بارزانی و گەڕان بە شوێن دایكێكدا

ستاره‌ عارف


ڕۆژی "12/7/2016" ڕاگەیاندنەكانی پارتی هەڵایەكیتریان وەك هەنوكە، لەسەر ئیمزاكردنی لێكتێگەیشتنەكەی سەرۆكی پارتی وەزیری بەرگری ئەمریكا دروستكرد، هەر چەند ڕۆژێك پاش ئەوە ناوەڕۆكی لێكتێگەیشتنەكە دەركەوت و بینرا، كە زۆرترین زیان بەر خەڵك و پێشمەرگە و ژینگەی كوردستان لەسایەی ئەو لێكتێگەیشتنەوە و ملهوڕی بارزانیەوە دەكەوێت، بێ ئەوەی كەمترین قازانجی بۆ كورد تێدا بێت، ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی فەڕەنسایش ڕون نیە، چونكە شاندەكە تەنیا لەپارتی بون، بۆیە پێشنیار بۆ كابینە و حكومەتی بە دام و دەزگا بوی داهاتوی كوردستان دەكەم، هەڵبەتە ئەگەر بوار بدرێت كابینەیەكی عەقڵ و هزر گەشە كرد و مەدەنی چاو بە دنیای هەرێمی كوردستان هەڵبهێنێت.


یەكەم: ستافی ڕۆژنامەنوسی لەهەمو دەزگاكانی ڕاگەیاندن لەو كۆبونەوە و سەردانانەدا لەگەڵ خۆیاندا ببەن، تا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكانیان بە ڕونی بە ڕای گشتی بگات، زۆر هۆكار هەن هاوكاری ئەم بەرپرسانە ناكات، وەك وڵاتانی توركیا و هتد، ستافی ڕۆژنامەنوسی لەو سەردانانەدا لەگەڵ خۆیان ببەن، یان پەیامنێری ڕاگەیاندنە كوردیەكان لەو وڵاتانە لەكۆبونەوەكانیان ئاگادار بكەنەوە، كە دنیایەك گرفتی وەك ڕەخنەی ناڕونی سەردانەكانیان و ئەو گومانانە دەڕەوێنێتەوە، كە دەخرێنە سەر كۆبونەوە و سەردانەكانیان و ئاست و دڵسۆزی و بوێری و ڕاستگۆیی بەرپرسانیش دیار دەبێت، بۆ ئەوەی خەڵك ئاگاداری ناوەڕۆكی كۆبونەوەكان بن، دەبێت لەداهاتودا كار بۆ ناردنی ستافی ڕۆژنامەنوسانی لەگەڵیاندا بكرێت.


خاڵی دوهەم: لەكۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەكەی بارزانی و سەرۆكی شارەوانی پاریسدا، شتێكی هێندە گرنگ ڕانەگەیەنرا و لەدەزگاكانی تریشەوە هیچمان بەرگوێ نەكەوت، كە شایانی ئەوە بێت بارزانی هێندە بە زەردەخەنەی دروستكراوە وە لەبەردەم ڕاگەیاندنەكاندا بڵێت،"ئێمە وامانزانی دانیال میتران نەماوە، ئیتر كورد بێ دایك دەبێت، كەچی ئەم سەرۆك شارەوانیە جێگەی میتەرانی بۆ گرتوینەتەوە"!!.


ئەم بەراورد كردنە تا دوا ڕادە بێ تام و زیادە و نەشیاو بو، ئەگەر میتەران كارێكی گرنگی لەپێواژۆی كۆڕەوەكەی خەڵكی كوردستان لەساڵی1991دیار بێت، لێ ئەم سەرۆك شارەوانیە تا هەنوكە كەس نایناسێت، یان بارزانی ویستی لاسایی موجامەلەكانی مام جەلال بكاتەوە، كە بەردەوام لەبەردەم گەورە بەرپرسانی دنیا و ناوچەكەدا خەریكی خۆ خۆشەویست كردن بو، یان بۆ شاردنەوەی پرسیاری جیدی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكانیانەوە بو، ئەگەر هەر یەكێك لەو وڵات و بەرپرسانە خزمەتی گەلی كوردیشیان كردبێت، ئەركە و مەرج نیە ئێمەی كورد بۆ هەتایە سوپاسگوزار و ملكەچ و خۆمانیان لا خۆشەویست بكەین.


فەڕەنسا یەكێكە لەپیلانداڕێژەران و ئەنجامدەرانی ڕێككەوتنامەی سایكس بیكۆ و زۆرێك لەو نەهامەتیانەی بەسەر كورد دا هاتون، بەڵام گرفتی ئەم كەسانە ئەوەیە، كە بەردەوام بە شوێن دایكێكدا دەگەڕێن و ئەو منداڵەن هەرگیز گەورە نابن، تەواوی بزوتنەوەكانی كوردیش بەمهۆی خۆ بەستنەوە بە وڵاتان و پشت بە خۆ نەبەستن و ملكەچیەوە شكستیانهێناوە و دوچاری خەیاڵشكاویبون، كاتێك بینیویانە ئەو وڵاتەی ئەوان چاوی هاوكریان لێبڕیوە بە پێچەوانەی ئەوانەوە كاری كردوە و ئامانجی خۆی جێكەوتكردوە، مارگرێت تاتشەر هەرچەندە بە ژنێكی ڕەق و كۆنسەرڤاتیف ناسراوە، بەڵام زۆر باش پێكاوێتی و وتویەتی، (ئەگەر هەر سەرۆك و سیاسیەك، خەریكی خۆ خۆشەویستكردن و خەڵك لەخۆ كۆكردنەوە بو و سازشی لەبیروباوەڕی گەلەكەی كرد، چاوەڕێی هیچ دەستكەوتێكی لێ مەكەن)، واتە بوێریی لەسیاسەتدا بنەڕەتیترین مەرجە.



14/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر