ئاگربەستەكەی توركیا–ئەمریكا..لەناو خراپترینەكاندا خراپەكەیانە !

نەوزادی موهەندیس

. دوێنێ‌ 17/10/2019 و لەدوای 5 كاتژمێر كۆبونەوەی چڕ و پڕی نێوان توركیا و ئەمریكادا لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەنێوان مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا و تەیب ڕەجەب ئەردۆگان سەرۆكی توركیا ،لێكتێگەیشتن(( چونكە وەزیری دەرەوەی توركیا ناوی دەبات بە هەڵپەساردنی پڕۆسە سەربازیەكان)) نەك ڕێكەوتنێك كە لە 13 خاڵ پێكهاتوە هاتە ئاراوە،كە ئەم چەند سەرنج و تێبینیانەی لای زۆرێك دروستكردوە بەهۆی نادادپەروەری لەو لێكتێگەیشتنەدا چونكە تەنها لە بەرژەوەندی توركیا تەواو دەبێت نەك كوردەكان و سوریا :

 
1.ئەم لێكتێگەیشتنە لە ڕووی یاسا نێودەوڵەییەكانەوە نەك ناكامڵە بەڵكو زیادەڕەویشە بۆ سەر مافی دەوڵەتی سوریا،چونكە لەنێوان دوو لایەندا سازكراوە كە هیچیان شەڕیان لەگەڵ یەكتردا نیە.ولەجەنگەكەدا دووبەرەی جیاواز و دژ بەیەك نەبوون.
2. توركیا و ئەمریكا لەسەر خاكی یەكتر شەڕناكەن تاڕێكەوتنیش بكەن لەسەر چارەنوسی خاك و وڵات و گەلێك كە هیچ پەیوەندی خوێنی و فیزیكیان پێكەوە نیە.
3. توركیا و ئەمریكا ئەم شەڕە شەڕی ئەوان نیە و بەزۆر خۆیان تێهەڵقورتاندوە بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی خۆیان لەسەر حسابی خەڵك و خاكی ناوچەكە.
4. ئەم لێكتێگەیشتنە لە بنچینەدا دەبوو لەنێوان دوو دەوڵەتی توركیا و سوریادا سازبكرایە وەك ئەو دوو وڵاتەی كە دراوسێن و هەندێك كێشەی ئەمنی و نائارامی لەسەر سنورەكەیاندا هەیە.
5. كوردیش دەبوو لایەنێكی گرنگی لێكتێگەیشتنەكە بوایە بەو سیفەتەی كە یەكێكە لەو هۆكارانەی كە لەلایەك توركیا بەهۆیەوە دەستیوەرداوەتە مەسەلەكە و لەلایەكی تریشەوە جەنگاوەرێكی سەرسەختی جەنگی دژی تیرۆریستان و داعشیەكان بوە لەماوەی 8 ساڵی ڕابووردوودا.
6. ئەوەی كە ئامادەگی نیە لەو لێكتێگەیشتنەدا، كورد و سوریا و ڕوسیایە كە وەك گەورە هاوپەیمانی سوریا وایە و هەر ئەویش بوە هۆكاری ڕێكەوتنی نێوان كوردەكان و سوریا لە 13/10دا و گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ هەندێك ناوچە.
7. ئەم ئاگربەستە دەبێت لەماوەی 120 كاتژمێردا جێبەجێبكرێت،بەڵام ئەوەتا تائێستا توركیا ڕاینەگرتوە،چونكە گەرەكێتی پێش تەواوبونی ئەو ماوەیە بەهەرشێوەیەك بوە گرێ‌ سپی و سەری كانی بگرێت و ئەوكاتیش دەڵێت بەشەڕ گرتومە و مساوەمەی لەسەر ناكات.و مەرجی نوێشی دەبێت بۆ كشانەوە.
8. هاتنە ناوەوەی توركیا بەقوڵایی 20 میل ،هیچ مانایەك بۆ بوون و دەسەڵاتی كورد ناهێڵێتەوە كە ماوەی 8 ساڵە دەسەڵات و ئیدارەیەكی خۆسەری دامەزراندوەو كورد دەبێتە غەریب و توركیاش بەخاوەن ماڵ.
9. وەرگرتنەوەی چەكە قورسەكان لە پەیەدە لەلایەن ئەمریكاوە ،وەكو ئەوە وایە پەیەدە بێ‌ دەست و نینۆك بكرێت و ئیدی بۆ داهاتوو توانای نەك شەڕ بەڵگو بەرگریشی نامێنێت دژ بە توركیا و چەتە تیرۆریستەكانی تر.
10. دروستكردنی ناوچەی ئارام و باڵادەستبوونی توركیا بەتەنها لەو ناوچەیەدا،جارێكی تر مانای بەهێزبوون و جێبەجێكردنی داواكاری و مەرامە گڵاوەكانی توركیایە كە 8 ساڵە بەشەڕ و كوشتار و پشتیوانی لە تیرۆریستان هەوڵی بۆ دەدات.
11. گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ئەو ناوچەیەش خاڵێكی مەترسیدارە،چونكە ئەو ناوچانە زۆربەیان كوردن  و ماونەتەوە ،بۆیە گەڕانەوەی عەرەب و توركومان و..هتد.بەناوی ئاوارەوە مانای لەدەستدانی خاك و ئاوی كوردانە بۆ هەتاهەتاییە.
12. ئەم ڕیكەوتنە تەنها خاڵێكی پۆزەتیفی تیادایە بۆ كورد ئەویش ئەوەیە كە جەنگەكە ڕادەوەستێت و كوشتار و ئاوارەبون و ماڵوێرانی نامێنێت كە بۆ كورد ئەم خاڵە گرنگە.
13. ئەم لێكتێگەیشتنە ڕووی ڕاستەقینەی توركیا و ئەمریكای دەرخستەوە كە تەنها لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا هەوڵدەدەن نەك كورد و ئاشتی و ئارامی ناوچەكە.چونكە ئەمریكا گەرەكێتی لەسوریادا بمێنێتەوە و نایەوێت توركیاش لەدەستبدات و توركیاش ئارامی سنورەكانی و مانەوەی لەناتۆدا لا گرنگترە و سزا ئابوریەكانیشی لەخۆی دوورخستەوە وئەوەشی ویستویەتی بەدەستیهێناوە دژ بە كوردەكان كە لە جەنگدا نەیتوانی وەدەستیبهێنێت.
14. ئەو دوولایەنەی كە دەبوایە ئامادەگی جدیان هەبوایە،كوردەكان و سوریا بوون،هەردوولایان بەشێوەیەك لەشێوەكان ڕازین  یان دوودڵ و نیگەرانن بەو لێكتێگەیشتنە، چونكە هیچیان دەسەڵاتی ڕەتكردنەوەیان نیە ،كەواتە ئیتر لایەنەكانی دەرەوەی هاوكێشەكە بۆیان نیە قسەی لەسەر بكەن.چونكە بەدڵنیایی ڕاوێژ و پرسیان پێكراوە لەمیانەی ئەو 5 كاتژمێر دانوسانانەدا.
- لە كۆتاییدا،ئایندە زامنی دەركەوتنی ڕاستیەكانی ترە و دەرخەری ئەوەشە چ لایەنێك سەركەوتوو چ لایەنێكیش شكستخواردوە.ئەوەی بەلای ئێمەی كوردەوە گرنگە كە كورد تاچەند سەركەوتوە و پارێزراوە،لەكاتێكدا لەو دۆخەدا كورد لەمەی زیاتر پێنەدەكرا ،چونكە یان دەبوایە شەڕ و كوشتار و ماڵوێرانی و ئاوارەبون و داگیركاری بەردەوام بوایە  لە كاتێكدا كە دۆستێكی ڕاستەقینە بۆ كورد پەیدا نەبوو دژ بە توركیا،یان ڕازیبون بەم ڕێكەوتنە نادادپەروەرە بوایە.كە ڕازیبونیش وەك خواردنەوەی پیاڵە ژەهرێكە بەڵام هیچ ڕێگە چارەیەكی تریش نەبوو.ئومێدیش بە ئایندە نابڕێت وگرنگ لەم چركە ساتەدا ئەوەیە كە باهەنگاوی یەكەم شەڕ ڕابوەستێت ،ئیدی مەرجیش نیە هەموو خاڵەكانی تر وەكو خۆیان جێبەجێبكرێن لەسەر زەمینەی واقع.چونكە هەر لە ئێستاوە و لناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكەدا ناڕۆشنی زۆر هەیە و ڕای جیاوازیش هەیە لەنێوان ئەمریكا و توركیا بۆخۆشیان،و هێشتاش قسەی كۆتایی لەگەڵ ڕوسیادا نەكراوە كە ڕەنگە لەسەردانەكەی ئەردۆگان بۆ ڕوسیا و كۆبونەوەی لەگەڵ پۆتیندا لە سوشی لە ڕۆژی 3 شەممە 22/10/2019دا گەلێك گۆڕانكاری نوێ بێنە ئاراوە كە چاوەڕوان نەكراون،چونكە ڕوسیاش بەئاسانی دەست لەمافەكانی خۆی هەڵناگرێت لە سوریادا و وەك تەماشاكەرێكیش نامێنێتەوە و لانی كەم دەتوانێت ڕێگری بۆ ئەو لێكتێگەیشتنە دروست بكات یان پەكی بخات و سەرلەبەری قڵپ بكاتەوە.كە هەموو ئەمانە گریمانەن و ڕاستیە موجەڕەكان تەنها ئەو لایەنانە دەیزانن كە شاراوە و نادیارن ،هەرچەندە سپاردنی قەدەر لە سیاسەتدا بەنادیار كارێكی هەڵەیە بەڵام كوردەكانی ڕۆژئاواش دوای 9 ڕۆژ لە مقاوەمەت و بەرخۆدانی بێوێنە هەرئەوەندیان لەتوانادا بوو. 

 

20/10/2019



وتارەکانی تری نوسەر