دیموكراسی‌و ئازادی..دوو چەمكی نامۆ بەكۆمەڵگا ئیسلامی‌و ڕۆژهەڵاتیەكان!

نەوزادی موهەندیس

سیستەمی حوكمڕانی دیموكراتی لەگەڵ ئەوەی مێژوویەكی دێرینی هەیە لەدەستپێك و پیادەكردنیدا كە دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان و ئیغریقی كۆنی پێش زاین لە ئەوروپای كۆن و دواتریش هەڵكشان و چەسپاندنی و گەشەكردنی لەگەڵ قۆناغەكان و پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگاكاندا و تێپەڕاندنی سەدە تاریكەكانی ناوەڕاستی ئەوروپیەكان و دواتریش سەرهەڵدانی بزاڤە ئازادیخواز و ڕۆشنگەریەكان و هەڵكەوتنی چەندین بیرمەندی كۆمەڵایەتی و لێكدانەوە و تێگەیشتن و تێڕوانینە نوێكانیان بۆ كۆمەڵگا و چۆنێتی حوكمڕانی و هەڵبژاردن و مافە یاسایی و دەستوریەكان و دواتریش نوسینەوەی دەستورەكان و جیاكردنەوەی دین لە دەوڵەت و دواتریش هاتنی سەدەی هەستانەوە و شۆڕشی پیشەسازی و داهێنانە نوێكانی ئەوكات لە بواری پیشەسازیدا ، بەرودواش سەرهەڵدانی بیری نەتەوایەتی و بزوتنەوە ڕزگاریخوازەكان و شۆڕش و ڕاپەڕینە جەماوەریەكان دژ بە دەسەڵاتە بنەماڵەیی و پاشا و خانەدان و قەیسەرو تاكڕەوەكانی ئەو سەردەمانە و  هێنانە كایەی جۆرێكی تر لە حوكمڕانی بەناوی پاشایەتی دەستوری و لە قاڵبدانی دەسەڵاتەكانی پاشاكان و دواتریش سیستەمی حوكمڕانی كۆماری كە تائێستاش بەردەوامە. ئەم كاروانی سەرهەڵدان و گەشەكردنەی دیموكراتیەی ئەوروپیەكان كە لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی دونیای گرتۆتەوە نزیكەی 3 هەزار ساڵێكی خایاندوە كە مێژوویەكی كەم وكورت نیە، هەربۆیە دیموكراتی و مافەكانی تاك و گروپ و كۆمەڵ و حیزبە سیاسی و ڕێكخراوە پیشەی و دیموكراتیەكان گەشەی باشیان كردوە و لە قۆناغی خەمڵین دەربازبوون و لە ئێستادا گەیشتونەتە لوتكەی پێگەیشتن چونكە ئەو سیستەمی حوكمڕانیە بۆتە كەلتور و سلوكی ڕۆژانەی تاك و كۆمەڵگا و سەركردە و حیزبە سیاسیەكان و بۆتە مایەی پێشكەوتن و داهێنانی سەرسوڕهێنەر و مایەی دابینكردنی سەرجەم پێداویستیە مادی و خۆشگوزەرانیەكانی ژیان،گەرچی لێرەو و لەوێش هەندێكجار زیادە ڕەویشی تیادا كرابێت،بەڵام بۆتە مۆدێلكی سەردەم و زۆرینەی كۆمەڵگاكان لێیڕازین و دەستیان پێوەگرتوە و لێشی پەشیمان نین و ناشبنەوە.

 
لەبەرامبەردا و لە كۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەكان بەگشتی و بەتایبەتیش كۆمەڵگا عەرەبی و ئیسلامیەكان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێكی زۆری ئاسیا و كیشوەری ئەفریقیاش هێشتا و لەگەڵ ئەو هەموو دەسكەوت و سیماو ناوەرۆِكە جوان و گەشاوەیەی سیستەمی دیموكراتی و ئازادیەكانی تاك و گروپەكان لە ئەوروپا و ئەمریكادا، گەرچی سەركردە و بنەماڵە دەستڕۆیشتوەكان بۆ خۆیان شاگەشكەی ئەو مۆدێلە و داهێنان و پێشكەوتنەكانیانن و زۆربەی ژیانیان لە كەیف و سەفا و گەشتوگوزاری ئەو وڵاتانەدا بەسەر دەبەن بە پارەی دزراوی میلەتەكانیان ،كەچی هێشتاش نەیانتوانیوە گەرچی بەشێكی كەمیش بێت لە چەمكی دیموكراتی ڕاستەقینە تێبگەن و لەسەر زەمینەی واقیع لە دەستور و یاسكانیاندا جێگەی ڕاستگۆیانەی بۆ بكەنەوە و لانی كەم هێواش هێواش لەئاستی دەسەڵات و ئۆرگانەكانی حوكمڕانی و نوخبەی دەستەبژێری دەسەڵاتەكاندا پیادەی بكەن و لێشگەڕێن بە شێوەیەكی سروشتی و دوور لەهەڵپە و پەلەكردن و گەشەبكات و لە مەنهەجی خوێندن و پەروەردەی نەوەكاندا تۆخیبكەنەوە و بۆئەوەی ببێتە كەلتور و بەشێكی دانەبڕاوی كردار و گوتاریان و ببێتە جێگەی ڕەزامەندیان لەتەمەنێكی منداڵیەوە بۆئەوەی لەماوەیەكی كەمی 2-3 نەوەی دوابەدوای یەكدا لانی كەم بتوانرێت هەنگاوێكی باش بەرەو چەسپاندن و تێگەیشتنی زیاتر و پێشخستنی زیاتری چەمك و بنەما و ڕێچكە و ڕێبازەكانی دیموكراتی بخەمڵێت و بتوانرێت لەسایەی ئەو ڕچە و ڕێبازەدا كەمێك نزیك ببنەوە لە كۆمەڵگا پێشكەوتوەكانی ئەوروپا و ئەمریكیەكان.

 
بەڵام بەداخەوە دەستەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە لەلایەك بەتوندیەكی شێتانە دەستیان گرتوە بە چەمكە كۆن و سواوەكانی دین و دابونەریتی سواو و زیانبەخشەكانی باو وباپیران و بە كۆمەڵە چەمك و بەهایەكی پیرۆز و لەبن نەهاتویان دادەنێن و لادان لێیان بەتاوان دادەنێن و سزای زۆر قورسیشیان بۆ داناون ، لەلایەكی تریشەوە تەنانەت گەر هەنگاوێكی بچوكیشیان نابێت بۆ پیادەكردن و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراتی و ئازادیەكان و مافەكانی مرۆڤ و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانی ڕەگەزی و بنەمای هاوڵاتیبوون و سەروەربونی یاسا،بەڵام هەموانیان تەنها بۆ جوانكردنی سیما ناشرینەكانی دەسەڵاتەكانیان بوە نەك بۆ پیادەكردنیان، چونكە ئەوان بەهەڵگەڕاوەی لەو گوتە كۆنە سواوە تێگەیشتون كە لەلایەن تاكڕەوەكانی كۆنەوە گوتراوە كە دەڵێت ((بەچانسترین یان خۆشبەخترین سەركردە و ڕابەر ئەو كەسەیە كە كۆمەڵگایەكی مەڕ ئاسای هەبێت)) لەپێناو درێژەدان بەتەمەنی حوكمڕانی و تاكڕەوی و قۆرخكردن و دزین و گەندەڵی لەسەروەت و سامانی میلەت و وڵاتدا.دەبێت سەركردە و دەستڕۆیشتوە گەندەڵەكانی ئەم ناوچانە لەوە تێبگەن تاسەر حوكمڕانی لەو شێوەیەیان بۆ ناچێتە سەر و ڕەوڕەوی مێژووش چاوەڕاونی ئەوان ناكات و كاروانی پێشكەوتن و داهێنانەكان لەئێستای دونیای بەجیهانبوون و كاڵبونەوەی سنورە دەستكردەكان و ڕووخاندنی دیواربەندە پۆڵاینەكان نەماوە و تاك بەتاك و كۆمەڵگا بەكۆمەڵگا هوشیارتر و بوێرتربوون بۆ داواكردنی مافەكانیان،زیندووترین نمونەش ڕاپەڕینە جەماوەریەكانی بەهاری عەرەبی و ناوچەكە و دونیاش بوو لەساڵی 2011 بەدواوە و كە تاكو ئێستاش بەردەوامیان هەیە لە عێراق و لوبنان و جەزائیر و ئێران و توركیا  و ..هتد. گەرچی زۆرێكیان بونە مایەی جەنگی ئەهلی و ماڵوێرانی و كاولبوونی وڵات و كۆمەڵگاكانیان و بەنەبەكامی ماونەتەوە و نەیانتوانیوە یان لێنەگەڕاون بگەنە دوا ئامانجی ڕاستەقینەی خۆیان لە گۆڕانكاری و نوێبونەوە و چێكردنی كۆمەڵگا و دەسەڵاتێكی دیموكراتیك و میللی و خۆشگوزەران دوور لە تاكڕەوی  سەركردە و بنەماڵەكان و گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامانی وڵاتەكانیان.كەواتە باشتروایە بۆ سەركردە نانیشتیمانی و نا نەتەوەیەكانی عەرەب و ئیسلام و ناوچەكەش كە ڕووی ڕاستگۆیانە بكەنە سیستەمی حوكمڕانی دیموكراتیكی ڕاستەقینە كە لەسایەیدا دەتوانن هەم خۆیان و دەسەڵاتەكەیان گەشەپێبدەن و هەم كۆمەڵگا و تاكەكانیش  لە كۆمەڵگا و تاكێكی بێبەرهەم و مشەخۆر و نەخۆش و دواكەوتوو و هەژار و بێكارەوە بگۆڕنەوە بە تاك و كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و داهێنەر و پڕ بەخشش و بەمەش دەكرێت گۆڕانكاری لەهاوكێشە لاسەنگە مێژوویەكەی نێوان ڕۆژهەڵاتی دواكەوتوو پاشكۆ و ڕۆژئاوای ئیستیعمار و پێشكەوتوو داهێنەردا بێتە ئاراوە یان لانی كەم ببێتە سەرەتای ڕێگا و كاروانە مێژووە دووردرێژكەی  بەیەك گەیشتن و پێشكەوتنی مرۆڤایەتی.

 
ئاساییە كە لەسایەی ئاوها دەسەڵاتێكی تاكڕەودا هەمیشە تاك و كۆمەڵگایەكی پەروەردە بەگیانی تاكڕوەی و توندڕەوی و دەمارگیری پەروەردە ببێت كە جگە لەكوشتن و خوێنڕشتن كارێكی داهێنەرانە نازانن و هەرئەمەش بۆتە هۆی هەڵگرتنی ماكی ئەم ڕۆحیەتی دژ بەمرۆڤایەتی و هەموو بەهاو ڕەوشتە مرۆڤایەتیە پێشكەوتوو و داهێنانەكانی سەردەم و هیچ دەیە ساڵێك تێپەڕ نابێت كە هێز و جوڵانەوە و بزوتنەوەیەكی توندڕەوی ئاینی یان مەزهەبی یان نەتەوەیی لەم ناوچانەدا سەرهەڵدەدەن و دەبنە بابەتی ڕۆژەڤی دونیا و هەمو دونیا و مرۆڤایەتی بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەكەن و جگە لە خوێنڕشتن و گەڕانەوە بۆسەردەمانی جاهیلیەت و پێشێلكردنی بەهاو دابونەریتە مرۆڤایەتیەكانی سەردەم هیچ كارێكی نوێیان پێنیە و هیچ لە ڕەوتی ڕوداوكانیش ناتوانن بگۆڕن و ڕێگەش بە پێشكەوتن و كاروانی گەشەكردنەكانی ئەوروپا و ئەمریكا و دونیای پێشكەتوو بگرن ،بەڵكو ئەوەی كە زیانی گەورەی پێدەگات تەنها گەلان و خاك و سەروەت وسامانی ناوچەكەیە و هیچی تر،كەزۆرێك لەو جوڵانەوە تیرۆریستیانە لەكۆتایدا دەردەكەون كە دەستكرد و دەستەمۆی دەزگا جاسوسیە نێودەوڵەتیەكانن و تەنها ئەمان كاری نۆكەرایەتی و بەكرێگیراویان بۆ دەگێڕن. 
كەواتە لەكۆتایدا ئەم ناوچە و كۆمەڵگایانە تا ئەوكاتەی خۆیان ڕزگاردەكەن لەكۆتوبەندی هەڵەی ئاین و مەزهەب و نەتەوەیی توندڕەو هەروا دەمێنەوە و هە میشە لەپاشكۆی ڕووداو و پێشكەوتن و داهێنانە مرۆڤانەییەكاندا جێدەمێنن و بەپەراوێز و پشتگوێخراوی ژیان دەگوزەرێنن و وەك پەڵەیەكی ڕەشی نەفرەت لێكراویش بە تەوێڵی مرۆڤایەتیەوە بەناشیرینترین شێوە خۆیان پیشان دەدەنەوە

 

15/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر