شکستی گشتلایەنەی
حکومەتی هەرێم ناڕەزایەتی و توڕەیی سەرجەم چین وتوێژەکانی لێکەوتەوە و بوبە هۆی
خۆپیشاندانی مامۆستایان لە ڕۆژی ٢٧ ی ٩ و
خۆپیشاندانی مامۆستایانی زانکۆکانی کوردوستان لە ٢٩ی ٩ ، هەروەها هەڕەشەی بایکۆتی هەردو
خوێندن و بایکۆتی کارمەندانی تەندروستیی لێکەوتەوە.
چالاکیە هاوبەشەکانی فراکسیۆنی
گۆڕان و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق و دەنگدانی زۆربەی ئەندام پەرلەمانە کوردەکان
لە دژی هۆشیار زێباری، هەروەها جموجوڵی حیزبە کوردیەکان لەدەرەوەی پەرلەمان بۆ
تێگەیاندن و ئاگادارکردنەوەی بەغدا لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردوستان لە لایەن پارتیە وە و گەڕانیان
بەدوای چارەسەرێک لە بەغدادەوە بێگوێدانە تۆمەتە پوچ و بێبنەماکانی پارتی گوایە
ئەوانە دژی دەوڵەتی کوردین ، بەڵی ئەم خەباتانە بونە هۆی ئەوەی نێچیروان دوای سێ
مانگ لە ٢٩ ی ٩ کۆبونەوەیەکی بێئەنجامی
کابینەکەی ئەنجام بدات و مەسعود بارزانیش لە هەمان ڕۆژدا بە پەلە و بێپلان وبە
قەرەباڵغیەکی خێڵەکیانەی بێسەروبەر بچێت بۆ بەغدا وکۆبونەوە لەگەڵ عەبادی و
سەرکردە سیاسیە عەرەبەکانی تر بکات بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
بۆیە دەبێت جم و جوڵە سیاسیەکانی یەکێتی و گۆڕان گەرم وگوڕ تر بێت و تین و تاوەکەی
کۆمەڵ و یەکگرتو و حیزبی شیوعیی کوردستان و زەحمەتکێشانیش بگرێتەوە ، هەروەها
دەبێت خۆپیشاندانە جوان و ڕەنگاوڕەنگ و ناتوندوتیژەکان و هەر چالاکیەکی تری مەدەنی
درێژەیان هەبێت و سەرجەم چینەکان بگرێتەوە .
ئاشکرایە ئەوە دەسەڵاتی ستەمکار و سەرکوتکەرانەی پارتی لە
دهۆک و هەولێرە کە تا ئێستا نەیهێشتوە
خەڵکی ئەو دو دەڤەرە بێنە سەرجادە نەک
ڕازیبونیان بە حوکمی پارتی ، بۆیە دەبێت ڕێز و هاوسۆزیمان دەربڕین بۆ خەڵکی ئەو
ناوچانە نەک تانە و تەشەریان لێبدەین. وەک ڕاستیەکی مێژوییش هەر ئاوا بوە کە لە
شوێنێکەوە بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک
دەسپێدەکات و وردە وردە بڵاو دەبێتەوە بۆ شوێنەکانی تر، بۆیە نابێت ئێمە خەڵکی
سلەیمانی و کۆیە هەڵخەڵەتێین و ساردبینەوەبەو بەهانە پوچانەی هاوبەرژەوەندەکانی پارتی لە حیزبەکانی تر کە گوایە هەتا
هەولێر و دهۆکیش نەیەنە سەرجادەخۆپیشاندان لە دەڤەری سەوز سودی نیە، جگە لەوە ئەی سیستمی حوکم و
بەڕێوەبردن لە دەڤەری سەوز زۆر ڕەوا و دیموکراتی و پاک و بێگەردە کە شایەنی ئەوە
نەبێت خۆپیشاندن لە دژی بکەین؟ من دڵنیام
هەمو سەرکەوتنێکی بچوکی ئێمە لە سلەیمانی و کۆیە ورە و هیوا و بوێریی خەڵکی هەولێر و بادینان بەرزتردەکاتەوە
و لە ئەنجامیشدا لەهی و لافاوی زێی بچوک و زێی گەورە هەر یەکدەگرن و ستەمی حوکمی
یەکحیزبیی پارتی و حوکمی بنەماڵەکان بە هەمو ڕەنگەکانیانەوە ڕادەمالن، ئەمە نەک
هەر حوکمی مێژوە بەڵکو حوکمی سەردەمی ئینتەرنێت و بچوکبونەوەی دنیایە بۆ گوندێکی
گەردونی .