چەواشەکاری راستەقینە

عەبدولرەزاق شەریف

                     
ساڵی نەوەدوپێنج و لە هەوڵەکاندا، بۆ ئاشتی و کۆتایی شەڕی ناوخۆ، دوای گفتوگۆ و دانوسان، پرۆژەی رێکەوتنی ( دبلن ) لە نێوان پارتی و یەکێتی هاتە ئارا .خاڵی پێنجەم و کۆتایی پرۆژەکە دانپێدانان بو بەوەی ( پ ک ک هێزێکی تیرۆریستە و نابێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ) .

پرۆژەکە لە دەەرەوەی وڵات و بە ئاگاداری و نێوەندگیری بیانیی چێکرابو، لەناوخۆشدا، پێویستی بە زەمینە سازی و پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبو . 

بەو مەبەستە نوێنەری ئاغای رەفسنجانی ( سەرۆک کۆمار )ی ئەوساڵ، سەردانی هەرێمی کوردستانیکرد، بەندە چانسی ئەوەم هەبو وەک نوێنەری تاڵەبانی لە مەرزی پەروێزخانەوە پێشوازیمکرد و گەیاندمە ژورە بچوکەکەی سکترتێری گشتی لە هەولێر، شاسوار ( مستەفا ئیبرایم ) یش لەوێ بو .

هەر زو مام جەلال، بەدەم خواردنەوەی ساردییەکەوە رەشنوسی پرۆژەکەی بۆ خوێندەوە و مەلا یاسینی راسپارد ( کە تا ئەو کاتە لە نەو دەرگاکەدا بە پێوە راوەستابو ) ئەلبومی وێنەکان بۆ میوانەکە بهێنێ .

بەدەم روانین لە وێنەکانی خۆی و عەبدوڵا ئۆچەلانەوە بە ( ئاغای نوریان ) ی وت :

- بروانە روخساری ئاپۆ ! تەماشای زەردەخەنەکەی بکە ! ئەوە لە تیرۆریست ئەچێ !؟

بێ چاوەڕوانی وەڵامی میوانەکەی وتیشی ( دوێنێ وەفدی ئەمەریکاییەکانم لابوە، هەمان ئەو قسانەی بۆ تۆی ئەکەم بەوانیشم وتوە، ئێمە خاڵی پێنجەمی ئەو پرۆژەیە رەتدەکەینەوە و لەژێر هیچ فشارێکدا، ئامادە نین" پ ک ک " وەک هێزێکی تیرۆریستی بناسێنین ) . 
دوای چارەکە سەدەیەک و حیزب و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ئەبێ ئەو راستیە بزانن کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان، تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانەکانیان ( پ ک ک ) وەک هێزێکی تیرۆریستی ئەناسێنن، یاسای بەرەنگەربونەوەی تیرۆر کە بە ژمارە سێی ساڵی دوهەزاروشەش لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوە، بەمدواییەش بە دەنگی زۆرینەی فراکسیۆنەکانی ( پارتی، یەکێتی، گۆڕان و یەکگرتو ) درێژکرایەوە، (هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، ئەو یاسایە بو کە نەوشیروان مستەفا لە باسیدا ئەیوت پارتی بەو یاسایە ئەتوانێ تورەکە بکاتە سەر هەرکەسێ کە بیەوێت ) تیایدا، چەمکەکانی ( تیرۆر و سەلامەتی گشتی ) وەک کاڵایەک بە باڵای پارتی و سیستەمی حوکمڕانیەکەیان دوراوە . ئەشتوانن بەو یاسایە هەمو گروپ چات و دەستە و کۆڕ و کۆبونەوەیەک کە دژی حکومەتی هەرێم و دەزگا رەسمییەکانی بێت، لە خانەی تیرۆردا چێ بکەن و پەیوەندیکردن بەو مەبەستە لەگەڵ کونسلخانە و دەزگا و لایەنە بێگانەکاندا، وەک کارێکی تیرۆریستی پێناسە کراوە . 

کەواتە حکومەتە ئیئتیلافیەکەی هەرێمی کوردستان و ستراتیژی کارکردنیشی هەمان روانین و ئاراستەی هەیە، یەکێتی و گۆڕانیش لە هەموان باشتر ئەزانن و لە سەرۆکایەتی هەرێم و لە ئەنجومەنی وەزیراندا، وەزیر و گزیریان هەیە و پشتیوان و هەماهەنگن ! ئەوانەشی لە مەسەلەی دادگاییکردن و زیندانیکردنی گروپی بادیناندا بەراستی پشتیوانن، تەنیا ئەو کەس و لایەنانەن کە دژی درێژکردنەوەی ئەو یاسایە دەنگیان بەرزکردەوە و دژی ستراتیژ و کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان وەستاونەتەوە . ئەوانەیشی کە بەشدار و پشتیوانی حکومەتی هەرێمن و لە هەولێر شادمان و لە سلێمانی بە قیژەوە فرمێسکی تیمساحی بۆ زیندانیکراوەکان دەڕێژن، درۆزنی گەورە و چەواشەکاری راستەقینەن .

08/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر