ئەرکی دوای ڕیفراندۆم

ستاره‌ عارف
ئێمە بە بەڵێ دەنگمان بۆ ڕیفراندۆمە حزبیەکە نەدا و هۆکارەکانیشمان ڕونکردەوە، بەڵام زۆر دڵنیا بن ئێمە لەکەسە ڕاستگۆ و دڵسۆزەکانی کوردستانین و قوربانی و خوێن و شەهیدمان بۆ داوە،، کە خەون و ئامانجی سەرەکیمان دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستانە، بەڵام بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بە دام و دەزگا و پلان و بەرنامەی دیراسە کرا و عەقڵانی و پێشکەوتو دەکرێت، نەک لەڕێگەی دیوەخان و هەڵچونی کاتی و بە نا یاسایی و نا سیاسی، کە ئەمڕۆ٢٥-٩-٢٠١٧ ئەنجامدرا.

ئاساییە هەڕەشەی دەرەکی لەکاتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی ڕاست و جیابونەوە ڕوبەڕومان ببێتەوە، گرنگ ئەوەیە لەناوخۆدا ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز و یەکڕیزی هەبێت و پڕۆسەکە لەڕێگەی وتوێژی عەقڵانی و گەڕانەوە بۆ گەل و بە پشت بەستن بە ئیرادەی گەل بێت و بەرنامەی کۆی لایەنەکان بێت، ئەو کاتە فشار و ئابلوقەی دەرەکی زۆر کاریگەر نابێت، چونکە ئیرادەی ناوخۆیی بەهێزە، بەڵام لەم ڕیفراندۆمەدا نەبونی ئیرادەی ناوخۆیی و نا یەکگرتویی و ناڕەڕایی خەڵک لەدەستەڵات، هۆکاربون بۆ ئەوەی پارتی و هاوکارەکانی جەماوەر لەدەرەوەی هەرێمەوە بۆ کەرناڤاڵەکانیان بهێنن و هەولێر و سلێمانی پێ قەرەباڵغ بکەن و پەنا ببنە بەر گزیگاری و ساختەکاری لەکاتی دەنگداندا..

بەڵام وێڕای ئەمانەیش ئێمە خەمخۆرانی نەتەوە و سەربەخۆیی و دەوڵەتی ڕاستەقینەی کوردی، کە ڕێگەمانە و خەباتی بۆ دەکەین، خۆشحاڵ نین بەم دەرەنجامانەی لەم ڕیفراندۆمەوە ڕویانداوە، بە تایبەتی هەڕەشەکانی عێراقی عەرەبی و تورک لەباشوری کوردستان..

بۆیە پێویستە بە کۆی دەنگ و بە هەمو جیاوازیەکانمانەوە ڕوبەڕوی ئەم هەڕەشانە ببینەوە و کوردستان لەشەڕ و ئاشوب و گەمارۆ و داگیرکاری تورک و عەرەب و ئێران بپارێزین، لەسەروی هەمویشیانەوە دەست بە ئاوەدانکردنەوەی لادێکان بکەین، تا بەرهەمی خۆماڵی بەرهەم بهێنین، لایەنە سیاسیەکان چاویان لەپاراستنی کوردستان بێت و لە بەیانیەوە پێکەوە فشار لەم دەستەڵاتە بکەین، دەنگ و دەرەنجامەکانی ڕیفراندۆم لەسەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا و تورک نەدۆڕێنێت و هەنگاو بۆ سەربەخۆیی و جیابونەوەی کوردستان بە ڕاستی هەڵبگرن، دام و دەزگا و پایەکانی ئەم دەوڵەتە بچەسپێنین و دەست لەتۆمەت بەخشینەوە بەسەر ڕکابەرەکانی دەستەڵات هەڵبگرن، با پێکەوە خەریکی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانی ئەم وڵاتە بین و بە ڕاستی دەوڵەت بونیاد بنێین و لەعێراقی نەفرەتی جیاببینەوە..

زۆر گرنگە پەرلەمانتاارانی عێراق و چاودێران و لایەنەکان زۆر بە ڕونی بە ڕای گشتی عێراق و عەرەب ڕابگەیەنن، کە نەخێر و بایکۆتی زۆرینەی هاوڵاتیانی کوردستان، دژی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی و جیابونەوە نیە، بەڵکو دژی دزی و گەندەڵی و تاڵانی ئەم دو حزبە سیاسیەیە، ئەگەرنا دەوڵەت و سەربەخۆیی ئامانج و خەونی هەر تاکێکی کوردە.

ئەو چواردە خاڵەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دەریانکردوە، بە کردار و هەنگاوی ڕاستەقینەی دەوڵەت وەڵام بدرێنەوە و ڕەتبکرێنەوە، ئیدی دەبێت بلاتفۆرمێکی نیشتمانی لەکوردستان دروست بکەین و بەرپرس و بازرگانە دز و چەتەکان دادگایی بکەین و کەسانی شایستە و ڕاستگۆ و دڵسۆزی ئەم وڵاتە بۆ ئەرکە گرنگ و قورسەکان ئامادە بکرێن، دەکرێت لەمەولا بە هەمومان فشار لەو دەستەڵاتە بکەین و ئەرکە قورسەکە بخەینە سەرشانمان و نەهێڵین یاری بە دەنگەکانمان بۆ گیرفان و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بدۆڕێنن، دوای ڕیفراندۆم پێکەوە بە گژ دوژمنە سەرەکیەکانمان لەناوخۆ و دەرەوە بچینەوە و ئیرادەیەکی کوردی یەکگرتو نیشانبدەین.

تاکە خاڵێکی باشی داواکاریەکەی پەرلەمانی عێراق ئەمەیە:

(گێڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەكانی خۆیان).

بە هیوام بە زوترین کات ئەم ئەرکە جێبەجێ بکرێت و لەوە زیاتر هاوڵاتیانی کورد نەکرێن بە قوربانی عەرەبی عێراق، کە دڵنیام هەتا سەد ساڵیتریش دڵیان لەکورد پاک نابێتەوە و بۆ هەمیشە دژی کوردن، بە وانەیشیانەوە لەکوردستان قەڵەو و بەخێو دەکرێن

01/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر