بیناکردنی شانازی

ستاره‌ عارف
بیناکردنی شانازی لای تاک بەرپرسیارێتی سەرکردە مەزن و خاوەن ڕوانگە و تیۆری و شارەزاکانە، بۆ ئەوەی وڵات و نیشتمانێک لەئازایەتی و هەستکردن بە بون و خود و ناسنامە بونیاد بنێنن و تاکەکانیان لەخۆیان بچن نەک لەکەس و وڵاتی تر، ئەرکی کەسە نزمەکانیش وێرانکردنی ئەو شانازیەیە، بۆ ئەوەی تاک و نەتەوە ملکەچی ئەو بن و هەرگیز دروست نەبن.

ئەو پێواژۆیەی بنەماڵەی بارزانی ئاشبەتاڵیان کرد و مەلا مستەفا پێشمەرگە و گەلی لەخەبات نا ئومێد کرد و خۆیشی بە ڕەوە مەڕ و سەروەرت و داهاتی دزراویی خەڵکەوە تێی تەقاند و ڕۆیشت لەکەمپەکانی ئێران سەرکزانە لێی دانیشت و ژیان و چارەنوسی کوردی خستە مەترسیەوە، کاک نەوشیروان مستەفا لەناو ئەو هەموو مەترسیەدا بو بە فریادڕەسی گەل و شۆڕشی نوێی هەڵگیرساند و جارێکیتر ڕۆحی شۆڕشگێڕی و خەبات و کۆڵنەدانی بە بەری گەلدا کردەوە و لەو بێ چارەییە ڕزگاری کردن.

بێجگە لەمێژیی پڕ لەسەروەریی، کە بە درێژایی تەمەنی لەپێناو بەختەوەریی و ئازادی کورد دا بەخشیویەتی و ئەم مێژوەییش بەڵگە نەویستە و هەموومان ئاشنایین، لەو قۆناغەیی بێدەنگیەکی زۆر باڵی بەسەر خەڵکدا کێشابو و لەبەردەم قۆرخکاری و تاڵانیەکی زۆری بەرپرسان و دەستەڵاتداراندا بوین و گەل هەموو شێوازێکی تاقیکردەوە و تا ئاستێکی زۆر لەدەستەڵات بێ هیوا ببوو، کاک نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕانی دروست کرد، کە وەک ئەوە وابو ئەم گەلە لەنوێوە لەدایک بوبێتەوە، چونکە ورە و ئیرادەیەکی بێ وێنەی بە بەردا کردینەوە و بێ جیاوازی لەهەموو دەڤەرێکی ئەم کوردستانەوە بە ناوچە دابڕاوەکانیشەوە خەڵک ڕاپەڕی و گیانێکی تازەی کرایەوە بە بەردا، هەموومان بەو ڕۆحە تازەیە سەرسام و دڵخۆش بوین و پشتگیریمان کرد.

ڕێبەری نیو سەدە خەبات کۆچکردنەکەیشی هەر بەو جۆرە زیندووکردنەوەی ڕۆح و هەستانەوەی گەل بوو، لەدوای خۆپیشاندانەکان و بڕینی موچە و قوتی گەل و ستەم و سەرکوتکاری هێزە داپڵۆسێنەرەکانی سەر بە هەردو حزبی  دەستەڵاتدار و بێ ڕێزیان بەرامبەر بەو خەڵکە لەوێنەی وەڵامنەدانەوە و گوێنەگرتن لەداخوازی و ناڕەزاییەکانی خەڵک، تا ئاستێکی زۆر میللەت کپ و تروسکایی ژیانی کز ببوو.
لەبیرتانە پێش ژیان ئاوایی ڕێبەرە سپیەکە، هەموو تاسەبار و پەشێو بوین لەداغی مشەخۆری ئەم تاقمە بەسەر لاشەی نیشتمانەوە، لەبیرتانە تا پێش کۆچی ئەم ڕێبەرە دۆش دامابوین و دەمانوت بڵێی ڕۆژێک تەلیسمی ڕەشی شەوەزەنگ و ئەم تاڵاوەمان لێ ئاوا بێت؟؟.

لەبیرتانە لەبەر کاری بەدی ئەو تاقمە بەدخوەیی دەستەڵاتدار، سێبەری ئەم وڵاتەیشمان تەماویی و گەرداویی ببوو، نیشتمان لای هەمومان هەرزان بوو، خەبات بۆ ئازادی ببووە پرسە، بەڵام لە١٩ی٥ی ٢٠١٧وە کاک نەوشیروان ئەم ڕەوشە تاڵەیشی وەک ئەوانیتر گۆڕی و شانازی بۆ گەڕاندینەوە، ئیتر بە قەولی شاعیر ناڵێین، (ئەی تریفەی مانگەشەوی بەر دەرکی دەلاقە، با پیس نەبیت خۆت مەدە لەم کوردی عێراقە).

سەرکردە سپیەکە ئەو ڕوانگەیەی گۆڕی و وزەیەکی شانازیکردنی لای تاکی ئەم مەملەکەتە دروستکردەوە، بە کۆچەکەی پێیوتین هەمومان زەردەواڵە و مشەخۆر نین و دەستمان بە چڵکی پارە  و هەناسەمان بە بۆنی بیرە نەوت گەرداویی نەبووە و نابێت، ئەو مێژوی وەرچەرخاند و تەلیسمی تاریکی لەڕویی نەوەی نوێ هەڵگرت و ڕوناکی بە ناخیان بەخشی و بە مەردایەتی خۆی پێیوتین، ئەم نیشتمانە هێشتا خاوەن ڕێبەر و ڕابەری خۆنەویست و گەل ویست و ئازادی ویستە، بە پەیامەکەی پێوتین ئەم نیشتمانە هەر لەکوانویی خەبات بۆ ژیانێکی سەربەز و مەرد کۆڵنادات و زەلیلی پەسند ناکات.

بە ژیانە سادەکەیشی پێووتین، مەرج نیە تەواوی ژیانمان بە زێڕ و زیو داپۆشین و ئەو کاتە سەرکردە و بەرپرس بین، دەشێت ناخمان لەپۆڵا و ئیرادەمان لەئەڵماس و باوەڕیمان لەلوتکەدا لەنگەر بگرێت و سادەیش بژین و خاوەن شکۆ و بە کەرامەت بین و خیانەتکار و خۆفرۆش نەبین و بۆ پارە و فەخفەخە خۆمان و گەلەکەمان هەرزانفرۆش نەکەین.

بە ژیان و خەبات و کۆچەکەی بۆ دنیای سەلماند، ئەم مەملەکەتی باشوورە، تەنیا زەلکاوی مرۆڤە نزمەکان نیە، هێشتا سەرزەمینێکە بۆ سەرکردەی مەرد و پەیامی ڕون و گەلەکەی هێشتا ڕوی لەئومێدی ئاسۆی کەلە و کوانویی خەباتی دژی ستەم هەر جۆش دەدات و خودی مێژویەکی بە نرخە و بەهارێکە بۆ دواڕۆژێکی ڕون و گەنجی وریا و بە وەفا بۆ نیشتمان و سەرکردە دڵسۆز و دەست و دەم و داوێن پاکەکەی.

بە کۆچەکەی شانازی بۆ نیشتمان گەڕاندوە و چاو و ڕۆح و نیگاکانمانی تژی کرد لەتاسەی ئازادی و هەڵزنین بە لوتکەی هیوادا، بە کۆچەکەی پەیامەکەی لەیەخەی هەموماندایەوە و باری قورسی نائومێدی لەسەر شانمان داگرت، هێز و ورەیەکی تازەی پێبەخشینەوە بۆ ئەوەی لەبەگژداچونەوە و سەرهەڵدان لەدژی گەورە دز و بازرگان و مافیاکان و ستەمی هەمەجۆرە کۆڵنەدەین و بێدەنگ نەبین، بۆیە دەبێت شێوازی ژیان و ڕەفتار و کرداری کاک نەوشیروان پەیڕەو بکەین و لەکەسێتی و ڕەفتاری خۆماندا بەرجەستەی بکەین، ڕێگە و ڕێبازەکەی توند بگرین و وەک گلێنەمان بیپارێزین، بە ڕۆحی ئەو مەزنە بژین و لەئەمڕۆوە بە خۆماندا بچینەوە و بگۆڕێین و ئەو شانازییە نەدۆڕێنین و مەزنتری بکەین.


27/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر