عێراق, چۆن دەتوانێت لەم دۆخەی ئێستای خۆی ڕزگار بكات؟

نەوزادی موهەندیس

ماوەی زیاتر لە 1 مانگی تەواوە گەلانی عێراق و بەتایبەتیش شیعە مەزهەبەكانی لە 10 پارێزگای عێراقدا لە ناوەڕاست و باشوور بە بەغدادی پایتەختیشەوە ڕژاونەتە سەر شەقام و گۆڕەپانەكان و خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر تەنها 16 ساڵی سەركردە و حیزبە سیاسیە شیعە مەزهەبە دەستڕۆیشتوەكانی خۆیان،نەك سونە مەزهەبەكانی وەك پێشتر لەسەردەمی حیزبی بەعسدا.ئەم دەسەڵاتدارە نوێیانەی عێراق كە لەساڵی 2003وە بونەتە حوكمڕانانی عێراق و گەلەكەی وەك حیزبی بەعس و صدامیەكان جەنگی ماڵوێرانی دەرەكیان هەڵنەیساندوە دژی دراوسێكان و بەناویش حوكمڕانیەكی دیكتاتۆری تاكڕەوی خۆسەپێنیش نەبوون وەك بەعسیەكان و بەهەزاران كەسیشیان لە بەندیخانە و لەژێر ستەم و وزوڵم و چەوساندنەوەدا قاتوقڕ نەكردوە و سونە و كوردەكانیشیان لانی كەم ئەنفال و كیمیاباران نەكردوە،بەڵام لە بەعسیەكان خراپتریان پێكردوون،ئەوەتا ماوەی 16 ساڵی ڕێكە گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامانی وڵات بەهەدەر دەدەن و لە ململانێ‌ ناڕەواكانی دەوڵەتانی دراوسێدا بەهەدەری دەدەن و لەناوخۆشیاندا دابەشیدەكەن و تەنهاو تەنها خزم و كەسوكار و ئەڵقەلەگوێكانی خۆیان لێی سوودەمەندبوون،هەروەها پلەو پۆست و ئیمتیازاتەكانیش وەك برابەش و بە پشكپشكێنەی مەزهەبی لەناو خۆیاندا دابەشی دەكەن و تەنانەت كڕین و فرۆشتنیشیان پێوە دەكەن،ئەوەتا وڵاتیان بەرەو كاولكردن و وێرانە بردوە  لەڕێگەی هەڵایسانی شەڕی ناوخۆیی نێوان نەتەوە و ئاین و مەزهەبە جیاوازەكانی كۆمەڵگای عێراقەوە و یەك پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیان جێبەجێنەكردوە، ئەوان نەیاتوانیوە كە تەنانەت خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان  لەدابینكردنی ئاو و كارەبا و سووتەمەنی و ڕێگاوبان و  جێگەی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان دابینبكەن، ئەوان نایانەوێت یان ڕێگە نادرێت پێیان وڵات لە قەیرانی دارایی و سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی ڕزگاریی ببێت، شیعە باڵادەستەكان بونەتە هۆی بێكاری و هەژاری و نەخوێندەواری و دواكەوتن و گەڕانەوەی كۆمەڵگا و شارستانیەتی عێراقی بە دەیان ساڵ بۆ دواوە. عێراقێكی دەوڵەمەند بەنەوت و سەرچاوە سروشتیەكان و بە ئاو خاكێكی بەپیت و بەرەكەت كەچی نە كشتوكاڵ ئاوەدانە و نە پیشازی لەگەشەدایە و نە گەشتوگوزار بۆتە سەرچاوەی داهات. بەم شێوەیە ئەوەی شیعە دەستڕۆیشتوەكانی عێراقی نوێ‌ بەگەلان و كۆمەڵگای عێراقیان كردوە ،صدام و بەعسیەكان لەماوەی نزیكەی 30 ساڵدا بە عێراق و گەلانی عێراقیان نەكردوە.هەرلەبەر ئەم هۆیانەیە كە گەلانی عێراق چیدی ناتوانن بەرگەی ئەو هەموو گەندەڵی و نادادپەروەری و  بێكاری و بێخزمەتگوزاریە بگرن و وەكو كۆمەڵگا دواكەوتوو و هەژارەكانی كیشوەری ئەفریقیا بژین لەكاتێكدا لەسەر دەریایەك نەوت دەژین.
لەئێستادا و دوای ئەم مانگە كە بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق مانگێكی پڕ مەترسی و ڕوخێنەر بوو،كەوتونەتە خۆ و هەموان لێكنزیكبونەتەوە بۆئەوەی ڕێگە چارەیەك بدۆزنەوە بۆ داواكاریە ڕەواكانی جەماوەری توڕە و زویری عێراق،بەڵام هێشتاش نەیانتوانیوە كە بەرچاویان ڕوون بێت كە چی بكەن و بە چ ئاڕاستەیەك هەنگاو بنێن بۆ هێوركردنەوەی جەماوەر. چونكە لەلایەك نیەتی ڕاستگۆیانەیان نیە بۆ چارەسەركردن و لەلایەكی تریشەوە هەموان لەخەمی پاراستنی سەروەت و سامانی كۆكراوەی حەرام و بەدزی پەیداكراوی 16 ساڵەی خۆیانن، هەروەها لەبەرئەوەی بڕیارەكانیشیان لەدەرەوەی سنورەكانی عێراقەوە پێدەگات و بەسەریاندا دەسەپێنرێت تەنانەت توانای بیركردنەوە و بڕیاردانیشیان نەماوە.عێراق لە ئێستادا هیچ سەروەری و پارێزگاریەكی نەماوە لەسایەی ئەم دەسەڵاتدارە گەندەڵ و مشەخۆرانەی ئێستاوە،و وەكو دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریش لەلایەن وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكانیشەوە مامەڵەیەكی هاوسەنگ و ڕێزداری لەگەڵدا ناكرێت،و بۆتە گۆڕەپانێكی كراوە بۆ یەكلایكردنەوەی ململانێكانی وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەریەكەشیان بەپێی بەرژەوەندیەكانی خۆیان عێراق و خاك و گەلان و سەروەت وسامانەكەی بەكاردێنن.
جا پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە ئایا ،دوای ئەم مانگە پڕ مەترسیدارە و بەردەوامبونی خۆپیشاندانەكانیش،عێراق چۆن دەتوانێت كە خۆی ڕزگاربكات لەم دۆخەی ئێستای ؟ چۆن دەتوانێت جەماوەری ناڕازی هێوربكاتەوە؟
گرنگە ئەو ڕاستیە بزانین كە خۆپیشاندانەكانی عێراق سەرەتا خۆپیشاندانێكی جەماوەری و خۆڕسك و ڕەوایەتی تەواویان هەبوو،چونكە هیچ سەركردە و لایەنێكی سیاسی لەپشتیانەوە نەبون و دەستیان وەرنەداوەتە ناویان،بەڵام بەهۆی لە ئێستادا و دوای درێژەكێشانی و سووربونی حكومەتیش لەسەر مانەوەی،ئەوا بە ئاشكرا دەستێوەردانە دەرەكیەكان لە ئێران و توركیا و سعودیە و ئەمریكا و وڵاتانی تریش هەستیان پێدەكرێت،بۆیە لە ئێستادا داواكاریە سادە و سەرەتاییەكانی جەماوەری خۆپیشاندەر لە نەمانی گەندەڵی و بێكاری و بوونی خزمەتگوزاریەكانەوە گۆڕاون بۆ دەستلەكاكێشانەوەی حكومەت و هەڵوەشانەوەی پەڕلەمان و چێكردنی هەڵبژاردنی پیشوەختە و هەمواركردنەوەی دەستور و  یاسای هەڵبژاردنەكان و گۆڕینی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان،كە هەموو ئەم داواكاریانە داواكاری سیاسی و حیزبی و سەركردەی سیاسین نەك تاكێكی ڕاپەڕیووی سادەی توڕە و زویر لە دەسەڵات.
هەربۆیە بۆئەوەی كۆتایی بەم خۆپیشاندانانە بێت و عێراقیش بگەڕێتەوە پێش دۆخی خۆپیشاندانەكان و داواكاریە ڕەواكانی جەماوەریش بێنە دی،پێویستە  هەڵبژاردنێكی پێش وەختەی پاك و خاوێن ئەنجامبدرێت لەسایەی كۆمسیۆنێكی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و لەسایەی یاسایەكی نوێی گونجاوی هەڵبژاردنەكان و ئەوكاتیش پەڕلەمانێكی نوێ‌ بێتە ئاراوە و دواتریش حكومەتێكی تەكنۆكراتی خاوەن ئەزمون وشارەزایی و نەزیه پێكبهێنرێت لەكەسانێك كە لەماوەی ئەم 16 ساڵەی ڕابووردوودا بەشداریان لە هیچ پۆستێكی باڵای حكومەت و پەڕلەماندا نەكردبێت.و دەستیان سوورنەبێت لە كوشتنی گەلانی عێراقدا و بە تۆمەتی گەندەڵی و سیخوڕٍیكردن بۆ وڵاتانی تر و خیانەتە لە ئەمانەت و نیشتیمان تۆمەتبار نەكرێن.
حكومەتێك بێت ڕێز لە یاسا و دەستور و مافەكانی مرۆڤ و ئازادی و سیستەمێكی حوكمڕانی دیموكراسیەت و ڕێز لە بنەمای پێكەوەیی بگرێت،حكومەتێك بێت تەنها خەمی ئاوانكردنەوەی وڵات و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان بێت،حكومەتێك بێت پشت ئەستور بێت بە متمانەی تەواوی گەلانی عێراق و هەوڵی دادپەروەری و چەسپاندنی ئۆرگانەكانی حكومڕانێتیەكی ڕاشد بدات.حكومەتێك بێت دژی گەندەڵی و قۆرخكاری و پاوانخوازی بێت،حكومەتێك بێت دژی بنەماكانی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی توندڕەو بیرتەسك بێت و ببێتە حكومەتی هاوڵاتی و یاسا و دەستور.حكومەتێك بێت بنەمای یەكسانی و وەكیەكی لە ماف و ئەركدا  بۆ سەرجەمی هاوڵاتیان بە نەتەوە و ئاین و مەزهەبە جیاوازەكانیانەوە دابینبكات.حكومەتێك بێت ببێتە خاوەن بڕیاری عێراقیانەی سەربەخۆ خۆی بێت نەك لە پاشكۆ و فەلەكی بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكاندا بسوڕێتەوە،حكومەتێك بێت توانا مادی و مرۆیی و سروشتیەكانی عێراق تەنها لەبەرژەوەندی عێراق و كۆمەڵگای عێراقدا خەرجبكات نەك لە شەڕ و كاولكاری و جەنگدا و هیچكاتیش نەچێتە نێو هاوپەیامانێتیە سەربازی و ئەمنیەكانەوە و داهات و سەروەت و سامانی عێراق بەهەدەربدات و جەنگی لەجێگەی  هیچ وڵات و لایەنێكی تر نەكات.
تەنهاو تەنها بەم ڕێكار و هەنگاوانە عێراق دەتوانێت ببێتە جێگە متمانەی هاوڵاتیان و گەڕانەوەی بۆ شاڕێگای ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن و بەهێزبونەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیشدا.
 

30/11/2019



وتارەکانی تری نوسەر