پارتی وبەعس دو رووی دراوێكی قەڵپ

شێرزاد شێخانی


حیزبی بەعس سەرەتا لەسوریا دامەزرا،بەحیسابی ئەوەی حزبێكی نەتەوەییە دروشمەكەی یەكگرتنەوەی ئومەی عەرەبی بو.چەند فەرعێكی لەوڵاتە عەرەبیەكان دامەزراند كە عیراقیش یەكێك بو لەم فەرعانە.دوای 15 ساڵ لەدامەزراندنی بۆ یەكەمجار لەهەردو بەشی سوریاو عیراقدا توانی بەكودەتای عەسكەری دەسەڵات بگرێتەدەست، بەڵام زۆری پێنەچو دوای هەشت مانگ كودەتایەكی تری عەسكەری بەسەرۆكایەتی عەبدولسەلام عارف لەعیراق كۆتایی بە حوكمی بەعس هێناو ئاشبەتاڵیان كردو زۆربەی سەركردەكانی بەعس خرانە كونجی زیندانەوە، تا لەساڵی 1968 جارێكیتر لەرێگەی كودەتاییەكی تری عەسكەرییەوە جڵەوی دەسەڵاتیان گرتەوەدەست،ئەمجارەیان بەپەند وەرگرتن لەشكستەكەی ساڵی 1963 توانییان دەسەڵاتێكی دیكتاتۆریانە بچەسپێنن بەمەش تا نزیكەی 35 ساڵ لەعیراق حوكمیانكرد.

لەسەرەتای قۆناغی دوەمی حوكمڕانییان، بەشێك لەسەركردەكانی بەعس بەتایبەتی ئەحمەد حەسەن بەكرو سەدام حوسین توانیان كۆنترۆڵی حزب بكەن ودەسەڵاتی عەشیرەتی تكریتیەكانی بەسەردا بسەپینن،دواتریش سەدام لەكودەتایەكی حزبیدا توانی بەكر لابداتو دەسەڵاتی بنەماڵەكەی وپاشتریش تاكە دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی خۆی بەسەر حزبدا فەرز بكات.

مێژوی پارتی جیاوازییەكی ئەوتۆی نیە لەگەل حیزبی بەعسدا،لەزۆر بواردا یەكچونن،بەتایبەت پارتیش سەرەتا خۆی وەكو حزبێكی نەتەوەیی نماكردو،بەڵام زۆری پێنەچو مەلا مستەفا خۆی فەرز كردە سەر حیزبەكە، ئەویش هەر لەسەرتاوە هەوڵیدا چەند سەرۆك عەشیرەتو بنەماڵەیەكی خێڵەكی بێنێتە ناو سەركردایەتی حیزبو ،دواتر لەرێگەی كودەتایەكی حیزبیەوە سەركردە رۆشنبیرەكانی ناو مەكتەبی سیاسی وەدەرناو، ورد وردە دەسەڵاتی عەشرەتەكەی بەسەر حزبدا سەپاند،دواتریش دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی خۆی كە بەمییرات گەیشتە مەسعود بارزانییەوە.

كارەساتی هەكاری ساڵی 1978 و شەڕی درێژی براكوژی لەشاخ، دواتریش خۆ سەپاندنی بەتەزویری هەڵبژاردنەكانی یەكەم پەرلەمانی كوردستان،پارتی هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بوە حوكمی تاكڕەوی خۆی بسەپێنێت.. شەڕی ناوخۆی ناوەراستی نەوەدەكانیش ئەگەر چی لەمانشێتەكەیدا لەسەر داهاتەكانی گومرگی ئیبراهیم خەلیل بو، بەڵام ئەویش ئامانجی سەرەكی قۆرخكردنی دەسەڵات بو لەرێگەی داگییركردنی داهاتی هەرێمەكەمان.

لەدوای راپەرینەوە لەبەر بونی هێزێكی گەورەو كاریگەری سیاسی وجەماوەریی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە،پارتی نەیتوانی خەونەكانی خۆی بەسەپاندنی دەسەڵاتە تاكڕەوییەكەی بێنێتەدی، بەڵام هەمیشە لەهەوڵدابو بۆ ئەم مەبەستە..ئیمزاكردنی رێكەوتنامەی ستراتیژی لەگەل یەكێتی و دواتریش پاڵنانی مام جەلال بەرەو بەغداو داتاشینی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەبری پۆستەكەی مام جەلال،هەمو ئامانجەكەی پارتی ئەوەبو خۆی تاكو تەنها هێزی كاریگەری سەر ساحەی كوردستان بێت، ئەم رێكەوتنە ستراتیژییەش هەڵەیەكی گەورەی یەكێتی بو خرایە پاڵ هەڵە كوشندەكەی پێشوتری بەرازیبون بە حوكمی فیفتی فیفتی لەگەڵ پارتیدا، چونكە من پێشترو ئێستاش پێموابو ئەم شێوازی حوكمرانی فیفتی فیفتیە بوە هۆی ماڵوێرانی كورد و ناشرینكردنی پرۆسەی دیموكراسیی لەكوردستاندا، ئەبوایە یەكێتی وەكو حیزبێكی مۆدێرن وپیشكەوتنخوازو دیموكراتخواز هەر لەسەرتاوە پارتی فێری دیموكراسی و دەستاودەستی دەسەڵات بكردایە بەوەی ببوایەتە ئۆپۆسزیۆنێكی پەرلەمانیو دەسەڵاتەكەی بدایە پارتی بۆ ئەوەی میللەتیش بیزانیایە ئەم حیزبە چی لەباردایە..ئێستاش گاڵتەم بەم هەمو پروپاگندە سەیرو بێزەلەتەی پارتی وحزبەكانی تریش دێت كە باس لەرێكەوتنی سیاسی ئەكەن بۆ دابەشكردنی دەسەڵات ، یاخود دامەزراندنی حكومەتی بنكەفراوان،چونكە پارتی هیچكات باوەڕی بە یەكریزی و شەراكەت نیە،ئەمان دژی دیموكراسی راستەقینەن و ئەم درۆو دەڵەسانەشە ماڵی كوردی وێرانكرد.ئەوەتا بەحیساب ئێستا حكومەتەكەمان بنكە فراوانە، كەچی رژێمەكەی پارتی بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی چوار وەزیری دەركرد لەو حكومەتە..كاتی خۆیشی زۆربەی بریارەكانی دامەزراندنو لادانی وەزیرەكانی حكومەتی عیراق لەسەركردایەتی حیزبی بەعسەوە دەرئەرچوو بەبریاری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش( مجلس قیادەسەورە)ی سەدام جێبەجی ئەكرا،ئێستاش بڕیارەكانی حكومەتی هەرێم لەلایەن مەكتەبی سیاسی پارتیەوە دەرئەچێت،بەناوی سەرۆكی هەرێمی ماوە بەسەرچوش تەسدیق ئەكرێت.

لەسەرەتای حەفتاكان رژێمی بەعس كاری بۆ دامەزراندنی بەرەی پێشكەتنخوازی عیراقی(جەبهەی وەتەنی) كرد، ئەم بەرەیە بەسەرۆكایەتی حیزبی بەعس بو، حزبەكانی تر هەمویان حزبی گوێرایەڵو لەكارتۆن دروستكراو بون، ئێستا رژێمی پارتیش هەمان شتی ئەوێت، ماوەیەك بەر لەئێستا بەنیاز بو بەرەیەكی لەمشێوەیە لەسەر ئاستی هەر چوارپارچەی كوردستان دروست بكات بەناوی(كۆنگرەی نەتەوەیی كورد) بەڵام كاتێك حزبەكان رازی نەبون بەبراگەورەیی وسەركردایەتی مەسعود بارزانی پارتیەكان تێكیاندا.

قۆرخكردنی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەلایەن رژێمی پارتیەوە،ئەمەش هاوشێوەی هەبوە لەرژێمی بەعسدا، چۆن لێرە فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەدەست پارتیەو خودی مەسعود بارزنی سەرپەرشتی ئەكات، لەرژێمی بەعسیشدا مەكتەبی عەلاقاتی دەرەوە هەبو لەناو حزبدا كە سەدام حوسین خۆی سەرپەرشتی ئەكرد وحكومەت پابەندی بریارەكانی ئەبو.

دژایەتیكردنی حیزبەكانی كوردستان لەگەورەوە بۆ بچوكترینیان،هەمان سیاسەتی رژێمی بەعسە، ئەویش خۆی بەحیزبی قائید ئەزانیو هیچ حیسابێكی بۆ حزبەكانیتر نەئەكرد بە هاوپەیمانەكانیشیەوە،كاتی خۆی حیزبی شیوعی هاوپەیمانی بەعس بو لە جەبهەكەش لەگەڵیدا بو، بەڵام هیچكات حیزبی بەعس رۆڵێكی پێنەدا،ئێستاش یەكێتی بەحیساب ساڵانێكە هاوپەیمانی پارتییە، بەڵام ئەویش هیچ حیسابێكی بۆ نەكراوە.

رژێمی بەعس كاتی لەدەسەڵاتدابو كاری ئەكرد بۆ دروستكردنی حیزبی كارتۆنی بۆ ئەوەی لەدونیای دەرەوە بگەیەنێت كە دیموكراتخوازە،ئەوە بو چەند حزبێكی لەو بابەتە دروستكرد وەكو حزبەكەی هاشم عەقراوی و مەلا ماتۆر،ئێستاش رژێمەكەی پارتی هەمان سیاسەت بەڕێَوە ئەبات بەدروستكردنی حیزبی توركمانیو مەسیحی كە هەمویان كۆیلەو گوێرایەڵی خۆیانن.

گەورەترین دوژمنی دەسەڵاتەكەی بەعس خەڵكە رۆشنبیرەكان بون، بۆیە ژمارەیەكی زۆریانی كوشتو خستە زیندانەكانەوە،ئێستاش گەورەترین دوژمنی پارتی نوسەرو رۆژنامەنوسو خەڵكە رۆشنبیرەكەیە كە رۆژ نیە كەسانێكیان نەكوژرێنو نەخرێنە زیندانو بێسەروشوێن نەكرێن.

بۆ لەناوبردنی نەیارەكانیشی رژێمی بەعس هەمیشە تۆمەتی ئامادەكراوی ئەدایە پاڵ نەیارەكانی، جارێ بەتۆمەتی جاسوسی كردن بۆ ئیسرائیل، جارێ بەكرێگیراوی ئێران، جارێ بە تۆمەتی كودەتاوە تەسفیەی ئەكردن، هەمان سیاسەت ئێستا پارتی پەیڕەوی ئەكات دژ بەبزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی وحزبە نەیارەكانی بە تۆمەتی كودەتاو تیرۆرو پەیوەندی بەداعشو دژایەتیكردنی سەربەخۆییە درۆزنانەكەی، هەولّئەدات كاری سیاسیان لێ حەرام بكات یا ناوی سەركردەكانی بزرێنێ.

لەمومارەسەی سیاسەتدا هیچ جیاوازیەكەك لەنێوان هەردو رژێمەكەی پارتی وبەعسدا نیە، چونكە هەردوكیان حیزبی بنەماڵەو دیكتاتۆرن،كاریان بۆ جێگیركرنی دەسەڵاتی ستەمكارانەیە،یەك جیاوازی لەنێوان بەعسو پارتێدا هەبێت تەنها ئەوەیە،كە رژێمەكەی سەدام لەتاریكترین رۆژگارەكانیدا پەنای بۆ بێگانەو دوژمنەكانی نەبرد، كاتێك ئێران لەشەڕی لەگەڵ عیراقدا شاری فاوو بەشێكی زۆری لەخاكی عیراق داگییركرد، سەدام هانای بۆ هیچ یەكێك لە دوژمنەكانی نەبرد،خۆی سازدایەوەو بەسوپاكەی خۆی خاكەكەی ئازاد كردەوە، بەڵام رژێمەكەی مەسعود بارزانی هانای بۆ دوژمنە گەورەكەی بردو بەدەبابەكانی بەعس هەولێری داگییركردەوە، كە ئەمەش وەكو كاك قادر عەزیز لەسەرەتادا وەسفی كرد بە( شازی خیانەت) ..


05/07/2016



وتارەکانی تری نوسەر