بۆچی وتم نێچیرڤان بارزانی نایەت؟ بۆچی وتم پارتی‌و یەكێتی كۆنابنەوە؟!

عەبدولرەزاق شەریف

دو هەفتە پێش ئێستا كە سەركردایەتی پارتی بڕیاریدا لەگەڵ یەكێتی كۆببێتەوە، بەدوایدا نوسیم كە پارتی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی نوێ كۆ نابێتەوە،  ئەمڕۆش كە هەواڵ بڵاوبو نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆدەبێتەوە، نوسیم كە رونادا  خۆ ئەگەر ڕوبدات، خوا ڕەحمكات، گۆڕانكاری گەورە بە سەلبی ڕووئەدات. بۆ ئەوەی شیكردنەوەی سیاسی و لێكدانەوەی هەواڵ لە تەفسیری فاڵگرتنەوە دور بخەمەوە، پێویست بو ئەم نوسینەی بەدوادا بنوسم.

 
بالەوە گەڕێین كە مەسعود بارزانی لەدوای دزەپێكرنی قسەی كۆبونەوەی دو قۆڵی نێوانیان چۆن‌و بۆچی لە دكتۆر بەرهەم عاجز بو, متمانەی كۆبونەوەی پێی نەماو چیتر كۆبونەوەی هاوشێوەی لەگەڵدا ناكا ، با لە كێشەی ناوخۆی خانەوادەی بارزانیش دور بكەوینەوە. ئەگەرقەڵەم بخەینە سەر هەقیقەت دەڵێین: 

 
كێشەی نەوت و غاز لە نێوان بەرداشی ئەنقەرەو بەغا دایە, لە لایەكیتر تاڵانی حیزب و مەسولەكانی حیزب، قەیرانی هەژاری و بێ موچەیی خستوەتەوە، مەترسی ئان و ساتی هەڕەشەی خەڵك لەسەر دەسەڵاتدارێتی ئەوان و پێگەشیان لە حوكمڕانی وایكردوە مەسولیەتەكە لە ئەستۆیان بێت, هەر ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی حیزبەكانی تر سوك و ئاسان لێی بێنە دەرەوە.

 
پارتی وەك حیزب، وەك حوكمڕانی و وەك شكۆ و كەسایەتی خودی مەسعود بارزانیش ، لە تەنگژەو ئەزمەیەكی گەورەدایە، لەدوای ریفراندۆمەوە لە ئەندێشەی تۆڵەكردنەوەدایە لەو گروپەی ناوخۆی ( ی . ن . ك  ) كە بە  شانزەی ئۆكتۆبەر ناویان دەهێنن, ئەنجامی كۆنگرەی یەكێتی  دەستێكی خستنە ئەولاو  نازانن دەستەكەی تریان لە كوێدا، دابنێن. 


ئەنجام و بەرهەمی سێ‌ ساڵ كاری میدیای حیزب و سێبەرەكانیان بۆ شكاندنی ئەو گروپە تا ئێستاش بەردەوامەو  پێگەی سیاسی و ئیعلامی لاهوری شێخ جەنگی،  بەهێزتر بوەو لە بەرامبەردا ئەوانیش گاڵیان چنییەوە، حەتمەن پێچەوانەكەی كە لاوازی و شكستە لە ئاوێنەكەی بەردەمیاندایە.

 
كۆدەنگی حیزبەكانی تر  بۆ پشتیوانی و سەردان و پیرۆزبایی لە دەباشان، هەماهەنگی فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە تەنگژەی زینی وەرتێ‌, نمایشێك بو دیسانەوە ڕوی شكستێكی تری نیشانی خانەوادەی بارزانی دا.

 
كەوتنی فوئاد حسێن و عەبدولرەحمان مستەفا لە ئەنجومەنی نوێنەران لە بەغدا دوا نامەی ئەم شەڕە دۆڕاوە بو، سەری ڕەشی هەژاند.

 
بەدڵنیاییەوە دوای ئەم تێكشكاندنە ساردانە، مەسعود بارزانی توشی حاڵەتێكی دەرونی ناجێگیر بوە، ئەوەی كەسایەتی ئەو  بناسێت ، دەزانێ لە شكست و دۆڕاندنی هەڵوێستدا, زۆر حساب لەسەر ئیرادە دەكات و لە نرخی كاردانەوە ناترسێ ئەگەر لەسەر حسابی سومعەی میللەت یا حیزب و خانەوادەكەشی بێت، ئاشكراشە تا ئەم ساتە وەختە هەر خۆی بڕیاردەری یەكەمی حیزب و حكومەتیشە، ئەو مامە حەمەییەی گروپێكی ناو یەكێتیش لەم ترسی ناسینەی ئەو زاتەوەیەو خۆ رەنگە هەڕەشەكانیشی گەیشتبێ, ئەرکی نەیارەکانی لەم گەمەیە دا، بە هێمنی گۆڕینی ئاراستەی ململانێ کەیە,  نەک چاوەڕوانی دیداری ئەوان.


11/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر