تەنیا ڕێگای فریاکەوتن!

د.هەژار عوسمان مەعروف


شایەتیەکانی Michael Rubin ی ئەمریکی لە سەر ئەو پارانەی دوای ڕوخانی سەدام بە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی دراون، قسەکانیئەم دواییەی Christopher Robert Hill ی سەفیری پێشوی ئەمەریکا لە عێراق لە سەر پارەی مۆڵدراوی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی لە ئەمریکا و ئەوروپا ،هەروەها بە پێی بەڵگەنامەی ویکیلیکس: ID06KIRKUK46 دەستەیەک له‌به‌رپرسانی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ لە کەرکوک بازاڕێكی‌ ره‌شیان دروستكردوه‌ بۆ سوته‌مه‌نی و بە مە سامانێكی‌ زۆریان دەستکەوتوە، ئەمانە و دەیان بەڵگەنامەی تر دەیسەلمێنن کە پارتی و یەکێتی هەم وەک حیزب هەم وەک دەسەڵاتدارانی پلە یەک و دو و سێی ناویان بایی دەیان ملیارد دۆلار سامانی جۆراوجۆری کوردوستانیان لە پارەی کاش و زەی و زار و تەلار و ئوتێل و زێڕ... بە شێوەیەکی نایاسایی بردوە بۆ خۆیان و لە ناوەوە و دەرەوەی کوردوستان بە شێوەی جۆراوجۆر وەک سەرمایە بەکاری دێنن یا هەر بە مۆڵکراوی دایانناوە. پتر لە ٩٠% ی داهاتی هەرێم لە نەوتەوە بۆ مان دێت کە لە مانگی ٦ ی ٢٠١٥ وەخۆمان بێپرس بە عێراق دەیفرۆشین، بەڵام بەهۆی بردنی بەشێکی داهاتەکە ی لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە و بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بردنی بەشێکی تری داهاتەکەی لە لایەن تورکیاوە ئێستا حوکومەتی هەرێم ناتوانێ بەجارێک یا چەندجارێک موچەی پێنەدراوی پێنج مانگی ڕابوردو بداتەوە. بۆ پێدانی ئەو موچەیە خێراترین ڕێگا لە بەردەم حکومەتی هەرێم کە پارتی و یەکێتی دەیبەن بەڕێوە ئەوەیە کە بەلای کەمەوە شەش ملیار دۆلارێک لە سامانی خەڵکی کوردوستان کە لایانە بیگێڕنەوە بۆ گەنجینە بەتاڵەکانی هەرێم. بێگومان پارتی و یەکێتی بە کارێکی ئاوا بوێرانە نەک هەر خۆشی و ئومێد دەخەنە دڵی گەلەکەمان بەڵکو بڕێک داد و یەکسانی دەگێڕنەوە بۆ خەڵک. ئێ باشە ئەگەر بە مە نەبێت ئەی چۆن ئەو موچەیە دەدەنەوە پێمان؟ نە بەرهەمێکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی وامان هەیە بیفرۆشین بە دەرەوە بە دۆلار، نە پیشەسازیمان هەیە، نە سەدان هەزار ئیشکەرمان لە ئەوروپا و ئەمریکا و خلیج هەیە کە مانگانە پارە بنێرنەوە بۆ کوردوستان، پارەی گومرگ و باج و داهاتی ناوخۆش بە هۆی گەندەڵیەوەزۆر کەمە، کەرتی گەشت و گوزار بە هۆی بارودۆخەکەوە توشی ئیفلیجی بوە. تا گێڕانەوەی تەواوی موچەی پێنج مانگی پێشو پێویستە بایکۆتی هەمو دەسگا و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم بکەین و شێوازەکانی تری خەباتی مەدەنیی ناتوندوتیژیش بگرینە بەر، خەبات ژیانە، خۆبەدەستەوەدان پوکانەوە و مردنە!


02/03/2016



وتارەکانی تری نوسەر