لێكتتێگەیشتنەكەی كورد و ئەمریكا

ستاره‌ عارف


لەڕێككەوتننامەی لێکتێگەیشتنی كورد و ئەمریكادا، كە لە11 خاڵ پێكهاتوە و ڕۆژی 12/7/2016 واژۆ كرا، بە ئامانجی پێدانی موچەی بەشێكی هێزی پێشمەرگە لەبەرامبەر بەشداری لەشەڕی داعشدا

.

1- لەخاڵی یەكەمی ڕێكەوتننامەكەدا هاتوە، ئەم هاوكاریە سندوقی ڕاهێنان و ئامادەكردنی عێراق بە حكومەتی هەرێمی دەدات و هەر پارە و هاوكاریەك بدرێت، دەبێت بە ئاگاداری حكومەتی عێراق بێت و ڕەزامەندیش بێت، لەسەر مەرج و خاڵەكانی پێدانی هاوكاریەكە.

2- لەخاڵی دوهەمدا بە ئاشكرا ددان بەوەدا دەنێنن، كە هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، كە ڕۆژانە شەهیدی هێژا دەبەخشن و لای ئەوانی ڕۆژئاوایی و ئینگلیزی دوژمنی هەمیشەیی كورد هەرزانن، تەنیا لایەنی جێبەجێكارن و دەستیان لەنوسینەوە و دیاریكردنی خاڵەكانی ئەم بەناو ڕێكەوتننامەیەدا نیە

.

بە مانا لەكەسێتی بارزانیدا هەمو كورد بە ئامڕازێكی هەرزان و ئاسان لەدەستی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریكا لەقەڵەم دەدەن، نەگبەتی كوردیش بە گشتی و بەرپرسان و نوێنەرانی كورد لەوەدایە، پێیانوایە نابێت لەبەرامبەر هیچ داخوازی و فەرمانێكی ئەمریكا و وڵاتان نەخێرێك بكەن، دەبێت هەر ملكەچ و ئیرادە شكاو بن

.

3- هاوكاریەكە هەمو هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی 70 و 80یش ناگرێتەوە، كەچی بەرامبەر ئەو بڕە هاوكاریە فەرمان بە وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن، پێشمەرگە لەسەنگەرەكانی ڕوبەڕوبونەوەی داعش زیاد بكەن و هێزی زیاتر ئامادە بكەن، بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ.

4- لەخاڵی پێنجەمدا داوای یەكسەر كشانەوەی پێشمەرگە لەتەواوی ناوچەكانی موسڵ دوای ئازادكردنەوە و هێوربونەوەی ڕەوشەكە بە گشتی دەكەن، واتە هەتا شەڕ و ناكۆكی و نا ئارامی هەبێت، دەبێت پێشمەرگەی كورد لەوێ بێت و شەهید و قوربانی بدات، بەڵام هەر لەگەڵ ئارامبونەوە و ئازادكردنیدا، بێ سێ و دو بگەڕێنەوە، بۆچی لەبەرئەوەی بڕێك هاوكاری بە منەتی وڵاتێكی بێ ویژدانی سەرمایەداری وەك ئەمریكایان وەرگرتوە

.

5- لەخاڵی شەشەمدا بەرامبەر بە هاوكاریەكە یان سواڵ و سەدەقەكە، فەرمان بە حكومەتی هەرێم دەكات، هاوكاری ڕاهێنانی سوننە و هێزیتر لەسەر خاكی هەرێم بكات، واتە خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە گۆڕەپانێكی فراوان بۆ سوننەی عەرەب، كە پێشتر كوردیان بە ئاگر و ئاسن كۆمەڵكوژ و جینۆساید كردوە و خاكی كورد بۆ مەرامی زلهێزەكان و عێراقی شیعە و سوننە بكرێتە سوتماك و كوردیش تەنیا لەژێر فەرماندا و پەیڕەوكاریان بێت

.

6- لەخاڵی نۆهەمی ڕێككەوتننامەكەدا ئەمریكا بە زمانی هەڕەشە نوسیویەتی، ئەگەر حكومەتی هەرێم یەكێك لەو خاڵانە جێبەجێ نەكات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بێ ئاگادار كردنەوەی هەرێم لێكتێگەیشتنەكە هەڵدەوەشێننەوە،

بە مانا حكومەتی هەرێم هەر ژمێرەیشی بۆ ناكرێت، ئەمەیش پەیوەستە بە ئەدای پڕ لەتاڵانی و قۆرخكاری و ئیرادە شكاویی بارزانی و حكومەتەكەیانەوە، بۆیە ئاوا ناخوێنرێنەوە، كەوایە ئەم ڕێككەوتننامەیە نەك دەستكەوت نیە، بەڵكو سوكایەتییە

.

7- خاڵەكانی بە ناو لێكتێگەیشتنەكە بە گشتی، بچوككردنەوەی كورد و پێشمەرگەیە، هاوكارییەكەیش وەك منەت بەكارهاتوە، جگە لەوەی ئەمریكا لەم ڕێگەیەوە بە هەرێم و بارزانی دەڵێـت، پشتگیری كورد بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەت ناكەین و بۆ باوەشی عێراق و یەكپارچەییمان دەگەڕێننەوە.

ئەگەر بارزانی لەسیاسەتدا وردبین بوایە و لەبانگەشەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمدا ڕاستگۆ و لەخۆ باوەڕ و دڵسۆزی نەتەوەكەی بوایە و تەنیا دروشمسازی هەرزان و بانگەشەی بەتاڵ و هەرزەی بۆ كورد لەسەر دەوڵەت و سەربەخۆیی نەكردایە، دەبوایە ئەم بە ناو لێكتێگەیشتنەی واژۆ نەكردایە، چونكە رێككەوتنەكە پشتگیری سەربەخۆیی كورد ناكات و خواستێتی عێراق یەكپارچە بمێنێتەوە و كوردیش هەر بە دەردی دوژمنایەتی عەرەبەوە بناڵێنێت

.

بارزانی دەیتوانی داهاتی نەوتە دزراوەكەی بۆ پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بە ڕاستگۆیی و ڕونكاریەوە خەرج بكردایە و ئەم سواڵە پڕ لەكوڕوزانەوەیەی ئەمریكا و وڵاتانی پەسند نەكردایە و ئەگەر شكۆ و كەرامەتی هەبوایە، بە دەنگی بەرز ڕایبگەیەندایە پێشمەرگە بەشداری لەشەڕی موسڵدا ناكات، یان بە مەرجەوە بەشداری دەكات.

ئەوەی مەرجی قورسی هەبوایە، دەبوایە كورد بوایە بەرامبەر بە ئەمریكا و ڕێگەی نەدایە خاك و خەڵكی كوردستان ببنە قوربانی عەرەب و مەرامی وڵاتانی زلهێز

.

بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێم و فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی قۆستۆتەوە و لەڕێگەیەوە بازرگانی بە پێشمەرگە و كورد و پرسی سەربەخۆییەوە دەكات، لەسایەی بارزانیەوە كورد ناوبانگی لەجیهاندا ڕوشێنراوە و ئاوا بە هەرزانی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

ئەم پرسە زۆر گرنگە یەكێتی و گۆڕان دژی بن و لەكۆبونەوەیان لەگەڵ باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان ناڕەزایی نیشانبدەن و ڕەتیبكەنەوە، دەبێت هەمو لایەنەكان بێنە مەیدان و نەهێڵن ئەم فەزیحەیە بە ئاسانی دەرباز ببێت

.



08/08/2016



وتارەکانی تری نوسەر