كارەساتەكەی كەركوك؟

ستاره‌ عارف


یەكێك لەو هۆكارانەی لەسەر ڕەوش و هێرشەكەی ڕۆژی 21/10/2016ی كەركوك باس دەكرێت، بۆشایی ئەمنییە لەو شارە، كە پەیوەندی بەو حوكمڕانیە مافیا ئاسایەی ناو پارێزگاكەوە هەیە، كە تەنیا خۆیان دەژێنن و ناتوانن ڕۆژی تێدا بكەنەوە، هیچ بەرپرسێكی كەركوكی شەو لەكەركوك ناوێرێت بمێنێتەوە، لەگەڵ تاریكی و لێڵیدا بە خۆیان و لەشكرێك لەپاسەوان و كەسی نزمەوە بۆ سلێمانی و هەولێر دێن، نەوەك بەر تەقینەوە و توندوتیژی بكەون، خەڵكی بەش مەینەتیش بەمجۆرە بە تەنیا بەجێدەهێڵن، زۆر لەو بەرپرسانە لەم شارانە نیشتەجێن و بون بە بار بەسەر ژیانی خەڵكەوە و سەرقاڵی گەندەڵی و قۆرخكاری و دزین.

جگە لەوەی كەركوك و خانەقین بەرەو خاڵی بون لەكورد دەچن، چونكە كوردی ئەوێ بە لێشاو لەشارەكانی سلێمانی و هەولێر نیشتەجێ بون، كە ئەمەیش مەترسیدارە و زیان بە كورد بونی كەركوك و ئەو دەڤەرانەی ماددەی 140دەگەیەنێت، كە دەبێت لەئایندەدا چارەسەر بكرێت و ڕێگەی لێبگیرێت.

یەكێك لەو خاڵانەی بوە هۆی زەمینە خۆشكردن بۆ داعش ئەو كارەساتە بئافرێنن، پەیوەندی گەرم و گوڕی كەركوكیەكانە لەگەڵ عەرەب، بە جۆرێك زۆر دڵشادن بە نزیكبونەوە و هاوڕێیەتی توركمان و عەرەب، كەچی هەمان ئەم هەستەیان بۆ شارەكانی كوردستان و كورد نیە، ئەوەی جێگەی داغ و سەرسوڕمانە ئێستا لەسلێمانی و هەولێریش پاڵپشتی عەرەب بن و خانو و كاریان بۆ پەیدا دەكەن، لەكاتێكدا كەركوك خۆی وەك هەمو گەلی كورد مارانگازی بەردەوامی دەستی عەرەب و توركمانە.

جگە لەوەی دو ڕۆژی تەواو لەناو شاری كەركوكدا لەشكرێكی زۆر لەگەنجی خۆبەخش، كە لەهەمو شارەكانی كوردستانەوە بۆ پاراستنی كەركوك چوبون و پێشمەرگە و هێزی هەولێر و سلێمانی و ئاسایش و دژە تیرۆر سەرقاڵی تەنیا 70-80 داعش بون و ژمارەیەكی زۆر شەهید و بریندار بەختكران، كە لەدەرەنجامی بێ پلانی و نەبونی ئاگایی پێش وەختەوە بو، ئەگەر نا چۆن ڕێگە دەدرێت بە ناوی خۆبەخشەوە لەشكرێك لەگەنج بهێنرێنە ناو كارەساتەكەوە و شەهید و بریندار بن، ئەی بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی و ئاسایشی شارەكە لەكوێ بون؟، بۆچی دەروازەكان هێندە كراوە بون؟،پاڵەوانبازی بەردەم كامێراكانیش لەو لاوە ڕابوەستێت.

بۆیە جگە لەهۆكارە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكانی وەك پیلانی تورك و عەرەب و لایەنێكی كوردی، بۆ ئەوەی پرسی شەڕی موسڵ و ئاراستەكەی بگۆڕن، لێ فاكتەرە ناوخۆییەكان ئاسانكارتر بون،پێش دوبارە بونەوەی هەمان كارەسات لەدەڤەرێكیتری كوردستان، پێویستە خەڵك فشار لەهێزەكانی ئاسایش و سەربازی بكەن، ئارامی و ئاسایشیان بپارێزن.
پێویستە چیتر ڕێگە بە عەرەب هەتا بە ناوی گەشتیاریشەوە نەدرێت، بێنە ناو كەركوك و هەرێمەوە و ئەوانەی تا ئێستایش ماون، بە فشار بكرێنە دەرەوە و بە ناوی ئاوارەیشەوە ئاسانكاری نیشتەجێبونیان بۆ نەكرێت، لەكاتێكدا هەمو ناوچەكانیان ئازاد كراونەتەوە، ئەوانەی لەناوەندە فەرمیەكاندا جێگیر كراون، كار و پیشە و دامەزراندنیان هەڵبوەشێنرێتەوە و بگوێزرێنەوە، بێ گوێدانە تانەی هیچ لایەنێك، چونكە ئاسایش و ئارامی هەر تاكێكی كورد دەبێت لەدابینكردنی ژیان بۆ دوژمن و نەیارە عەرەبەكانمان لەپێشتر بێت.



28/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر