گرنگی دان بە سەرچاوە مرۆییەكان .. گرنگی دانە بە ئایندە...

نەوزادی موهەندیس

ئاشكرایە كە هەموو هەوڵ و ماندووبون و شەونوخونی و كێبڕكێ و ململانێكان لە پێناو سەركەوتن و بەدەستهێنانی دەسكەوتی گەورە و گرنگن بۆ مرۆڤایەتی لەسەر هەموو ئاست و بوارەكانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و هونەر و زانست و پەروەردە و ...هتد. ئاشكراشە هەموو پێشكەوتن و داهێنان و دۆزینەوەكانی مرۆڤایەتی لەسەر دەستی خودی مرۆڤ خۆیەوە هاتونەتە بوون و بۆ خزمەتی كۆمەڵگا و شارستانێتیە مرۆڤایەتیەكان چێبوون.كەواتە سەرەتا و كۆتای هەموو هەوڵ و پێشكەوتن و داهێنانەكان لە مرۆڤ و بۆ مرۆڤن. بەواتایەكی تر مرۆڤ بۆخۆی سەر قافڵەی كاروانی پێشكەوتن و داهێنانەكانە و هەموو هەوڵەكانیشی هەر لە پێناو دابینكردنی پێداویستیەكانی ژیان و گوزەرانێكی خۆش بوە بۆ مرۆڤەكان.

 
لە جیهانی پێشكەوتووی ئێستادا و لەسەدەی بیست و یەكەمدا،هێندەی گرنگی دەدرێت بە سەرچاوە مرۆییەكان نیوهێندە گرنگی نادرێت بە هەندێك لایەن كە پێشتر جێگەی گرنگیدانی زانا و حكومەت و وڵاتان بوە،بۆ نمونە گرنگیدان بە بواری نەوت و غازی سروشتی پێدەچێت بۆ چەند دەیە ساڵێكی تر بەردەوام بێت،یان هەندێك سەرچاوەی تری وزە و ژیان. بەڵام ئەوەی كە بۆتە جێگەی گرنگیپێدانی ناوەند سیاسی و زانستی و زانكۆكان لە جیهانی پێشكەوتوودا بریتیە لە توێژینەوە زانستیەكان و پێگەیاندنی سەرچاوە مرۆییەكان لە ڕێگەی پێگەیاندنی كادری زانستی بەتوانا و هەلڕەخساندن بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵاو ئەكادیمی و بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانستی بەرز و وورد لە پسپۆڕیە جیاوازەكاندا،چونكە چەندە كادری زانستی و خاوەن بڕوانامەی بەرزو پسپۆڕی جیاواز پێبگەیەنرێت ئەوەندەش دەتوانرێت لە هەموو بوارەكاندا داهێنان و دۆزینەوە ئەنجام بدرێت.بۆ نمونە لە وڵاتێكی وەكو ئیماراتی عەرەبیدا كە خاوەن نەوت و غازی سروشتیە و ڕۆژانە لە ئێستادا بڕی 2ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت و داهاتێكی باشی هەیە،بەڵام دەسەڵاتداران و زاناكانیان پلانیان داناوە بۆ ئەوەی هەر لە ئێستاوە و لەدوای نزیكەی 50ساڵی تر كە پێشبینی دەكەن ئەو سەرچاوەیەی وزەیان نەمێنێت و بۆئەوەی تا ئەوكاتە پێویستی ناوخۆ و بشتوانن كادری بەتوانا هەناردەی دەرەوەش بكەن،ڕوویانكردۆتە توێژینەوە زانستیەكان و پێگەیاندن و گرنگیدان بەسەرچاوە مرۆییەكان و لە ئایندەدا وەبەرهێنانی گەورە لەو بوارەدا دەكەن و دەیكەنە سەرچاوەیەكی باشی داهات بۆ ئایندەیان،ئەوەتا لە هەوڵی پێكەوەنان و دامەزراندنی ناوەندێكی گەردونین لە ئیمارات و سەدان زانای بیانیان بردۆتە وڵاتەكەیان بۆ پێگەیاندنی لاوەكانیان و بە هەزارانیشیان ناردۆتە دەرەوەی وڵات بۆ ناوەندە زانستیە بەناوبانگەكانی جیهان بۆ پێگەیاندنیان. بەڕاستی بیركردنەوەیەكی ژیرانە و دووربینانەیە و مسۆگەركردنی ئایندەیەكی ڕۆشنتریشە بۆ كۆمەڵگاكەیان و جێگەی پێزانین و ڕێزگرتنە.

 
بۆیە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵاو هەموو زانكۆكانی كوردستانیشە كە بەهەمان شێوە پلانی زانستی و واقعیان هەبێت بۆ ئایندە لەبواری گرنگیدان بە سەرچاوە مرۆییەكان و توێژینەوە زانستیەكان و پێگەیاندنی كادری زانستی خاوەن بڕوانامەی بەرز لە هەرێمی كوردستاندا. هەر بۆیە لەم پێناوەدا:
حكومەت ئەركێتی كە بودجەی تەواو دابین بكات بۆ بواری توێژینەوەی زانستی وەكو هەموو وڵاتانی پێشكەوتوو،چونكە بەبێ‌ گرنگیدان بە توێژینەوە زانستیەكان هیچ بوارێك ناتوانرێت پێشبخرێت و داهێنانی تیادا بكرێت،ئەوەتا وڵاتێكی وەكو ئەمریكا یان چین یان یابان و ئەڵمانیا و كۆریای باشوور پلەكانی 1-4 یان بۆخۆیان مسۆگەر كردوە، زۆرێكی تریش،ساڵانە لە بودجەی خۆیاندا بە ملیار دۆلار تەرخان دەكەن بۆ ئەو بوارە و بۆ زاناكانیان،هەرئەوەشە كە ئەو وڵاتانەی كردۆتە وڵاتانێكی گەشەكردوو و پێشكەوتوو داهێنەر لەهەموو بوارەكاندا .

 
ڕاپۆرتێكی پەیمانگای یونسكۆ ڕایگەیاندوە كە ئەمریكا 4295 توێژەری هەیە بۆ هەر 1 ملیۆن كەس،لەبەرامبەردا چین 1096 توێژەری هەیە بۆ هەر 1 ملیۆن كەس سەرەڕای زۆری ژمارەی دانیشتوانی،بەمەش ئەمریكا هەژموونی خۆی سەپاندۆتە سەر بواری توێژینەوە و پێشخستن و بەتەنها خۆی ڕێژەی 27% هەموو خەرجی جیهانی هەیە بۆ ئەو بوارە.كە بەرامبەر 100 وڵاتی كۆتایی لیستەكەی پەیمانگاكەیە لەسەر ئاستی جیهان.


ئەو وڵاتانەی زۆرترین خەرجیان هەیە بۆ بواری توێژینەوە و پێشخستن
زنجیرە وڵات قەوارەی خەرجی (ملیار دۆلار)
10 روسیا 39.83
9 البرازیل 42.12
8 المملكە المتحدە44.16
7 الهند 48.06
6 فرنسا 60.78
5 كوریا الجنوبیە 73.19
4 ألمانیا 109.80
3 الیابان 170.51
2 الصین 370.59
1 الولایات المتحدە 476.46

 
بەڵام گەر سەیری خشتەی وڵاتانی عەرەبیش بكەین لە قەوارەی خەرجیەكانیانەوە بۆ بواری توێژینەوە و پێشخستن بۆمان دەردەكەوێت كە چەندە دواكەوتوون و چەندە گرنگی دەدەنە ئەو بوارە،هەربۆیەش هەمیشە لە پاشكۆی وڵاتانی پێشكەوتووی دونیادا دەمێننەوە ،كە عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە بەهەرێمی كوردستانی خۆشمانەوە.



20/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر