بۆ پێدانی تەواوی موچەی
فەرمانبەرانی کوردوستان و بەجێگەیاندنی بڕێک عەدالەت دەبێت ملیاردەها دۆلاری دەسەڵاتدارانی هەرێمی
کوردوستان لە بانکەکانی دەرەوە بگەڕنرێتەوە بۆ دەستی خاڵیی خەڵکی کوردوستان. بە
دەسپێشخەریی فراکسیۆنی گۆڕان پەرلەمانی عێراق لە ١٠ ی ٢ ی ٢٠١٦ بڕیاری دروستکردنی
لیژنهیهكی دا بە هاوكاریی دهستهی نهزاهه و دیوانی چاودێریی دارایی بۆ کۆڵینەوە وگەڕان و
گێڕانەوەی ملیاردەها دۆلاری خەڵکی عێراق بە کوردوستانیشەوە کە بە ناوی چەند
دەسەڵاتدارێک یا بە ناوی خزمەکانیان لە بانکە جێبڕوا و گەورە و نێودەوڵەتیە کانی
ئەوروپا و ئەمریکا و شوێنەکانی تری دنیا دانراون.
ئەم گەڕان و بەدواچونە خەیاڵی
نەکردەنیی کۆمۆنیستی و خەونی دادپەروەریی شەوانی تاریک و نائومێدی گەنجێکی کوردی
بێکار و بێپارە نیە، چونکە لەدوای ١١ ی سەپتەمبەری ٢٠٠١ وە بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی
(ئەلقاعیدە) و هاوشێوە تیرۆریستەکانی ، پارەدانان و پارناردن و کڕینی کۆمپانیا و
تەلار و ئوتێل و ... لە ڕیی بانکەکانەوە چاودێریی توند و وردی لەسەرە، بە گشتیش یاسای
(ئەمەت لە کوێ بو) لەو وڵاتانە پیادەدەکرێ. بە هۆی ئینتەرنێت و بچوکبونەوەی دونیا
بۆ گوندێکی گەردونی دەتوانی سەرەداوەکان بدۆزیتەوە وشوێنیان بکەوی و بە دواچون بۆ
هەمو پرۆسە بانکیە کان بکەیت تا دەگەیتە بنەوانەکانیان. پرۆسەکانی پەیوەند بە سامان
و پارە لە بانکە نێودەوڵەتیەکان پێویستی بە شایەت و سوێندخواردن نیە چونکە هەموی
بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی تۆمارکراون و نافەوتێن.کوردوستان وڵاتی ملیاردوسێسەدملیۆن
دانیشتوانی چین نیە کە سەخت بێت شەش حەوت کەسێکی ملیاردێر و دوسەد خزم و کەسانی تری
باوەڕپێکراویان کە بەشێکی سەرمایەکانیان بەناویانەوە داناون بیاندۆزیتەوە!
دەبێت
لیژنەی دارایی و ئابوریی پەرلەمانی کوردوستان ،بە هاوکاری لەگەڵ داواکاری گشتی و
لەگەڵ ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق، دۆزینەوە و گیڕانەوەی ئەو پارانە بکاتە ئەرک
و واجیبی یەکەمی و هەر لە ئێستاوە بکەوێتە پەیوەندیکردنی فراوان لەگەڵ کونسولگەریی
ئەو وڵاتانە لە هەولێر و بەغدا. هەروەها داوا لە ڕەوەندی کوردی بکات بۆ دروستکردنی
دەستەی کارا و وریا و دڵسۆز لە هەریەک لەو وڵاتانە بۆ هاوکاریکردن و کۆکردنەوەی زانیاری لەمەڕ خزم و دڵسۆزانی دەسەڵاتدارانی گومانلێکراوی
کورد کە لەو وڵاتانە دەژین. دەبێت گەڕان
بەدوای ئەو پارانە تورکیا و ئێرانیش بگرێتەوە، کەواتە دەبێت داوا لە کوردانی
دڵسۆزی ئەوانیش بکرێ لەم ئەرکە ئینسانی و
نەتەوەییەدا هاوکاریمان بکەن. ئاسنی ساردیش کە بە چەکوشی پۆڵایین هەر کوتات و وازت
لێنەهێنا گەرم دەبێت و دەنوشتێتەوە، (بێهودە گەڕان بەدوای دەرزی لە ناو کایەن دا)
کاتێک وتراوە کە موگناتیس نەبوە! لە گرتنی سەفارەتی ئەمریکا لە تاران لە مانگی ١١
ی ١٩٧٩ لە لایەن خوێندکارانی سەر بە
خومەینی بەڵگەنامەکانی دەستیان بەسەراگرتبو پێشتر کارمەندانی سەفارەت بە دەسگای
تایبەت وەک قیمەی گۆشت هەلاهەلایان کردبون بۆ ئەوەی نەخوێنرێنەوە ، بەڵام بە
هەزاران سەعات کارکردنی نەسرەوتانە ودڵسۆزانەی خوێندکارەکان لەسەریان توانیان ئەو
بەڵگەنامە بەقیمەی گۆشت کراوانە چاکبکەنەوە و بخوێننەوە ودەیان کتێبیان لێبنوسن
لەسەر چالاکیەکانی دەسگای جاسوسی ئەمریکا لە ئێران! لە دوای جەنگی جیهانیی دوهەم جولەکەکانیش
توانیان لە بنی دنیاوە دەیان نازیی ئەڵمانی بگێڕنەوە بۆ ئیسرائیل و بۆ ئەو
تاوانانەی بەرامبەر جولەکە کردبویان دایانن بە دادگا و بە سزای ڕەوایان گەیاندن.
ئێمەش ئەگەر بە ڕاستی بمانەوێ پارەی دزراوی کوردوستان بگێڕینەوە بۆ خەڵکە کەی ، بە
کار و کۆششی ڕێخراو و ماندونەنەس و دڵسۆزانە دەتوانین ئەم کارە بکەین.