ئیتر قسە ئەکەم!.. (٢)

عەبدولرەزاق شەریف

بۆبیرخستنەوە
لە رونکردنەوەی یەکەمدا، بەڵێنمدا درێژە و وردەکاری سێ مەسەلەی گرنگ بخەمەڕو، یەکەمیان (دژایەتیکردنی ژیان و کەسایەتی و بیری نەوشیروان مستەفا بو)، ئێستا بەردەوامە و نازانم چەند بەشی تری قسەکانم لەسەر ئەم مەسەلەیە ئەبێ. خاڵی دوەم و سێیەم (گەندەڵی مالی و ئیداری و نەمانی ئەخلاقی سیاسی و هاوڕێیەتی) لە دوای تەواوبونی خاڵی یەکەم دەستپی ئەکات.
تەرمی کاک نەوشیروان و کۆپتەرەکەی سەید عومەر و هاوڕێکانی:
نیوەڕۆی ١٩-٥ و لەژورەکەی خۆم، بەو باری کۆستەوە خەریکی نوسینی دورشمەکان و چۆنێتی بەچاپگەیاندنی لافیتەو پۆستەری مەراسیمی ناشتنەکەی کاک نەوشیروان بوم. بێ ئاگادارکردنەوە (سەید عومەر، سەید مستەفا، ئاراس وەلی، نماو چیا) بە لوتفەوە هاتنە ژورەکەم، بۆیەکەمجار بو سەید عومەر پلیکانەی سێ نهۆم ببڕێت و بێتە لام.
-کاک عومەر تۆ بۆ زەحمەتتکێشا تەلەفۆنت بکردایە خۆم ئەهاتم.
-رەزاق بۆ ئیشێکی گرنگ هاتوین، بڕیارێکمان هەیە و ئەبێ تۆ لەمیدیا هاوکارمان بی بۆ جێبەجێکردنی، چونکە بەشی زۆری لای تۆوەوەیە.
کەمێک هەناسەسوار، سەرجوڵاندنێکی نائاسایی، دودڵی و جەنجاڵی مێشک و دەرونی سەید عومەر وایکردبو، من وەک سەرکردەیەکی تێکشکاو بیبینم نەک وەک (دەجالێکی سیاسی، کە دواتر بۆم دەرکەوت)، نماو چیاشم (وەک دو مێردمنداڵی باوک و دایک مردە بینی). هیچم نەوت جگە لە وشەی "لەخزمەتداین".
-تەرمی کاک نەوشیروان لە خەستەخانەیە، لەگەڵ برادەران، دۆستەکانمان هەموشتێکمان حازرکردوە، ئەم شەو بە تەیارەیەک کە ماڵی مام جەلال حازریانکردوە درەنگانێک ئەیهێنینەوە بۆ گردەکە، لە ئیسعافێکی سەلاجە دایدەنێین، خۆرکەوت بە دزییەوە ئەینێژین، دواتریش تۆ لە میدیاوە رێنمایی بڵاوبکەوە با سەعات ١٠ی بەیانی خەڵک بێن بۆسەر قەبرەکەی.
-کاک عومەر ئێوە بەڕاستانە!؟...
-بەڵێ ئەوە بڕیارە و وەک شتەکانی تر لێمان تێکمەدە.
-کاک عومەر تۆ ئەزانی کی مردوە! تۆ خەڵکی ئەم شارەیت مردو وا نێژراوە!؟ من هەرگیز بۆ کارێکی وا هاوکارتان نابم و ئەشتوانن لەئێستاوە من لابەن و کەسێکی تر بخەنە جێگاکام.
سەید شپرزەبو، هەستمئەکرد لەناخی دڵەوە وەڵامەکەی من پەشۆکانویەتی بەڵام دەسەڵاتی نییە، بە روخسەتەوە من و سەید مستەفا و ئاراس وەلی لە ژورەکە کردە دەرەوە.
لەبیر و مەراقی ئەو بڕیارەی ئەواندا چومە ژورێک بەتەنیا و ئاراس و مستەفام بەجێهێشت، چەند دەیقەیەک و وتیان کاک عومەر بانگت ئەکا.
-ئەوجارە چومە ژورەکەی خۆم و بەرامبەری نماو چیا لە شانی کاک عومەرەوە دانیشتم، حەزمنەکرد بەو سەروفەساڵەوە بیبینم، دیاربو لەگەڵ چیاو نما مشاوەرەی کردبو بەڵام حەزینەکردبو لەبەرچاوی ئێمە، ئەوان قسەیان هەبێ.
-کوڕەکان، ئەوە بڕیارەکەی ئێمەیە و خۆشتان ئاگاتان لێیە، ئەوە رەزاقیش وا ئەڵێ.
من سەید عومەرم لەشێوازی کار و مەبەستی سیاسیدا، باش ئەناسی، ئەمزانی ئەوەی لە مێشکیدایە هەمیشە بەوانی تری ئەکا و دواتر خۆی لێ نەبان ئەکا، بۆیە پێش وەڵامی نماو چیا کەوتم.
-کاک عومەر کورد یەکمجارە سەرکردەی وای لێ ئەڕوات، سلێمانیش لەدوای شێخ مەحمودەوە مەراسیمی ناشتنی سەرکردەی نەبینییەوە، ئەبێ وایرێکبخەین هەمو کوردستان ئامادەبێ و بەدوایەوە بێ.
روی دەمم لە نماو چیا بو کە ئەو قسانەم کرد، بۆیە لەوەڵامدا پێکەوە وتیان "خۆتان هەرچی بڕیارێک ئەدەن چۆن رێکی ئەخەن ئێمە رازین".
-ئەی باشە کێ تەحەمولی موشکیلە ئەکا!؟ کێ ئەتوانێ ئەو خەڵکە رابگرێ!؟
لەگەڵ قسەکانیدا گۆچانەکەی هەڵگرتو لەناو دەرگای ژورەکەدا بەفریا کەوتم و وتم؛ "پۆلیس و ئاسایش".
لە حەوشەو هێشتا لەناو سەیارەکەدا بو وتیان کاک عومەر ئەڵێ دوام بکەوێ و بێتە خوارەوە، خۆم دواخست، نەمدەویست بچمە کۆبونەوەیەکەوە گوێبیستی بڕیارێکی بەوشێوەیە لە هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا بم. دوای نیوسەعات بەبیرمدا هات کە نابێ ئەمە سەربگری و بەپەلە چومە بیناکەی خوارەوە، خۆمکرد بە کۆبونەوەکەدا، کە لەوکاتەدا زیاتر لە مەجلیسێکی عەشایەری ئەچو، بەبێ دەنگی دانیشتم.
قادری حاجی عەلی، عومەر سەید عەلی، عوسمان حاجی مەحمود، جەمال حاجی محەمەد، جەلال جەوهەر، مامۆستا جوامێر، سەکەوت حەسەن و چەند کەسێکی تر دانیشتبون. کاک قادر باسی لە تەدارەکی ئەو مەراسیمە ئەکرد کە بڕیاریان لێدابو، کاک عومەر قسەکەی پێ بڕی و هەواڵی منی پرسی.
-بەڵی کاک عومەر لێرەم (بە کەمێک سەرجوڵانەوە، چونکە لەشانی ئەو و لەخوارەوە دانیشتبوم).
-برادەران رەزاق قسەیەکی هەیە حەزەکەم خۆی پێتان بڵێ.
مامۆستا جوامێر، کە هاوڕێیەتی و دڵسۆزی بۆ نەوشیروان مستەفا هێنابویە ئەو مەجلیسەوە، وتی؛ "روخسەتم بدەن ئێوە کۆبونەوەی خۆتانتان هەیە".
-"ئینجا مامۆستا کەس وەک تۆ خۆمانە نییە". چەند کەسێکیان و رو لە مامۆستا جوامێر و هەر یەک بەشێوەیەک ئەو قسەیان کرد و ئەویش دانیشتەوە.
کەوتمە قسەکردن، هەرچی لە ژورەکەی خۆمدا بە کاک عومەرم وتبو بە زیادەوە پێموتن، وتیشم ئەبێ کاک نەوشیروان بەسەر شانی خەڵکا لە خەستەخانەوە بێتە ئەم گردە، جگەلەمە هیچ شتێکی تر مەقبول نییە.
١- ئەو قسانەی رەزاق بەراست ئەزانم، بمبورن کە تەدەخول ئەکەم، ئەوەی ئەو ئەڵێ ئەبێ وابکرێ.
٢- تازە بڕیارمانداوە خۆمان بۆ ئامادەکردوە.
٣- هەزار کەسی تیا ئەکوژرێ و کێ مەسولیەت هەڵەگرێ.
٤- وابکەین بۆ ئێوارەش تەرمەکە نانێژرێت.
٥- میوانێکی زۆری عەرەبی و ئەجنەبی لە بەغدا و هەولێرەوە دێن و ئەمە ناکرێ.
٦- رێگەکە دورە و هەر ئەبێ ئەمشەو بە کۆپتەرەکە بیهێنین و هەمو ئامادەکارییەک کراوە.
٧- با درەنگانی شەو بیهێنینە مزگەوتی گەورە و لەوێوە بەڕێی کەین.
یەکەمیان قسەی مامۆستا جوامێر و دواهەمین هی سەرکەوت حەسەن بو. ئەوانی تر قسەی مەسولەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بو.
کە زانیان من هاوکارییان ناکەم، بە ناچاری قسەی سەرکەوت بو بە بڕیاری چۆنێتی ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا. تەنیا کارێک لە ژیانمدا شانازی پێوە بکەم و بۆ نەوشیروان مستەفام کردبێ ئەوەبو بڕیاری بەدزییەوەناشتنی ئەو پیاوەم هەڵوەشاندەوە.

من و نەوشیروان مستەفا (ناسین و متمانە)
هاوینی ساڵی ١٩٨٤ و بۆیەکەمجار لە ئاوەژێی بناری ئاسۆس، نەوشیروان مستەفام بینی و چەند رۆژێک لە مقەرەکەی مامەوە، وەک سکرتێری کۆمەڵەو کەسی یەکەمی رێبەرایەتیمان، بەهۆی چەند پێشمەرگەیەکی دەستەکەی خۆی کە کوڕی گەڕەک و متمانەپێکراوی ئەوبون، بەمەبەستی ناسینی سەردانمان کردبو، بە هەمو ئەو رۆژانە، چەند سەعاتێک و لە رۆژی جیاوازدا دەرفەتمان بۆ ناسین و گفتوگۆ بۆ رەخسا، بەشێوەیەک سەرقاڵی نوسین و خوێندنەوە بو، تەنها بۆ نانخواردن و کاری پێویستی جیهاز و میوانی تایبەت لە کوختەکەی سەرمقەڕ ئەهاتە دەرەوە، بەدوایدا پەیوەندییەکی پتەو منی بە خەباتی کۆمەڵە و پێشمەرگایەتییەوە گرێدا، پەیوەندییەکی رۆحیش بە سکتێرەکەمانەوە. لەو ساڵەوە لە چەندین شوێن و وێستگەی جیاجیادا، هاموشۆ و سەردانیم کردوە، جگەلەوەش بەردەوام لە پرسی هەواڵ و ژیانی تایبەتی ئەودابوم (حکایەتەکانی تایبەت بەو مێژوە بۆ دەرفەتێکی تر).
دوای دروستبونی کۆمپانیا وشە چەند جارێک بە تەنها و لەگەڵ هاوڕێکانماندا سەردانمان ئەکرد، وەکچۆن لەناو یەکێتیدا لای مام جەلال و ئەندامەکانی تری م.س، لای ئەویشەوە هەوڵمان ئەدا لێکترازان و جیابونەوە دروست نەبێ. ئەخوازێ ئەگەر بە دێڕێکیش بێ رای کاک نەوشیروان و ئەوانی تر بنوسم.
مام جەلال: "ئەگەر لیست دروست بکا هەر سێ بۆ چوار کورسی دێنێت، بڕۆن پێی بڵێن حەوت کورسی پەرلەمان با خۆی دایبنێ بیر لە کاری وانەکاتەوە".
کۆسرەت رەسول عەلی: "کاک نەوشیروان ناتوانێ حیزب دروست بکات" دڵنیایی ئەکردین کە جیانابێتەوە.
بەرهەم ساڵح: "ئەوانەی دەوروپشتی کاک نەوشیروان کارەکتەری لاوازن و وائەکەن سەنگی کاک نەوشیروان لە سێ چوار کورسی زیاتر نەبێ".
فوئاد مەعسوم: "کە بزوتنەوە و سۆشیالست و دواتر ئاڵای شۆڕش جیابونەوە زۆر کەس وەک ئێوە مەترسی هەبو، دواتر دەرکەوت یەکێتی بەهێزتر بو، دڵنیابن بەجیابونەوەی نەوشیروان مستەفاش یەکێتی بەهێزتر ئەبێ".
عومەری سەید عەلی: "نەوشیروان لە کۆبونەوەکاندا لەسەر ئیسلاح دەمەدەمێی لەگەڵ مام جەلال و کاک مەسعود ئەکرد، ئێستا لە دەرەوە بە جەریدە چی پێ ئەکرێ".
مەلا بەختیار: "من تەجروبەی جیابونەوەم هەیە، نیوەی زیاتری یەکێتی پشتیوانیان ئەکردم، کە رویدا چەند کەسێکم لەگەڵ مایەوە، دڵنیابن بۆ کاک نەوشیروانیش ئەوە راستە".
کاک نەوشیروانیش کە دڵگرانی شکستی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی یەکێتی  بو، وتی: "ئەمجارە مام جەلال لە کۆیە ئەخەم". دواتریش شەوی فەرزکردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ٢٥-٧-٢٠٠٩، هەواڵم پرسی وتیان کاک نەوشیروان گوێ بەو دەنگە زۆرەی سلێمانی نادا، تەنیا لە خەمی ئەنجامی دەنگەکانی (کۆیەدا) یە.
کاک نەوشیروان لە نزیکەوە لە نوسین و چالاکییەکانی من و زۆرێک لە هاوڕێکانمانی ئاگاداربو، بەراستەوخۆ و بە ناراستەوخۆ لەپێدانی رێنمایی بۆمان بەردەوام بو، ئەوانەی لەناو یەکێتی مابوینەوە هەر سەرگەرمی بیری گەڕانەوەی ئەو بوین، رێکەوتنی دەباشان دڵخۆشی کردین، تەوژمی دژایەتیکردنی ئەو رێکەوتنە تادەهات لەناو یەکێتیدا توندتر و زیاتر ئەبو، خۆی هەواڵەکانی ئەبیست، تەنیاجارێ داوایەکی لەمن کردبێ ئەوەبو کە رای هەریەک لەو ئەندامانەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لەسەرخۆی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بنوسم، کە دیاربو بۆ بەرچاوڕونی رێکەوتنەکە پێویستی پێی بو، دەنا ئەوەی لە نزیکەوە ئەوی ناسیبێ دەزانێ زۆر رقی لە دیاردەی (هەواڵدزی و بێمتمانەیی) بو، بەتایبەت لەناو حیزبە کوردستانییەکاندا. کەزانیبوی من لەناو یەکێتیدا تەواو بێزاربوم لەرێگەی تەلەفۆنێکی مامۆستا جەمالەوە داوایکرد سەردانی بکەم.
دوای هەواڵپرسین و ئەو لوتفە بێوێنەیەی کە لەماڵی خۆیدا لە میوانەکانی ئەگرت...
-بێتاقەتی، لە تەلەفزیۆنیشدا بەروتەوە دیارە، هەرکات پێتباشبو خۆم و بزوتنەوەی گۆڕانیش لەخزمەتایە، من تۆ بە یەکێک لە سەرکردەکانی گۆڕان ئەزانم، هەر داوایەکیشت هەبێ بۆت جێبەجێ ئەکەین.
-سوپاسی بەڕێزت ئەکەم، ئێمەش هەمیشە تۆ بە سەرکردەی خۆمان و بیری گۆڕانکاری ئەزانین، من هیچ کات داوام نەبوە و نیمە، جگە لەو ئەرکەی پێم ئەسپێردرێ.
دانیشتنەکە نیوسەعاتی خایان، مامۆستا جەمال بێ ئەوەی یەک قسە بکا لەنێوانمان دانیشتبو.
نزیکەی دو مانگ دوای ئەو دانیشتنە و مامۆستا جەمال (کە بەهۆی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خێزانی) یەکتریمان ئەبینی پێی وتم:
-رەزاق کاک نەوشیروان ئەیەوێ بتبینێ و پێویستی بەوەیە لەگەڵیا بیت.
-من کاک نەوشیروان هەر بە مەسئولی خۆم ئەزانم، ئێستاش وەک جاران فەرمانی قورسترین ئەرکی پێشمەرگانەم پێبدا، جێبەجێی ئەکەم. بەڵام ئێوە سەدان کادری باش و بەتواناتان لەگەڵدایە، من ئەتوانم چی زیاتر لەوان بۆ کاک نەوشیروان بکەم.
-رەزاق پێمان وتوە کێت لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەوێ پێمان بڵێ، بە تەکلیف و هاوڕیەتیش بێ ئەیهێنین، هەموی رەتکردۆتەوە ئەڵێ تەنها پێویستم بەوە.
-مۆڵەتم بەرێ بیری لێ بکەمەوە.
بۆیەکەمجار لە ژیانمدا، سەرگەمی پرۆژەیەکی بازرگانی بوم (لەگەڵ کۆمپانیای نۆکان)، کاک دلێری سەیدمەجید پشتیوانی ئەکردم و زانای بەڕێوەبەری پرۆژەکانی نۆکانی بەرەوڕوکردبومەوە، سەرمایەیەکەی دەیان ملیۆن دۆلاربو. بۆیە رۆژی دواتر گشت ئەوراقەکانی پرۆژەکەم بۆ مامۆستا جەمال کۆپی کرد و پێشم وت: 
-ئەگەر تەنیا بەرژەوەندی خۆم بوایە بەجێم ئەهێشت، بەڵام ژیانی خزم و خێزانەکەمانی پێوە بەستراوە، خۆشم نامەوێ راستەوخۆ بە کاک نەوشیروان بڵێم، ئەم فایلەی بۆ بەرە بۆئەوەی دڵنیابێت لەوەی کە تەنها هۆکارەکەی ئەم مەسەلەیەیە.
بیرکردنەوە لە ژورێکی تەنیا و تەنیایی ئەو شەوەی من کۆمەڵێک پرسیاری لەسەر ژیان و کاری سیاسیم وروژاندبو، ئۆقرەم لێهەڵگیرابو. تەلەفۆنم بۆ د.دانای حاجیتانی کردو گەیشتە لام. حاڵ و مەسەلەی خۆمم بۆ باسکرد.
-دکتۆر رای تۆم لامەبەستە، من ناتوانم بڕیاربدەم.
بۆ بەیانیش هەمان پرسم لەگەڵ ئازاد چالاک باسکرد (ئەو دوانە هاوڕێی نزیکی خەبات و پێشمەرگایەتی کاک نەوشیروان بون).
بۆ بەیانی تەلەفۆنم بۆ مامۆستا جەمال کرد.
-مامۆستا ئامان ئەو فایلەت دا بە کاک نەوشیروان.
-نەخێر هێشتا نەمدیوە و باسمان نەکردوە.
-تکایە ئەم مەسەلە دابخەو بەهیچ جۆرێک باسی مەکە، بڕیارمدا ئەو پیاوە هەرچی ئەرکێکم پێ بسپێرێت جێبەجی ئەکەم.
چەند رۆژێک فەرمانەکەی کاک نەوشیروانم وەکخۆی جێبەجێ کرد، دواتر زانیم مامۆستا جەمال فایلەکەی دابوە کاک نەوشیروان و حکایەتەکەی بۆ گێڕابۆوە.
لەسەر داوای خۆی و بۆئەوەی لە ئیشوکارەکانی بزانم، ئەچومە کۆبونەوەی بەیانیان، کە عادەتەن لە کۆمەڵیک بەرپرسی بزوتنەوەکە رێکیئەخست، پێشی وتم؛ ئەم هەفتە گوێ بگرە دواتر رای خۆتم پێ بڵێ. دوای ماوەیەک:
-کاک نەوشیروان بەراستی جۆرێک لە بەزەیم پێتادێتەوە.
-بۆ؟
-تۆ ئەو هەمو ساڵەت لەگەڵ خوێنەواری سیاسی و ئیعلامی موخەزرەم بەسەربرد، هەست ئەکەم حەلقەی یەکەمی تۆ زۆر لاوازن.
-من حەلقەی یەکەم و دوەمم نییە! مەبەستت چییە؟
-پێموابو ئەم کەسانەی دێنە لات، رۆژانە زانیارو شیکردنەوەی و رێنمایی بە تۆ ئەدەن، کە عادەتەن سەرکردەکان وا ئەکەن، بەڵام چەند رۆژێکە تۆ وەک مامۆستا ئەبینم هەرکەس یەت زانیاری نادروست ئەبەخشێت و تۆ بۆی راست ئەکەیتەوە، بۆ نمونە یاساییەکەت کە کاری خۆیەتی و کاری تۆ نییە زۆر دەقی یاسایی و هەڵەی بۆ راست ئەکەیتەوە.
-ئەوە کێشەی گەورەی منە لەگەڵ هاوڕێکانمدا.
-باشە کەواتە کاری منیش ئەوە ئەبێ ئەو کێشەیەت بۆ چارەسەر بکەم.
لەماوەیەکی کورتدا پرۆژەی دروستکردنی دامەزراوەیەکم بۆ زانیاری و شیکردنەوە و لێکۆڵێنەوەی هەمو ئەو باسوخواسانەی رۆژانە سەرقاڵی ئەکەن، بۆ نوسییەوە. بەیانییەکیان پرۆژەکەم دایەدەست و لەگەڵ خوێندنەوەی دێڕەکانی یەکەمدا، ئیسماعیل (سکرتێرە تایبەتییەکەی خۆی) بانگکردو وتی؛ با کەس نەیاتە ژورەوە، ئەو کە شەوان یان بەیانییان زو سەرگەرمی خوێندنەوەی ئەو جۆرە نوسراوانە بو، چاوی هەڵنەبڕی تا بەوردی تەواوی کرد.
-رەزاق ئێمە کادرمان هەیە بۆ جێبەجی کردنی ئەم پرۆژەیە.
-بەڵێ هەمانە.
-وەکو کێ؟
-......ئەوانەش هیچیان لەم گردە نین، بەڵام گۆڕانخوازن و تۆیان زۆرخۆش ئەوێت.
-بەیانی ناوەکانیانم لەگەڵ سی ڤییەکانیاندا بۆ بهێنە.
-پێمسەیرە تۆ لە هەمو ژیانت سیاسەتکردن و بڕیارەکانت لەسەر هەواڵ و زانیاری و لێکۆڵینەوە داڕشتوە کارێکی لەمجۆرەت لە گۆڕاندا نەکردوە.
-زۆرهەوڵمدا زۆریانم راسپارد، ترسنۆک بون و هەریەک بەبیانویەک خۆیانیان لێدورخستەوە.
هەر ئەو رۆژە پەیوەندیم بە چەند هاوڕێیەکی پسپۆڕەوە کرد و ئامادەییان دەربڕی سی ڤییەکانیان بۆ ناردم. رۆژی دواتر سەرقاڵی خوێنەوەی ژیانی سیاسی و سی ڤییەکانی ئەو ناوانەبو، کە بە فایلێک دابومە دەستی.
-رەزاق هەرگیز بڕوام نەبوە ئێمە کادری وامان هەبێ.
-بەڵێ هەمویان لەسەر پشتیوانی تۆ یان وازیانهێناوە یان لابراون.
-من رازیم پشتیوانیت ئەکەم، بەڵام دو مەرجم هەیە، یەکەمیان لە دەرەوەی گردەکە بێ، دوەمیان (.........).
دوای رازیبونی من بە مەرجەکانی وتی: 
-سبەی ئێوارە لە ماڵەکەی خۆم بانگیان بکە و یەکەم کۆبونەوە بکەین.
لەو رۆژەوە ئیتر خۆم و چەند هاوڕێیەک کۆمەڵێک ئەرکی گرنگی کاک نەوشیروانمان لەئەستۆ گرت، دواتر و کە ئەرکی بەرپرسیارێتی میدیای پێسپاردم کەسێکی تری لە شوێنەکەم دانا.، پێشی وتم؛ لەو برادەرانە دامەبڕێ، هاوکارییان بە، مەلەفەکانی ئێران و ئەوانەشی کە تایبەتن بەخۆت، با هەر لای خۆت بمێنێتەوە. چەند مانگێکی کەم و دوای مەرگی کاکە بە نامەیەکی رەسمی دەستبەرداری هەمو ئەو کارە تایبەتانە بوم.

ماویەتی...


06/05/2019



وتارەکانی تری نوسەر