جیهان لەساڵی 2020وە لەبەردەم ڕاوەستانی گەشەی ئابوریدا دەبێت!

نەوزادی موهەندیس

لەڕۆژانی 5-6/12/2019دا لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمساو لەبارەگای سەرەكی ڕێكخراوی وڵاتانی ئۆپیك كۆبونەوەی 177 هەمینی وەزیرانی نەوتی خۆی سازدا و دواتریش لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنی دەرەوەی ئۆپیكدا كۆبونەوە(( كە بریتین لە ڕوسیا و ژمارەیەك وڵاتی تری بەرهەمهێنی نەوت)).
ئەم كۆبونەوانە بەمەبەستی زانینی:
1.ئایندەی نرخەكانی نەوت.
2.توانای خستنەبازاڕ و داواكاری لەسەر نەوت.
3.چارەنوسی ڕێكەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەم.
ئاشكرایە كە جیهان ماوەی 5 ساڵە و لەنیوەی ساڵی 2014 بەدواوە ڕووبەڕووی قەیرانێكی دارایی توندبوەوە بەهۆی دابەزینی لەناكاوی نرخەكانی نەوت لە بازاڕاكانی جیهاندا لە نزیكەی 115دۆلارەوە بۆ 27 دۆلار،كەئەم دابەزینە گەورەیە كاریگەری گەورەی كردە سەر داهات و بودجە و پلان و ئابوری و بازاڕی تەواوی جیهان بە دەوڵەمەند و هەژارەكانیشەوە، بەخاوەن نەوت و بێ نەوتەكانیشەوە،بە بەرهەمهێنەرەكانی نەوت و بە بەكارهێنەرەكانیشەوە،چونكە نەوت و غازی سروشتی دوو سەرچاوەی گرنگی وزەن لەجیهان و بزوێنەری ماكینەی پیشەسازی و ئابوری هەموو جیهان و بەتایبەتیش وڵاتە گەورە پیشەسازیەكانن،ئیدی لەو كاتەوە و تاكو ئێستا ئەو قەیرانە دارایی و ئابوریە كە تەنها هاوشێوەكەی لەساڵی 1929وە و بەتێپەڕبوون بە دەساڵی سیەكان و تا سەرەتای چلەكانی سەدەی بیستەمی خایاندوە و لە ئەمریكاوە سەریهەڵداو و بە داڕمانی گەورە ناویدەبرێت ڕوویداوە ،بەرۆكی جیهانی بەرنەداوە و هەریەكە بەشێوەیەك دەتلێتەوە بەو قەیرانەوە و توشی چەندین گرفتی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیش بونەتەوە،چونكە ئەم قەیرانە بۆتە هۆكاری سەرهەڵدانی چەندین دیاردەی زیانبەخش لە گەندەڵی و بێكاری و هەڵاوسان و دابەزینی نرخی دراوەكان و گرانبوونی كاڵاو بازاڕ و ڕاوەستانی گەشەی ئابوری و بازرگانی وهەژاری و نەخۆشی و زیادبونی تاوان و تێكچوونی باری ئەمنی و كۆمەڵایەتیش.
ئاشكرایە گەلێك هۆكار بونەتە هۆی ئەم قەیران و دابەزینی نرخانەی نەوت لەوانە:
1. زیادەی بڕی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا و كەمی داواكاری بۆ كڕینی.لەئێستادا هەردوو وڵاتی بەڕازیل و نەرویج بونەتە دوو بەرهەمهێنی گەورەی نەوت و بڕێكی زۆر نەوت دەخەنە بازاڕەكانەوە.
2. ڕاوەستانی گەشەی ئابوری و پیشەسازی لەجیهاندا و بەتایبەتیش لەهەردوو وڵاتی چین و هندستاندا.
3. زۆربوون و كەڵەكەبوونی بڕی یەدەگی نەوتی هەڵگیراوی ئەمریكا.
4. سەرهەڵدانی جەنگ و ململانێكان لەناوچە جیاوازەكانی جیهاندا.
5. ململانێ‌ بازرگانیەكانی نێوان ئەمریكا و چین.
6. دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین لەلایەن ئەمریكاوە.
بەهەمان شێوەش ،ئەو لایەنانەی كە كۆنتڕڵی بازارەكانی نەوتی جیهانی دەكەن و دەتوانن كاریگەری بخەنە سەر بەرهەمهێنەرەكان و نرخەكانیش بریتین لە 3 لایەنی سەرەكی كە بریتین لەهەریەكە لە (( ئەمریكا و ڕووسیا و ڕێكخراوی ئۆپێك ))، وەك 3 لایەنی گەورەی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا.هەربۆیەش تێكچوونی پەیوەندی نێوان ئەم 3 لایەنە یان ململانێ‌ سەربازی و بارزگانی و سیاسی و ئابوریەكانیان كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بازاڕەكانی جیهان.و هەریەكەشیان لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و دەسكەت و داهاتی خۆیەوە دەڕوانێتە مەسەلەكە و هەوڵدەدات كە بەقازانجی خۆی بازاڕەكان ئاڕاستە بكات.
هەربۆیەش ڕێكخراوی ئۆپێك و ڕوسیا و هاوپەیمانەكانی لەساڵی 2017وە كەوتنە خۆ بۆ ئەوەی بەرگری لە زیاتر دابەزینی نرخەكانی نەوت بكەن بۆئەوەی زیاتر زیانیان پێنەگات،لەو پێناوەشدا ڕێكەوتن كە پێكەوە بڕی 1200هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە لەبەرهەمیان كەمبكەنەوە بۆئەوەی بڕی نەوتی هەبوو لە بازاڕەكاندا كەمبكەنەوە و نرخەكان هەڵكشان بەخۆوە ببینن،خۆشبەختانەش دوای ئەو ڕێكەوتنەی ئۆپێك و ڕوسیا كە لە ئێستادا بە (( ئۆپیك +)) ناسراوە بەری گرت و نرخەكان بەباشی بەرزبونەوە تەنانەت گەیشتە سەروو 70 دۆلارەوە لە 30دۆلاری ساڵی 2015وە.بۆیە دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ئەو ڕێكەوتنەدا درێژەیان پێداو ،و ئەم ڕێكەوتنەش بەدرێژایی ساڵی 2019 و تا مانگی 3/2020 كاریپێدەكرێت.و لەو ماوەیەشدا نرخەكان لەنێوان 50 -65 دۆلار هەڵكشان و داكشانیان بەخۆوە بینی.
لە ئێستاشدا و لەدوای ئەو كۆبونەوانەی دوو ڕۆژی 5 و6/12/2019وە لەكۆتایدا هەردوولا ((ئۆپیك+)) گەیشتنە ڕێكەوتن بەم جۆرە:
بڕی 503 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی تر كەمبكەنەوە.كە بەمەش  كۆی بڕی نەوتی بەرهەمی كەمكراوە دەگاتە 1703 هەزار بەرمیل ،چونكە پێشتر بڕی 1200هەزار بەرمیل كەمكرابۆوە كە تامانگی 3/2020 ئەم ڕێكەوتنە كاری پێدەكرێت.
كەمكردنەوەكەش بەم شێوەیە دابەشكراوە: 372 هەزار بەرمیل ئۆپیك كە(( هەریەكە لە ئێران و لیبیا و فەنزەوێلا))هەڵاوێردكراون لەكەمكردننەوەكە.و پشكی دەرەوەی ئۆپیكیش بریتیە لە 131 هەزار بەرمیل نەوت.وابڕیاریشە كە لە ڕێكەوتی 1/1/2020وە جێبەجێبكرێت.
وەزیری نەوتی سعودیە ((عبدالعزیز كوڕی شا سەلمان ))ڕایگەیاند كە سعودیە بەتەنها بڕی 167هەزار بەرمیل نەوت كەمدەكاتەوە،وەزیری نەوتی ڕوسیاش ((ئەلكسندەر نۆڤاك))ڕایگەیان كە ڕووسیاش كۆی بڕی 300هەزار بەرمیل نەوت كەمدەكاتەوە.و بڕیاریشە جارێكی تر لە 5-6/3/2020 كۆببنەوە  بۆ بەسەرداچونەوەی چۆنێتی جێبەجێكردنی ئەم ڕێكەوتن و بڕیارانە.
ئاشكراشە كە دوو وڵات لەناو ئۆپێكدا خاوەن سەنگ و قورسایی و بڕیاری یەكلاكەرەوەن كە بریتین لە هەریەكە لە سعودیە و ڕوسیا  و هەردوولاش بە خۆشی بێت یان لەڕێگەی فشارەوە بێت گەرەكیانە كە نرخەكانی نەوت زیاتر دانەبەزێت.هەركاتێكیش هەر وڵاتێك پابەند نەبێت بەبڕی كەمكراوە ئەوا سعودیە بە سانایی دەتوانێت بڕی نەوتی پێویست بخاتە بازاڕەوە.بۆ جێگیری و هاوسەنگ ڕاگرتنی بازاڕەكانی نەوت.
ئەنجامی كۆبونەوەكە:
1.لەساڵی 2020دا نرخەكانی نەوت بەرز دەبێتەوە یان لانی كەم لەم نرخانەی ئێستادا دەمێنێتەوە كە لە نێوان 50-65 دۆلاردایە.
2.بەرزبونەوەی نرخی نەوت و كەمكردنەوەی بڕی بەرهەم ئەمریكای نیگەران كردوە.گەرەكێتی كە نرخەكان لە 50 دۆلار زیاتر نەبن.
3.سعودیە و ڕوسیا هاوپەیمانی یەكترن بۆ ئەم كەمكردنەوەیە و گەرەكیانە نرخەكان لە نێوان 60-70 دۆلاردا جێگیر بن.
4.عێراقیش وەكو دووەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوت بەبڕی 4462 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ڕۆڵی گەورە و دەسكەوتی گەورەشی دەبێت.و وەك وەزیری نەوتی عێراق ((پامر غچبان))ڕایگەیاندا لە ئێستادا عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بڕی 4513 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە بەرهەمدێنێت.
پێشبینیەكان بۆ ساڵی 2020 و دواتری بازاڕەكانی نەوتی جیهانی:
1.پێشبینی دەكرێت كە داواكاری لەسەر نەوت لە ساڵی 2025وە كەمبكات بەهۆی بەكارهێنان و بەرهەمهێنانی ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلی كارەبایی كە چیدیكە ئەو ئۆتۆمبێلانە پێویستیان بە سووتەمەنی هەڵهێنجراو نابێت كە لە ئێستادا 330 ملیۆن ئۆتۆمبێل بەرهەمهێنراوە كە دەبێتە هۆكاری بەكارنەهێنانی بڕی 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
2.پێدەچێت لەساڵی 2020دا نرخەكانی نەوت زیاتر دابەزن بۆ خوار 50 دۆلارەوە.بەهۆی خاوبونەوەی زیاتری گەشەی ئابوری و زیادبونی بڕی بەرهەمەوە.
3. نرخی50 دۆلار بۆ 1 بەرمیل نەوت زۆر نزمە و زیان دەگەیەنێت بە ئابوری و بودجەی زۆرێك لە وڵاتان.
4. زۆرێك لەوڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت پابەند نابن بەبڕی دیاریكراوی بەرهەمەوە.
5. وەك ئاژانسی وزەی جیهانی ڕایگەیاندوە،لە 10 ساڵی ئایندەدا ئەمریكا و عێراق و بەڕازیل دەبنە گەورەترین بەرهەمهێنی نەوت لە جیهاندا.
بەم شێوەیە،ساڵی 2020 ودواتریش سەرەتایەكی مەترسیدار دەبێت بۆ بازاڕەكانی نەوتی جیهانی و تەواوی ئابوری جیهان و،جیهان بەگشتی ڕوو لە پاشەكشەی گەشەی پیشەسازی و ئابوری و پێشكەوتن و گەشەكردن دەكات و بەمەش هەموان زیانیان پێدەگات و ئەو وڵاتانەی كە هەژارن و خاوەن نەوت نین زیاتر ڕووبەڕووی هەژاری و بێكاری و هەڵاوسان و دواكەوتن دەبنەوە.بۆیە گەرەكە هەموو وڵاتان لەجیاتی تاكە سەرچاوەی داهاتیان كە نەوت و غازی سروشتیە ڕووبكەنە سەرچاوەكانی تر لە كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و وەبەرهێنان و سەرچاوە مرۆییەكان و ..هتد.بەهیوای ئەوەی مرۆڤایەتی و كۆمەڵگای جیهانی چاوەڕوانی ئایندەیەكی گەشتر و ڕوونتر بكات.
 

10/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر