مەسعود بارزانی كێ تەفرە دەدات؟

ستاره‌ عارف


مژار و ڕۆژەڤی سەردانەكەی بارزانی بۆ لای تورک ڕونە و بەجێگەیاندنی داخوازیە سیاسی و ئابوریەكانی توركیا و ئەردۆغانە دژی گەلی كورد، جا لەهەر پارچەیەكی كوردستان بێت.

ئەردۆغان بارزانی بۆ كۆكردنەوەی دەنگی كوردانی گەمژێنراوی باكوری كوردستانیش بۆ دەنگدان بە ڕیفراندۆمی توركیا بەکار دەهێنێت، لەوانەیە وەك هەڵبژاردنەكانی ڕابردوی توركیا، بارزانی ئەمجارەیش بودجەیەكی زەبەللاحی لەسەر ژمێرەی خەڵکی کوردستان بۆ ڕیفراندۆمەكە بردبێت.

ڕۆیشتی نەوتی هەرێم لەڕێگەی ئێرانیشەوە بە مەترسی بۆ خۆیان دەبینن و هەوڵی ئاستەنگکردنی دەدەن، بۆ جەخت کردنەوەی ئەو پیلانە ترسناكەی توركیایشە لەسەر باشوری كوردستان، كە تورك باشور بە موڵكی خۆی دەزانێت و بنەماڵەی بارزانیش وەك پیشەیی هەمیشەیان جاشێكی باش و بەكارهێنراون بۆ هێنانەدی ئەم مەرامەی تورك، واتە مەترسیەكان بە پلەی یەکەم لەسەر باشورن ئینجا باكور، بۆیە دەبێت زۆر بە وریاییەوە هەوڵی پەراوێزخستن و لەناوبردنی بارزانی و بنەماڵە بدەین، كە فرچكیان بە خیانەت و جاشایەتیەوە گرتوە.

بە ناو ڕاگەیاندنەكانی پارتی، كە كەناڵی زەبەللاحی میتی توركیشن لەباشور، دیسانەوە بەو وتە سواوەی گوایە لەفڕۆكەخانە و دانیشتنەكەیاندا ئاڵای كوردستانیان داناوە و توركیایەكی كەللەڕەقیان هێناوەتە ژێر بار، هێندە درۆیەكی ساختەكارانەیە، كە شەرم بکەیت گوێیشیان لێ بگریت، ئەرێ توركیایەک کوردی ژێر دەستی خۆی بچەوسێنێتەوە، بە عەقڵی کێ ڕەوایە پشتگیری کوردانی باشور بکات؟، ئەگەر بارزانی و بنەماڵە ئامڕازێکی سوک و هەرزانی دەستیان نەبن؟، بۆ نمونە مستەفا كەمال لەسەردەمی شێخ سەعیدی پیراندا، بۆ ئەوەی لایەنگری کورد مسۆگەر بكات، دەستی شێخ و پیاوە گەورەكانی كوردی ماچ كردوە و كوردیش بە سادەیی خۆیان مستەفا كەمالیان بە سەرۆكێكی دڵسۆز وێنا كردوە. باشترین بەڵگەیش ئەو كاتەی یڕیارە شێخ سەعید لەسێدارە بدەن، دەوڵەتی تورك بە شێخ سەعیدیان وتوە، بۆ میوانیت دێین و ئەویش مەڕی بۆ سەربڕیون، ئەوانیش نەیانکردۆتە نامەردی و دوای نانخواردن بردویانە و لەسێدارەیان داوە.

ئەمە سادەیی كوردە بە ئاماژەی دوژمنەكانی تێ بكەوێت، لەوە مەترسیدارتر ئەوەیە بیەوێت بەو گەمژەیی و سادەییەی خۆی خەڵکیش فریو بدات، وا بڵێین ئەو سەردەمە كورد سادەتر بون و شێخ سەعید لەدڵپاكی خۆیەوە تەماشای دەوڵەتی كردوە، بەڵام خۆ بارزانی و بنەماڵەكەی لەدڵپاكیەوە ئەم كارەساتانە بەسەر كورددا ناهێنن، بەڵكو ئەوان بێ خیانەتی نیشتیمانی ناتوانن بژین و هەڵناكەن.

هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیش لەتوركیا تەنیا لەم چوارچێوەیەدایە و ئەو بەشە کەمە لەكوردانی گەمژێنراوی باشور و باكوری نزیك لەپارتی و بنەماڵە بڕوای پێدەكەن، داوای ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەرلەمانتارانی باكور و پڕۆسەی ئاشتی هەر بۆ چەواشەکردنی ڕاگەیاندن و ڕای گشتیە و ڕاست نیە و سەردانەکە ئامانجەکەی دیارە.

ئامانج تەنیا پشتیگری ئەردۆغانە لەدژی كورد بە گشتی و پەكەكە بە تایبەتی و هەراجكردنی باشوری كوردستانیشە بە سامان و داهات و خاك و ناسنامەكەیەوە بە توركیا بە ناوی سەربەخۆییەوە، ئەحمەد داود ئۆغڵۆ ماوەیەکی کورت پێش کۆمەڵکوژیەکانی باکور لەئامەد چەند وشەیەکی کرمانجی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کورد درکاند و ڕاگەیاندنەکانیان کردیان بە ڕۆژەڤی گەرمی ڕۆژ و گوایە حکومەتی تورک ناسنامەی کوردی پەسندە، هەر پاش ئەوە کۆمەڵکوژی و دەستگیر کردنی کورد دەستی پێکرد، بۆیە ئیتر ئەم ئاماژانەی دوژمن کارمان تێناکەن، بارزانیش وەک تورک و عەرەب و فارس و خراپتر لەوان دەخوازێت کورد بەو ساختەکاریانە لەخشتە ببات و پاساو بۆ دوژمنکاری ئەوان و خیانەتی خۆیان دەهێننەوە و بە ناوی سەربەخۆیی و ئاڵای کوردستانەوە دەیانەوێت ڕای گشتی کوردی تەفرە بدەن، ئێستا گەلی کورد هوشیارترن و فریو ناخۆن.



28/02/2017



وتارەکانی تری نوسەر