بەڕێوەبردنی وڵات بە میزاجی بارزانییەوە

شێرزاد شێخانی

یەكێك لەكەسە نزیكەكانی كاك نەوشیروان مستەفا لەلێدوانیكیدا باسی هۆكاری ناكۆكیەكانی نێوان پارتەكەی مەسعود بارزانیو بزوتنەوەی گۆڕانو خودی كاك نەوشیروانیش دەكات دەڵێ" كاك نەوشیروان هەمو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە كەوا بارزانی لە ئاسمانەوە بهێنێتە خوارەوە".مەبەستی ئەوەیە بارزانی كە بەوەهم كۆیلەكانی تێیانگەیاندوە كەوا زاتێكی موقەدەسی لەمەرتەبەی فریشتەكانی ئاسمانایا، ئەو ئەیەوێ ئایەغی بكاتەوەو وایلێبكات وەكو هەر ئینسانێك بیر بكاتەوە نەوەك خەلیفەیەكی خوا لەسەر ئەرز..كۆیلەكەكانی بنەماڵەو قەڵەمەبەكرێگیراوەكانی دەربار بەیاریكردن بەم وەتەرەی بارزانیەوە لەبەرامبەر كیسەیەك پارەی حەڕامو دزراوی قوتی میللەت،بارزانییان توشی نەخۆشییەكی دەرونی كردوە كە زۆربەی دیكتاتۆرەكانی دونیا دوچاری بون ئەویش دەردی خۆبەزلزانییە،تا وایلێهات بارزانی كوڕی سەركردەیەكی میللیو وەكو خۆیان وەسفی ئەكەن بەرێبەری روحی نەتەوەكەمان لەبری ئەم هەمو خەباتو تێكوشانو قوربانی خۆیو بنەماڵەكەشی بخاتە ژێرپێی و مێژوی پێشمەرگایەتیو خەباتی عەشرەتو خانەوادەكەیشی بكاتە قوربانی كورسییەكەی.
بەم وەهمەوە بارزانی سیاسەت ئەكات،ئێستا خۆی بەخاوەنی ئەم وڵاتە ئەزانێت وخاكو میللەتەكەشی بە مۆڵكی تاپۆكراوی بەناوی خۆیەوە،وەك دیكتاتۆرێك وڵات ئەبات بەڕێوە..خۆی وانیشان ئەدات كەوا بەبێ ئەو هیچ بریارێك لەم وڵاتەدا دەرناچێت،تەنانەت جارێكیان دوای نەخۆشكەوتنی بەرێز مام جەلالیش باس لەوە ئەكرا كەوا بەسەرپەرشتی بارزانی كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی سازبكرێت وەكو ئەوەی ئەو جێگری مام جەلال بێت لە بەڕێوەبردنی یەكێتی نیشتمانیشدا.
دوای ئەو هەمو قەیرانە سیاسییانەی لەئەنجامی تاكڕەوی مەسعود بارزانی ودەستگرتنی بەكورسی سەرۆكلیەتی هەرێمەوە،وڵات هاتە سەر ساجی عەلی،دوای ئەو هەڵوێستە ناشرینانەی پارتیو بارزانی بەدەركردنی سەرۆكی پەرلەمانو وەزیرەكانی گۆڕان لەحكومەت،دوای ئەوەی میللەتو دۆستانی دەرەوەش چاوەرێی هەنگاوێكی ئەرینین لەبارزانی بەكردنەوەی گرێ كوێرەی قەیرانە سیاسییەكە بەدەركردنی بریارێك بەئاساییكردنەوەی وەزعەكە،ئەو هاتوە باس لەوە ئەكات پارتی بەمەرجی لادانی دكتۆر یوسف محمدی سەرۆكی پەرلەمان ئەم وەزعە ئاسایی ئەكاتەوە؟؟!!!.
دوای ئەو هەمو شكستی دەسەڵاتەكەی خۆی و حكومەتە حزبییەكەیو دوای ئەو هەمو ئابروچونەشی ئێستا باس لەمەرجی لادانی سەرۆكی پەرلەمان ئەكات..هەر بەمیزاجی شەخسی خۆیەوە چەند ساڵێك پێش ئێستاش لەگەڵ نوری مالیكیدا گەیاندییە مریشكەڕەشەو هێزی پێشمەرگەی ناردە بەرامبەر هێزەكانی سوپای عیراق، تا وای لەمالیكی كرد بودجەی كوردستانی بڕی،ئێستا جارێكیتر هەر بەمیزاجی شەخسی خۆیەوە مەرجی لادانی یوسف محمد دائەنێت وەكو ئەوەی پۆستەكەی سەرۆكی پەرلەمان ناشەرعی بێت،پۆستە ئیكسپایەرەكەی خۆیشی وەكو سەرۆكی هەرێم شەرعییەتی هەبێت. بارزانی سیاسەت بەمیزاجی خۆی ئەكات، چۆن بە میزاج دەیانو سەدان كەسی بنەماڵەكەی كردە خاوەن ملیاران دۆلاری دزراوی میللەت،چۆن یاساو بریارەكانی هەرێم بەمیزاجی شەخسی دەر ئەكاتو دواتریش بەمیزاجی شەخسییەوە پێشیلیان ئەكات،چۆن بە میزاج پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرو دەرەوەش ئەبەستێت بەبێ ئەوەی گوێبداتە هیچ لایەنێكی سیاسی سامانی میللەتەكەمان ئەبەخشێتە هاوپەیمانەكانیەوە،ئەیەوێ ئەو ماڵوێرانیەی ئێستای هەرێمیش بەمیزاجی شەخسی خۆی چارەسەری بكات،گرنگیش نیە لای ئەو هەرێمەكەمان بەرەو هەڵدێر ئەڕوات یا ئەزمونەكەمان شكست دێنێت.
سەدام حوسێن كاتێك بەمیزاجی شەخسی شەڕێكی بێئامانی لەگەڵ ئێراندا بەرپاكرد میللەتەكەی باجێكی دو ملیۆن كەسی دا. كاتێكیش هەربە میزاجەو وڵاتی كوەیتی داگییركرد جارێكیتر مییلەتانی عیراق باجێكی نیو ملیۆن كەسیان دایەوە،وا دیارە مەسعود بارزانیش ئەیەوێ باجی هەڵەكانی بەمیللەتەكەی بداتەوە،بەڵام ئایا ئەو میللەتەی بەدرێژایی سەد ساڵی رابردو سەری بۆ داگییركەرو دیكتاتۆرەكان نەنواندوە،حوكمەكەی بارزانی ئەتوانێ ئیرادەی ببەزێنێت و بیكاتە میللەتیكی زەلیلو سەرشۆر؟؟؟.تا ئێستا بارزانی بۆی چۆتەسەر هەر لەدزینی سامانی میللەتەوە تا ئاستی دەستبردن بۆ قوتی خەڵكیش، بەڵام هیچكات ئیرادەی میللەت بەدەست هیچ دیكتاتۆریكەوە نەشكاوە مێژوش شاهیدە.
لەسەردەمی داگییركردنی وڵاتی میسر بەدەست مەغۆلو تەتارەكانەوە، رۆژێكیان زانایەكی ئیسلامی ئەم وڵاتە بە شوێینێكدا تێئەپەرێت ،ئەبینێ چل زەلام دەستەو ئەژنۆ دانیشتون سەرەی لەسێدارەدانیان گرتوە، تەنها یەك پاسەوان بەشمشێرێكەوە بەسەریانەوە وەستاوە..سەیری ئەو مییللەتە زەلیلەی ئەكاو رویان تێئەكات ئەڵی" دەك داوەشێن چی میللەتێكن،ئێوە چل زەلام ئەویش یەك پاسەوان ناتوانن هەڵسن بیكوژنو خۆتان نەجاتی بدەن لەپەتی سێدارە؟.ئالێرەدا غییرەت ئەیانگرێی یەكدەست هێرشی بۆ ئەبەنو پارچەپارچەی ئەكەنو خۆیان ئازاد ئەكەن..؟؟؟؟!!!!!!!!!!! باقی وەلسەلام


02/03/2016



وتارەکانی تری نوسەر