كاتێك كورد ئیسلام بوە،تورك هەر ئیسلامیشی نەناسیوە. با ئەردۆگان ئیسلامەتی بەكورد نەفرۆشێتەوە

نەوزادی موهەندیس

سەرەتا دان بەو ڕاستیەدا دەنێم كە هەڵبژاردنی دین و مەزهەبەكان كارێكە هیچ تاكێك خۆی لە هەڵبژاردنیدا ئازاد نەبوە بەڵكو لە دایك و باوكەوە بۆی ماوەتەوە. هەروەها بەشێوەیەك لەشێوەكان دەچنە ‌چوارچێوەی ئازادی تاكەكەسیەوە كە مافی هیچ كەس نیە ڕەخنەی پێ‌ لەكەسانی تر بگرێت.بەڵام كاتێك كار گەیشتەوە ئەوەی بەرامبەرەكەت كە خۆی بە ئیسلا م دادەنێت و تۆش بە كافر و سوپایەكیش بەناوی ((سوپای موحەمەدیەوە و بەدەسپێكی سورەتی فەتح ))ەوە دەنێرێتە سەر خاك و گەلەكەت و قەتڵ و عامت دەكات وەكو ئەوەی جیهادی كردبێت دژی كافران و لەدەرەوەی خاكی ئیسلام.ئیتر هیچ بوارێك نامێنێتەوە بۆ ئەوەی كە قسەنەكەیت و وەڵام نەدەیتەوە.

 
ئەوەی ئەمڕۆ ئەردۆگان و حیزبەكەی ئاكەپە بەناو ئیسلامەوە دەیكەن بەرامبەر هەموو كورد و بەتایبەتیش لە ڕۆژئاوی كوردستان،تەنانەت لەلایەن مەسیحی و جولەكەكان و بێ ‌دینەكانیشەوە مایەی قبوڵكردن نیە.بۆیە حەزمكرد بە داتاو زانیاری و ئامار جیاوازی لەنێوان ئێمەی كورد و توركدا بكەم و پیشانی بدەم كە چۆن كورد دڵسۆزترین جەنگاوەری ئیسلام بون و چۆنیش بونەتە ئیسلام.

 
1. كورد لە سەردەمی خەلافەتی عومەری كوڕی خەتابدا بونەتە ئیسلام و كوردستان كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامەكانەوە لەساڵی 16 بۆ 20 كۆچی و تەنانەت بێ‌ بەرەنگاری و شەڕێكی قورسیش.

 
2.لە ئێساتای هەرێمی كوردستاندا بەنزیكەیی 5500 مزگەوت هەیە و لەو ژمارەیەش نزیكەی 1000 مزگەوت نوێژی هەینی تیادا دەكرێت كە دەگاتە 1 ملیۆن نوێژكەر. لەكۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم كە نزیكەی 5 ملیۆن كەسە. هەر یەك كەس ((0,001)) مزگەوتی بەردەكەوێت.
3. سەدان و هەزاران كەڵە پیاوی ئاینی و نوسەر و شاعیر و ئەولیا و پیاوچاك و زانا لەكوردا هەڵكەوتون كە بونەتە نمونەی زیندوو گەشاوەی هەموو دونیای ئیسلام.

* توركیا لە سەردەمی خەلیفەی ڕاشدی عوسمانی كوڕی عەفاندا ئیسلامی پێگەیشتوە،واتە لەدوای كوردەوە تورك بونەتە ئیسلام و تورك بە شەڕ و جیهاد بونەتە ئیسلام.لە ئێستادا كە ژمارەی توركیا 80 ملیۆن كەسە،تەنها 84684 مزگەوت هەیە. واتە هەر یەك كەس ((0,001)) مزگەوتی بەردەكەوێت.كە لێرەدا دەردەكەوێت كورد بەهێندەی تورك و بگرە زیاتریش مسوڵمانترە.

 
* لەبەرامبەریشدا و لەساڵی 2002وە كە ئاكەپە و ئەردۆگان بونەتە دەسەڵاتدار لە توركیادا كە بەناوی حیزبێكی ئیسلامی و ئیخوانیەوە هاتونەتە سەر حوكم،بەم شێوەیە دینی بەكارهێناوە بۆ خزمەتی مانەوەی خۆی و حیزبەكەی و لەهیچ كارێكی ناشەرعی و ناڕەوا و بەدڕەوشتیش سڵی نەكرۆدۆتەوە ئەوەتا:

 
1.لەدەستوری نوێی توركیادا دینی ئیسلام دینی ڕەسمی نیە كە كمال ئەتاتورك دایناوە،تاكو ئیستا و لەو هەمواری دەستورەی كە ئەردۆگان كردی نەیتوانی یان نەیكرد كە ئەو مادەیە هەموار بكاتەوە و ئیسلام بكاتە دینی ڕەسمی.

 
2.بەپێی مادەی 227 لە یاسای ژمارە 5237ی توركیا كە لە 26/9/2004 پەڕلەمان پەسەندی كردوە و لەساڵی 2005دا كەوتۆتە واری جێبەجێكردنەوە دەڵێت (( حوكمی بەندكردن بۆ ئەوكەسانەی كە بەدڕەوشتی دەكەن لەنێوان 2-4 ساڵدایە،بەڵام ئەو كەسانەی كە بەویستی خۆیان ئەو كارە دەكەن هیچ سزایەكیان بۆ نیە)). ئەمەش دوو ڕوویی ئەردۆگان و ئاكاپە دەردەخەن كە چۆن ڕێگەیان بەبەدڕەوشتی داوە لەكاتێكدا خۆیان بە ئیسلام و موسڵمان دادەنێن.

 
3. بەپێی چەند ئامارێك: لەماوەی 13 ساڵی دەسەڵاتی ئاكاپە و ئەردۆگاندا ڕێژەی بەدڕەوشتی لە توركیادا بە ڕێژەی 1680% زیادیكردوە.بەشێوەیەك :
15هەزار ماڵی بەدڕەوشتی مۆڵەتپێدراو هەیە جگە لە بێ مۆڵەتەكان.تەنها لەشاری ئەستەمبوڵدا 3 هەزار كچ و ژن ئەو كارە دەكەن.كمال اورداك سەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ و تەندروستی جنسی دەڵێت ژمارەی ئەو كەسانەی كە لەبواری بەدڕەوشتیدا كاردەكان دەگاتە 300هەزار كەس لەژن و لە پیاو.
4. تەمەنی خانەنشینی بەدڕەوشتكار بە 60 ساڵ دیاریكراوە بە پێی یاسای توركیا و تائێستاش كاری پێدەكرێت.

 
5. توركیا لەسەر ئاستی دونیادا 14 هەمین وڵاتە كە كاری بەدڕەوشتی تیادا دەكرێت بەناوی گەشتوگوزاریەوە.

 
6. داهاتی ساڵانەی توركیا لەكاری جنسی و بەدڕەوشتیەوە دەگاتە 4 ملیار دۆلار.

 
7. لەساڵی 2002دا 2669 كەس تۆتمەتباركراون بە كاری بەدڕەوشتی و لەساڵی 2007دا بۆتە 4494 كەس و لەساڵی 2011دا بۆتە 8409 كەس.
8. لەوڵاتی توركیای ئیسلامی ئەردۆگان و ئاكەپەدا،بەدڕەوشتكاران لە پیاو و لە ژن بەهۆی زۆری ژمارەیانەوە داواییان كرد كە ((سەندیكایەك))یان بۆ دابمەزرێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لەمافەكانیان بكات.ئەوەبوو لەساڵی 2013دا ئەو ئاواتەیان هاتە دی و سەندیكایەكیان بۆ دامەزرا لەسایەی دەسەڵاتی خەلیفە ئەردۆگانەوە بەناوی((سەندیكای چەتری سوور))وە.

 
* كەچی لە ئێستادا ئەردۆگان و بەناو پیاوە ئاینی و مەلاكانیەوە جیهاد ڕادەگەیەنن دژی كوردی مسوڵمان و سورەتی فەتح لەهەموو نوێژێكی بەیانیاندا دەخوێنن بەدرێژایی هێرشەكەیان بۆ سەر ڕۆژئاوا. بۆیە دەڵێم كورد چەندە دڵسۆز و ساویلكە بوە لەوەرگرتن و جێبەجێكردنی دینی ئیسلامدا بەڵام سەد ئەوەندەش بەناوی دینەوە ئەنفال و جینۆساید و پاكتاوی ڕەگەزی و كیمیاویباران كراوە و قەتڵ و عامكراوە لەسەر دەستی بەناو برا مسوڵمانەكانیەوە.

 
*بۆیە ئەردۆگان هیچ كات ناتوانێت ئیسلامەتی ڕاستەقینە بەكورد بفرۆشێتەوە و خۆیمان لێبكات بە خەلیفە و كوردیش بەكافر.تاوانی كورد تەنها ئەوەندەیە كە خاوەنی دەوڵەت و هێز ودینێكی تایبەت بەخۆی نیە.گەر ئەوانەی هەبوایە سەدانی وەك ئەردۆگانی لەگۆڕدەنا.

 

13/10/2019



وتارەکانی تری نوسەر