە بەخشندە و چالاكەكانی ناو كۆمەڵگا.چونكە تاك بۆخۆی بەردی بناغەی پێكەوەنان و دروستكردن و بەرزكردنەوەی دیواری پتەوی تەلاری كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو یەكسانخواز و دادپەروەرە.


02/08/2019



وتارەکانی تری نوسەر