هەناردەو داهاتی نەوتی هەرێم لەچوار مانگدا

د. بایەزید حەسەن
هەرێم لە چوار مانگی رابردودا  (995 147 58) بەرمیل نەوتی بە بۆری هەناردە کردوە کە (958 632 8) بەرمیلی نەوتی کەکوکە و رادەستی سۆمۆی نەکردوە، ئەو بڕەش داهاتەکەی (335 230 582 2 ) دۆلار بوە کە (063 753 354) دۆلاری هی نەوتی کەرکوکە. 
وەکو دەڵێن: "نەوت یان مایەی خوشگوزەرانیە یان مایەی نەهامەتییە "، ئەو وڵاتانەی نەوتیان هەیە و داهاتی نەوتەکەیان دیارە و بەکاریدەهێنن بۆ چاککردنی باری ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بونیاتنان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و پەسەندکردنی سیستەمێکی فەرمانرەوایی وا کە رێز لە مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی بگرێ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بهێننەدی و جومگەکانی فەرمانڕەوایی بە دامەزراوەیی بکەن و شەفاف بن و هەست بە لێپرسراوی بکەن و هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد ئەنجام بدەن و پشتگیری دەستاودەستکردنی دەسەلات بەشێوەیەکی ئاشتیانە بکەن، ئەوا ئەو نەوتە دەبێتە مایەی خوشگوزەرانی بۆ هاولاتیانی ئەو وڵاتە.
بەڵام ئەگەر ئەو وڵاتانەی نەوتیان هەیە، تاقمی دەسەڵاتدار داهاتی نەوتەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی و دارودەستەکەی بەکاربهێنێت و خۆیانی پێ بەهێز بکەن لە پێناو درێژەدان بە دەسەڵاتەکەیان و جومگە گرنگەکانی کەرتی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی پێ قۆرخ بکەن و شەفاف نەبن لە ئیدارەدانی کەرتی نەوت و گوێ نەدەنە باری گوزەرانی هاوڵاتیان و مافەکانیان پێشێل بکەن و ئاوڕ لە ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەوان نەدەنەوە، ئەوا نەوتەکە دەبیتە مایەی نەهامەتی بۆ زۆربەی هاوڵاتیان.

بێگومان نەوت لە کوردستان بوەتە مایەی قەیران و نەهامەتی بۆ خەڵکەکەی، نەبونی شەفافیەت لە کەرتی نەوتی کوردستان و قۆرخکردنی لەلایەن چەند کەسێکی دەست رۆیشتو، نادیاری لەبەرهەمهینان و نارونی لە داهاتەکەی، وایان کردوە کەس دڵی بە نەوتی کوردستان خۆش نەبێت.

لە مانگی شەشی ئەمساڵ، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڵاویکردەوە کە وەزارەت خۆی نەوتەکە دەفرۆشێت و لەوەودوا کێشەی موچەی فەرمانبەران نامێنێت و هێچ منەت لە بەغدا هەڵناگرن بەوەی موچە نەنێرێ، بەڵام ئەمجارە موچە بۆ سێ مانگ دواکەوت. 

ئەوە چوار مانگە (مانگی ٩،٨،٧،٦) حکومەتی هەرێم خۆی نەوت دەفرۆشێ، بەڵام موچەی ئەو سێ مانگەی پێنەدرا، لەبەر ئەوەی نازانرێ داهاتەکەی لەکوێیە و چیلێکراوە. 

بۆئەوەی بزانین داهاتی ئەو چوار مانگە چەندە، راپۆرتەکانی چوار مانگی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان شیدەکەینەوە، هەرچەندە کەموکورتی زۆریشیان تێدایە شەفافیش نین و سود لە هەندێک سەرچاوەی تریش وەردەگرین.

راپۆرتی مانگی (٦)ی ٢٠١٥
  
سەرجەم نەوتی هەناردە کراو لەلایەن هەرێمەوە = (639 130 17) بەرمیل، رۆژانە (571021) بەرمیل، لەوەش، بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاوی هەرێم = (711 740 12 بەرمیل)، رۆژانە (424690) بەرمیل، بڕی هەناردەی نەوتی کەرکوک لە لایەن هەرێمەوە = (928 389 4)  بەرمیل، رۆژانە (146331) بەرمیل، بڕی نەوتی خاوی رادەستکراو بە سۆمۆ = (334 493 4) بەرمیل.

ئەگەر بڕی نەوتی خاوی  رادەستکراو بە سۆمۆ لە سەرجەم نەوتە خاوە هەناردەکراوەکە دەربکەین ئەوا ئەو  برە نەوتە خاوەمان دەست دەکەوێت کە هەرێم خۆی فرۆشتویەتی و دەکاتە (305 637 12) بەرمیل، لە مانگی (٦)ی هەرێم بەرمیلێک نەوتی بە (52.73)  دۆلار فرۆشتوە.

واتە داهاتی هەرێم لە نەوتی ئەم مانگە = (092 365 660) شەش سەدو شەست ملیۆن و سێ سەدو شەست و پێنج هەزارو نەوەد و دو دۆلار بوە.

راپۆرتی مانگی (٧)ی ٢٠١٥

سەرجەم نەوتی خاوی هەناردەکراو لەلایەن هەرێمەوە = ( 090 019 16)  بەرمیل، رۆژانە = (516745   بەرمیل).
بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاوی هەرێم = (683 020 12 ) بەرمیل، رۆژانە = (387764)  بەرمیل.
بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاوی کەرکوک = (407 998 3) بەرمیل، رۆژانە = (128981) بەرمیل.
بڕی نەوتی خاوی رادەستکراو بە سۆمۆ = (540 201 2) بەرمیل، ئەگەر ئەو بڕە لە سەرجەم نەوتی خاوی بە هەناردەکراو دەربکرین، ئەوا ئەوبڕە نەوتەمان بۆ دەردەچێت کە هەرێم خۆی فرۆشتوێتی و دەکاتە (550 817 13) بەرمیل. 
لەم مانگەدا هەرێم بەرمیلێک نەوتی بە (47.81)  دۆلار فرۆشتوە.
بەوپێیە؛ داهاتی هەرێم لە نەوتی خاوی فرۆشراوی ئەم مانگە دەکاتە  (660 617 065) دۆلار.

لەم مانگەدا هەرێم (1 797 067) بەرمیل نەوتی خاوی کەرکوکی رادەستی سۆمۆ نەکردوە و بۆخۆی فرۆشتویەتی و پارەکەی بۆخۆی هەڵگرتوە، کە دەکاتە  (773 917 85)  هەشتا و پێنج ملیۆن و نۆسەد و حەڤدە هەزار و حەوت سەد و حەفتاو سێ دۆلار.

راپۆرتی مانگی (٨)ی ٢٠١٥
 
سەرجەم نەوتی خاوی هەناردەکراو لەلایەن هەرێمەوە= (798 657 14) بەرمیل، رۆژانە (472832) بەرمیل.
بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاوی هەرێم = (817 958 10) بەرمیل، رۆژانە (553510) بەرمیل. 
بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لەلایەن هەرێمەوە= (981 698 3) بەرمیل، رۆژانە (119322) بەرمیل.
بڕی نەوتی خاوی رادەستکراو بە سۆمۆ = (004 579 1) بەرمیل، رۆژانە = (50936) بەرمیل.

ئەگەر ئەم بڕە رادەستکراوەی بە سۆمۆ لەسەرجەمی نەوتی خاوی هەناردەکراو دەربکەین ئەوا برە نەوتە خاوەکەمان بۆ دەردەچێت کە هەرێم خۆی فرۆشتویەتی و دەکاتە (794 078 13) بەرمیل.

لەم مانگەدا هەرێم بەرمیلێک نەوتی خاوی بە 37.83 دۆلار فرۆشتوە، داهاتی هەرێم لە نەوتی خاوی فرۆشراوی ئەم مانگەش دەکاتە (498 674 516)  دۆلار، ئەوە جگە لەوەی لەم مانگەدا، هەرێم (977 119 2)  بەرمیل نەوتی خاوی کەرکوکی رادەستی سۆمۆ نەکردوە و بۆخۆی فرۆشتویەتی و داهاتەکەی بۆخۆی هەڵگرتوە کە دەکاتە  (730 198 80)   هەشتا ملیۆن و سەد و نەوەد و هەشت هەزار و حەوت سەدو سی دۆلار.   

تێبینی/ لەم مانگەدا نۆ رۆژ هەناردەی نەوتی هەریم راگیراوە بەهۆی شکانی بۆریە نەوتیەکان لە تورکیا .

راپۆرتی مانگی  (٩)ی ٢٠١٥
 
سەرجەم نەوتی خاوی هەناردەکراولەلایەن هەرێمەوە = (798 614 18) بەرمیل، رۆژانە (620478) بەرمیل.
بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاوی هەرێم = (548 898 13) بەرمیل، رۆژانە (463285) بەرمیل.
بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراوی کەرکوک لەلایەن هەرێم= (914 715 4) بەرمیل، رۆژانە (168904) بەرمیل.
* لەم مانگەدا هەرێم هیچ برە نەوتێکی خاوی رادەستی سۆمۆ نەکردوە واتە (914 715 4) بەرمیل نەوتی کەرکوکیشی بۆخۆی فرۆشتوە.
لەم مانگەدا ، هەرێم بەرمیلێک نەوتی خاوی بە (40) دۆلار فرۆشتوە و بەوپێیەش داهاتی هەرێم لە نەوتی خاوی فرۆشراوە لە مانگەدا دەکاتە (680 573 744) دۆلار .

لەم چوار مانگەدا واتە (٦ ، ٧ ، ٨ ، ٩)ی (٢٠١٥)، هەرێم (995 147 58) بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردوە، کە بایی (335 230 582 2) دو ملیار و پێنج سەد و هەشتا و دو ملیۆن و دوسەد و سی هەزارو سێ سەدو سی و پێنج دۆلارە.

*لەو (995 147 58)  بەرمیل نەوتی خاوە کە هەرێم فرۆشتویەتی (958 632 8) بەرمیل کەرکوکی تێدایە کە داهاتەکەی دەکاتە  (063 753 354) سێ سەد و پەنجا و چوار ملیۆن و حەوت سەدو پەنجاو سێ و شەست و سێ دۆلار.

ئەگەر ئەو بڕە داهاتە بەسەر چوار مانگدا دابەش بکەین ئەوا مانگانە هەرێم  (75. 583 557 645)  شەش سەد و چل و پێنج ملیۆن و  پێنج سەد و پەنجاو حەوت هەزار و پێنج سەد و هەشتا و سێ دۆلار و حەفتاو پێنج سەنتی دەست کەوتوە.

لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەپرسم ئەگەر مانگانە ئەو (645) شەش سەد و چل و پێنج ملیۆن دۆلارەیان دەستکەوتوە بۆچی موچە نەدراوە؟   
ئەو  (645) ملیۆن دۆلارە تەنیا داهاتی ئەو نەوتەیە کە بە بۆری دەڕوات بۆ بەندەری جیهانی تورکی، بەڵام ئەو نەوتە خاوەی بە تانکەر هەناردەی دەرەوە دەکرێ رۆژانە بە لایەنی کەمەوە بە  (150) هەزار بەرمیل مەزەندە دەکرێت، ئەی داهاتەکەی ئەمیان لەکوێیە؟

هەروەها ئەو نەوتە خاوەی رۆژانە دەدرێت بە پاڵاوگەکان بەلایەنی کەمەوە بە (150) هەزار بەرمیل مەزەندە دەکرێت، داهاتی ئەمیان لە کوێیە؟، چونکە لە راپۆرتەکانی ئەو چوار مانگە تەنیا بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو بە بۆڕی باسکراوە.


03/11/2015



وتارەکانی تری نوسەر