پارتی دو ئیدارەیی ئەوێ

شێرزاد شێخانی

1- بەردەوامی كێشەو قەیرانەكان
شەش مانگ پێش ئێستاو لەبەرنامەی(پانۆراما)ی كەناڵی كوردسات نیوزدا وتم"ئەو شەڕانەی ئێستاو لەئاییندەدا پارتی ئەیكات هەموی پەیوەستە بەپۆستەكەی مەسعود بارزانییەوە.ئێستاش قەناعەتم وایە پارتی بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری ئەو پۆستە نابێت هەتا مەسعود بارزانی لەژیاندا مابێ، چونكە بەكورتیو بەكوردی پارتیەكان مەسعود بارزانیان لا خوایەو نابێت دەست بۆ عەرشەكەی  ببرێت..كاتێك باس لەئاساییكردنەوەی ئەم وەزعە ئەكرێت، هەمومان ئەڵێین با وەزعەكە بگەڕێتەوە پێش 23 حوزەیران، ئەمەش بەڵگەیە تا باسی پۆستەكەی بارزانی لەئارادا نەبوە ،هەرێم هیچ كێشەیەكی نەبوە،كەواتە  ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە نرخەكەی یەكسانە بەبێدەنگبون لەبەسەرچونی وادەی سەرۆكایەتی بارزانی ورازیبونی لایەنەكان بەمانەوەی لەو پۆستەدا بەمەش دونیا ئەبێتەوە شامی شەریف..
پێشتریش وتومە كێشەی سەرۆكایەتی (دایكی كێشەكانە)، بۆیە پارتی ئامادە نیە هیچ سازشێك لەسەر ئەم مەسەلەیە بكات،لێ ئامادەی هەمو تەنازولێكە لەشتەكانیتردا..پارتی كاتێك هەوڵێكی زۆریدا بۆ ئەوەی گۆڕان بەشداری پێبكات لەدەسەڵاتو حكومەتو پەرلەماندا،لەبەر ئەوە نەبوە كەوا پارتی رێز لەئیرادەی دەنگدەر ئەگرێ،چونكە بینیمان یەكێتی بەپێی ئیستحقاقی خۆیو بەپێی رێكەوتنی ستراتیژیش مافی چوار ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتی هەبو لەكابینەی شەشەمدا، بەڵام پارتی لەدوساڵی زیاتری پێڕەوا نەبینی، هێنانی گۆڕانیش بۆ ناو حكومەت مەبەستی كڕینی بێدەنگی گۆڕان بو لەمەسەلەی كۆتاهاتنی ویلایەتەكەی بارزانی، چۆن پێشتر بەهەندێ ئیمتیازاتو پۆستەوە توانی بەشێك لەسەركردە روزەردەكانی یەكێتی بكڕێتو پیلانی 30 حوزەیرانیان پێ سەربخا، ویستی بەهەمانشێوە گۆڕانیش بەهەندێ پۆستی حكومی دەمكوتبكات، بەڵام ئەوەی بۆ نەچوە سەر ئیدی ئەم قەیرانەی دروستكرد.
لەدانیشتنێكی تایبەتدا لەگەڵ كاك نەوشیروان راشكاوانە پێموت كەوا من قەناعەتم وایە پارتی بەهیچ شێوەیەك ولەژێر هیچ فشارێكدا ئامادە نیە دەسبەرداری دەسەڵات بێت تەنانەت ئەگەر گۆڕان یا هەر حزبێكیتر 95% كورسی پەرلەمانیش لەهەڵبژاردن بباتەوە. ئەوساو ئێستاش پێموایە پارتی بەبێ دەسەڵاتو پارە یەكسانە بەسفری دوای فاریزە،ئەو وەكو گۆڕان حزبی دەنگدەر نیە. وەكو یەكێِتیش خاوەن شۆرشو راپەرین وسەروەریەكانی روبەروبونەوەی دیكتاتۆریەتی سەدامیش نیە، ئەو بەدابەشكردنی پۆستو پارەو ئیمتیازات خەڵك ئەكِرێت، بۆیە دوركەوتنەوەی لەدەسەڵات واتا مردنیەتی.لەم روانگەیەوە پێموایە پارتی بەهیچ شێوەیەك ئامادە نیە دەستبەرداری دەسەڵات بێت، ئیدی هیچ پێویست ناكات ئەم حزبانە خۆیان مشەوەش بكەنو بەدوای چارەسەری ئەم دۆخە بگەڕێن،یان ئەوەتا ئەبی ملكەچی دیكتاتۆریەتی پارتی بن،یا ئەوەتا ئەم قەیرانە سیاسییە تا رۆژی قییامەت درێژە ئەكێشێت، ئەوەی ئێستاش هەیە لەكێشەی دادگاییكردنی كاك نەوشیروان بەشێكە لەسیاسەتی پارتی بۆ لەبیربردنەوەی كێشە سەرەكییەكە كە سەرۆكایەتی هەرێمە، ئەمەش تەواو بێت كێشەی تر دروست ئەكات، لێرەشەوە ئەڵێم تەنانەت بڕوا ناكەم هەڵبژاردنی داهاتوش ئەنجامبدرێت، چونكە مەسعود بارزانی بەپێی یاسا مافی خۆ كاندیدكردنی نیە،تا ئەویش لەژیاندا مابێت پارتی ناوێرێ كەسێكیتر لەشوێنەكەی دانێ، كەواتە ئەم قەیرانو كێشانە بەردەوام ئەبن ، ئیدی ئاو بێنەو دەست بشۆ.
2-دو ئیدارەیی ویستی پارتیە
ئەگەر سەیری واقیعی سیاسی ئەمرۆی كوردستان بكەین، بەواقیع ئێستا دو بەرەی دژ بەیەك هەن. بەرەیەك پارتییە كە زۆربەی جومگە سەۆەكییەكانو چەك و پارەشی هەیە،لەبەرامبەردا بەرەیەكیتر كە پێكهاتوە لەیەكێتیو گۆڕان وكۆمەڵو یەكگرتوو بزوتنەوەی ئیسلامی وچەند حزبێكیتر كەخاوەن پرۆژەن بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسیو لادانی مەسعود بارزانی.ئەمدو بەرەیە ئێستا لەململانێیەكی توندن، زۆر كەس پێی وایە كە ئەم دۆخە بەرەو شەڕی ناوخۆمان ئەبات..بەڵام من پێموایە ئەمە لێكدانەوەیەكی ناواقیعیە،لەبەر دو هۆكاری سەرەكی:یەكەمیان، شەڕی ناوخۆ ئەگەر حزبە سیاسیەكانیش بۆی بچن،بەڵام میللەت قبوڵی ناكات، دوای نەهامەتیەكانی شەڕەكانی پێشوتر چ لەشاخو چ ئەوەی لەناوەراستی نەوەدەكاندا رویاندا،میللەت نە رازی ئەبێت جارێكیتر شەڕی ناوخۆ سەرهەڵبداتەوە،نە نەوەی ئێستاش ئامادەن خۆیان بكەنە سوتەمەنی شەڕێك كە دەسكەوتەكانی بۆ حزبێكی ستەمكارو خوینخۆری میللەت بێت.وەزعی میللەتەكەشمان ئەوەندە خۆش نیە تا شەڕی براكوژیش قبوڵ بكات، بۆیە ئەگەر كار گەیشتە ئەوە دور نیە راپەرێنێكی جەماوەری سەرهەڵدات.هۆكاری دوەم سروشتی ئەو ململانێیەی ئێستایە، بەرەیەك ئەیەوێت دیموكراسیەت بخاتە ژێرپێیەكانیەوەو خۆی فەرز بكات بەسەر دەسەڵاتەوە،بەرەیەكیش ئەیەوێ دیموكراسی بچەسپێت چەمكی دەستاودەستی دەسەڵات لەهەرێمدا جێگیر بكات، هەڵبەت دونیای دەرەوەش ئاگاداری ئەم ململانێیەن، باوەڕ ناكەم لەم هەلومەرجە دژوارەی ناوچەكەداو لەگەڵ هەبونی هەرەشەی داعش بەسەر هەمو دونیادا رێگا بدرێت شەڕی ناوخۆ لەهەرێمدا روبدات،بەتایبەتیش ئێستا بەواقیعی هەرێمی كوردستان بوەتە سەنگەری پێشەوەی شەڕی جیهان لەدژی داعش.یەك هەڵبژاردە ئەمێنێتەوە ئەویش دابەشبونی هەرێمە بەسەر دو ئیدارەدا، ئەمە چارەسەری واقیعیانەی ئەم دۆخەیە چونكە هەمو لایەك گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەوە كەوا پارتی ئامادە نیە دەستبەرداری دەسەڵات بێت، زۆر باشیش ئەزانن پارتی ناتوانێت لەگەل حزبی نەیاردا هەڵبكات.ئەو تەنها ئەتوانێ لەگەل حزبی بچوكی وەك توركمانو مەسیحیو حزبە دەسكردەكانی خۆیدا هەڵبكات، ناتوانێ لەگەل حزبە كاریگەرەكانی ناو پرۆسەی سیاسیدا بگونجێت، بۆیە ئەو پێش هەمو كەسێك وەزعەكە بەرەو دو ئیدارەی ئەبات، نازانم ئەو قسەیەش تا چەند راستە كە لەكۆبونەوەكەی لەگەل وەفدی یەكێتیدا پێی وتون ئەگەر لەرێكەوتنەكە لەگەل گۆڕان پاشگەز نەبنەوە ئەیكەنەوە بەدو ئیدارەیی، بەڵام دڵنیام كە ئەوان ئەم بژاردەیان پێ باشترە لەهەر چارەسەرێكیتر چونكە لەسەرئێشەی گۆڕانو یەكێتیو حزبەكانیتر نەجاتیان ئەبێت ئیدارەی خۆیان بەبێ كێشە بەڕێوەئەبەن دیكتاتۆرییەتی خۆیان ئەسەپێنن بەسەر زۆنەكەی خۆیان.لێرەدا زۆر بەوازحی دەنگ هەڵئەبرم داوا لەگۆڕانو یەكێتی ئەكەم بەهیچ شێوەیەك ئەو هەڵە كوشندەیە نەكەن  خۆیان دەستپێشخەر بن لەجیاكردنەوەی ئیدارەكە، چونكە لەكۆتاییدا هەر پارتی بەرەو ئەم بژاردەیە ئەڕوات با ئۆباڵی ئەم كارەش بكەوێتە ئەستۆی ئەوانەوە،بەتایبەت ئەوان سڵ لەهیچ خیانەتێك ناكەنەوە،با ئەو جیا كردنەوەی ئیدارەیەشی بێتەسەر..
3- رێكەوتنی گازی لەگەڵ روسیادا
لەمرۆژانەدا هەواڵی ئەوەمان پێگەیشت كەوا حكومەتە نازدارەكەی نێِچیرڤان بارزانی خەریكی گرێبەستێكی گەورەی گازییە لەگەڵ روسیادا..ئەم هەواڵەم زۆر پێ سەیرە،چونكە روسیا خۆی هەناردەكاری سەرەكی گازە لەدونیادا، تەنانەت پێداویستی ئەوروپا لەگاز هەموی لەروسیاوە بۆی دابین ئەكرێت، ئیدی وڵاتێك خۆی سامانێكی گەورەی گازی هەبێت، هاوردەو كڕینی گازی كوردستانی بۆچییە؟؟.زۆر عەجایبە،وەكو گۆرانییە میسریەكەی لێهاتوە كە ئەڵێ" متروحش تبیع المایە بحارە السقایین" واتە نەچی ئاو لەگەڕەكی ئاوفرۆشان بفرۆشیت؟؟!!.
زۆرجار پارتیەكان باس لەسەركەوتنی پەیوەندییە دیبلوماسیەكانیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا ئەكەن، هەڵبەت ئەوان وەكو بازرگان سیاسەت ئەكەن، بۆیە زۆر ئاساییە لایان گرێبەستی پەنجا ساڵی نەوتی لەگەل توركیادا ئیمزا بكەن بۆ ئەوەی سۆزی ئەردۆگان بۆلای خۆیان راكێشن، نیوەی خاكی كوردستانیش بفرۆشنە كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان، ئێستاش سامانی گازییەكەمان هه رزان بخەنە بەردەستی روسیا تەنها بۆ ئەوەی پشتگیری لەسیاسەتە دیكتاتۆریانەكەی پارتی بكات.هەڵبەت ئامانج لەم رێكەوتنانە زۆر بەرونی دیارە كەمەبەستی كڕینی هەڵِوێستی وڵاتانی دەرەوەیە بۆ درێژەدان بەحوكمی دیكتاتۆریانەی بنەماڵەی بارزانی و جوانكردنی روی رەشیان،ئەمەیە سەركەوتنە دیبلوماسیەكانی سەرانی پارتی كە هەمیشە زوڕنای ئەوەمان بۆ لێئەدەن دونیا هەموی لەگەڵ بارزانییە!!.


19/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر