تەنها چەند خولەکێک ماوە بۆ کاتژمێر دوانزە!*

د. بورهان یاسین

پێشەکی
تەنها چارەگێک ماوە بۆ کاتژمێر دوانزە وەک پەند بە حاڵەتێک دەگوترێ کە لە کەمی کاتدا بۆ ئەنجامدانی کارێک یا گەیشتن بە ئامانجێک لە دوایین چرکەدا پێویستە ئەوپەڕی پەلە بکەیت، واتە دەستوبرد بکەیت چونکە خەریکە کات تەواو دەبێت. 
ئەوەی ئەمڕۆ لە باشوری کوردستان روودەدات رێک ئەم حاڵەتەیە: کات زۆر کەم ماوە لەبەردەم هێزە سیاسییەکاندا بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدەن بە ئاراستەی ئێسگەی هەرە کۆتایی لە پڕۆسەیەکی پڕ لە کۆست و ژان، کە لە دوو ساڵی رابردودا باڵی بەسەر باشووری کوردستاندا کێشاوە. لە راستیدا، ئەم پڕۆسەیە پڕ لە ئێش و ژانە دابڕاویش نییە لە ساڵانێکی دوور و درێژی "ئەزموونی باشووری کوردستان" لە ٢٥/٢٦ ساڵی رابردوودا. ئەم کاتژمێر چارەگ بۆ دوانزەیەش هەر لە خۆڕا و لە ناکاویشدا نەهاتووە، بەڵکو تا رادەیەکی لەدەستدانی کاتێکی زۆرە و بە رادەی یەکجار زۆریش دەستکردی هێزێکی سیاسیی ئەو بەشەی کوردستانە، کە ئەویش پارتی دیمۆکراتی کوردستانە. پێشتر لە ساڵی ٢٠١٣ پارتی بۆی چوویە سەر کاتێک کە مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێمی پاڵدا تا گەیشتە چارەگ بۆ دوانزە وە بە هاوکاری یەکێتی "سەرکەوتوو بوو" لەوەی ئامانجی خۆی لەو پاڵدانە بپێکێ کە ئەویش درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتی مەسعود بارزانی بوو. ئەم ئەزموونەی دیسان تاقیکردەوە لە ٢٠١٥دا، بەڵام ئەمجارەیان بە کودەتای ١٢ی ئۆکتۆبەر تەواو بوو. 
ئەمجارەشیان، کە تیایدا ریفراندۆم ئامرازی هەرە سەرەکییە، بارزانی و پارتی، بە یارمەتی هەندێک هێزی دیکە، بە دەستنیشانکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ ریفراندۆم (واتە ٢٥/٩) ئەو چارەگە سەعاتەی بەر لە کاتژمێر دوانزەی دروستکرد کە پێویستی بوو. دامەزراو لەسەر ئەم گریمانەیەش بە ئەگەری زۆر ئەمجارەیان بە ئاسانی ناچێتە سەر وە بارزانی و پارتی ئەوەیان دەست ناکەوێت کە لە پێناویدا ئەم چارەگە سەعاتەیان دروستکرد، چونکە بە ئەگەری یەکجار زۆر ئەم ریفراندۆمە دوا دەخرێ، بەڵام دوای ئەوەی هەر زوو زیانێکی زۆری بە کورد گەیاند: کارتێک دەسوتێنرێ کە دواجار کورد لە عێراق ناچار بە چۆکدادانی زیاتر دەکات. کورد دوای دواخستنی ریفراندۆم بە لاوازیێکی زیاترەوە دەگەڕێتەوە بەغدا وە دوای ئەو گەڕانەوەیەش زۆرێک لە دەرگاکان لەبەردەمیدا داخراون!
مەبەست لەم وتارەی بەردەست ئەوەیە کە رۆشنایێکی بە پەلە بخەمە سەر ئەم چرکە ساتە زۆر هەستیارە. لە راستیدا نەک هەر هەستیار، بەڵکو زۆریش پڕ لە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر دواڕۆژی باشووری کوردستان. ئەم سیاسەتەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بارزانی لە پاڵدانی ئاراستەکە لە چارەگە سەعاتی هەرە کۆتاییدا پڕە لە سەرکێشی و موغامەرە، ئەگەر نەوەستێنرێت ئەوا بە ئەگەری زۆر دەرگایی جەهەنەمێکی خوێناوی روو بەو بەشەی کوردستان دەکرێتەوە.
گریمانەی ئەم وتارەش ئەوەیە کە دواجار بە ئەگەری یەکجار زۆر ئەم ریفراندۆمە دوادەخرێ، بەڵام پارتی و بارزانی لەو هەوڵەدان کە ئەم دواخستنە نەک هەر نەبێ بە ئیحراج و شکست بۆ خۆیان بەڵکو رێک ئەو ئامانجە شاردراوەی کە کاریان لە پێناودا کردووە بپێکن کە ئەویش درێژکردنەوەی ماوەی درێژکراوەی مەسعود بارزانییە بۆ دوو ساڵی تر و درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانە بۆ دوو ساڵی تر. گریمانەیەکی تر ئەوەیە کە درێژکردنەوەی کاتی پەرلەمان بە رادەی یەکەم مەتلەب و داخوازی یەکێتییە، لەبەر هۆیەکی سادە ئەویش ئەوەیە کە ئەم حزبە بەو دۆخەی کە لە ناوخۆدا هەیەتی بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە بۆ هەڵبژاردن لە ١/١١، نەک هەر ئەوە بەڵکو بۆ ماوەیەکی باشیش، بە ساڵ و دوو ساڵیش، هەر ئامادە نابێت بۆ هەڵبژاردن! 
 
١) رێکەوتنی یەکێتی و پارتی 
ئەو "رێکەوتنەی" کە دوو رۆژ بەر لە ئێستا پارتی و یەکێتی پێی گەیشتن شتێکی چاوەڕوانکراو بوو. لە میدیاکاندا دەبیستین کە رێکەوتنەکە لەسەر پڕۆژە ٧ خاڵییەکەی یەکێتییە، بەڵام بە باوەڕەوە دەڵێم ئەم رێکەوتنە دیزاینێکی فراوانتر و قوڵترە وە زادەی بۆچوونی یەکێتی و پارتییە کە ئەم دوو حزبە جارێکی دیکە دۆخی هەرێمی کوردستان بگەڕێننەوە زەمانی ٥٠ بە ٥٠ کە تیایدا ئەم دو حزبە توانیبوویان یەکگرتووی ئیسلامیش شتێکی لە دەسەڵات دەست بکەوێ، بەڵام لە راستیدا بێ دەسەڵات. بەندە لەوە پشتڕاستم کە جگە لەو ٧ خاڵە پلان و دیزانێکی هاوبەشی ئەو دوو حزبە هەیە روو لە تەواوی مەسەلەی سیستەم و دەسەڵات و دواڕۆژی ئەم هەرێمە: هەندێکیان پێی دەبێژن نوێکردنەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی وە هەندێکیشیان پێی دەبێژن هاوپەیمانی ستراتیژی نوێ، کە لە راستیدا هەردووکیان دیوی هەمان دراون و تەنها لە ناودا جیاوازیان هەیە و هیچی تر. پێویستی پارتیش بە رێکەوتنێکی ئەوها زۆر هۆی هەن بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە کە پارتی نایەوێ جارێکی دیکە وەک کەمینە بگەڕێتەوە پەرلەمان، واتە گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دوای ئەم رێکەوتنە لەگەڵ یەکێتی ئەسلەن خۆی زەمانەتێکە بۆ ئەوەی پارتی رازی بێت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوەی ئەو حزبە بۆ ناو پەرلەمان و کاری پەرلەمانی، چونکە ئەم رێککوتنە وا دەکات کە پارتی ئەمجارەیان وەک کەمینە ناچێتەوە ناو پەرلەمان. 
لە راستیدا هەر ماوەیەکی کەم دوای کودەتاکەی ١٢ی ئۆکتۆبەر هێمای ئەوە دەرکەوتن وە قسەیەکی ئەوهاش فڕێدرایە مەیدانەوە کە ئیتر "ئەگەر گۆڕان نەیەتە پێشەوە ئەوا یەکێتی و پارتی بە یەکەوە پەرلەمان کارادەکەنەوە"، یا هەندێک جاریش دەگوترا کە "پارتی و یەکێتی بەرپرسیاریێکی تایبەتییان دەکەوێتە سەر شان وە دەبێ بەیەکەوە ئەم دۆخە تێپەڕێنن و نابێ ئەوەندە چاوەڕوانی ئەوانی تر بکەن"... هتد). کە لەو ماوە درێژەشدا یەکێتی ئەو کارەی نەکرد زۆر هۆی هەبوو، بەڵام دواجار ئەم هۆیانە ئەمڕۆ یا نەماون یا زۆر کاڵبوونەتەوە و ئیتر گرنگ نین!  لە راستیدا بوونی رێکخەری گشتی بزاڤی گۆڕان نەوشیروان مستەفا زەمانەتێکی بەهێز بوو بۆ ئەوەی کە یەکێتی بە ئاسانی نەتوانێ هەنگاو بۆ دواوە هەڵێنێ. یەکێکیش لەو هۆیانە ناڕازیبوونی قەواعیدی یەکێتی و بەشێک لە سەرکردایەتییەکەی بووە لەمەڕ رێکەوتنی تاکلایەنە لەگەڵ پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان. 
یەکێتی، روو لە قاعیدەی ئەو حزبە و رەگەزە ناڕازییەکانی ناو سەرکردایەتی ئەو حزبە، بە پڕۆژەکەی هەرە دواییی (٧ خاڵ) ئەم کۆسپەشی (واتە ناڕازیبوونی جەماوەری یەکێتی و بەشێک لە سەرکردایەتییەکەی لە مەسەلەی نزیکبوونەوە لە پارتی) لابرد: لە رێکەوتنەکە لەسەر ئەم پڕۆژەیە بە جەماوەری یەکێتی و ناڕازییەکان لە سەرکردایەتی ئەو حزبە وترا "ئیتر ئەوەتا پارتی هەموو مەرجەکانی گۆڕانیشی قەبووڵ کرد نەک هەر هی یەکێتی، ئیتر هیچ هۆکارێک نەماوەتەوە بۆ بەشدارینەکردنی گۆڕان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان". واتە ئەو بەشەی لە سەرکردایەتی یەکێتی کە هەر زوو زۆریش پێداگریان لەسەر پێکهاتنی تاکلایەنی یەکێتی دەکرد لەگەڵ پارتی لە رێگای ئەم پڕۆژەیەوە "گەیشتن بە مەبەست". 
ئیتر دوای ئەم رێکەوتنە وە بە لەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوەی کاتی ریفراندۆم وە هاوتەریبیش زێدەبوونی فشارەکان و بگرە هەڕەشەی زۆر جددی سەربازی لەسەر هەرێم، کات زۆر زۆر کەم ماوە، کات کەمتر لە "چارەگێک بۆ دوانزە" بەدەستەوە ماوە، ئەگەر چی بۆ زۆر شتیش ئەسلەن درەنگە! 
لە لایێکی ترەوە ئامادەیی پارتی کە گوایە ئامادەیە بەبێ مەرج پەرلەمان کارابکرێتەوە، بوارێکی نوێی بۆ جوڵەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کردەوە کە پێشتر نەبوو. بەو مانایەش کاتی سیاسەتکردنێکی چر و بە پەلە و داینامیکی دەستیپێکرد. بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە لە راستیدا کات زۆر کەمە بۆ چارەسەرکردنی ئەو هەموو کێشە کەڵەکەبووانە، کە زۆرێکیان کەڵەکەبوونی ٢٥/٢٦ ساڵی حوکمڕانی کوردین، نەک تەنها هی ئەم دوو ساڵەی دوایی. 
ئەمڕۆ دوای ئەم چوونە پێشەی پارتی و یەکێتی لە یەکتر لەو چارەگەش هەر چەند دەقیقەیەک ماوە، ئەوا ئەگەر ئەسلەن ئەو چەند دەقیقەیەش مابێ! لە راستیدا دەترسم ئەسلەن ئەو چەند دەقیقەیەی کە ماوە بە کەڵکی ئەو سیاسەتکردنەش بێت کە سیستم و خەڵک و دوو هێزی گرنگ (کۆمەڵی ئیسلامی و گۆڕان) پێویستیانە! بە ئەگەری زۆر ئەو کاتە گرنگە بۆ سیاسەتکردن لەدەستدرا وە بەشی زۆری بەرپرسیارێتی سووتاندنی ئەم کات و کارتە گرنگەش یەکێتی نیشتمانی هەڵیدەگرێ.  یەکێتی بە هەڵوێستەکانی بارودۆخێکی دروست کرد کە ئیتر لە جیاتی ئەوەی باس لە رزگارکردنی پارتی بکەین لەو مەئزەقەی تێیکەوتووە بە هۆی سەرکێشی لە مەسەلەی ریفراندۆمدا بۆ حاڵەتێک کە هەموو هێزەکان، کەم یا زۆر، مەجبوور بن لەگەڵ پارتی پێک بێن، بە کەمتر لەو مەرجانەی کە دەکرێ لە کاتی جێبەجێکردنیان هەندێ سودی بۆ خەڵک و چاککردنی ژیانی خەڵک هەبێت. هەموومان دەبێ ئەمڕۆ بە راشکاوی بپرسین ئایا بەڕاست یەکێتی زۆر لە پارتی راستگۆترە لە پاراستنی "وەعدی شەرەف". وا بزانم ئەمڕۆ هیچ گومانێک لەوەدا نەما کە وەڵامی ئەم پرسیارە چی دەبێت. ئەگەر لە نێوان یەکێتی و پارتیدا ٧ خاڵ هەبێت ئەوا لە نێوان یەکێتی و گۆڕاندا ٢٥ خاڵ هەیە، کوا ئەم هەمو خاڵانەی ئەو رێککەوتنە! 
بە بۆچوونی خۆم ختورەتی ئەم "ریکەوتنەی" پارتی و یەکێتی کورتخایەن نییە بەڵکو درێژخایەنە، لە راستیدا دەچێتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار و ستراتیژی لە رێگای پەیوەستبوونی تەواوی مەلەفەکە بە زۆر مەسەلەوە، لە پێش هەمووشیانەوە مەلەفی سەربەخۆیی کوردستان. درێژخایەنییەکەی لەوەدایە کە زۆرێک لە سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی زۆر خوازیاری ئەوەن کە بگەڕینەوە قاڵبی ٥٠ بە ٥٠ی ساڵانی پێشتر. ئەمە تەنها خواستیش نییە، بەڵکو دەمێکە کار بۆ ئەوە دەکرێ، چونکە رێکەوتنێکی ئەوها ئامرازێکە بۆ پاڵدانی بزاڤی گۆڕان وە بە رادەی دووەم کۆمەڵی ئیسلامی بۆ پەراوێزی سیاسەت و سیاسەتکردن. ئەمەش شتێکە کە گۆڕان و کۆمەڵ پێویستە حسێبێکی جددی بۆ بکەن و هەوڵی جددیش بدەن بۆ ئەوەی ئەوە روونەدات، لەگەڵ ئەوەشی ئەوە دووپات دەکەمەوە کە کەمتر لە چارەگێک کات ماوە بۆ کاتژمێر دوانزە وە لە کاتی گەیشتن بە کاتژمێر دوانزەش یا ئەوەتا گەڕانەوە دەبێ بۆ چوارگۆشەی ژمارە یەک یا تەکانێک بەرەو پێشەوە دەبێ بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان. هەر چەندە من خۆشبین نیم، بەڵام گرنگە هەموو توانەیەک بخرێتە گەڕ بۆ ئەوەی نەگەڕێینەوە چوارگۆشەی ژمارە یەک، چونکە لەو چواگۆشەیەدا بۆ ماوەیەکی باش لە پێشماندا بە ئەگەری زۆر هەڵبژاردن نابینین وە حوکمی ئەمری واقعی یەکێتی و پارتی باڵ بەسەر باشووری کوردستاندا دەگرێت، وە هەموومان دەکەوینە ناو "تونێڵە تاریکەکە": لەم تونێلە تاریکەشدا پارتی دەستکراوە دەبێ لە فەرمانڕەوایی زۆرینە گەر چی کەمینەشە؛ یەکێتیش لە هێزێکی پەرتەوازە دەچێتە پێگەی هێزێکی خاوەن دەسەڵات و توانست و کاتی زێتری دەبێ بۆ چارەسرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی، ئەوا ئەسلەن ئەگەر ئەم کێشانە دەرفەتی چارەسەرکردنیان مابێ.   


٢) ریفراندۆم و کەمتر لە چارەگ بۆ کاتژمێر دوانزە
بەندە پێم وایە، پێویستە بزاڤی گۆڕان لەم کاتە کەمەی کە ماوە، بگرە ئەم هێزە هەندێک درەنگیش کەوت، باس لە هەندێ کارتی تر بکات بە شێوەیەک کە دەرگا لەبەردەم ئەو "کارتە" یا "کارتانە" بکاتەوە وەک بەشێک لە فشار  بە ئاراستەی بردنەوە لە دانوستاندنی سیاسیدا، بەڵام بە زەروورەت هەر ئەمڕۆ و هەر ئێستا بڕیاری کۆتایی لە بارەی ئەم کارتە یا کارتانە نەدات وە هەر ئەمڕۆش بەکاریان نەبات. من پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە کە هەڵوێستی گۆڕان لە ریفراندۆم لە ناڕوونی بچێتە قسەکردنێکی جددی تر لەسەر ئەو مەسەلەیە. با راشکاوتر بم بۆ نموونە بزاڤی گۆڕان بە راشکاوانەتر بڵێ کە بزووتنەوەکە هێشتا هەڵوێستی یەکلاکەرە و کۆتایی لەسەر ریفراندۆم وەرنەگرتووە وە زۆر بژاردە لە بەردەم ئەم بزووتنەوەیە هەن بۆ هەڵوێستە کردن لەسەر ئەم مەسەلە گرنگە. لەوەش زیاتر دەکرێ گۆڕان هەر ئێستا بڵێ کە ئەگەر هات و پڕۆسەی ریفراندۆم بەم شێوازە بە شەخسی و حیزبیکراوە بمنێنێتەوە وە ریفراندۆم هەر وەک سەرکێشیێکی لایەنێک یا چەند لایەنێک لە موغامەرەیەکی پڕ لە مەترسیدا بمێنێتەوە، ئەوا دوور نییە پێویست بکات کە گۆڕان دەست بۆ بژاردەی تر ببات، لە پێش هەمووشیانەوە بایکۆتی دەنگدان لە ریفراندۆمدا:
١) لایەنێک قوت و ژیان و ئاسایشی خەڵکی کوردستانی بە بارمتە گرتووە لە پڕۆسەیەکدا، کە تیایدا مەبەست ئەنجامدانی ریفراندۆمە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو مەرجانەی کە پێویستن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی ئەوها چارەنووسساز و پڕ لە کێشە و پڕ لە مەترسی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو. هەر بناکراو لەسەر ئەمە، بەندە دیسان لەو باوەڕەدام کە لە ئەجێندای پارتی دیمۆکراتی کوردستان، لە ئەمڕۆدا، هیچ شتێکی تر نییە تەنها ریفراندۆم نەبێت. لەم ئەجێندایەدا، خاڵی یەکەم رێفراندۆمە، خاڵی دووەم ریفراندۆمە وە خاڵی سێهەمیش هەر ریفراندۆمە و. . . هتد. جا ئەگەر رێکەوتنە ٧ خاڵییەکەی یەکێتی و پارتی، یا چەند خاڵ دەبێت بابێت، مەبەست یەک خاڵە: ریفراندۆم وە لە پشت ریفراندۆمیش دیزاینێکی شەخسی بارزانی و حزبی خۆی حەشار داوە کە مەبەستی سەرەکی تیایدا درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی بارزانییە و دواخستنی هەڵبژاردنەکانە بۆ کاتێکی نادیار و کردنەوەی پەرلەمانە بە باڵادەستی پارتی و یەکێتی و پەراوێزخستنی ئەوانی ترەوە. . . 
٢) من مەترسیێکی زۆر جددی دەبینم لەوەی کە ئەم موغامەرە و سەرکێشیەی بارزانی و پارتی ببێتە هۆی لەدەستدانی ئەوەی بەدەستیش هاتووە. لە راستیدا ١٣ ساڵ بەر لە ئێستا ئەم مەترسیەم باس کردووە کاتێک دەڵێم: "من لەوە دەترسم کە کورد لە عێراقی دوای سەددام سیاسەتێک پیادە بکات کە لە ئەنجامیدا نەک هەر عێراقی دیمۆکراتی بەدەست نەیەت بەڵکو کوردستانیش لەدەست بچێت." ئەم قسەیەم لە یەکێ لەو دوو نامەیەدا هاتووە کە رۆژێک دوای کەوتنی دکتاتۆر بۆ سەرانی پارتی و یەکێتی نووسیبوو. . . من پێم وایە ئەمە رێک ئەو چرکەساتەیە کە زۆر لێی نزیک کەوتووینەتەوە: شەڕێکی قورس و خوێناوی لەبەر دەرگای کوردە، لە رێگای ریفراندەمەوە، ئەم شەڕە دێتە ناو ماڵی کوردیش، نەک هەر لەبەر دەرگا دەمێنێتەوە! 
زیاتر لە سێ ساڵیش بەر لە ئێستا (لە بابەتێکمدا بە ناوی کوردستان لە رووبەڕوبونەوەی داعشدا، کە دواتر وەک کتێب لەسەرەتای ٢٠١٥ بڵاوبوویەوە) باسی مەترسی دوای داعش دەکەم لە بە شیعەکردن و ئێرانیکردنی بەرەوڕوبوونەوەیەک کە کورد تیایدا دەبێتە لایەن: بە داخەوە ریفراندۆم دەبێتە ئەو دەرگایەی کە کورد لە رێگایەوە رادەکێشرێتە ناو ئەم بەرەوڕوبوونەوەیە. حەقە هەر لێرەدا ئەوەش بڵێم کە هەر لەو بابەتەدا باسی ئەوە دەکەم کە لە شەڕ دژی داعش زۆربەی جیهان، بە تایبەتی رۆژئاوا، پشتگیری لە کورد کرد بەڵام لە شەڕی حەشدی شەعبیدا کەس پشتگیری کورد ناکات. . .! ئەمە بەرپرسیاریێکی جددیە. تورکیاش چۆن شنگالی پاراست هەر ئەوەندەش، بەڵکو کەمتریش، بەرگریمان لێ دەکات دژی حەشد و بەغدا و ئێران. . . ئەمڕۆ تا جلەوی ریفراندۆم لە دەست پارتی و بارزانیدا بێت ئەوا بە بۆچوونی تورکیا ئەم مەسەلەیە لە "دەستێکی ئەمیندایە" (واتە دەستی بارزانی و پارتی) بەڵام ئەگەر ریفراندۆم بوو بە هی هەموو خەڵکی کوردستان وە بوو بە پڕۆژەی راستەقینەی گەلێک بۆ بە دەوڵەت بوونێکی راستەقینە ئەوا ئەو کاتە، بە ئەگەری زۆر، تورکیا هەڵوێستێکی تری دەبێت!  
٣) بنا لەسەر ئەوە پێویستە گۆڕان هەر ئێستا ببێ بە خاوەنی گوتارێکی روونتر لەمەڕ ریفراندۆم، هەرچەندە لە راستیدا کەمێک درەنگیش کەوتووە. هەڵوێستی گۆڕان لە رێگای کەی ئێن ئێن و موقابەلەکردنی چەند "شارەزا" و چاڵاکوانێکی مەدەنی و . . . هتد نایەتە دەنگ: ئەم هەڵوێستە پێویستی بە زیاتر، زۆر زیاتر هەیە، لە پێش هەموو شتێکیشەوە پێویستی بە بوێریێکی سیاسییە کە رێچکەشکێن بێت! بەندە هیچ هۆکارێک نابینم کە گۆڕان لێبگەڕێ مەسعود بارزانی ئاگرێک هەڵگیرسێنێ کە تیایدا تەڕ و وشک بسوتێ، یا کەشتیەکەی کورد بە هەمووەوە، بە کابینەکەی گۆڕانیشەوە، نوقمی دەریا بکات. بەرپرسیارێتی گۆڕان گەورەترە لەوەی کە تا ئێستا گوزارەشی لێکراوە، بەرپرسیاریێتیێکی گەورە لەبەر دەرگای گۆڕانە وە هیچ دەرفەتێک بۆ خۆلادان لێی نییە. بە بۆچوونی خۆم باسکردن لە بایکۆت، بناکراو لەسەر کۆمەڵێک ئەرگیومێنت و بەهانەی عاقڵانە بەبێ ئەوەی بە زەروورەت گۆڕان جارێ بڕیاری تەواوەتی بایکۆتی دابێت، بەڵکو تەنها هێماکردن پێی لەم چرکە ساتە هەستیارەدا، دەتوانێت ستۆپێک بەو هەموو سەرکێشی و "سەرشێتییە" بکات. ئاخر ئەوەتا ئەمڕۆ بارزانی (بە پێی هەواڵەکان) بە ناوی گۆڕان قسە دەکات و دەڵێت جەماوەری گۆڕان و سەرکردایەتییەکەی دەنگ بە بەڵی دەدەن لە ریفراندۆمدا. ئەم قسەیە مەترسیدارە و جێگەی خۆی بوو یەکێک لە ئاستی هەرە بەرزی گۆڕان بە ناوی گۆڕانەوە راگەیاندنێکی تێر و لەجێدا بدایە وە بیگوتایە (ئاخر چۆن دەکرێ کەس و لایەن ئەو مافە بە خۆیان بدەن لە جیاتی بزووتنەوەی گۆڕان بڵێن جەماوەری گۆڕان و سەرکردەکەی دەنگ بە بەڵێ دەدەن لە ریفراندۆمدا). ئەمە هەرگیز نابێ رووبدات. باوەڕم وایە لەمە ئەولاتر ئەوەیە کە ئەمڕۆ بەرپرسی میدیای بزاڤی گۆڕان (عەبدولڕەزاق شەریف) لە دیمانەیەکدا دەڵێت "ئەگەر ڕیفراندۆم بكرێت دەنگی گۆڕان بەڵێ دەبێت".  من پێم وایە ئەمە راگەیاندنێکی ئەوپەڕی ناسیاسیانەیە چونکە بەم راگەیاندنە گۆڕان بە پارتی دەڵێ ئێمە لەگەڵ بین یا نا، پەرلەمان کارا کرابێتەوە یا نا وە ئەسلەن ئێمە رێککەوتبین یا نا، ئەوا دەنگی گۆڕان هەر بەڵێیە! ئەمە رێک سوتاندنی بەهێزترین کارتی دەستی گۆڕانە: ئاخر تا رادەیەکی زۆر پارتیش تەنها پێویست و مەراقی ئەم بەڵێیەیە و هیچی تر. پرسیارە جددیەکەش ئەمەیە: ئایا گەر پارتی بزانێ دەنگی گۆڕانی مسۆگەرە ئەی رێکەوتن لەگەڵ گۆڕان لە پای چی و لە پێناوی چیدا!  
ئیتر ئێمە گەیشتووینەتە وێستەگەیەک کە تیایدا لە ماوەیەکی کەمدا پێویست بکات گۆڕان بایکۆت وەک بژاردە بێنێتە ناو باس و خواس وە جەخت بکاتەوە کە هەموو بژاردەیەک لە پێش گۆڕان کراوەن وە پێویستە هەموو لایەنەکان، بە تایبەتی سەرکێشان و سەرشێتانی ریفراندۆم، باش لە پەیامەکە بگەن. بژاردەیەکیش دەکرێ ئەوە کە گۆڕان بە هەموو قورسایی بەشدار دەکات لە ریفراندۆمدا بەڵام بە دوو دەنگ (بەڵێ و نەخێر: بەڵێکە بۆ سەربەخۆییە، و نەخێریش بۆ ریفراندۆمە "سەقەتەکە"، بەم مانایەش سوتاندنی کارتەکان بە دوو دەنگ. ئێستا قۆناغی وەک عەرەب دەڵێ (تلویح)ە بە بژاردەکان، تەنانەت زۆر درەنگیشە!
هەڵبەتە من تێدەگەم کە ئەوەی روویدا نابێ روویبدایە بەو مانایەی کە مەترسی ئەوەی "رۆژێک دێت پارتی و بارزانی دەست بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەبەن کە تیایدا هەمووان ئیحراج دەبن". پرسیاریش ئەو کاتە ئەمە دەبێت: دەستێکی ناشیرین شتێکی جوانت پێشکەش دەکات: وەریدەگریت یان رەددی دەکەیتەوە! لە کاتی پێشوودا ئەو لێکدانەوە و تێگەیشتنەی کە بزووتنەوەی گۆڕان لە بابەتی دەستبردنی پارتی و بارزانی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی کردی هەڵەیەکی گەورە بوو، کە بەردەوام، هەندێک جار بە "بێمنەتیشەوە"، دەوترا کە بەڵی ئەوەی پارتی و بارزانی باسی دەیکەن تەنها موزایەدەیەکی سیاسی و هیچی تر. . . خەرابتر لەوە هەندێک جار وتراوە، با ئەوان (بارزانی و پارتی) دەوڵەتی کوردستان راگەیێنن ئێمەش پیرۆزباییان لێ دەکەین: شتەکان بەو سادەییە نەبوو و بە سادەییش نیە و لە داهاتوشدا بەو سادەییە نابێت. چونکە بۆ پارتی و بارزانی سەربەخۆیی دیزاینێکی سیاسییە لە گەمەیەکی سیاسی فرەڕەهەند و زۆر ئاڵۆزدا، مەبەستێکی سەرەکیش داگیرکردنی دواڕۆژە وە هەر بەو ئامرازەش (واتە بە رفاندن و داگیرکردنی پڕۆژەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی) خوازیارە هێزە سیاسییەکانی تر بێ دواڕۆژ بکات و دواڕۆژیان داگیر بکات لەسەر ئەو گریمانەیەی کە دەڵێ ئەوەی ئەمڕۆ خاوەنی پڕۆژەی سەربەخۆییە هەر ئەویش خاوەنی داهاتووە! وەک لە جێگای تریش نووسیومە و وتومە: خێڵ و بنەماڵە لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوودا دەستیان بەسەر ناسیۆنالیزمی کوردیدا گرت، ئەمڕۆش خێڵ و بنەماڵە بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دەستی بەسەر پڕۆژەی سەربەخۆیی داگرتووە. . . هتد. چەند ساڵێکیش پێش ئێستا هاوارمان کرد، تکایە با ئەم شتە روونەدات، با نەگەینە ئەو ئێستەگەیە، چونکە ئەو کاتە دەکرێ کاریسە روو بدات و ئەو کاتەش هەموومان زۆر درەنگ کەوتبین! 


دەرەنجام:
پارتی و بارزانی بەر لە هەموو کەس و لایەن باشتر دەزانن کە چارەنووسی ئەم ریفراندۆمە یەکێکە لەم دوو دەرهاوێشتەیە: ١) لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا باشووری کوردستان، بە ئەگەری یەکجار زۆر رادەکێشرێتە ناو ململانێیێکی خوێناوی کە لە ئاکامدا هەر دەبێ بە گفتوگۆ تەواو ببێ! لەگەڵ ئەوەی کە سیناریۆی دووبارەبوونەوەی شکست و چۆکدادانی ١٩٧٥یش لەبەر دەرگایە، ئەو کاتە گفتوگۆش زۆر بە کەڵکی کورد نایەت! لەگەڵ ئەوەشی کە کەس ئەمڕۆ بە تەواوەتی نازانێ قەوارەی ئەم پێکدادانە چەند دەبێت وە چۆن کۆتایی دێت، بەڵام دەکرێ هەر لە ئێستاوە بڵێین کە ریفراندۆم بەو شێوازەی بارزانی و پارتی دەستیان بۆ برد، هەر زوو بووە هۆی ئەوەی کە کورد پێگەکەی لە عێراقدا لاوازتر ببێت تا بە هێزتر، لە زەمەنی دوای ریفراندۆمیشدا بە ئەگەری زۆر لاوازتر دەبێت؛  ٢) دواخستنی ریفراندۆم، کە ئەمە ئەگەری هەرە لە پێشە، بەمەش سوتانی کارتەکەی دەستی بارزانی و پارتی بۆ مامەڵە پێوەکردن بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی سیاسی بارزانی و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان. سوتانی ئەم کارتەش پارتی و بارزانی و تەواوی باشووری کوردستان دەخاتە بەردەم ئەزمونێکی نوێوە. دواخستنی ریفراندۆم هەر لە لایەن بارزنی و پارتی و لایەنە پشتگیرەکانییەوە، واتە بەبێ تێکەڵاو بوونی گۆڕان و کۆمەڵ لە بڕیارێکی ئەوهادا، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز، کە تیایدا ئەمری واقع زۆر یارمەتیدەری پارتی نابێت. لە لایێکی ترەوە سەیر ئەوەیە کە بارزانی و پارتی هەتا ئەم چرکەساتەش دەتوانن مامەڵە بە کارتی ریفراندۆم بکەن، کارتێک کە هەر زوو هێماکانی سوتان و لەدەستدانی دەرکەوتوون، وە لەم چەند خولەکەی کە لە چارەگ بۆ کاتژمێر دوانزە وا خەریکە باشتر ئەو هێمایانە دەردەکەون. لە راستیدا دواخستنی ریفراندۆم خەریکە دەبێتە بە هەنگاوی کردارەکی. دواجار لەوەدەچێ کە یەکێتی لە دوا چرکەدا ٣٠ حوزەیرانێکی تر هەڵبژێرێ لە بری ٢٣ حوزەیرانێکی تر. دیارە یەکێتی پێویستی بە دوو ساڵ کات هەبوو بۆ ئەوەی لە ٢٣ حوزیران بگاتەوە بە ٣٠ حوزەیرانێکی دیکە!
ئێستا پرسیار بۆ هەموو لایەنەکانی کوردستان ئەوەیە کە چۆن دەکرێ بە ئەوپەڕی هوشیاری و زەمیری سیاسی زیندووەوە مامەڵە لەگەڵ کارتێکدا بکرێ، کە بە ئەگەری زۆر هەر زوو سوتاوە: شتێک بکرێ کە ئیتر بە هۆی سەرشێتی و سەرکێشیێکی سیاسییەوە، تەڕ و وشکی وڵات نەسووتێ؟ 

------------------------------------------------------------
ناواخنی وتار
  پێشەکی ----------  ٢
١) رێکەوتنی یەکێتی و پارتی --------- ٣
٢) ریفراندۆم و کەمتر لە چارەگ بۆ کاتژمێر دوانزە  ------- ٧
           دەرەنجام -----------١١

 * ٢٠١٧/٩/١٣ 
* بەشێکی زۆری ئەم بابەتەی بەردەست پێشتر وەک نامەیەکی تایبەتی نووسراوە دواتر شێوازی وتاری وەرگرتووە. 

تێبینی: بۆ خوێندنەوەی ئەم وتارە بە شێوازی پی دی ئێف بڕوانە ئەم لینکە لە ماڵپەڕی تاکەکەسی نووسەردا: 
http://www.burhanyassin.com/Chend%20Chirkeyek%20bo%2012.pdf


14/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر