سەرمایەی نیشتیمانی و سەرمایداری نیشتیمانی كێن ؟ و بۆچی گرنگن ؟

نەوزادی موهەندیس


ئاشكرایە هیچ وڵات و كۆمەڵگایەك بەبێ‌ بوونی ئامار و سەرژمێریەكی وورد و زانستی بۆ سەروەت و سامانی سروشتی و نیشتیمانی تایبەت بەخۆی ناتوانێت نە پلانی زانستی دابڕێژێت و نە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەكردنی وڵات و كۆمەڵگا پێشبینی بكات و كاری بۆبكات و بیشیگەیەنێتە دوا مەنزڵ و مەبەست.بۆیە هەمیشە ئەو وڵات و كۆمەڵگایانەی كە خاك و ئاو و سامانی سروشتی زۆر و زەوەند و توانای مرۆیی زیرەك و دەسەڵات و سەركردەی حەكیمیان هەیە هەمیشە دەكەونە ڕیزی ئەو كۆمەڵگا و وڵاتانەوە كە گەشە و پێشكەوتن و ئاوەدانی ڕوویان تێدەكات و دەچنە ڕیزی وڵاتە پێشكەوتوو و كۆمەڵگا خۆشگوزەرانەكانەوە و دووردەكەونەوە لە هەژاری و دواكەوتوویی و نەخۆشی و بێكاری و هەموو دیاردە نەگبەتیەكانی تر كە دەبنە هۆی دواكەوتن و هەژاری تاك و كۆمەڵگا.

 
هەربۆیە كۆڵەكە گرنگەكانی پێشكەوتن و گەشەكردنی وڵات و كۆمەڵگاكان بریتین لە بوونی سەروەت و سامانی سروشتی و توانای مرۆیی لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە بریتیە لە بوونی خاوەن ئەقڵ و پلانی زانستی و كەسانی خاوەن سەرمایە و لە پێش هەموانیشەوە بریتیە لە بوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و حكومەتێكی خەمخۆر و نیشتیمانی. چونكە بەبێ‌ بوونی حكومەت و دەسەڵاتێكی ڕەشید و حەكیم و خەمخۆر ناتوانرێت هیچ هەنگاوێكی نیشتیمانیانە هەڵبنرێت،چونكە ناتوانرێت دەسكەوت و گەشە و پێشكەوتنەكان بپارێزرێن و ڕێگە بگرێت لە لە ناوچوونیان و بەهەدەردانیان . حكومەتێك كە ڕێگەنەدات كە سەروەت و سامانی وڵات بكەوێتە دەست كەسانی گەندەڵ و مشەخۆر و داگیركاران و كۆمپانیا بیانیە خوێنمژەكان كە هەموو خەمیان بەتاڵانبردنی سەروەت وسامانی وڵاتان و وەدەستخستنی قازانجی زۆر و زەوەندولەبن نەهاتووی گەلانی دواكەوتوو و هەژار و داگیراكراوانە.

 
بۆیە لەم قۆناغی ڕزگاری نیشتیمانی و دامەزراندنی دەسەڵات و حكومەتە نیشتیمانیەی كوردستاندا لەم بەشەی باشووردا كە خۆشبەختانە تەمەنی نزیك دەبێتەوە لە 30 ساڵ،گرنگە كە حكومەت و دەسەڵات گرنگی بدەنە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی وڵات و كۆمەڵگای كوردی و هەوڵی جێگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی بدەن و هەموو خەمیان بریتی بێت لەوەی كە وڵات و كۆمەڵگا بەرەو كەناری ئارامی و خۆشگوزەرانی و بەرن و دووری بخەنەوە لە دواكەوتویی و هەژاری و نەخۆشی و ناخۆشی و  بەهەدەردانی سەروەت و سامانە زۆر و زەوەندەكەی,هەموو ئەم كارانەش بە دانانی پلانی زانستی پێشوەختە و بەدەسەڵاتێكی تەواو نیشتیمانی و خەمخۆر دەكرێت كە هانی ئۆرگانەكانی حكومەت بدات دوور بكەونەوە لە گەندەڵی و مشەخۆری و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی وڵات و لەولاشەوە گرنگی زۆر بداتە كەرتی تایبەت و كۆمپانیا و وەبەرهێن و خاوەن سەرمایە و سەرمایەدارەكان كە سەروەت و سامانەكانیان بخەنە خزمەت پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەشە و پێشكەوتنی وڵاتەوە و هەموان لەخەمی خزمەتكردن و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و كۆمەڵگادا بن  و دوور بكەونەوە لە مشەخۆری و  خۆدەوڵەمەندكردنی ناڕەوا و دەستبردن بۆ قوتی جەماوەر و هەژاران و كاربكەن بۆ وەبەرهێنانی سەروەت و سامانەكانیان لەڕێگەی خزمەتكردنی نیشتیمان و كۆمەڵگاوە.

 
بەم شێوەیە دەتوانرێت نیشتیمانێكی ئازاد و سەربەخۆ و كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و خۆشگوزەران بنیات بنێین و خەون و ئاواتی لە مێژینەمان وەدیبهێنین.هەربەم شێوەیەش دەتوانین سوود و كەڵكی زۆر لە سەرمایەی نیشتیمانەكەمان لە ئاو و خاك و توانا مرۆییەكان وەربگرین و سەرمایەدارانیشمان ببنە سەرمایەدارێكی نیشتیمانی و خەمخۆر بۆ ئایندە.چونكە هەموو سەرمایەیەك نیشتیمانی نیە و هەموو سەرمایەدارێكیش نیشتیمانی نابێت ,گەر تەنها هەوڵی بەدەستهێنانی قازانج و سوودی تاكە كەسی بێت و بۆ بەرژەوەندی خۆی و كەڵەكەكردنی زیاتری سەرمایەكەی بێت دوور لە خەمی نیشتیمان و نەتەوە و كۆمەڵگاكەمان.بۆیە سەرمایەی نیشتیمانی بریتیە لەو سەرمایەیەی كە دەخرێتە خزمەتی پێشكەوتن و ئاوەدانی نیشتیمانەوە و سەرمایەداری نیشتیمانیش بەهەمان شێوە بریتیە لەو كەسانەی كە سەروەت و سامانەكانیان دەخەنە پێناو وەبەرهێنان و ئاوەدانی و خزمەتی كۆمەڵگا و نیشتیمانەكانیانەوە.

 
خۆشبەختانە لەم هەرێمەی خۆشماندا گەلێك سەرمایەداری نیشتیمانی هەبوون و لەئێستاشدا هەن  و توانیویانە دەیان پڕۆژەی گەورە و گرنگ بنیات بنێن و جێگە دەستیان دیار بێت لە ئاوەدانكردنەوەی وڵات و دەستگیرۆیی هاوڵاتیانی هەژار و نەهێشتن و كەمكردنەوەی بێكاری و هەڵاوسان ،سەرەڕای هەبوونی ڕێگر و نمونەی ناشیرینی مشەخۆری و گەندەڵیش لەهەرێمەكەماندا،بۆیە ئەركی ئەو سەرمایەدارانەیە كە هەمیشە لەخەمی وڵات و كۆمەڵگاكەماندا بن چونكە سەرچاوەی داهات و سەرمایەكانیان هەر ئەم نیشتیمان و كۆمەڵگایەی خۆیانە و چەقی دەسكەوت و سەركەوتنەكانیان هەر لێرەوە دەستیپێكردوە و سەرچاوەیان گرتوە. لەهەموو دونیاشدا كۆمپانیا گەورە ئابوریەكان هەمیشە پابەندی یاسایی و داراییەكان و باج و خەراجەكانیان پێشكەش بە وڵات و كۆمەڵگاكانیان دەكەن و دواتر لە خەمی سەروەت و سامانەكانی خۆیانن ،هەربۆیەش ئەوان لە پێشكەوتنی بەردەوام و ئاوەدانی زیاتری وڵات و كۆمەڵگاكانیاندان،نمونەی جوانی سەرمایەدارانی نیشتیمانی كوردستان زۆرن و لە سلێمانیشدا گەلێك پڕۆژەی نەخۆشخانە و كۆمەڵگا نیشتەجێبونەكان و كارگە بەرهەمێنەكان و ...هتد.یان بنیات ناوە . بەهیوای ئەوەی هەموان نیشتیمان و كۆمەڵگای كوردەواری خۆمان خۆشبوێت و سەرمایە و تواناكانمان بخەینە خزمەت وڵات و نیشتیمانەكەمانەوە وهەموان وڵات و نیشتیمان بكەینە موڵكی خۆمان نەك تەنها بۆ دادۆشینی سەروە ت و سامانەكەی خۆشمان بوێت و گرنگە ئینتیمای نیشتیمانی لای تاك و كۆمەڵگا بە هەژار و دەوڵەمەندەوە زیندوو بكەینەوە و لە دڵ و دەروون و هەست و نەستی هەمواندا بیچەسپێنین،هەربەمەش دەبینە تاك و كۆمەڵگایەكی نیشتیمانی و دووردەكەوینەوە لە خیانەت و وڵاتفرۆشی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانەكانی وڵات.

 

18/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر