لەدوای ریفراندۆمەوە ، ئیتر لێکەوتە و بەرکەوتەی پرۆژەی تەسلیمبونی حوکمدارێتی هەرێمی کوردستان و حیزبە حوکمڕانەکانی دەرکەوت، فشارەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق و هێزە هەرێمی و نێو دەوڵەتیەکان زیادی کرد، لە بەرانبەردا، دۆخین شلی هەرێم بۆ مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی حیزب و بنەماڵە حوکمدارەکان ئاشکرا هەستی پێدەکرا، ئەهلی سیاسەت و ئەوانەشی کە ماهیەتی ( پارتی و یەکێتی ) یان ئەزانی پێشبینی تەسلیم بون و بون بە دو حیزبی کارتۆنی هاوشێوەی دیموکرات و شۆڕشگێڕی کوردستانی سەردەمی بەعسیان لێ ئەکردن . لە بنەڕەتدا، پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی لە رەحمی مەترسی، نا بەرپرسیارێتی و بێ گوێیی ئەو دو حیزبە حوکمڕانەوە لە دایک بو . کە زۆر بەلایانەوە ئاسان و ئاسایی بو نیوەی خاکی کوردستان بەو شێوەیەی ئۆکتۆبەری ساڵی دوهەزار وهەڤدە رادەستی بەغدا بکەنەوە و بون بە هۆکار و بەشێکی پرۆژەی تەسلیمبونی ئەو نیوەیەی تریش .
ئێستاش خەڵکی کوردستان ، بە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تریشەوە ، تەنیا رێگەیەک بۆ رزگاری و پاراستنی خاک و شکۆ و کەرامەتی کوردایەتی لە بەردەستیاندا مابێت ، دەستگرتنە بە دەستوری عێراقەوە و جێبەجێکردنی بە هەرێمکردنی پارێزگاکانە ، تیایدا ئەوەی هەڤدە ساڵ پێش ئێستا ناویان نا عێراقی نوێ بە مادەی سەدو نۆزدە بە پراکتیک هەم عێراق هەم کوردستانێکی نوێ دروست بکەین . با هەمومان سلێمانی بکەین بە پێشەنگ و سەرەتا لێرەوە دەست پێ بکەین .
ئەمڕۆ لە هەمو رۆژەکانی مێژوی نوێ باشتر و زیاتر دەرفەت و زەمینە بۆ بە فیدرالیەت و کۆنفیدرالیەتی کوردستان و پارێزگاکانی کوردستان هەیە ، بەڵام ئەم تەجروبە فاشلەی ئێستای هەرێم تازە جگە لە تەسلیم بون هیچی لێ سەوز نابێت، ئێمە خۆزگەمان نەخواستوە وای لێبێت ، تکامانکرد و دەستەودامێنیان بوین و بە قسەیان نەکردین و نەیانکرد ، بەم شێوازە لە حوکمداری چیتر ناتوانن بەردەوام بن ، هاوڵاتی ئاسایی لەشەقامەوە داوایان لێدەکات چیتر لە بەغدا و لە بەرچاوی دنیا سوکمان نەکەن ، ئەمە سیاسەت نیە دوێنێ بە گەلەکۆمەیەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵێی خەنجەریان لە پشتەوە لێداین و بنەمای تەوافوقیان پێشێلکرد ، بایکۆتی دانیشتنەکان بکەیت و دوای کەمتر لە مانگێ، وەفد بنێری بۆ بەغدا و بڵێی بمانبەخشن هاتوین ئەو یاسای خەنجەر ئاسایە جێبەجێ بکەین ! ئەوانیش پێت بڵێن تەڕ تەڕ نەباشی !! ئەمە گەمژەییەکە گەلی کوردستانی تیا شەرمەزار ئەبێت، سەروەرییەکانی کورد هی چەماندن نیە، لەمڕۆ زوتر نیە بنەوبارگەتان لە بەغدا بپێچنەوە چیتر چەمانی خۆتان و ئێمەش مەچەمێنن، مەسەلەی گەورەی میلەتەکەمان مەکەن بە دەست پانکردنەوە ، هەرێمێکی دەستوری سەربەخۆمان بەنانەسکی ئەوێت، بەڵام رەنجی خەڵک و مێژومان و شکۆی قوربانیەکانمانی تێدا پارێزراو بێت ، دوای بیست و هەشت ساڵی چاوەڕوانی لە ئێوە، ئەم هەرێمە بێ دەستور و گەندەڵستانە گوزەشت، هەرێمی پارێزگاکانی کوردستانمان ئەوێت، هەرێمێک بە ( دەستور و دادگای سەربەخۆ و دیمۆکراسی و ئازادی و داهات و خەرجی رون )ەوە . هەرگیز ئەو هەرێمەی پارتی و یەکێتی دروستیانکردوە ، هەرێمی شەهیدەکان و پێشمەرگە و شۆڕشەکانی ئێمە نین، حوکمدارێتیەکەشیان هەرگیز لە مەجلیسی تەشریعی و تەنفیزی بەعس چاکترنین و نابن .