خەڵک تەنیایە !

د.هەژار عوسمان مەعروف


بە تایبەتی مامۆستایان لە ٢٧ ی ٩ ی ٢٠١٦ وە و بونەتە ڕابەری مانگرتن و گردبونەوە و خۆپیشاندانەکان لە ناو شاری سلەیمانی و دەڤەری گەرمیان و ڕاپەڕین وقەزای کۆیە. داواکانی ئەوان هەمان داوای زۆرینەی خەڵکی کوردوستانە لە کارمەند و کەمئەندام و پێشمەرگە ی ئێستا و دێرین و خانەنشین و زیندانیی سیاسی و.. داواکانیان : نان (موچە) ، ڕوناکی و گەرمی ، کار بۆ گەنجی بێکار و دەرچوی زانکۆکان، عەدالەت لە دابەشکردنی سامانی وڵات بە تایبەتی نەوت، ئازادی ، کاراکردنەوەی پەرلەمان و چاکسازیی ڕیشەیی لە سیستمی حوکم. شێوازی خەباتی مامۆستایان ناتوندوتیژە، گرتن و لێدانی ڕابەرە کانیان لە سلەیمانی لە ڕۆژی ١ ی ١٢ ( کە من خۆم شایەتی چەند دیمەنێکی بوم) نەک هەر نەی ترساندن بەڵکو گەرمتری کردن لە دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانیان. پارتی و یەکێتی دژی بایکۆت و خۆپیشاندانن. حیزبە ئیسلامیەکان ( کۆمەڵ و یەکگرتو وبزوتنەوە) ، هەروەها گۆڕان و حیزبی شیوعیی کوردوستان تا ئێستا هیچ یەک لە مانە نەیان وێراوە خۆیان بکەن بە خاوەنی ئەم بزوتنەوە مەدەنیەی هەندێک ناوی ناوە(شۆڕشی سپی)، هەمویان لە ناخی خۆیاندا پێیانخۆشە چونکە خۆپیشاندەران قسەی دڵی ئەوانیش دەکەن، هەر لەبەر ئەمەشە لە ڕاگەیاندنەکانیان دەڵێن: پشتگیریی داوا ڕەواکانی خەڵکی ناڕازی دەکەین بەڵام هێشتا ئەوەندە ئازا نین بڵێن: لەگەڵتانین بۆ بایکۆت و خۆپیشاندان. ئێباشە ئێستا جگە لە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە ی دەیانهەزاری و بەردەوامی خەڵکی کوردوستان بە هەمو چین و توێژەکانیەوە کام شێواز ماوە تاقیبکەنەوە بۆ ملدانی پارتی و یەکێتی بۆ داوا ڕەواکانی خەڵک؟ ئێوە خۆیشتان چەقیون و هیچ نەخشە و پلان و پرۆژەیەکتان پێنیە بۆ چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان. ئەوەتا پارتی تەنانەت دژی بڕیاری پەرلەمانی عێراق وەستا کە دەنگی دا بۆ پرۆژەی هاوبەشی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتیی نیشتمانی بۆ دابین کردنی موچە لە بەغداوە. بۆیە چارەسەر ئەوەیە جگە لە پارتی و یەکێتی هەمو حیزبەکان خۆیان ببنە ڕابەری خۆپیشاندانەکان و هەوڵبدەن تەشەنەبکات بۆ دەڤەری هەولێر و بادینان، بەم جۆرە حکومەت ‌خۆبەخۆ هەڵدەوەشێتەوە ، ئینجا پەرلەمان کارابکرێتەوە و لەگەڵ پارتی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتمانی دروستبکرێت کە یەکەم ئیشی ئاشکردکردنی تەواوی فایلی نەوتی کوردوستان بێت، بێگومان هەر بەمە داهاتی نەوتی کوردوستان سەدان ئەوەندە زیاد دەکات و بەمە ئیتر کێشەی موچەخۆران چارەسەر دەکرێت. ئەگەر پارتی ئامادە نەبو هاوبەشبێت لە دروستکردنی ئەم حکومەتە دا ئەوە واتای وایە دەیەوێ هەولێر و بادینان لە کەرکوک و سلەیمانی جیابکاتەوە. ئینجا بە شیوەیەکی ئاشتیخوازانە و بە ڕێکەوتن دەتوانرێ پرۆسەی جودابونەوە بەئەنجام بگەیەنرێ بێ ئەوەی دیوارێکی وەک دیواری بەرلین دروستبکرێ و گەلەکەمان دابەشبکرێ بەم دیو و ئەودیوی دیوارە ئاسنین و ئاگراویەکەدا!، هەردولا دەتوانن بە دەیان ڕێکەوتنی ئابوری و سیاسی و دیفاعی و کۆمەڵایەتی و زانستی هەردو لەتی هەرێم پێکەوە ببەستنەوە بەجۆرێک کە لەداهاتودا بتوانرێ جارێکی تر برادڵ ئێشاوەکان یەکبگرنەوە.


08/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر