خۆییبون!!

ستاره‌ عارف


كۆنفرانسی نێودەوڵەتی سلێمانی، بەرەو ناسنامە و سەربەخۆیی كوردستان لەسەردەمی جیهانگیریدا، كە رۆژانی15 و 16ی 5ی 2016، لەزانكۆی سلێمانی بەڕێوە چو، وێڕای پێشكەشكردنی كۆمەڵێك پانێل و باس و توێژینەوەی سەركەوتوی توێژەران و مامۆستایانی زانكۆ و كۆبونەوەی كۆمەڵێك كەس و دەم و چاوی تامەزرۆی پشكوتنی بیر و هزری سەربەخۆیی و ژیاندنەوەی ناسنامەی كوردی و ڕەهەندە جیاوازەكانی دۆزی نەتەوەیی، لێ دیسانەوە لەلایەن دەموچاوە بە ناو بەرپرسەكانەوە بە لۆگۆی ناوەندەكەیەوە بە حزبی و سپۆنسەر كرابو، كە تەنیا نمایشی باری دەرونی شكستخواردوانەی خۆیانە، لەكاتێكدا بە ناوی زانكۆی سلێمانیەوە ڕیكلامی بۆ كراوە، جیا لەوەی باسە كوردیەكان كەم بون، لێ بە ناو توێژەری میسری بە بڕوانامەی بكالۆریسەوە، هەر لەبەرئەوەی عەرەب و میسری بو، لەئەكادیمیستاندا ڕیزكرابو و ڕۆڵی پێدرابو و تەنها دروشمیشی بۆ بەرز كردینەوە لەشوێنی ئاڕگیومێنت و توێژینەوەی عەقڵانی لەسەر كورد و دۆزەكەی، ئەو شوێنە با بۆ توێژەرێكی بە توانای کورد بوایە، هەرگیز بڕوام بە دروشم و موجامەلەی عەرەب و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر پرسی كورد نیە و ڕاستمان لەگەڵ ناكەن، بەڵام دڵنیام بە دەستی قورسیشەوە بۆ وڵاتی خۆیان بەڕێێدەكرێنەوە.


دەتوانرێت تا ڕادەیەك باسی توێژەرە ئینگلیزەكان بە گرنگ و عەقڵانی بزانرێت، چونكە ئەوان پێویستیان بە موجامەلە و دروشمبازی نیە، هەڵبەتە هەمویشیان نا، کە ئەوان نەبونی دام و دەزگا دیموکراسیەکان و بە حزبیکردنی پەیوەندی دبلۆماسیان لەهەرێم، بە گرفتی بەردەم بە دەوڵەتبونمان دەزانی، یان باسی ئەوانەی پێمان وتون ڕۆژهەڵاتناسەكان، كە لەمێژودا مێژوی كوردیان بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان شرۆڤە كردوە و نوسیوەتەوە، لەكوێ دەكرێت ئەمڕۆیش دوای سەد ساڵ لەڕێكەوتننامەی سایكس بیكۆ و ئەو هەمو کۆمەڵکوژیەی وڵاتەکانی ئەوان دەستیان تێدا بوە، هەر گوێ لەتوێژینەوە و باسەكانی ئەوان بگرین و بودجەی خەڵکیان بۆ خەرجبکرێت.


بۆیە من پێموایە بەرپرسانی كورد و ناوەندە ئەكادیمیەكان ئەگەر ڕاستگۆن لەگەڵ پرسی ناسنامە و سەربەخۆیی، كە ئێستا پێویستی سەرەكی گەلی كوردن لەباشور و لەقەیراندان، ئەوا دەبێت لەناوخۆمانەوە دەست بە خۆ كۆكردنەوە بكەین و خۆیشمان بە پلەی یەكەم دەست بە تاوتوێ و شرۆڤە و نوسینەوەی مێژو و ناسنامە و پێویستیەكانی سەربەخۆییمان بكەین، ڕاستە هێنانە قسەی كەسانی بێگانە لەسەر پرسی كورد تا ئاستێك بە سودە، لێ هەمو شتێك نیە و بێ بەرژەوەندی و بەرامبەر بێگومان نایكەن، ناکرێت چاوەڕێ ی تورک و میسر و ێران عێراقی نەفرەتی بین و بێن و ببنە چاوساغمان، کە خەونە.


یەكێك لەكێشەكانی ئەم جۆرە دیدار و وتوێژانەی دەسەڵات و ناوەندەكانی ئەم هەرێمە فێری بون و بە هێنانی كۆمەڵێك میوانی هەمەجۆری بیانی دەیسازێنن، كە بۆ خۆی پەنجە خستنە سەر قەیرانی ناسنامە و ناسیۆنالیزمی كوردی و دەستنیشانكردنی هۆكاری لەدواوە مانەوەمانە، كەچی لەسەرتاپایاندا خاڵێكی زۆر زەقی دەسەڵات و بەرپرسانی كورد خۆیان بە ئاشكرا نیشانمان دەدەنەوە، كە ئەوە بەرپرسانن هەر لەبارزانیەوە تا بەرپرسانی یەكێتی و پارتی، كە ڕۆژانە بەم دروشمبازیە كاسیانكردوین، هەستی خۆ بەكەمزانینیان زۆر بە قوڵی هەیە و لەقەیرانی ناسنامە و خود ناسیدان و هەوڵدەدەن لەڕێگەی هێنانی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵكی بیانیەوە هەستنەوە سەر پێ و بچنە ژێر باڵیان و لەقەیران دەریانبێنن، بۆیە بەم نەغمەی بێ ئیرادەیە نە پرسی ناسنامە و نە سەربەخۆیی و جۆرەكانیتری حوكمڕانی و خۆ بەڕێوەبردنی گەل بە ئاكام ناگات و لەشوێنی خۆی ناجوڵێت.


چونكە دەسەڵاتی لەخۆ باوەڕ و لەناسنامە و ناسیۆنالی خۆی باوەڕ لەخۆیەوە دەست پێدەكات و پشت بە توێژینەوەی ناوەندەكانی خۆی و بونیادنای ئەكادیمیانەیان دەبەستێت، ئەمە هێزە و فریامان دەكەوێت و سەرماندەخات، نەك لەم قەیرانە سەختەدا، كە خەڵك بە دەست قەیرانی دارایی و گوزەرانەوە دەناڵێنێت، كۆمەڵێك بەرپرسی شكستخوارد و نەویستراو لەلایەن خەڵكەوە بە ڕەتلێێك پاسەوان و دەرگاوانی قات و ڕیبات لەبەری نەخوێنەوارە و ە پاڵپشتی كارگەلێكی بە ناو دیدار و پرسی ڕۆشنگەری و بونیادنانەوەی ناسنامەی گەلێك بكەن، كە خۆیان سەری لێدەرناكەن و ئاراستەی بیركردنەوەیان ونە و ڕاستکردنەوەی هاوسەنگیانە بەرامبەر باڵێكیتری سیاسی و حزبی و شەڕی خۆ خۆییە و هیچ بۆ زەمینەی سیاسی و بردنە پێشەوەی دۆزی كورد زیاد ناكات، هەرچەندە بودجە و توانایەكی مرۆیی بە بەهایشی بۆ خەرج دەكرێت، هەر چۆڵی و بێ مەیلی خەڵك بۆ ئەم جۆرە بۆنانە بەڵگەیە، خەڵك لەم دروشمبازی و یارییە بێ ئەنجامانە بێزار بوە و ئومێدی پێتان نەماوە.



19/05/2016



وتارەکانی تری نوسەر