...... هەر کەس سەیرێکی
خێرای کۆبونەوەی سەرۆکی بنەماڵە و دەور و پشتەکەی لە مەڕ (ڕیفراندۆم)!بکات یەکسەر سەرەک
خێڵ و موریدەکانی یان سەرەک عەشیرەت و ڕەعیەتەکەییان لە باشترین حاڵەتا ملیاردێرێک و خەلفە و شاگرد و بەردستەکانی یەتە بەر چاو،
چونکە دیارە لەو کۆبونەوەیە بە بڕیاری موسبەق دانراوە جەماعەت کەی دەست هەڵبڕن و کەی
سەر بلەقێنن دوا جار بە بێدەنگی ئیمزای بکەن، هەموو سەیری ڕوخێنەری ڕیفڕاندۆم ئەکەن
چ فەرمایشتێکی هەیە و جێی بڕواش نیە کەسێ لەوێ بووبێ و زۆری لە خۆی کردبێ و خوانەکردە
تۆزێک لە شوێنی خۆی جوڵا بێت و سوئالێکی کرد بێت، گەر وا نەبێت ئەی بۆ سۆسیال دیموکراتە
زەردهەڵگەڕاوەکان دوو ڕۆژ دوای کۆبونەوەکە هاوار ئەکەن و ئەنووسن " دەی ئیتر نۆرەی
کارا کردنەوەی پارلەمانە.."!! کاکی برا تۆیەک کە بە نیو سەعات دە پانزە ماکرۆفۆن
حازر ئەکەیت، بۆ ئەو "نۆرە" یەت لە کۆبونەوەکە باس نەکرد و نەتکردە هیچ نەبێت
نوقتەیەکی نیزامی بۆ باسکردن لێی ؟ خۆت چاک ئەزانیت حزوری ئیوە تەنها بۆ عەرز کردنتانە
لە شاشەکانەوە، دەنا بنەماڵە بڕیاری خۆی یاوە و باس کردنی کاراکردنەوەی پارلەمان وەک ئەو موستەحیلەیە کە ئێوە جارێکی تر ببنەوە بە "حیزبەکەی أیام زمان
" ...ئەوەی ئەتەوێت خەڵکی پێ بخەڵەتێنی ئەکرا لەو کۆبونەوەیە پێت لەسەر دابگرتایە
و بتوتایە کاراکردنەوەی پارلەمان پێش ڕیفڕاندۆم ئەگینا ئیمزای ناکەین.. بەڵام کە جورئەت "یۆخ" ئیتر یاسا و شەرع و ڕای
خەڵک ئەبێتە قوربانی گرتنی ڕەسمێکی دوای کۆبونەوەکە.. تۆ بەتەمای کام خۆڵ بکەیتە چاوی
خەڵکەوە؟ خۆڵی دوو هەڵوێستی جیاوازی پێش و دوای ئیمزاکردنەکانتان،! تۆیەک کە بە حیساب
ئەتەوێت بە سۆسیال- دیموکراتەکەنی بگەیەنیت کە خەڵکی هەرێم لەگەڵ ڕیفراندۆمە ئەوەت
لێک نەیاوەتەوە کە هەم "سۆسەکان " و هەم ئەوانی تریش پێت بڵێن : بێ زەحمەت
کێ بڕیاری لەسەر ئەم ڕیفراندۆمە یاوە..؟ گەر ووتت حیزبی دەستەڵاتدار ، جگە لە پێکەنین
چاوەڕوانی هیچ وەڵامێکی تر مەبە، چونکە تۆ کە وەک سابون و شامپۆ ڕیکلامێکی زۆر بۆ دیموکراسیەتی
دەستەڵاتی هەرێم ئەکەیت چاک ئەزانیت کە لەو وڵاتانەی تۆ زوو زوو بە ناوی سۆسەکانی هەرێمەور
سەردانیان ئەکەیت، ئەو جۆرە پرۆژە و بڕیارانە لە پارلەمانەوە دەر ئەچێت نەک کۆبونەوەی
دوو حیزبی نەوت فرۆش و چەن نیوە حیزب و چارەکە لایەنێک، جا ئێوەیەک کە لەسەر بچوکترین
خاڵی هاوبەش لەگەڵ سۆسیال- دیموکراتەکانی دونیا
کە مەسەلەی دیموکراسی و سیستەمی پارلەمانی دەنگی خەڵک یەک نەگرنەوە ئیتر چۆن باس لە
ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و مافی چارەنوسی خەڵک بە دەنگی خەڵك ئەکەیت..! خۆ حیزبەکانی
ئینتەر- ناسیونال وەک حیزبەکەی تۆ نیە بە (شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی)! خۆیان سەپاند بێ و
رەدو کەوتنی خێڵ و تاک ڕەوی بخەنە جێی پرینسیپە سەرەکیەکانی دیموکراسی و هەڵبژاردن
بە دەنگی خەڵک نەک حیزب..کەسێک خۆی بە سۆسیال- دیموکرات بزانێ و ببێتە پردی پەڕینەوەی
دەستەڵاتێکی دز و خۆسەپێن و دژ بە خەڵک بەرەو بەدیهێنانی مەرامە گومان لێکراوەکانی
، ئەبێ دوا کەس بێت باس لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بکات چونکە ئەو خودی خۆی سەربەخۆ
نیە و لە فەلەکی دەستەڵات بە ڕاست و چەپا ئەخولێتەوە...
مەسەلەیەکی تری ئەو کۆبونەوەیە ئەوە یە کە ڕێک پێچەوانەی ئەوە بوو کە باسی لێوە کرا بەوەی
دیاری کردنی ڕیفراندۆم ڕووداوێکی مێژووییە، کە بڕیارەکەی بنەماڵە و چەپڵە لێدەرەکانی
پشتەوەی ،نە مێژوویی و نە جوگرافی و تەنانەت ڕیازیش نەبوو، چونکە بڕیاری مێژوویی کە
بۆ خەڵک وبە ناوی خەڵکەوە بێت ئەبێتە مایەی دڵخۆشی و کاردانەوەی ئیجابی لە لایەن توێژە
جیا جیاکانی خەڵکەوە، بەڵام بینیمان جگە لە پارتی پاشکۆی بنەماڵە و "کۆرس"ەکانی
کەسی تری دڵخۆش نەکرد ، خەڵک بە بڕیارێک دڵخۆش نابێت کە ببێتە مایەی درێژەیان بەدەستەڵاتێکی
حوکمڕانی کە جگە لە نەگبەتی و برسێتی و لێقەوماوی هیچ بەر و بومێکی تری بۆ نەبوە..
گەر ئەو بڕیارە موسبەقەی ڕژێمەکەی هەرێم
"مێژوو"یی بوایە ئەبوایە میدیاکانی دەرەوەی دەستەڵات دەیان کۆڕ و کۆبونەوەی
پشتگیرییان بۆ ساز بکردایە، بەڵام ئێمە دیمان جگە لە میدیا پاشکۆکانی بنەماڵە کەسی
تر هەلهەلەی لێنەیا و کەسیش سەر چۆپی نەگرت تەنها سەرچۆپیەکی زەردو لەوسەرەوە سەرچۆپیەکی
سەوز، بگرە بە دەیان کەناڵ و ڕۆژنامە و سایتی میدیایی هەرێم لە مەترسییەکانی بڕیاری ئەم بەناو ڕیفراندۆمەیان
ووشیار کردۆتەوە کە لە حاڵەتێکا سەر بگرێت نەهامەتی و ئەزمەکان کاریگەرتر لە جاران
بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بەردەوام ئەبێت .. مێژوو لەگەڵ خەڵکە و دەستەڵاتی فەرمانڕەوای
هەرێم دژ بە خەڵکە ئیتر چۆن ئەکرێت بڕیارێکی دژ بەخەڵک بە"مێژوو"یی وەسف
بکرێت و جگە لە دوڕاوەکان کێ بەو ئاوزەی بنەماڵە هەڵئەپەڕێت..؟
جگەلەمانەش ئێستا میدیا حاشیەکانی بنەماڵە
خەڵکی هەرێمیان کردوە بە دوو بەرەوە : بەرەی سەربەخۆیی و بەرەی ئەنتی سەربەخۆیی، جا
کە وەستان لە ڕووی دیکتاتۆری و جەردەیی و بەتاڵان بردنی سەروەت و قووتی کۆمەڵانی خەڵک
ئەنتی سەربەخۆیی بێت ، ئەبێت هەموومان شانازی بەو ئەنتییەوە بکەین وەک شانازی کردنی
ئەوان بە پاشکۆیەتی بنەماڵە و کۆیلەیەتیان......................................................... ئەم بە ناو ڕیفراندۆمە
" فڕ فڕۆکە" یەکە بە ڕەشەبای نەهامەتییەکانی خەڵک ئەخولێتەوە.....